ژنە کۆمۆنیستی تیکۆشەر” ئاباجی” بۆ هەمیشە چاوی لێکنا…

بەرەبەیانی ٥ ئایار، ئاباجی” عەزرا ئادەمی” ژنە تیکۆشەر و کۆمۆنیستی نەسرەوتوو لە تەمەنی ٩٤ ساڵیدا و لەشاری ڤێسترۆسی سوید، بۆ هەمیشە ژیان ئاوایی کرد و چاوە پر ئومێدەکانی لێک نا. ئاباجی زیاتر لە چوار دەهە و بێ پشودان لە سەنگەری چەپ و کۆمۆنیزمدا، لەپاڵ هەزاران ئینسانی کۆمۆنیستدا، لە جەرگەی خەباتێکی بەردەوامدا لە پێناو دنیایەکی باشتردا تیکۆشا. سەختیەکانی ژیان و کۆسپەکانی بەردەم خەباتی کۆمۆنیستی، هیواکانی ئاباجیان نەتاساند و نەیانتوانی ببنە رێگر لە بەردەم ورەو بروابوونی بە دامەزاراندنی کۆمەڵگەیەکی بێچین و چەوساندنەوە. ئاباجی یەکێک لە تیکۆشەرانی روخاندنی رژیمی شاهەنشایی و پاشانیش خەباتکارێکی نەسرەوتووی دژی رژیمی کۆنەپەرستی ئیسلامی ئێران بوو.

ئاباجی لەناو چەندین نەسڵی کۆمۆنیستیدا، سیمایەکی ناسراو و خەباتکار، ڕوخسارێکی خۆشەویست و ماندو نەناس بوو. زەردەخەنەی هیوا تا ئەوکاتەی چاوەکانی بۆ هەمیشە لێکنا، لەسەر لێوەکانی نەترازا. بە عیشقەوە دەیڕوانییە خەباتی کرێکاریی و کۆمۆنیستی و کاری رێکخراوەیی. لەهەموو هەورازو نشێویەکانی نزیک بە پێنج دەهەی خەباتی کۆمۆنیستیدا، لێبراوانە و بێ پشودان راوەستاو نیشانیدا ژنان، خاوەنی ئیرادەو توانایی بێ کۆتان و هیچیان لە پیاوان کەمتر نییە. نیشانیدا بۆ رزگاری دەبێت ژنان و پیاوان شانبەشانی یەکتری تێبکۆشن و لەسەنگەرەکانی خەباتی چینایەتیدا ئامادەبن. ئاباجی بەوباوەڕەوە چ لە شارو لە ژیانی پیشمەرگایەتی و  چ لە ئەوروپادا، بە باوەری قوڵی بە کۆمۆنیزم و رزگاری لەزوڵم و چەوساندنەوەی چینایەتیدا، پراکتیکی کۆمۆنیستی کردبووە قیبلەنومای وەدیهێنانی هیواو ئاوات و ئارەزووە زۆروزەبەندەکانی ئینسان..

بەداخەوە ئاباجی ٥ ئایار، چاوەکانی لێک ناو، بەڵام چۆن جوان و تێكۆشەرانە ژیا، ئاواش جوان و تێکۆشەرانە، بۆ هەمیشە ژیانئاوایی کردو لەسەر ویستی خۆشی ئەمرۆ ١٥ ئایار، لەشاری ڤێستەرۆسی سوید و بە سرودی نێونەتەوەیی چینی کرێکار… سرودی قرمژن ئاسای ئەنتەر ناسیونال و بە ئامادەبوونی بەشێکی زۆر لە کۆمۆنیستەکان و هاورێ و هاوسەنگەر و کەس و کارەکەیدا  لە ئارامگەی هەمیشەیییدا بە خاک دەسپێردرێت…

بەرزو بەرێز بێت یادی چەندین دەهە لەخەباتی نەپساوەی کۆمۆنیستی هاوڕی ئاباجی

بۆپێشەوە

١٥ ئایاری ٢٠١٨

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٢٨ بەرواری ١٥/٥/٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە…

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *