دیمانە لەگەڵ محسین کەریم، وتەبێژی بزوتنەوەی ئازادی و سەربەخۆیی لەکوردستان

لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەگەریدا، بزوتنەوەی ئازادی و سەربەخۆیی، راگەیەنرا… چۆنیەتی پێکهاتنی بزوتنەوەکەو لایەنەکانی پێکهێنەر و ئامانجەکانی و شێوازی کاری..  لەم دیمانە تایبەتیەدا دەخوێننەوە…

بۆپێشەوە: بزوتنەوەی ئازادی و سەربەخۆیی، چییە؟ ئایا حزب و رێکخراوەی سیاسییە، یان ریکخراوەی جەماوەری و هاوپەیمانیەتییە؟

موحسین کەریم:  بزوتنەوەیەکی سیاسی- جەماوەری- کۆمەڵایەتیە. حزبی سیاسی نیە، چونکە خاوەنی ئایدیۆلۆژیایەکی تایبەت نیە. رێکخراوێکی جەماوەریش نیە کە تەنها بۆ داواکاری و چاکسازی تێبکۆشێت. بزوتەوەیەکی سیاسی بەدیلە بەرامبەر بە هەموو بەدیل و هاوپەیمانی و رێگاچارەکانی تائیستاو رێگاچارەکانی چینە داراو دەوڵەمەندەکانی کوردستان. هاوپەیمانی سیاسی و بەرەی ئەحزاب نیە. بەڵکو سەکۆیەکی سیاسی رێکخراوەییە بۆ هەموو ئەو کەس و هەڵسوڕاو و گروپانەی کە هاوبەشن لەگەڵ ئامانجەکانی بزوتنەوەکەدا و لەناو بزوتنەوەکەدا بۆ ئەو ئامانجانە تێدەکۆشن.

 بۆپیشەوە: ئامانج لە پێکهاتنی چییە؟ دەیەوێ چی بکات؟ لایەنە پیکهێنەرەکانی کامانەن؟ ئایا حزب و لایەنی سیاسی و یان جەماوەری دەتوانن بە بزوتنەوەکەوە، پەیوەست بن؟

موحسین کەریم: لەهەلومەرجی سیاسی ئیستای کوردستاندا بۆشاییەکی سیاسی و دەسەڵات دروست بووە. دەسەڵاتی میلیشیایی کوردستان لەهەموو بەرگەکانی داماڵراوە. حکومەت و پەرلەمان کە دوو سەرپۆش بوون بۆ ئەم دەسەڵاتە میلیشیاییە نەماون! هێزە پێکهنەرەکانی حکومەت و پەرلەمان لەهەموو کاتێك زیاتر ناتەبا و پەرش و بڵاون. خودی دوو هێزی سەرەکی میلیشیایی خاوەنی حکومەت و پەرلەمان لەناو خۆیاندا و بگرە لەناو ریزەکانی حزبەکانی خۆشیاندا گرفت و کێشەی جدییان هەیە. لەبەرامبەر حکومەتی ناوەندیدا بێدەسەڵات و ملکەچ و لەبەرامبەر پێداویستیەکانی ژیانی رۆژانەو خزمەتگوزارییە سەرەتایی و گشتیەکانی خەڵکیشدا بێوەڵامن! کۆتاییهێنان بەم بارودۆخە تاریکە پێویستی بە وەڵامی سیاسی جیاوازە لەوانەی تا ئیستا هەبوون. ئامانجی بزوتنەوەکە ئەوەیە کە بەدیلێکی سیاسی تازە بخاتە بەردەم کۆمەڵگە کە لەم تاریکیە دەربازی بکات. ئەویش لەڕیگای بەشداری راستەوخۆی خەڵك لە سیاسەت و لە بەڕێوەبردنی کاروباری ژیانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی خۆیاندا.

بزوتنه‌وه‌ی ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان، له‌هه‌ڵسوڕاوانێکی کرێکاری، مه‌ده‌نی، سیاسی، ڕۆشنبیری.. که‌له‌سه‌ر ئاستی گه‌ره‌ک، ناوه‌نده‌کانی کار، زانکۆکان و.. وه‌یا له‌سه‌ر ئاستی شاره‌کان هه‌ڵده‌سوڕێن.. پێکدێت. پێکهاته‌ی ڕێکخراوه‌یی و کۆمه‌ڵایه‌تی “بزوتنه‌وه‌ی ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان” ئۆرگانە جەماوەریەکانە، هه‌موو شوراو کۆمیته‌کانی گه‌ڕه‌ک، لیژنه‌کان و هه‌ر ڕێکخراوه‌یه‌کی تری کرێکاری، ژنان، فه‌رمانبه‌ران، خانه‌نشینان، خوێندکاران، مامۆستایان، پزیشک و په‌رستیاران، نوخبه‌و کۆڕوکۆمه‌لی  ڕۆشنبیرانی سه‌ربه‌خۆ، ده‌گرێته‌ خۆی.

هەر لایەنێک و هەر حزبێکی سیاسی ئەگەر بڕوایان بە بنەماکانی کارو ئامانجی ئەم بزوتنەوەیە هەبێ دەتوانن پشتیوانی بکەن و هانی ئەندام و دۆستانی خۆیان بدەن بۆکارکردن لەناو بزوتنەوەکەدا.

بۆپیشەوە: بۆ هەر ئازادی و سەربەخۆیی؟ مەگەر پرسی نان بەهەمان ئەندازەی ئازادی و سەربەخۆیی گرنگ نییە؟ ئایا باشتر نەبوو ناوی بزوتنەوەی ” نان، ئازادی، سەربەخۆیی” بوایە؟

موحسین کەریم: بزوتنەوەی ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان بزوتنەوەیەکی سیاسییە، بزوتنەوەیەك نیە کە بۆ داواکاری و چاکسازی بێت. بەرزکردنەوەی پرسی ئازادی و سەربەخۆیی داواکاریەکانی بزوتنەوەکە نین، بەڵکو ئامانجی بزوتنەوەکەن؛ واتە داواکاری نین کە بزوتنەوەکە بەرووی لایەنێکی دیاریکراو یان دەسەڵاتێکی دیاریکراودا بەرزیان بکاتەوەو فشار بهێنێ بۆ جێبەجێکردنیان. مەسەلەکە ختسەڕووی بەدیلی سیاسی و پرسی دەسەڵات و شێوازی دەسەڵاتدارێتیە. ئێمە مەسەلەی سەربەخۆیی بەرزدەکەینەوە، چونکە پێمانوایە کوردستانی عێراق هیچ رێگایەکی سیاسی لەبەردەمدا نەماوە لە ئێستادا بێجگە لە سەربەخۆیی و دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆ. دەوڵەتی عێراق لە ١٦ ی ئۆکتۆبەرداو دواتریش ئەوەی نیشان داوە کە ئامادە نییە هاوڵاتیانی کوردستان وەکو هاوڵاتی یەکسان قبوڵ بکات، بەڵکو وەکو کەمایەتیەکی نەتەوەیی خاوەن پلەیەکی خوارتر لە نەتەوەی سەرەکی (نەتەوەی عەرەب) تەماشای دەکات.  بێجگە لەوە، زۆرینەی خەڵکی کوردستان لە ریفراندۆمی ٢٠١٧دا دەنگی بە جیابونەوە و سەربەخۆیی داوە. ئەم بڕیارە بڕیارێکی شەرعیەو دەبێ جێبەجێ بکرێ. دژایەتیکردنی دەوڵەتی ناوەندی بۆ ئەم بڕیارەی خەڵك سەدجار ئەو راستیە دەسەلمێنێتەوە کە خەڵکی کوردستان ناتوانن لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی عێراقدا، کە دەوڵەتێکی ئیسلامی- مەزهەبی- نەتەوە پەرستی عروبیە، بژین. تەنانەت ئەگەر کێشەی دەسەڵات و خەڵك لە هەرێمی کوردستان بەقازانجی خەڵك یەکلابێتەوە، دیسانەوە مەسەلەی پەیوەندی سیاسی و یاسایی نیوان کوردستان و حکومەتی ناوەندی و عێراق کێشەو پرسێکی سەرەکی سیاسی دەبێت کە دەبێ وەڵام وەربگرێتەوە.

مەسەلەی ئازادیش، دیسان ئامانجێکی دیکەی بزوتنەوەیەکە. بزوتنەوەکە خەبات دەکات بۆ ئەوەی دەسەڵاتی سیاسی کوردستان دەسەڵاتێکی ئازاد بێت. دەسەڵاتێك بێت کە لەسەر بنەمای بەشداری ئازادانەو راستەوخۆی جەماوەری خەڵك لە کاروباری سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و .. تاد. دابمەزرێت. هاوڵاتی ئازاد لە کۆتوپێوەندی ئایدیۆلۆژی و دینی و مەزهەبی و نەتەوەیی و پیاوسالاری و کۆنەپەرستی خۆی چارەنوسی سیاسی و ئابوری خۆی بەدەستەوە بگرێ. خۆیان خەستەخانەو شارەوانیەکان و کارەباو ئاو و ئاوەرۆ وجادەو بان و زانکۆ و خوێندنگاکان و دامەزراوەکان بەڕێوەبەرن. خۆیان نان و مووچەو بژیوی خۆیان دابین بکەن لەرێگای کۆنترۆڵکردنی داهات و خەرجی گشتیەوە. خۆیان چاودێری سەرچاوە ئابوریەکان بکەن وتاد…. هەڵبەتە ئێمە پێمانوایە کە لەچوارچێوەی ئەم هەلومەرجە سیاسیەو ئەم دەسەڵاتەی ئیستاو سەرجەم بەدیلەکانی بۆرژوازیدا بە هەموو رەنگەکانیەوە ئیمکانی ئەوە نییە کە نان وبژێوی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و توێژە بەشخوراو و کەمدەرامەتەکانی کوردستان دەستبەرو فەراهەم بکرێ، بەڵکو رەوەندی بێمافکردن و برسیکردن و هەژارکردنی خەڵك بەرەوسەرەوە دەچێت. لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە پشتیوانی هەر هەوڵ و جموجوڵیك دەکەین و چالاکانە تێدا بەشدار دەبین، کە بیەوێ نانێك بۆسەر سفرەی ئەو خەڵکە زەحمەتکێش و کەمدەرامەتە زیاد بکات.

بۆپیشەوە: چۆن و بە چ شیوازیک دەتانەوێت، ئامانجەکانتان بەدی بێنن؟ وەسیلەکانی کامانەن؟

موحسین کەریم: لەناوخۆی کوردستاندا پشت دەبەستین بە ڕێکخستنی خه‌ڵک به‌شێوه‌ی جۆراوجۆر، بە هێنانه‌مه‌یدان و وه‌گه‌رخستنی فراوانترین ئاست له‌داهێنانه‌ جه‌ماوه‌ریه‌کان بەئاقاری به‌کرده‌وه‌ ده‌رهێنانی ده‌سه‌ڵاتدارێتی جه‌ماوه‌ری. هەوڵ دەدەین کەسان و هەڵسوڕاوانی خۆبەخش لەناوخۆی کوردستاندا بۆکارکردن لەگەڵ بزوتنەوەکەدا پەیدا بکەین. لیژنەکانی بزوتنەوەکە لە هەموو شارو شارۆچکەیەك، لەهەموو کارگاو دامەرزاوەو زانکۆ و فەرمانگەو گەڕەكێکدا دروست بکەین. لەناو لاوان و ژنان و توێژە زەحمەتکێشەکاندا لیژنەکانی هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەکە پێکبێن و دەست بەکاربن بۆ بڵاوکردنەوەی میساق و بەرنامە و گەیاندننی پەیامە سیاسیەکانی بزوتنەوەکە بە خەڵك. خەڵک لەدەوری رێک بخەن. کۆمیتەو ئۆرگانەکانی بزوتنەوەکە لەهەموو شوێنێك دابمەزارێنن. لە دەرەوەی کوردستانیش هەوڵ دەدەین پشتیوانی جەماوەری ئازادیخواز بۆ بزوتنەوەکەو ئامانجەکانی رابکێشین. کارێکی دیکەمان کارکردنە لەگەڵ کوردستانیانی دانیشتوی وڵاتانی دەرەوە بۆئەوەی پشتیوانی لە بزووتنەوەکە بکەن و کاری لەگەڵ بکەن.

بۆپێشەوە: مۆڵەتی یاسایتان هەیە؟ دەتانەوێ بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن؟

موحسین کەریم: بڕوامان وایە کە دەسەڵاتێکی واقعی و فیعلی لەکوردستاندا لەئارادا نییە تا ئێمەی داوای مۆڵەتی لێبکەین. خودی دەسەڵاتی کوردستان لەژێر پرسیاردایە و وەکو پێشتر باسم کرد هەڵوەشاوەتەوە. ئەوەی هەیە بەکردەوە دەسەڵاتێکی میلیشیاییە. لە بەرامبەر دەوڵەتی ناوەندیشدا لەقولۆق بوە و چارەنوسی رۆشن نیە! ئێستا حزبەکانی چینەداراو دەوڵەمەندەکانی کوردستان، دەسەڵاتدارو ئۆپۆزیسیۆن، دەیانەوێ دەسەڵاکەیان ساز بدەنەوەو خۆیان بۆ هەڵبژاردن و پەرلەمان ئامادەکەنەوە. دیار نیە کە ئەم پرۆسەیە چۆن دەبێ! ئێمەش دەمانەوێ دەسەڵاتی خەڵك لە خوارەوە رێك بخەین. بۆ ئێمە هەڵبژاردن و پەرلەمان کۆتایی هاتوە. لەرێگای هەڵبژاردن و پەرلەمانەوە ژیانی خەڵك ناگۆڕێ. گوزەرانیان باشتر نابێ. ئازادیەکانیان دەستەبەر نابێ. ئێمە دەمانەوێ کۆمەڵە یاسایەک جێبخەین کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی خەڵک و بە بڕیاری ئەوان پەسەند دەکرێ. ئەوان دەیانەوێ دەسەڵات و یاسای خۆیان دەبمەزرێننەوەو ئێمەش دەمانەوێ دەسەڵاتی خەڵك و یاسای پێشڕەو مۆدێرن و یەکسانیخوازانە و ئازادیخوازانە دابمەزرێنین.

تێبینی: ئەم دیمانەیە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٢٢ بەرواری ١٥/٢/٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە…

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *