وەحشیگەری ئەمریکاو ئیسرائیل خەڵکی فەلەستین خەڵتانی خوێن دەکات!

دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا، بڕیاریدا بە گواستنەوەی سەفارەتی ئەمریکا لە ئیسرائیل لە تەل ئەبیبەوە بۆ قودس، سەرەنجام ڕۆژی ١٤ی ئایار، ئەم بڕیارە جێبەجێ کراو بەدوای خۆیدا شەپۆلێك لە توندوتیژی بەدوای خۆیدا هێنا. دەوڵەتی یەهودی- شۆڤینیستی ئیسرائیل بەدڕندانەترین شێوە ڕوبەڕووی خۆپیشاندەران و خەڵکی ناڕازی فەلەستین وەستایەوە، کە دژی ئەم بڕیارە لە شارەکانی فەلەستین و بەتایبەتی لە کەرتی غەززە  ڕژانە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانیان ئەنجام دا. تا ئێستا زیاتر لە ٦٠ کەس کوژراوو نزیکەی ٢٧٠٠ کەس برینداربوون، کە برینی ژمارەیەکیان سەختە.

ئەم بڕیارەی ئەمریکا، نەك جێگای پێشوازی خەڵکی دنیا نەبوو، بەڵکو تەنانەت دەوڵەتانی هاوپەیمانی ئەمریکا، بێجگە لە ئیسرائیل، ئەم بڕیارەیان وەکو هەنگاوێكی مەترسیدار پێناسە کرد، بەڵام ئەمریکا بەسەرۆکایەتی شەقاوەیەکی سەرمایەدار، گوێی بەو ناڕەزایەتیانەو بە ئاکامە ترسناکەکانی ئەم بڕیارەی نەدا.  ئەمریکا بەم بڕیارەی بەکردەوە چووە پاڵ سیاسەتی کوشتاری خەڵکی فەلەستین و بەرپرسیارێتی هەموو ئەو تاوانانەی بەرامبەریان دەکرێ لەلایەن دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیلەوە.

دەوڵەتی ئیمپریالیستی ئەمریکا، بەسەرکردایەتی ترامپ، ڕۆژبەڕۆژبارودۆخی جیهان بەرەو کارەسات و ماڵوێرانی پاڵ پێوە دەنێت. لەژێرناوی” گێڕانەوەی شکۆی ئەمریکا”دا هەر ڕۆژە لە گۆشەیەکی دنیاوە کێشەیەك دروست دەکات و لەپێناو بەرژەوەندی سەرمایەی ئیمپریالیستی ئەمریکیدا، شەڕێکی ئاشکرای ئابوری و سیاسی لەگەڵ قوتبە نەیارەکانی دەست پێکردوە. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان گیرۆدەی شەڕێکی خوێناوی بێبڕانەوە کردوە. پێشبڕکێی چەك و گەرمبوونی بازاڕی چەك فرۆشتن لەم ناوچەیەدا بەشێوەیەکی ترسناك پەرەی سەندوە. بڕیاری گواستنەوەی سەفارەتی ئەمریکاش بۆ قودس بۆ گەرمکردنی بازاڕی شەڕ و کێشکردنی ناوچەکەیە بۆ نائارامی و پشێوی سیاسی و سەربازی و کۆمەڵایەتی زیاتر! ئەم هەنگاوەی دەوڵەتی ئەمریکا بۆماوەیەکی نادیار مەسەلەی” ئاشتی” لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وچارەسەری کێشەی فەلەستینی دوور خستەوە!

ئێمە لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، گواستنەوەی سەفارەتی ئەمریکا بۆ قودس کە بووە هۆی کوشتاری خەڵکی بێدیفاعی فەلەستین، بەتوندی سەرکۆنە دەکەین و هەنگاوێکی ڕاستەوخۆیە بە ئاقاری خۆشکردنی ئاگری شەڕ و ڕق و کینەی دینی و نەتەوەپەرستی کە سەرتاپای ناوچەکە روبەڕووی مەترسی دەکاتەوە. زەمینەکانی ئاشتی و پێکەوەژیانی خەڵکی ناوچەکە لەنێودەبات و گورزێکی کوشندە لەبزوتنەوەی یەکسانیخوازی و ئازادیخوازی و ئینساندۆستی  لە ناو فەلەستین و ئیسرائیل و لەسەرتاسەری ناوچەکە دەدات. ئێمە لە سەرجەم خەڵکی ئازادیخوازی ناوچەکەو جیهان داوا دەکەین کە بەهەموو شێوازێکی گونجاو بۆ کوژاندنەوەی ئەم ئاگری شەڕەو فشارهێنان بۆسەر دەوڵەتی ئیمپریالیستی ئەمریکاو دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل دەنگ هەڵبڕن و هەڵوێست وەربگرن. پشتیوانی لەو ڕەوت و بەرەیەی ناو فەلەستین و ئیسرائیل دەکەین کە لەپێناو ئاشتی و پێکەوەژیان و کۆتایی هێنان بە ستەمی سەر خەڵکی فەلەستین تێدەکۆشن!.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

١٥ ی ئایاری ٢٠١٨  

 

Check Also

وتەی سەمیر عادل، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق

 بۆ کۆنگرەی شەشەمی حزبی کۆمونیستی کرێکاریی کوردستان بەیانیتان باش هاورێیان بەناوی خۆم و کۆمیتەی ناوەندی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *