دوو هەواڵ لە ئەڵمانیا و بەریتانیا

ئامادەکردنی: سالار حمەسەعید

یەکەم: ئەڵمانیا

لە ڕۆژنامەی ئیندپێندنتی بەریتانیەوە:

کرێکارانی ئەڵمانیا سەرکەوتن لە بەدەستهێنانی ٢٨ سەعات لەهەفتەدا!

کرێکارانی ئەڵمانیا دوابەدوای مانگرتن وخۆپیشاندانەکانیان توانیان سەرکەون لە داواکەیاندا بۆ خواستی ٢٨ سەعات لە هەفتەیەکدا. ئەم بڕیارە ٩٠٠ هەزار کرێکاری ئاسن و ئەندازیاری دەگرێتەوە  وە چاوەڕوانی دەکرێ ببێتە مایەی گۆڕانکاری لەتەواوی ئەڵمانیا و لە تەواوی پیشەسازیەکانی تردا.  یەکیەتی کرێکارانی پیشەسازی (ئای جی میتاڵ) کە گەورەترین سەندیکای کرێکاری ئەوروپایە، کرێکارەکانی توانیان سەرکەوتن بەدەست بێنن لەگەیشتن بەمافی ٢٨ سەعات لەهەفتەدا کە لەئەنجامدا دەکرێ کاریگەری دابنێ لەسەر نزیکەی ٤ ملیۆن کرێکار لە ئەڵمانیادا.  گەیشتن بەمافی ٢٨ سەعات لەهەفتەدا لە سەرکەوتنێکدا لە خەبات وتێکۆشان بەرەو بارو ڕەوشێکی باشتری کاری کرێکاران بووە.

ئەم ڕێکەوتن و ڕەزامەندیە لە سەر سەعاتی کار٩٠٠٠٠٠ هەزار کرێکاری میتاڵ وئەندازیاری دەگرێتەوە لە باشووری ڕۆژئاوای ویلایەتی وێرتمبێرگ، وەپێشبینی دەکرێ کە سەرانسەری ووڵات بگرێتەوە لەپیشەسازیە جیاجیاکاندا .

ئەمە ئەوەدەگەیەنێ کە لەساڵی داهاتوەوە کرێکاران لە زۆربەی کارگە گرنگەکانی ئەندازیاری دا دەتوانن بۆماوەی ٢ساڵ بە ئارەزووی خۆیان ٢٨ سەعات کار لەهەفتەدا هەڵبژێرن وەک کاری هەفتانەی خۆیان وە خاوەن کارەکان ناتوانن ڕێگری بکەن لەکرێکاران کە ئەو (ئۆفەرە ) وەربگرن وە سوود لەو مافەیان وەربگرن.

ئەم ڕێکەوتنە ئاکامی ٣ مانگرتنی ٢٤ سەعاتەی کرێکارانی (ئای جی میتاڵ) بووە و کرێکاران ئامراز و ئامێری کارەکانیان دانا لەبەرامبەردا خاوەن کارەکان توانیویانە ئەو مافە بۆ خۆیان دەستەبەرکەن کە کۆنتراکتی زیاتر ی ٤٠ سەعات کار لەهەفتەدا بخەنە بەردەم کرێکاران ، بەوپێ یە (مرونە)تێکی زیاتر دەخرێتە بەردەست بەپێی ئەم ڕێکەوتنە.

ئەم داوایەی سەندیکای کرێکاران بۆ ئەوە بووە کە کرێکاران کاتیان هەبێت بۆ ژیانی تایبەتی خۆیان لەجیاتی پارەی زیاتر یا هەقدەستی زیاتر. هەندێک پێویستیان بەکات هەیە بۆ چاودێری مناڵەکانیان وە یا لەگەڵ کەسوکاریاندا بەسەری بەرن وە هەندێکی تر تالەکاری تردا سەرفی کەن.

جۆرگ هۆفمان سەرۆکی سەندیکای (ئای جی میتاڵ) دەڵێت کە ئەو ڕێکەوتنە هەنگاوێکی گەورەیە لە ڕاستای جیهانی کاری مۆدێرن و ئیرادەی ئازاد دا.

ئەم ڕێکەوتنە کە کراوە لەنێوان خاوەن کارەکان و سەندیکای کرێکاران دا لەپێناو نەرمی (مرونەت یا فلێکسبڵتی) لە کاتەکانی کارکردن دا بووە وە ئەمە وەڵامدەرەوەیە بە ئابووری کاتی  (گیگ ئیکۆنۆمی) کە تیایدا کرێکاران دەتوانن خۆیان کۆنترۆڵی سەعاتەکانی کاری خۆیان بکەن بەئاسانی.

ئەمە لەکاتێکدایە کە ئابووری ئەڵمانیا بەڕێژەی لەسەدا ٢ گەشەدەکات و خاوەن کارەکان و پیشەسازیە گەورەکانی ئەڵمانیا دەستیانکردوە بە سوود وەرگرتن لە رۆبۆت لە جیاتی کرێکار لە کارگەکانیاندا.

کرێکاران دەڵێن کە ئەم سەرکەوتنە سەرکەوتنی کرێکاران نەبووە بەڵکو سەرکەوتنی سەرمایەداران وخاوەن کارەکانە، لەبەرئەوەی بە کەم بوونەوەی سەعاتەکانی کارکردن کرێکاران هەقدەستەکانیان لەدەست دەدەن بۆ ئەوسەعاتانەی کە کەمدەکرێتەوە و لەبەرامبەردا کرێکارانێک دەخرێنە بەرکار کە ئەو سەعات کارە زۆرانە هەڵدەبژێرن کە خاوەن کارەکان داوایان لێدەکەن.  بەم کارە خاوەن کارەکان واتە سەرمایەداران لەقازانجەکەیان کەم نابێتەوە بەڵکو کرێکاران هەقدەستەکانیان کەمدەکاتەوە هەر لەبەر ئەوەشە کە بەڕێوبەرانی کارگەکان بەم ڕێکەوتنە ڕازی بوون.

کرێکاران ناڕازین لەم بەرئەنجامە و دەڵێن کە ئەمە لە قازانجی کرێکاران دانیە  وە دەڵێن کە کرێکاران دەبێت داوای کەمکردنەوەی سەعاتەکانی کارکردن بکەن بەبێ ئەوەی مووچە وهەقدەستیان کەم بکرێتەوە.

ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە ئەم بژاردەی کارکردنی ٢٨ سەعات لە هەفتەدا زۆرەملی نیە بەڵکو ئارەزوومەندانەیە  وناسەپێنرێ بە سەر کرێکاراندا، بەڵام خاوەن کارەکان بەئاسانی دەتوانن لە داهاتوودا  ئەو کرێکارانەی کە ٢٨ سەعات لەهەفتەدا کاردەکەن  لە کارکردن بێبەش بکەن و لەکارەکانیان دەریان بکەن.

 

دووەم : بەریتانیا

تراژیدیای مەرگی بێخانەولانەکەی ئیستگای قیتاری وێستمنستەر هیچ پاساوێکی نیە

رۆژنامەکان لە بەریتانیا دەنووسن: بێخانەو لانەیەک (متشرد) دوێنێ مرد لە بەردەم ئیستگای قیتاری وێستمنستەر.

ئەوەی سەرنج ڕاکێشە، هیچکام لە ڕۆژنامەکان ناوی ئەم بێخاولانەیە نابات، ناڵێت ناوی چیە، ناڵێت تەمەنی چەندە، هیچ دەربارەی نانووسێت، وەک ئەوەی سەگێک مردبێ یا پشیلەیەک کە ناوو ناونیشان وتەمەنی نازانرێ.

ئەم بێخانە و لانەیە مردنێکی ئارام دەمرێ و تەنها بەشێوەیەک باسی دەکەن کە کەسێک مردوە لە بەردەم ئیستگای قیتار وبەس….!!!

ئەمە لەبەرامبەر پەرلەمانی بەریتانیا دا ڕووی داوە!

قسەکەری پەرلەمان دەڵێ: ”زۆر سەغڵەت وناڕەحەت بووین بەبیستنی هەواڵی مەرگی ”فەردێک” ئەم بەیانیە لە ئیستگای قیتاری وێستمنستەر”. سەرنج بدەنە ووشەی ”فەردێک” نەدەکرا بەلانی کەمەوە ئەم ئینسانە ناوی بهێنرێ؟ ئەمەیە جیهانی سەرمایە…. ئەمە بەهاو نرخی مرۆڤەکانە….مرۆڤێک دەمرێ و ناوی نابرێت…

بێخانەولانەیەک…. دەمرێ…

جێرمی کۆربن لەشوێنی مەرگی ئەم ئینسانەدا سەری ڕێز ونەوازش دادەنوێنێ ….بەڵام ئەمە بەچی دەچێ….کاتێ دوو رۆژ لەمەوبەر هەموو ئەندام پەرلەمانەکان بەلای ئەم کەسەدا تێدەپەڕین و سەریان شۆڕدەکرد ودەرۆیشتن… بەڵام ئایا کامیان هەوڵیان دا جێگەیەک بۆ ئەم بێخانەولانەیە پەیدا بکات..

ئەوەی دەبێ بزانرێ لەسایەی ئەم سیستەمە هارەدا هەریەکێک لەئێمە دەگونجێ چارەنووسی ئەو بێخانەولانەیەمان هەبێت، کەس ناتوانێ پێشبینی ئەوە بکات ئەم سیستەمە بەرەوکوێمان دەبات. تەنها ئەوە دەزانم بەرەو جیهانێکی باشترمان نابات. بەرەو هەڵدێرمان دەبات ….هەرکەسێک لەم ووڵاتەدا دەکرێ ڕووبەڕووی بێکاری ببێتەوە و هەتا ئەگەر خانوو وجێگەو ڕێگەشی هەبێت و پارەی (مۆرگێجیش /رەهنی بانق)یش بدات یا کرێچی بێت ئەگەری ئەوە هەیە کە هەر کارەکەی لەدەست دا نەتوانێ کرێی خانوەکەی بدات یا نەتوانێ پارەی مۆرگێجەکەی بداتەوە و نەتیجەتەن (لەئاکامدا) لەخانوەکەی دەربکرێ وچارەنووسی ئەوبێخانەو لانەیەی هەبێت کە دوێنێ لەئیستگای قیتاردا مرد.

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *