سروە حەوێز بوو بە ژنی نموونەی پەنابەری ساڵ لە فنلاند!

ژنی نمونەی چییە وکێ دەبێت بە ژنی نمونەیی؟

ئامادەکردن و نووسینی: مستەفا باهر

لەسەرەتای ساڵی(١٩٩٨)ەوە ڕێکخراوی یارمەتیدەری پەنابەران، ساڵانە ژنی پەنابەری ساڵ، خەڵات دەکات. مەرجەکانی هەڵبژاردنەکە، بە گویرەی ساڵ دەگۆڕێت، بەڵام بنەمای سەرەکی ئەو خەڵاتە ئەوەیە، کە کەسەکە دەبێت کەسێکی گەورە ساڵ بێت، وێڕای سەختی ژیانی و نەهامەتی و پەنابەریەتی، تونیبێتی سەرکەوێت بەسەر ئاستەنگیەکانداو لە کۆمەڵگەی نوێدا جێگای خۆی کردبێتەوە. سەرەڕای ئەوەش توانیبێتی یارمەتی کەسانی تریش بدات. (سروە)ش یەکێک بەوە لەوانەی کە یارمەتیەکی یەکجاری زۆری پەنابەرانی داوە بەتایبەتی ژنان و منداڵان. لەسەر ئەم بنەمایانە لە رۆژی. ٢٤/٤/٢٠١٨ لە هیلسنکی پایتەختی فنلاند، سروە حەوێز توانی خەڵاتی ژنی پەنابەری ساڵ وەرگرێت.

سروە حەوێز کێیە؟

ناوی تەواوی (سروە حەوێز فریق) ە لەدایکبووی شاری کەرکوکە. پورزای هاوڕی (شاپور عبدولقادرە) ،ئەم دوانە واتە ( شاپورو، سروە) وەک خۆشکو برا وابوون، بەهۆی ئەوەی کە هەردووکیان پیکەوە لەماڵێکدا ژیاون، ئەویش دوای ئەوەی کە باوکی شاپور کە جەلالی بوە و، بەدیلی کەوتوەتە دەست پارتییەکان، لە لایەن تحسین شاوەیسەوە لەسالی ١٩٦٨ دەکوژرێت. دایکی شاپور دەگەڕێتەوە ماڵی باوکی سروە هەموویان پێکەوە دەژین. سروە هەمیشە شاپوری بە برا گەورەی خۆی زانیوە. هاورێ شاپور دەبێت بەئەندامی حزبی کۆمۆنیستی کریکاریی عیراق وە پاشان دەبێت بەئەندامی مەکتەبی سیاسی ئەو حزبە. هاورێ سروەش لە بواری ڕێکخراوی ژناندا دەست دەکات بەکارو چالاکی و کۆمەکێکی زۆری ئاوارەکانی کەرکوک دەکات. پاشان هاورێ سروە  لە سالی ١٩٩٤ لەگەل هاورێ (قابیل عادل) هاوسەرگیری دەکەن. هاوڕی (قابیل) یش هەڵسوڕاوێکی چالاکی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی کرێکاریی بوەو ئەندامی کۆمیتەی ڕابەرایەتی حزب بووە لە کوردوستان. هاورێ سروە، شانبەشانی هاوڕێیان (شاپورو و قابیل) دەست دەکات بە کارو چالاکی، بەتایبەتی لەسەر کەیسی ژنان. هەروەها هاوکارێکی بەردەوامی ئاوارەکانیش بووە بەتایبەتی ئاوارەکانی کەرکوک.. کارو خەباتی کۆمۆنیستەکان و چونە پێشەوەو بەرزبونەوەی جێگاو ڕێگای کۆمۆنیستەکان و دەرکەوتنی  ڕابەرانی وەک ( شاپورو قابیل)، نەک تەنها کۆنەپەرستانی هەولێر بەڵکو کۆنەپەرستانی ناوچەکەی تەنگە نەفەس کردبوو، بەتایبەتی لە دوای مەراسیمی ٨ مارسی ساڵی ١٩٩٨. کە بینیان ئەم ڕابەرانە چەند خۆشەویستن لای خەڵکی هەژارو نەدارای هەولێر. ژنان چۆن پێشوازی لەو دوو ڕابەرە خۆشەویستە دەکەن. تەنها کەسێک کە جێگای باوەڕی ئاوارەکانی کەرکوک بوو هاوڕێیان (شاپورو قابیل) بوون. کارو خەباتی ئەم دوو ڕابەر خۆشەویستە و گەشەی کۆمۆنیزم ترسێکی گەورەی خستە دڵی دەسەڵاتدارانی هەولێرەوە. دەسەڵاتداران و کۆنەپەرستان، چونە پێشەوەی رۆژ بەرۆژی کۆمۆنیزمیان بە خەتەرێکی گەورە بۆسەرخۆیان دەبینیەوە. هەربۆیە لەمینبەری مزگەتەکانەوە مەلا کۆنەپەرستەکان کەوتنە هێرشکردنە سەر کۆمۆنیستەکان. مەلایەکی کۆنەپەرستی وەک مەلا بەشیر بەئاشکرا فەتوای کوشتنی کۆمۆنیستەکانی دەرکرد و وتی (ئەوەی لەدینی ئیسلام وەرگەڕێ، دەبێت بکوژرێت). دوای ئەم فەتوایانە حزبێکی کۆنەپەرستی ئیسلامی پاش هەڵکردنی گلۆپی سەوز لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەولێرەوە، لە رۆژی ١٨/٤/١٩٩٨ هەستان بەتیرۆرکردنی هاوڕی( قابیل عادل، شاپور عبدالقادر).دوای ئەم تاوانە گەورەیە، سروە و منداڵە بچوکەکەی نەیان توانی لە کوردوستانی ژێر دەسڵاتی حزبە ناسیۆنالیستەکان و ئیسلامیەکاندا ژیان بەسەر بەرن. بۆیە  لە سەرەتای ساڵی  ٢٠٠٠دا رویان کردە هەنداران. ئەمرۆ٢٤/٤/٢٠١٨ هاورێ سروە دروست لەومانگەدا نزیک لەو رۆژەی کە کۆنەپەرستەکان ئەو تاوانەیان کرد بەرابەر بە هاوسەرو پورزاکەی، بە ژنی نمونەیی پەنابەری ساڵ دەستنیشان کرا. سروە بە باوەر بوون بەخۆی سەرەرای هەموو ڕێگریەکان توانی کە ژیانیکی شایستە بۆ خۆی و منداڵەکەی دابین بکات و ببیت بە یەکێک لە ناسراوترین ژنی پەنابەر لە فنلاند، سروە لەڕێگای رێکخراوی ژنانی عێراقیەوە هاوکاریەکی زۆری پەنابەران بەتایبەتی پەنابەرانی ژنانی کردوە. ئێستاس لەو ڕێکخراوە فەرمانبەرە بۆئەوەی کە هاوکاری ئەو ژنانە بکات کە دەیانەویت لەوڵاتی تازەدا جێگای خۆیان بکەنەوە.. کچە جوانەکەشی (لێوە)خان توانیویەنتی کە قۆناغەکانی قوتابخانە بەوپەڕی سەرکەتویی تەواو بکات. سروە بە ورەیەکی بەرزو رویەکی خۆشەوە هەمیشە کۆمەکی ئەو کەسانە دەکات کە پێویستیان بەیارمەتی هەیە. هەربۆیە سروە شایەنی ئەو خەڵاتە بوو، ڕێکخراوەکە بەدروست ئەویان دەست نیشان کردبوو. بەم بۆنەیەوە پڕ بەدڵ پیرۆزبایی گەرم لەهاوڕی سروە و تەواوی خانەوادەکەیان دەکەین .هیوای سەرکەوتنی بەردەوامیان  بۆ دەخوازین.

هێڵسنکی

٢٧/٤/٢٠١٨

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٢٧ بەرواری ١/٥/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە

Check Also

سەربەخۆی کوردستان لەبەردەم بازرگانی بە نەوتەوە!

عوسمانی حاجی مارف حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دەسەڵاتی فرۆشتنی هەناردەی نەوت …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *