گفتوگۆی بۆپێشەوە لەگەڵ لاوژە جەواد

هەڵسوڕاوان لەبارەی پرسی ژنەوە دەدوێن

بۆپێشەوە: بارودۆخی ئێستای کوردستان بەگشتی، بێ موچەیی و خراپی باری ئابوری لەسەر کۆمەڵگە بەتایبەتی، چ کاریگەرییەکی لەسەر ژنان هەیە؟

لاوژە جەواد: سەرەتا سوپاس بۆ بڵاوکراوەی بۆ پێشەوەو گرنگیدانی تایبەتی بە پرسی ژنان.

لەسەرتاسەری جیهان تەنانەت لە کۆمەڵگە پیشکەوتوەکانیشدا کە ژنان بە خەبات بۆ مافەکانیان توانیویانە دەسکەوتی گەورە بەدەستبهێنن لەکاتی قەیرانی سەرمایەداری بارودۆخی خراپی کۆمەڵگەو جەنگەکان  قوربانی گەورەن.

بەداخەوە ژنان، منداڵان، بەساڵاچوان و خەڵکی کەم دەرامەت خاڵی لاوازی کۆمەڵگەن، کاتێک کۆمەڵگە بە گشتی ڕوبەڕوی ئەزمە دەبێتەوە ئەم حەلقە لاوازانە ڕوبەڕوی مەترسی و پچران دەبنەوە.

لە کۆمەڵگەی گەورە سالاری و پیاوسالاری، دەسەڵاتداران ئەو فەرماندە بێ ویژدانەن کە لە کاتی شکستهێنان و مەترسیدا ئامادەیە بە جەستەی سەربازەکانی پەناگایەک بۆ خۆی دروست بکات و دواین سەرباز بکاتە تورەکە خاکێک بۆ دەرباز بوونی خۆی، دەسەڵاتدارانی کوردستان بە هەمان نەفەس لەگەڵ کۆمەڵگە هەڵسوکەوت دەکەن، تەنها سامان و کورسیەکانیان پارێزراوبێت، ئاو و کارەبا و سوتەمەنی نییە، با نەبێت. جادە و ڕێگا و بان خراپە، با خراپ بێت. خویندنگە و زانکۆ پەرپوتە، کێشە نییە. دادگا و پۆلیس و ئیداریات کرمی گەندەڵی خواردویەتی، زیادە و ناپێویستن. حورمەت و کەسایەتی بەشی زۆری کۆمەڵگە لە ژێر چەقۆی هێزە ئەمنیەکاندایە و… بەم هەموو کێشەیەوە معاشەکەش چارەک یان هەر نەبێت.

لەم گۆشەیەی جیهان کە ناوی کوردستانی عێراقە سەرجەم دار و بەردی ژیان ڕوخاوە بەسەر خێزاندا، بەتەنها خێزان دەبێت چارەسەر و وەڵامی کۆی پێداویسیتیەکان بداتەوە، لەم دۆخەی ئێستادا جگە لە گروپێکی بچوکی دز و جەردە نەبێت، کێ هەیە ژیانی ئاسایی و ئاسودە بێت.

لەم بارودۆخە زۆر ناهەموارەی ئێستای کوردستان زۆر ئاساییە ئەگەر پیاوێک بچێتەوە ماڵەوە لەڕێگای توندوتیژی جەستەیی یان فشاری دەرونی ڕق و کینەی خۆی بەسەر هاوسەرەکەی، خوشکەکەی یان کچەکەی و منداڵەکانی خاڵیکاتەوە.

ئەوە ژنە ڕۆژانە دەبێت مشوری نان، ئاو، نەوتی زۆپا و سێژەم خواردن و پێداویستی قەڵەم و دەفتەر و کرێی هاتوچۆی منداڵکانی بخوات و لانی کەمی  پیداویستیەکانی ڕۆژانەی منداڵەکەی دابین بکات، بەڵام کاتێک دەبینێت ناتوانێت لە ڕۆژێکدا ٥٠٠ دینار بداتە منداڵەکەی، ناتوانێت جل و بەرگ و پیڵاوی گونجاو و شیرو دایبی منداڵەکەی دابین بکات. توشی حاڵەتێکی دەرونی خراپ دەبێت و ویژدانی ئازاری دەدات. کێشەی ئاو و کارەباو خزمەتگوزاریەکانی تر زیاتر لە چارەکە سەدەیەکە بێ چارەسەرە.

ڕێژەیەکی یەکجار زۆر لە ژنان بەتایبەتی لە شارەکان مامۆستا و فەرمانبەرو کرێکارن، ئەمەش هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی کە تا ڕادەیەک بتوانن خاوەنی ئابوری سەربەخۆ بن. بۆنمونە ئەم بڕە موچەیەی لە ساڵانی پێشو مانگانە وەریدەگرت دەیتوانی ژیانی خۆیی و منداڵەکانی بە بێ منەت پێ دابین بکات، ئەو سەرچاوەی داهاتە پاڵپشتێک بوو بۆ پاراستنی کەرامەت و حورمەتی ژنان و ناچار نەبوون هەموو جۆرە سوکایەتی و ئیهانەیەک قبوڵ بکەن. لەم دۆخەی ئێستا بەپێی ئەوەی کە کارکردن لە دەرەوە و ناو بازار زیاتر لە تاپۆی پیاواندایە وایکردوە جارێکی تر ژنان لەڕووی ئابوریەوە ژیردەستە بن و ناچاربن هەموو جۆرە توندوتیژی و سوکایەتیەک لەپیناوی مانەوە قبوڵبکەن.

ژنانی کرێکار و پاککردنەوە فشاریکی زۆرتر کەوتۆتە سەریان، ناچارن لە ئوتێل و کارگەکان، لەو کۆگایانەی کە نانی تیری دروستدەکەن، لە چێشتخانەکان، بەتایبەتی شوێنی نانکردن هەقدەست بەپێی ئەوەیە کە چەند کارت کردبێت، فشاری زۆر بۆ خۆیان بهێنن و تاقەت پڕوکێن کار بکەن بەبێ بوونی هیچ مەرجێکی تەندروستی، پاراستنیان لە تەپوتۆز، گەرمای هاوین و سەرمای زستان.

لە چەند ساڵی ڕابردودا دامەزراندن لە شوێنە دەوڵەتیەکان وەستاوەو وە بواری کار لە کەرتی تایبەت بەپێی ئەوەی کە کوردستان وڵاتێکی بەرهەمهێن و بازرگانی نییە زۆر کەمە بەتایبەتی بۆ ڕەگەزی مێ، ئەوەش بۆتە مایەی ئەوەی کە گەنجانێکی یەکجار زۆر بێکاربن و هیچ ئیمکانێکی مالیان نییە، ئیرادە و بڕوا بە خۆ بوون سفرە، زۆربەی گەنجان وەک ئەو چڵە گیا وشکە وان کە هیچ پەیوەندیەکی بە ڕەگ و ڕیشەی خۆیەوە نەماوە و هەر شنەبایەک دەتوانێت هەڵیان داتە زەلکاوەوە، نەبونی دەرامەت و داهات وە ئابوری سەربەخۆ بڕوا بەخۆبون دەکوژێت، ئەگەر پارە و بلێتی تەواوت پێ نییە، دەبێت لە شەمەنەفەری ژیان دابەزیت یان لانیکەم دەست بدەیتە کۆمەڵێک ئیش کە مسافیری ئاسایی نایکات.

من خۆم چەندین جار لە کچانی دەرچوی زانکۆ و پەیمانگاکانم بیستوە کە هەست بە شەرمەزاری دەکەن کە هەموو ژیانیان باوکیان یارمەتی داون تا گەورەبوون و خویندنیان تەواوکردوە، ئێستاش باوکیان یان برایان نانیان بۆ دابین دەکەن.

پەرەسەندنی فرە ژنی و دیاردەی خۆکوژی!

چەندین کچی گەنج بە ناچاری هاوسەرگیری نەخوازراو لەگەڵ پیاوانی گەورە ساڵ دەکەن کە ژنێکی تر یان زیاتریان هەیە. بەداخەوە زۆر کەم باسی ئەم دیاریدەیە دەکرێت. من خۆم هاوینی ساڵی ڕابردوو لەگەڵ کچێکی ٢٢ ساڵ قسەم کرد کە دەسگیرانی هەبوو وە دەسگیرانەکەی دوو هاوسەری تری هەبوو، کاتێک لێم پرسی بۆ ئەم کارەت کرد، لە وەڵامدا وتی” تەنها پارەدارەکان دەتوانن هاوسەرگیری بکەن، ئەوانیش گەنج نین و هاوسەری تریان هەیە، من بەمکارەم دڵخۆش نیم، بەڵام ئیتر خەجاڵەت دەکێشم تاکەی پارەی گیرفانم لە باوکم وەرگرم؟”

لە ئاکام نائومێدی و بێ ئاسۆیی، دیاریدەی کۆچ بەرەو ئەوروپا بەردەوام لە زیادبووندایە، ڕێژەی قوربانیەکانیشمان کەم نیین. بەپێی داب و نەریت یەکەم کوڕان لە پێشەوەن و دووەم کچی خاوەن ڕەوشت بە تەنها نابێت سەفەر بکات، بۆیە پیاوان کوردستان جێدەهێلن و کچان و ژنانمان دەمێننەوەو، ئەمەش دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە کچانێکی زۆر نەتوانن بە دڵخوازی خۆیان هاوسەرگیری بکەن، لەبەرئەوەی لە توانجی “قەیرە کچ” ڕزگاریان ببێت خۆیان دەکوژن یان دەبنە ژنی چەندەم.

لە ئاکام جەنگ و ئاوارەیی چەندین دەیەی رابردوو هەزاران ژن و کچ بەهۆی لەدەستدانی هاوسەر و باوک و سەرچاوەی ئابوری، لە هەمان کاتیشدا قات و قڕی ئیشی گونجاو بۆ خەڵکی هەژار وە هەروەها فقدانی بەرپرسیاریەتی دەسەڵات لە بیمەی کۆمەڵایەتی، بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان سەدان کچ و ژن کەوتونەتە بازاڕی لەشفرۆشی و بونەتە قوربانی دەستی بازرگانە بەڕێزەکان!!.

 

بۆپێشەوە: حزب و رێکخراوە ئیسلامیەکان و دین بەگشتی، چ کاریگەرییەکی لەسەر ژنان و مافەکانیان هەیە؟

لاوژە جەواد: مێژوی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی داستانی کێشمەکێش و بەربەرەکانێ بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانە، هەر بزوتنەوەیەک لە یەکەم ڕۆژی دەست بەکاربوونیەوە هەوڵ دەدات کۆمەڵگە بەو ئاراستەیەدا ببات کە ستراتیجی بۆ داناوە، ئەگەر ئێمە ستراتجیەتمان کۆمەڵگایەکی سۆشیالیستیە، بەڵام هەر لەمڕۆوە هەوڵدەدەین بەپێی توانا میلی سەرجەم پەیوەندییەکان بسوڕێنین بەرەو ئەو ئاراستەیەی کە ئەمانەوێت. ئیسلامیەکانی کوردستانیش هەر ئەم کارەیان کردووە، هێزو ئیمکانیەتیان زۆرتر بووە زۆرتر ئیشیان کردوە بۆ گۆڕینی ڕێچکەی کۆمەڵگە، ئەگەر بەتەواوەتی دەسەڵات بکەوێتە دەستیان بەم نەفەسەی ئێستایان کار ناکەن، بە دڵنیایەوە بەشەو و ڕۆژێک وڵات دەکەنە جمهوری ئیسلامی یان سعودیە.

ژن لە ئیسلامدا ئینسانی تەواو نییە، بێهێزو کەم عەقلە. دوو ژن بەرامبەر پیاوێکە، ساتو سەوداکردن بەناوی هاوسەرگیریەوە وەک هەر کاڵایەکیتر ڕێگاپێدراوە، پیاوێک بۆی هەیە چوار ژن ڕیز بکات، پیاوانن خاوەنی ژنانن، ژنان دەبێت موتیع و گوێڕایەڵ بن، ئەگەرنا پیاوانیان بۆیان هەیە لێیان دەن و بیانکوژن. ژنان دەبێت جوان خۆیان داپۆشن و بۆ ئەوەی کارنەکەنە سەر شەهوەتی پیاوان. لە ئەگەری هەر ڕوداوێکدا ژنەکە تاوانبارە.

هەموو ئەوانەی لەسەرەوە ئیشارەتم پێداوە بە ئایەت و حەدیس و بەڵگە زۆر زیاتر هەیە.

لە هەر کۆمەڵگەیەکدا کە ئیسلام باڵادەست بێت و حوکمی شەریعەت بەڕێوە بچێت یەکەم کاری دەسەڵات لە قەفەزکردنی ژنان بووە، جا تاچەند بۆی چۆتە سەر پەیوەندی بە بەرەنگاری و هۆشیاری ئاستی بەرەی یەکسانیخوازی هەبووە.

ئەحزابی ئیسلامی سیاسی هەڵگری پەیامی ڕاستەقینەی ئیسلامن و دەیانەوێت کۆمەڵگە 1400 ساڵ بگەڕێننەوە دواوەو حوکمی شەریعە بسەپێنن، لەم نێوەشدا ژنان قوربانی گەورە دەدەن بەپێی تێڕوانینەکانی بۆ ژن.

سەرەتا فۆبیای کۆمۆنیزم و دواتریش لەپێناوی بەرهەمهێنان و ساغکردنەوەی کاڵا، یەکێک لە پڕۆژە گەورەکانی سەرمایەداری جیهانی لە سەد ساڵی ڕابردوو گەشەی ئیسلامی سیاسی و ئیسلامیزەکردن کۆمەڵگە بوو.

کوردستان لەم دیاریدەیە بێبەش نەبوو ئەحزابی ئیسلامی سیاسی و سەلەفیەکان بە هاوکاری و پشتیوانی دەوڵەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە کە لە بنەرەتەوە سیاسەتی تری لەپشت بوو، گەشەیان کرد و سەرمایەکی زۆریان بەسەردا ڕژێندرا. هەمیشە بەناوی ڕێکخراوی خێرخوازی و یارمەتیدانی خەڵکی هەژارو کەمدەرامەت، دۆخی نالەباری خەڵک بۆ بەرژەوەندی خۆیان بقۆزنەوە، ژمارەی مزگەوتەکان لە 5000 تیپەڕێت و ڕۆژانە پێنج جار میتینگی جەماوەری بکەن و هانی خەڵک بدەن بۆ توندوتیژی بەرامبەر ژنان.

بەجیا لەوە بە قودرەتی پارەی بەلاش چەندین کەناڵی تەلەفزیۆنی و ڕاگەیاندنی تریان هەبێت و پەیام و ئامۆژگاریەکانی ئیسلام بڵاوکەنەوە. دەسەڵاتیش لە کوردستان نەک هەر ڕێگر نەبوو بەڵکو ڕێگا خۆشکەریش بووە بۆیان، هەربۆیە دەرئەنجامەکەی دەبینین کە توندوتیژی بەرامبەر ژنان لە کۆمەڵگە، کوشتن و ناچارکردنیان بە خۆکوشتن و خۆسوتاندن، هەوڵدان بۆ ناردنە ماڵەوەی ژنان و بەشدارینەکردنی واقیعیان لە بەرێوەبردنی کۆمەڵگە، دەرنەکەوتنیان لە شوێنە گشتییەکان، ناچاربوون بە خۆداپۆشینیان لە شوێنە گشتی و ناوبازارەکان بۆ ئەوەی لە گێچەڵ و دەستدریژی خۆیان بپارێزن. دیاردەیەکی تر کە ئێستا خەریکە بەدیدەکرێت لە کوردستان داپۆشینی دەموچاوی ژنانە لەژێر کاریگەری بزوتنەوەی سەلەفی، ئەوانەی حەیا لەچاو و موی ژن دەبینن و تەنانەت لە پێشانگایەکی هونەریش تەحەمولی نیشاندانی جەستەی ژن ناکەن و ڕۆژ لەدوای رۆژ کچان و کوڕان زیاتر لەیەکتری نامۆدەکەن. بەداخەوە ئەگەر ئێمە بۆ مێژو بگەڕێینەوە دەبینین لە ناوەڕاستی سەدەی رابردوو پەچە باوبووە لە کوردستان، بەڵام بەخەباتی بزوتنەوەی ژنان ئەوکاتە کە چەپ و شوعیەکان رابەرایەتیان کردوە ئەم دیاردەیە نەماوە، بەڵام ئەمڕۆ بە پاڵپشتی عەرەبستانی سعودی و دەوڵەتە کۆنەپەرستەکانی تری ناوچەکە زیندوی دەکەنەوە.

بۆپێشەوە: هەموو بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان، لەوانە بزوتنەوەی ناسیونالیستی و کوردایەتی تا دەگاتە بزوتنەوەی دواکەتووی ئیسلامی…خاوەنی رێكخراوەی ژنانی سەر بە بزوتنەوەکەی خۆیانن، هۆکار چییە بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان، رێکخراوێکی بۆ بەرگری لە ماف و ویستەکانی ژنان نییە؟

لاوژە جەواد: ئەگەر لە جەستەی کۆمەڵگە بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان نەبزی دەست بێت بە دڵنیایەوە دڵی ئەو جەستەیە کە دەبێت خوێن پۆمپ بکات، بزوتنەوەی کرێکاری و سوسیالیستیە. هەرکاتێک لە هەر جێگایەک بزوتنەوەی سۆسیالیستی بەهێز بوبێت بزوتنەوەی یەکسانیخوازی بەهێز بووە، هەندێ جارێش لە ترسی شەبەحی کۆمۆنیزم پێگەیەکی باشتر دراوە بە ژنان بە نمونە ئەمریکا، بەڵام بەداخەوە لە کوردستان چەپ و کۆمۆنیزم لاوازە و شەبەحەکەشی مەترسی جیدی نییە بۆ گۆڕانکاری. لە نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوو کۆمۆنیستی کریکاری لایەنێکی دیاری کۆمەڵگە بوو کارو چالاکی بەرچاوی هەبوو کاریگەر بوو، نەک هەر شەبەح، بەڵکو مەترسیەکی واقعی بوو بۆ ئیسلامیەکان و بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی.

سەرەتا پیویستمان بەوە هەیە پێناسەیەک بۆ بزوتنەوەی یەکسانیخوازی بکەین.

من وا تێگەیشتوم کە بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ئەو بزوتنەوەیە کە لە ژنان و پیاوانی خوازیاری یەکسانی پێکهاتوەو مەسەلەی ژن وەک بابەتێکی جیدی کۆمەڵگە دەبینن و پێوەری پێشکەوتن و ئازادی کۆمەڵگە بە دۆخی ژنان هەڵدەسەنگێنن. ئەم بزوتنەوەیە میژویەکی دوورو درێژی هەیەو هەمیشە چەپ و کۆمۆنیستەکان ڕابەرایەتیان کردوە.

دیارە بزوتنەوەی ژنان مێژوویەکی کۆنی هەیەو سەرەتای سەرهەڵدانی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 1600ەکان کە هەندێک دەیبەستنەوە بە شۆڕشی ئینگلاندو هەندیکیان زوتر. هەر لە سەرەتای شۆڕشی فەرەنسا دەنگی ناڕەزایەتی ژنانی فیمینست بۆ مافی یەکسان لە یاساکاندا بەرزدەبێتەوەو دواتر بە هەمان شێوە دوای شۆڕشی ئەمریکاو نووسینەوەی دەستوری ئەم وڵاتە.

بەلام ئەوەی کە هەبووە زیاتر بزوتنەوەی ژنانی بۆرجوازی بووە لەپێناوی هەندێک ماف و وردە دەسکەوت.

بەڵام بە واقیعی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی لەگەڵ گەشەی سەرمایەداری و بزوتنەوە کرێکارییەکان سەرهەڵدەدات. واتا چەپ و کۆمۆنیستەکان خاوەنی بزوتنەوەی یەکسانیخوازین، کە هەوڵی جدیان داوەو خەباتیانکردوە لەپیناوی کرێی یەکسان، سەعاتی کاری کەمتر، هەقی دایکایەتی، کردنەوەی دایەنگاو باخچەی ساوایان بۆ منداڵکانیان. لەگەڵ ئەوەشدا مافی یەکسان وەک هاوڵاتی و بوونی مافی دەنگدان و خۆ هەڵبژاردن. وە ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنانیش دەرهاویشتەی ئەم خەباتەیە.

بەدوای ئەمە شۆڕشی ئۆکتۆبەر بەرپا دەبێت و کۆمۆنیستەکان بە عەمەلی دەیسەلمێنن کە خوازیاری یەکسانین و یەکەم یاسای یەکسانی لە جیهان پێ دەنێتە سەر عەرزی واقێع و هیچ ڕێزێک بۆ کەلتوری کۆنەپەرستانەو پیاوسالاری ناهێڵێتەوە و هەوڵی گۆڕینی فەرهەنگی وڵات دەدرێت لەبری ئەوەی نیوەی کۆمەڵگە بکرێن بە قوربانی.

دیارە شۆرشی ئۆکتۆبەر کاریگەری خۆی لەسەر جیهان بەجێدەهێڵیت و بەدوای ئەوە شاهیدی زۆر هەنگاوی گرنگ دەبین. بەتایبەتی بەدوای ئارامبونەوەو خۆگرتنەوەی دۆخی سیاسی بۆرجوازی لە جیهان کە جیهان قوتبی دەبێتەوەو بە بلۆکی شەرق و غەرب.

چەندین بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی سەرهەڵدەدا، بزوتنەوەی کرێکاری لەم کاتەدا زۆر بەهێزدەبێت و بزوتنەوەی یەکسانیخوازیش بەشێک لەم بزوتنەوە دەبێت، دەتوانێت دەسکەوتی زۆر گەورەش بەدستبهێنێت. بەڵام دیارە باسەکە ئەوە نییە کە تەنها شۆڕشی ئۆکتۆبەر باشبوو بەڵکو کاریگەری شۆڕشی ئۆکتۆبەر ئەم بزوتنەوەی بەهێزکردو و بوو بە مەشغەڵە و بەرچاوڕۆشنی خەباتێکی پتەو و بەرینتر لە زۆربەی کۆمەڵگەکان.

لە ئێستادا چەپ و کۆمۆنیزم لە ئاستی جیهاندا لاوازە، وە بەتایبەتی لە کوردستان بزوتنەوەی کۆمۆنیستی لە ساڵەکانی نەوەتەکانی سەدەی ڕابردووی کوردستان بەهێزتر بوون و کاریگەریان دانابوو، بزوتنەوەی یەکسانیخوازیش بەهێزبوو کاریگەری دادەناو چەندین جار گۆمی شڵەقاندو پرسی قانونی ئەحوال شەخسی و مەدەنی، تیرۆری ژنان، خەتەنەکردن و ….تاد. هەرای گەورەی نایەوە لە کۆمەڵگە. توانیان دەسکەوت بەدەستبهێنن سەرباری ئەوەی کە دۆخی بژێوی خەڵک زۆر خراپ بوو، پرسی ژن ببوو بە پرسی کۆمەڵگە هەرچەندە لە ئاستی پێویست نەبوو. بەڵام ئەمڕۆ کە بزوتنەوەکەی ئێمە لاوازە مەعلومە بزوتنەوەی یەکسانیخوازیش لاوازدەبێت ڕێکخراو نابێت.

ئەگەر چەپ و کۆمۆنیستەکان بەهێزبن مەیلی ڕێکخراوبوون بە گشتی لەناو هەموو چین و توێژەکانیش بەهێزدەبێت. کاری لێبڕال و بۆرجوازیەکان پەرشوبڵاوکردنی خەڵک و پارچە پارچەکردنیانە، بەڵام ئەرکی ئێمە ڕێکخراوکردنی خەڵک و کۆکردنەوەیانە.

 

 

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *