هەواڵی ناڕەزایەتییە کرێکاریی و جەماوەرییەکان

ئامادەکردنی: شوان عەزیز و ئاراس رەشید

دادگای شاری تانگایڵ لە بەنگلادیش سزای لە سێدارەدان  دەسەپێنێت بەسەر بکوژی ڕابەری سەندیکایەکدا.

بەنگلادیش/دەکا

ساڵی ٢٠١٢ موستەفیزور ڕەحمان کە کرێکارێکی کارگە بوو هەستا بە ڕفاندن و لە دواییشدا کوشتنی چالاکوان و ڕابەری بەناوبانگی سەندیکایەک بەناوی ئەمینول ئیسلام  لە وڵاتی بەنگڵادیش. بۆیە داگای شاری تانگایڵ بڕیاری لە سێدارەدانی بە غیابی سەپاند بەسەر بکوژی ئەو چالاکوانەدا.

گروپەکانی سەربە سەندیکا پیشەییەکان ئەو دادگاییکردنەیان ڕەت کردەوە و ڕایانگەیاند کە بۆیە ئەو کرێکارەیان تێوە گلاندووە تاکو بۆ گروپی گەورەتری داپۆشن کە لەو کەیسەوە تێوەگلاون.

جێگەی باسە دوای دوو ڕۆژ لە دیارنەمانی موستەفیزوری بکوژ، لاشەی ئەو چالاکوانە ژنە بە شێوێنراوی لە لاڕێیەکدا لە شاری تانگایڵ دۆزرایەوە. لاشەکەی بە شێوەیەک شێوێنرابوو کە تەواوی پەنجەکانی شکێنرابوون و قاچەکانیشی شوێنی برین و لێدانی زۆریان پێوەبوو… کارگەی ئاشولیا کارگەیەکی زۆر زەبەلاحی جلو بەرگە، کەوتۆتە دامێنی شاری دەکا وئەو بکوژەکە لەو کارگەیەدا کرێکار بووە.

موڵتان عوددین کە داواکاری گشتyیە وتی زۆر پێدەچێت بۆیە ئەو چالاکوانە کراوەتە ئامانج, چونکە زوربەی ناڕەزایەتی و مانگرتنەکان لە نێو تەواوی کارگەکانی جل وبەرگەوە  لەلایەن ئەوەوە ئامادە و سەرپەرشتی کراوە.  هەروەها ئەو وتی ” ئەو چالاکوانە کە لە هەمان کاتیشدا وەک ڕابەری سەندیکا ناوی دەهێنێرێت، هەمیشە دیفاعی سەرسەختانەی لە بەرژەوەندی کرێکاران کردووە. بۆیە هەر لایەک بەرژەوەندیەکانی کەوتبێتە مەترسیەوە لە ئەنجامی خەباتی ئەو ڕابەرەدا پەرچەکرداریان بە ڕێگەی کوشتنی گرتۆتەبەر.

پۆلیسی ئەو شارە دەڵێت تا ئێستا هیچ کەسێکی تریان لەسەر ئەو کەیسە دەستگیر نەکردووە. هەروەها پۆلیس وتیشی کە موستەفیزور لە ڕۆژی کوشتنی ئەو چالاکوانەوە  دیار نەماوە و هەر لە ڕاکردن و خۆشاردنەوەدایە ..

بە پێی هەندێک ئامار وڵاتی بەنگلادیش بە دووهەمین گەورەترین وڵاتی بەرهەم هێنی جلوبەرگ دادەنرێت. ساڵی ٢٠١٧ بەرهەمی جلوبەرگی بەگلادیس کە بۆ دەرەوەی ناردووە گەیشتە بایی ٣٠  ملیار دۆلار. بۆیە کارگەکانی جلوبەرگ ٨٠٪ی بەرهەمی هەناردەکراوی وڵاتی بەنگلادیش پێک دەهێنێت.

سەندیکاو یەکێتیە کرێکاریەکان پێیان وایە کە کوشتنی ئەو ڕابەرە کرێکاریە لە لایەن بەشی ئیستیخباڕات و خاوەن کارگەکانەوە پلانی کوشتنی بۆ داڕێژرابێت، وە هەر بەسەرپەرشتی ئەوانیش کارەکە ئەنجام درابێت.

سەندیکا و یەکێتیە کرێکاریەکان پاڵپشتی خۆیان ڕاگەیاند بۆ ئەو کرێکارانەی کە شەڕ لە پێناو مافەکانیاندا دەکەن.!!

ئەڵمانیا/  کۆڵن      

لە ئەڵمانیا کرێکارانی سەندیکای خۆراک و هاوپەیمانەکانیان بە ناوی ئێن جی جی پاڵپشتی ڕاستەوخۆی خۆیان ڕاگەیان بۆ ئەو کرێکارانەی کە بە پاسکیل خواردن دەبەن بۆ ماڵان.

دوو کۆمپانیای زەبەلاحی ناو ئەڵمانیا بە ناوی فودۆڕاو دیلیڤەروو کە بە هەردووکیان زیاتر لە چوار هەزار کرێکاری پاسکیل داریان دامەزراندووە لە دەیان شاری ئەڵمانیادا بۆئەوەی خوادرن بە پاسکیل بگوێزنەوە. ئەو کرێکارانە دەستیان بە شەڕو ناڕەزایەتی کردووە لە پێناو دابینکردنی مافەکانیاندا. لەو نێوەشدا سەندیکای ئێن جی جی پاڵپشتی خۆی بۆ ئەو کرێکارانە ڕاگەیاند.

شایانی باسە کە لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا کرێکارانی سەر بە سەندیکای فودۆڕا هاتنە ناو ڕیزەکانی ئێن جی جی و ئەنجومەنێکی کرێکاریان لەساڵی پاردا بەیەکەوە دامەزراند. بۆیە لە مانگی شوباتی ئەمساڵێشدا کرێکارانی سەر بەسەندیکای دیلیڤەروو هاتنە ناو هەمان ئەنجومەنەوە بۆ ئەوەی هەموو بەیەکەوە دیفاع بکەن لە کرێکارانی خۆراک گواستنەوە.

ئەوەی کە بووەتە مایەی نیگەرانی ئەوەیە کە کرێکارانی خۆراک گواستنەوە بە پاسکیل بە شێوەی کاتی و کورت ماوە دامەزراون، یاخود لە ژێر تایتڵی کرێکارانی (واتە بۆخۆت کار بکەیت، نەک بۆ کۆمپانی)سێڵف ئیمپلۆییدا کاردەکەن. بۆیە دەبێت تەواوی تێچووی نەخۆشی و یا کارەسات و ڕووداوەکان دەکەوێتە سەر شانی خۆیان نەک خاوەن کارەکان. واتە لێرەدا خاوەن کارەکان شانی خۆیان لە هەر بەرپرسیاریەتیەک خاڵی کردۆتەوە.. ئەمەش بە بارێکی تردا بە خراپی شکاوەتەوە بەسەر حەقدەستی ئەو کرێکارانەدا، و لەبەرامبەر لانی کەمی حەقدەستی سەرتاسەریدا ئەوان کەمتر وەردەگرن.

بۆیە ی١٤ نیسان دانراوە لە لایەن زۆرێک لە سەندیکا کرێکاریەکان تا بێنە مەیدان و ناڕەزایەتی دەربڕن و پاڵپشتی کرێکارانی خۆراک گواستنەوە بە پاسکیل بکەن. ئەمەش وەک شەڕێکە تا هیچیتر خاوەن کارەکان نەتوانن کرێکاران بەکار بهێنن و مافەکانیشیان پێشێل بکەن. ئەوان دەڵێن دەبێت کرێکاران تەواوی حەقدەستیان پێ بدرێت و تێچووی پاسکیل و نەخۆشی و کارەساتەکانیش دەبێت خاوەن کار بیخاتە سەرشانی خۆیان نەک کرێکارەکان.

 

مانگرتنە سەرتاسەریەکەی ئەڵمانیا کاردەکاتە سەر ژیانی ملیۆنان کەس لە ناو ئەڵمانیادا.!

ئەڵمانیا/میونیخ

هەر کە ناڕەزایەتی و مانگرتنەکان لە زۆرێک لە شارە گەورەکانی ئەڵمانیا درێژەی کێشا بۆ ڕۆژی دووەم. زۆرێک لە ناوەندەکانی کاربەشێوەکی سلبیانە کاری تێکرا. بۆ نموونە دایەنگا و خەستەخانە و هێڵەکانی گواستنەوەو هات و چۆ بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کەوتنە بەر ئەو کارتێکردنە .

ئەو مانگرتن و ناڕەزایەتیانە  کە لە لایەن سەندیکایەکی کرێکارانەوە ڕێکخران  بە ناوی( ڤێر دی) یەوە وەک کامپینێک  بوون لە پێناو بەرزکردنەوەی حەقدەستی کار بۆ کرێکارانی کەرتی گشتی.

جێگەی باسە کە تەواوی کرێکارو فەرمانبەرەکانی هاتوچۆی شاری دوسێڵدۆڕف هێنرابوونە سەرشەقامەکان و بەو هۆیەشەوە تەواوی هاتوچۆی پاسەکان لە جوڵە کەوتبوو.

کاتێک کە لە کاتژمێری ٣ی بەرەبەیانی زووەوە کرێکارانی بەشی سەرووی ڕاینی وێست فیڵی کە ژمارەیان خۆی دەدا لە دوو هەزار کەسێک ئیتر هاتوچۆ لەو کاتەوە وەستا، و ئەوەش وای لە قسەکەری سەندیکایی ڤێر دی کرد کە بڵێت: “هەموو شتێک لە جووڵە کەوتووە و کوژاوەتەوە”

هەروەها لە سێ هەرێمی گەورەی ئەڵمانیا هاتوچۆ شڵەژانی دیاری بەخۆیەوە بینی و لە زۆرێک لە هەرێم و کەرتەکان هاتوچۆ ڕاگیراو دەوام نەما.

لە زۆرێک لە شارو هەرێمەکان بۆ نموونە خەستەخانەکان لەو شوێنانەدا تووشی گرفتی هاتوچۆ بوون. بۆ نموونە لە شاری  نۆرەمبێرگ دا لە ١٤٠ باخچەی ساوایاندا ١٣٥ یان داخران.

ئامانجی سەندیکای ڤێردی لەو کامپین و مانگرتنانە ئەوەیە تا فشاری زۆر بخاتە سەر بەرپرسانی کەرتی گشتی تا پێش ١٥-٤ سەعاتکاری کرێکارەکان بەرزبکەنەوە. هەروەها ئەو سەندیکایە کە نوێنەرایەتی دەوروبەری دوو ملیۆن و سێسەد هەزار کرێکاری کەرتی گشتی دەکات دەیەوێت بەرزکردنەوەی سەعاتکار لە ٦٪ کەمتر نەبێت بۆ سەرتاسەری و لانی کەمی مانگانەش بۆ کرێکارەکانی حکومەتە ناوخۆییەکانیش ٢٠٠ یۆرۆ مانگانە زیاد بکرێت.

نا بۆ هەڵبژاردن بەبێ سەرفکردنی مووچەکان…

خۆپیشاندان و مانگرتنی کرێکارانی گرێبەست و ڕۆژانە لە بەغدا وکەربەلا و حلە و دیوانیە و ناسریە.

عێراق/ بەغدا

خۆپیشاندان لە ژێر دروشمی( نا هەڵبژاردن بەبێ سەرفکردنی مووچەکان)؛ شارەکانی بەغدا و کەربەلا و حلە و دیوانیە و ناسریە خۆپیشاندانی گەورەیان بەخۆوە بینی لەلایەن کرێکاران و کارمەندانی گرێبەست و ڕۆژانە. داواکاریان بریتی بوو لە داوای دانی مووچەی دواکەوتوویان و جێگیرکردنیان. شایانی باسە بۆ یەکەم جارە جەماوەری خەڵک لەگەڵ خۆپیشاندەران دێنە سەر شەقام و پشتیوانیان لێدەکەن. شارەکانی عیراق ماوە ماوە دەبێتە شوێنی خۆپیشاندەرانی کرێکاری و جەماوەری لە کەرتە جیاجیاکان. ئەم ناڕەزایەتیانە حکومەتی عەبادی خستۆتە هەلومەرجێک کە ئێرەیی پێ ناکرێت. بەتایبەت نزیک دەبینەوە لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان. ئەم دروشمە” نا بۆ هەڵبژاردن بێ خزمەتگوزاری” ترسی خستۆتە دڵی حکومەت بەتایبەت لەگەڵ ناڕەزایەتیە کرێکاریەکان گۆراوە بە” نا بۆ هەڵبژاردنەکان بەبێ دانی مووچە” یان” نا بۆ هەڵبژاردنەکان، بەبێ دابینکردنی هەلی کار وبیمەی بێکاری”. عەبادی هاوەڵەکانی لە ئیسلامی سیاسی شیعی لە شەرعیەتی هەڵبژاردنەکان دەترسن لەکاتی بایکۆتکردنی هەڵبژاردن. ئەنجومەنی شارەوانی بەغدا ڕایگەیاند کە ناتوانن خزمەتگوزارییەکان دابین بکەن لەکاتی بەردەوامی ناڕەزایەتیەکان. حکومەتی عەبادی بەشێوەی جیاجیا ناڕەزایەتیەکان سەرکوت دەکات، هەروەک لێدان لە خۆپیشاندەران لە ناوچەی سبع البور ڕوویدا. یان لە ڕێگەی ناردنی نوێنەری خۆی لەگەڵ شاندێک بە سەرۆکایەتی مهدی العلاق، کە چاوی کەوت بە نوێنەری خۆپیشاندەران لە ناوچەی السفیر و المعامل.

هەروەها لە وێستگەی الکمالیەی دوو لە کەربەلا، کرێکارانی گرێبەست بڕیاری مانگرتنی کراوەیان داوە. ٥ شەممە ٥/٤/٢٠١٨ مانگرتنێکی کراوەیان ڕاگەیان بەهۆی وەرنەگرتنی مووچە. ڕاگەیاندنەکان گوتیان ئەم مانگرتنە ڕەنگە کار بکاتە سەر بەرهەمهێنانی ووزەی کارەبای پارێزگاکە. هەروەها فەرمانبەرانی گرێبەست لە وێستگەی کارەبای الخیرات لە پارێزگای کەربەلا؛ ٣ شەممەی ڕابردوو مانگرتنیان ڕاگەیاند، دوای کشانەوەیان لە شوێنی کار، و ئیدارەی وێستگەکە دەرگاکانی داخست بەڕووی فەرمانبەرە مانگرتوەکان.

فەرمانبەرانی گرێبەست و کرێی ڕۆژانە لە وێستگەی غازی سەر بە وەزارەتی کارەبای پارێزگای دیوانیە، ڕۆژی ٣ شەممە ٣/٤/٢٠١٨ مانگرتنێکی کراوەیان لەبەردەم وێستگەکە کە دەکەوێتە ڕێگای نێوان دیوانیە و قەزای الشامیە لە ڕۆژئاوای پارێزگاکە ڕێکخست. مانگرتنەکە بۆ داواکاری مووچەی دواکەوتووی ٤ مانگی پێشوویانە، لەگەڵ جێگیرکردنیان و گەڕاندنەوەی کرێکارە گرێبەستەکان کەماوەی پێشوو دەرکرابوون. وەک بۆ ڕادیۆی المربد قسەیان کردبوو” داواکاریەکانمان ڕاژەی فەرمانبەریمان بە پێی سیستەمی لابردن و نوێکردنەوەش دەگرێتە خۆی” ئەوەشیان دیارکرد کە” وێستگەکە خەریکە لە کارکردن دەوەستێت بەهۆی مانگرتنی کادرەکان لە دەوام کردن”. ئەوەشیان زیاد کرد کە” مانگرتنەکەمان کراوە دەبێت تا وەڵامدانەوە بە داواکاریەکانمان و جێبەجێکردنی لە لایەن حکومەتی ناوەندی و وەزیری کارەبا قاسم الفهداوی”.

لە پارێزگای زیقاریشدا کرێکاری گرێبەست ناڕەزایەتیان دەربڕی لە سەرف نەکردنی مووچەکانیان و بە دروشمی” نا بۆ هەڵبژاردن بەبێ دانی مووچە”. داواکاری ئەوانیش بریتی بوو لە دانی مووچەی ٣ مانگیان. هەرەشەی بەشداری نەکردنیان لە هەڵبژاردنەکان بەرزکردبۆوە. سلام جبر یەکێک لە ناڕازیان گوتی” بەتووندی سەرکۆنەی ئەنجومەنی پارێزگای زیقار دەکەین بەهۆی سەرقاڵیان بە هەڵبژاردنەکان و پشتگوێخستنی داواکاریەکانی ئێمە”.

لەلایەکی دیکەوە فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی وێستگەی کارەبای حلە، خۆپیشاندانیان کرد بۆ داواکاری لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ جێگیرکردنیان لەسەر میلاکی وەزارەتی کارەبا بەشێوەیەکی بەردەوام. کەریم حمادی کە بەناوی خۆپیشاندەرانەوە قسەی کرد” حکومەتێک هەیە کە نەتوانێت ماوەی ١١ ساڵە فەرمانبەرانی گرێبەست جێگیرنەکات، تا وای لێهات ٣٠ هەزار فەرمانبەری گرێبەست کەڵەکە بێت بەسەریەکدا. لەکاتێکدا ئەوانە بە چەرخاندنی سەرەکی بەردەوامی وزەی کارەبا دادەنرێن”. فەرمانبەرێکیتر بەناوی ئیبراهیم عبید گوتی” کەسێک گوێ لە داواکاریەکانمان ناگرێت، ئێمەش بەردەوام دەبین لە مانگرتن تا دەرکردنی بڕیاری جێگیر کردنمان”.

لە بەغداش سەدان لە کرێکارانی گرێبەستی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی عێراق کۆبوونەوە لەبەردەم وەزارەتی گواستنەوە لە ناوەڕاستی بەغدا، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لەبەرامبەر جێگیر نەکردنیان. مانگرتوان لە نیوەی شەوی ٣ شەممە ٣/٤/٢٠١٨  لەبەردەم وەزارەتی گواستنەوەدا ناڕەزایەتیان دەربڕی لەبەرامبەر دەرکردنیان و جێگیر نەکردنیان. وەزارەتی گواستنەوەش هیج وەڵامێکی نەداونەتەوە.

تیبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٢٤ بەرواری ١٥/٤/٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە…

 

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *