هەواڵی نارەزایەتییە کرێکاریی و جەماوەرییەکان

ئامادەکردنی: شوان عەزیز و ئاراس رەشید

ڕێپێوانی سەدان هەزاری لە کرێکاران، شاری مـاڵبۆرن لە ئوسترالیا لە هاتوچۆ دەخات!!

ڕێپێوانی بەرفراوانی سەدان هەزاری لە کرێکاران لە شاری ماڵبۆڕن، بوو بە مانشێتی تەواوی ڕؤژنامەو پۆڕتاڵ و تەلەفزیۆن و ڕاگەیاندنە سەرەکییەکانی سەرتاسەری جیهان.

هەموو ئەو ڕاگەیاندنانە ئەوەیان دوپات دەکردەوە کە ئەو ڕێپێوانە مەزنە هاتوچۆی لە تەواوی شاردا پەکخست و تەواوی ڕێگاو شەقامەکانی لەجووڵە خست.

ئەو ڕێپێوانە گەورەیە سێ کاتژمێری خایاند، لە کاتژمێری یازدەی سەرلەبەیانی بەکاتی ماڵبۆڕن لە بەردەم دادگای لێکۆڵینەوەکانی شاری ماڵبۆرن کۆتایی پێهێنرا.

مەبەستی سەرەکی ئەو ڕێپێوانە سەد هەزاریە لە کرێکارانی ئوستڕالیا بۆ ئەوە بوو کە: بارودۆخی شوێنی کار باشتر بکرێت، لایەنی کەمی سەعات کار زیاتر بکرێت، پاڵپشتی بۆ ڕابەرانی سەندیکای (سی ئێف ئێم ئی یو)،  مەسەلەی دایەنگا و سەرپەرشتی مناڵان، فرەیی و گونجاندن لە کاردا، هەروەها دڵنیایی لە بوونی کارو دڵنیایی لە بەردەوامیدا و چەندین داواکاری گرنگی کرێکاری تر..

لە بەردەم دادگای شاری ماڵبۆرن دا قسەکەرانی ئەو ڕێپێوانە داوایان لە بەشداربووان کرد کە پاڵپشتی خۆیان ڕابگەیەنن بۆ هەردووک ڕابەری دیاری کرێکاری کە ئێستا کەیسەکانیان لەژێر لێکۆڵینەوەدان لەلایەن دادگاوە. جێگەی باسە کە جۆن سێتکە سکرتێری سەندیکای گەورەی کارێکاریە بە ناوی (سی ئێف ئێم ئێم ئی یو)یە و شۆن ڕێردنیش جێگریەتی. ئەو سەندیکا کرێکارییە هەموو بەشەکانی تەعمیرات و بیناسازی، دارستان، دەریاییەکان و کارگەکان دەگرێتەوە.

هەروەها تێبینی کراوە کە هەندێک لە ئامادەبووانی ئەو ڕێپێوانە منداڵ و کەس و کاری خۆشیان لەگەڵ خۆ هێناوە. وە هەروەها تێبینیش کراوە کە بەشداربووانی ئەو ڕێپێوانە تەنها سەر بەو سەندیکایە نەبوون، بەڵکو چەندین چین و توێژی تریشی لەخۆ گرتووە. بۆ نموونە؛ کاتێک کە دەزگایەکی ڕاگەیاندن چاوپێکەوتن دەکات لەگەڵ بەشداربوویەک ئەو پێی دەڵێت:” ئەو ڕێپێوانە زۆر لەوە گەورەترە کە تەنها لەلایەن یەک سەندیکاوە سەرپەرشتی بکرێت، و تەنها ئەندامانی سەر بەو سەندیکایەش نین لێرە.. ئەمە زۆر لەوە گەورەترە” هەروەها سەلینە شاڕپ کە ژنێکی بەشداربووی ئەو ڕێپێوانە بوو لەگەڵ کوڕە چوار ساڵەکەیدا دەڵێت: “من بۆیە هاتووم تا پشتگیری لە کرێکاران بکەم و پشتگیریش لەو داوایانە بکەم کە کرێکاران هەیانە. “هەروەها یەکێکی تر لە بەشداربووان دەڵێت لە هەموولاوە شەڕ لەبەرامبەر کرێکاراندا بەرپاکراوە و مافەکانیان پێشێل کراوە، بۆیە ئێمەش دەبێت نەک هەر بەرەنگاری بکەین بەڵکو پتر کاتی هەستان و مانگرتنە.”

جێگەی باسە کە هەندێک لە سەندیکاکان داوای ئەوە دەکەن کە لانی کەم ٥٠ دۆلار زیاد بکرێت لە هەفتەیەکدا، بەڵام نوێنەری دەوڵەت دەڵێت ٥٠$ زۆرە و قسە لەسەر ٢٧ دۆلار دەکەن کە زیاد بکرێت لە هەفتەیەکدا. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە دەوڵەت دەیەوێت و پێی باشە لانی کەمی کرێی هەفتانە  لە ٦٩٥ دۆلارەوە  بکرێت بە  ٧٢٢ بەڵام هەندێک لە نوێنەرانی سەندیکای کرێکاران دەیانەوێت بکرێتە ٧٤٥ دۆلار لە هەفتەیەکدا.

لە تەنها یەک ڕۆژدا ٢٣ کرێکار دەمرن و ١١ ی تریش بە سەختی بریندار دەبن…

لە پارێزگای بلوجستان لە وڵاتی پاکستان چەندین کرێکار دەبنە قوربانی و بەو هۆیەشەوە کەمپین لە دژی خاوەن کاران و بەڕێوەبەری کانەکان ڕادەگەێنرێت.

لە چەند ڕووداوێکی جیاجیای ناو کانەکاندا تەنها لەیەک ڕۆژدا چەندین قوربانی لە نێوکرێکاراندا لێ دەکەوێتەوە.!!

لە ڕۆژی ٥-٥-٢٠١٨ دا بە پێی هەواڵی ڕاپۆڕتەکان، لە کانی پیر ئیسماعیل دا لە ناوچەی مەڕوار کە ٢٥ تا ٣٠ کرێکار کاری تێدا دەکرد، بە هۆی تەقینەوەی گازی میسان کانەکە لەدەروازەکەیەوە تێک دەروخێت و دەبێتە هۆی کوشتنی ١٦ کرێکار.

هەر لە هەمان ڕۆژدا، واتە لە ڕۆژی پێنجی ئەم مانگەدا لە ڕووداوێکی تردا لە ناو کانێکی ترلە ناوچەی سوڕانج، کە لەلایەن دەوڵەتەوە خاوەنداری دەکرێت و لەلایەن کۆمپانیای گەشەپێدانی کانزاکانەوە بەڕێوەدەبرێت، ٧ کرێکاری تر دەمرن.  مردنی ئەو حەوت کرێکارەش بەهۆی ئەوەوە بووە کە بەشێکی کانەکە لەکاتی کارکردندا تێک ڕوخاوە و کرێکارەکانی کەوتۆتە ژێرەوە.

بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن کە هەموو ئەو ڕوداوانە بەهۆی ئەوەوە بوون کە کاربەدەستان زۆر گوێیان نەداوە بە ڕێنماییەکانی تەندروستی و خۆپاراستن لەناو کانەکاندا. هەر بۆیە کەمال ئۆزکان، یاریدەدەری سکرتێری گشتی پیشەسازی دێتە سەرخەت و دەڵێت”ئەو کارەساتانە دەتوانرا بەریان پێبگیرێت ئەگەر کاربەدەست و بەڕێوەبەرانی کانەکان پەیڕەوییان کردبایە لە یاسای ژمارە ١٧٦ ی کانەکان”. شایەنی باسە کە ئەو یاسایە  تایبەتە بە تەندروستی و سەلامەتی کارکردن لە ناو کانەکاندا.

هەر لەبەر ئەوەش بوو کە نزیکەی دە (١٠)لە یەکیەتی و سەندیکای کرێکارانی جیهانی کەمپینێکیان لە شاری ئیسلام ئابادی پاکستان ڕاگەیاند. لەو کەمپینەدا بەشداربووان ڕایانگەیاند کەدەبێت دەسەڵاتداران گرنگی زیاتر بدەن بە یاساکانی تەندروستی و سەلامەتی لەناوکانەکاندا. هەر لەو کەمپینە فراوانەدا ئیدانەی هەموو ئەو کۆمپانیا و کان و خاوەنکارانەیان کرد کە یاساکانی سەلامەتی و تەندروستیان فەرامۆش کردووە و هەر بۆیەش قوربانی بەم شێوەیەی لە ناو کرێکاراندا لێ دەکەوێتەوە.

هەڵکشانی ڕێژەی برسیەتی لە تورکیا بۆ ٤ بەرابەر لەماوەی ١٥ ساڵدا!

تێچووی رۆژانەی تێرکردنی خێزانێکی ٤ کەسی لە تورکیا لە ماوەی مانگی نیسانی ڕابردوو بۆ ٥٦.٥٩ لیرەی تورکی بەرزبۆوە، هەروەها تێچووی مانگانەش گەیشتە ١.٦٩٨ لیرەی تورکی. ناوەندی لێکۆڵینەوەی یەکێتی نەقابەی کرێکارانی مەعدەن ڕوونیان کردەوە، کە تێچووی خواردنە سەرەکیەکان بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی لەماوەی مانگی نیساندا بەخۆوە بینیوە. وە ئەو ڕێژەی سەرەوەی پشتڕاستکردەوە. هەروەها هێڵی هەژاری گەیشتۆتە ٥٨٧٢ لیرەی تورکی.

بەپێی ئەو داتایانەی ئەو ناوەندە دەریکردوە، ژنان پێویستیان بە ١٤.٤١ لیرە هەیە بۆ خۆراکی تەندروست، و پیاوانیش پێویستیان بە ١٤.٩٨ لیرە هەیە لەڕۆژێکدا. لە کاتێکدا منداڵ لە تەمەنی نێوان ١٠-١٨ ساڵی پێویستی بە ١٦.٠٥ لیرە هەیە، لە کاتێکدا منداڵی تەمەن ٤-٦ پێویستی بە ١١.٠٥ لیرە هەیە.

ئەم ناوەندە لەهەفتەی یەکەمی هەموو مانگێکدا هەڵدەستێت بە بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، بەپشت بەستن بە ڕێژەی هەلئاوسانی نرخی بەکارهێنراوی ڕاگەیەنراو لەلایەن لیژنەی ئاماری تورکی. هەروەها ڕاپۆرتی( شێوەی خۆراکی دیاریکراو لە تورکیا، کە لەلایەن بەشی خۆراک و پارێزگاری زانکۆی هاجیتبەی تورکیەوە ئامادە دەکرێت.

ژنانی کرێکاری کشتوکاڵی مۆراکۆیی لە ئیسپانیا، فەزیحەی ئیستیغلال کردنیان لەلایەنی جنسیەوە ئاشکرا دەکەن!

لێکۆڵینەوەیەک کە لەلایەن سایتی Buzzfeed ەوە کراوە، ئاشکرای دەکات کە ٢٨ ژن لە وڵاتانی ڕۆمانیا و بولغاریا و مۆراکۆ ڕووبەڕووی لاقەی سێکسی دەبنەوە لە کێڵگەکانی تەماتە، و هەڕەشەی کوشتنیشیان لێدەکرێت ئەگەر قسە بکەن. ئەم فەزیحەیەش کە سایتەکە ئاشکرای کردوە، بەردەوامی چیرۆکی ژنە کرێکارە مۆراکۆییەکانە کە دووچاری لاقەی سێکی بوونەتەوە لەبەرامبەر کارکردنیان لەو کێڵگانەی تەماتەدا لە ئیسپانیا.

ئەوەی جێی سەرسوڕمانە؛ کە ئەوە مەرجی ئەو کۆمپانیانەیە بۆ کارکردن تێیدا! دەبێ هاوسەرگیریشت کردبێت، ئەمەش ئاسانکاری بۆ خاوەن کارەکان دەکات بۆئەوەی کاری سێکسی خۆیان لەو کێڵگانە بکەن. بەپێچەوانەوە، ئەگەر کرێکارە ژنەکان هاوسەرگیریان نەکردبێت، ئەوا لە بەرامبەر ئەو لاقە کردنە ڕووبەڕووی یاسا دەبنەوە، بەتایبەت ئەگەر بەڵگە هەبێت کە پەردەی کچێنی لەدەست دابێت، لەکاتی پشکنینی پزیشکیدا. ئەمەش لەسەر حکومەتی مۆراکۆی پێویست کردوە کە دەخالەت بکات بۆ پاراستنی هەلومەرجی ڕێزلێگیراو لە کرێکارە ژنە مۆراکۆییەکان لەکاتی کارکردنیاندا بۆئەوەی لاقە نەکرێن.

بەڵام، لەبەرامبەردا یەکێک لە کرێکارە ژنە مۆراکۆییەکان بۆ ڕۆژنامەکەمان گوتی” هەموو کرێکارەکان ڕووبەڕووی لاقەکردنی سێکسی نابنەوە، هەروەها هەموویان ڕازی نابن کەکاری سێکسیان لەگەڵدا بکرێت. زۆربەیان بەکەرامەتەوە کاری خۆیان دەکەن”

کرێکارانی مانگرتوو، بەندەری حەیفا و ئەسدود لە ئیسرائیل دادەخەن…

کرێکارانی مانگرتوو هەردوو بەندەری سەرەکی حەیفا و ئەسدود لە ئیسرائیل دادەخەن، وەک ناڕەزایەتی لە بەرامبەر دروستکردنی سەکۆیەکی ڕکابەری بیانی، کە بۆتە هۆی ڕاگرتنی دەیان کەشتی بارهەڵگر لە ڕۆژی ٥ شەممە ١٠/٥/٢٠١٨. نزیکەی ١٧ کەشتی لە چاوەڕوانیدا بوون بۆ بەتاڵکردنی بارەکانیان لە بەندەری ئەسدود، لە کاتێکدا ١٤ کەشتی تر لە بەندەری حەیفا ڕیزیان بەستبوو. قسەکەرێکی بەندەرەکان گوتی” ١٠ کەشتی دیکەش لە بەندەری حەیفا ڕاگیراون، و چاوەڕێ دەکرێت کەشتی دیکە لەڕێگا بن”. بەرپرسێکی بەندەریش گوتی” کرێکارانی بەندەرەکە ناڕازین بۆ ئامادەبوون بۆ سەرکار، بەڵام کەشتیە گەشتوگوزاریەکان دەتوانن بێنە بەندەری حەیفا”

لە سڵی ٢٠١٣ ەوە، حکومەت گڵۆپی سەوزی بۆ دروستکردنی بەندەری تازە هەڵکردوە، کە دەبێتە ڕکابەری بەندەری ئەسدود و حەیفا، کە هەردووکیان لەلایەن دەوڵەتەوە بەڕێوە دەبردرێن، ئەمەش دوای کێشەی کرێکاری کە بووە هۆی ڕاگرتنی بازرگانی لە ئیسرائیل بۆ چەندان ساڵ. ڕابەرە کرێکاریەکان کە لە دانووساندان لەگەڵ حکومەت لەسەر مەرجەکانی دامەزراندنی تازە لەژێر ڕکابەری بەندەرە تازەکان، ڕۆژی ٥ شەممە بانکراون بۆ بەردەم دادگای کرێکاری بۆ گفتوگۆکردن لەسەر مانگرتن.

قسەکەری یەکێتی نەقابە کرێکاریەکان لە ئیسرائیل، ئەو پرسیارانەی دەربارەی کارەکان هەن، داویەتی بە لیژنەی کرێکارانی بەندەرەکان کە نەیانتونیوە پەیوەندیان پێوە بکرێت.

وا بڕیارە کە کۆمپانیای شەنگەهای چینی نێودەوڵەتی بەندەرەکان، بەندەرێکی تایبەت لە حەیفا سەرپەرشتی بکات، و تێرمیناڵ ئەنتەرناسیۆنالیش بەندەرێک لە باشووری بەندەری ئەسدود سەرپەرشتی بکات. حکومەت دەڵێت” بەندەرە تازەکان، دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی تێچووی کەلوپەل”.

ڕێپێوانی گەورە لە ڕۆژی کرێکارانی جیهانی، دژ بە سیاسەتی ترامپ لە بەرامبەر بە کۆچبەران.

ئەمەریکا/ لۆس ئەنجلس

ڕابەران و چالاکوانان لە نەقابە کرێکاریەکان، ڕابەرایەتی ڕێپێوانەکانی ١ی ئایاریان کرد لە شارەکانی ئەمەریکا لە ١/٥/٢٠١٨، هەرچەندە ژمارەیان کەمتر بوو لە ساڵی پار. خۆپیشاندەران سەرکۆنەی ڕێوشوێنە توندەکانی ترامپیان دەکرد دژ بە پەنابەران، و بە ” هێرش بۆ سەر کرێکاران و زەحمەتکێشانیان وەسف دەکرد”.

گەورەترین کۆبوونەوە لە لۆس ئەنجلس بوو، بەجۆرێک سەدان کەس لە ناوەڕاستی شار ڕێپێوانیان دەکرد، و لافیتەکانیان پشتیوانی بوو بۆ نەقابەکان و پەنابەران، و هاواریان دەکرد” هێز لەیەکێتی دایە”و” ئەمەیە دیموکراسیەت”. خۆپیشاندانەکان دەنگی زۆری لێدەهات، بەڵام بە ئاشتیانە بەڕێوەچوو.

لە نیۆرک، سەدان لە چالاکوانان  لە شەقامی برۆدوەی بۆ ۆڵ ستریت بەڕێکەوتن.

لە سیاتلیشدا، پلیس کەسێکی بەتۆمەتی بەردهاویشتن دەستگیرکرد.

ڕێکخەرانی کۆبوونەوەکان هەوڵیاندا کە لەنێوان بابەتی ئاسایی ڕۆژی کرێکارلە پاراستنی مافەکانی کرێکاران و سەرکۆنەکردنی هەوڵەکانی ترامپ بۆ دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران و داوایان لە دەنگدەران کرد، کاتێک دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ تازەکردنەوەی نیوەیی کۆنگرێس ئەم دوو بابەتە بەیەکەوە ببەستنەوە و ئاماژەی پێبکەن.

کەسانێکی زۆر ڕەخنەیان لە بڕیاری ئیدارەی ئەمەریکی گرتوە لە کۆتاییهێنان بە پاراستنی کاتی بۆ هەزاران پەنابەری زۆرێک لەو وڵاتانەی بەهۆی کارەساتی سروشتیەوە، یان کێشەی ناوەخۆییەوە ئاوارە بوون؛ وەک(نیکاراگوا، هایتی،سلڤادۆر، وسودان ونیپال).

ئاماژەش بەوەکرا، کە هەلومەرجەکە ناڕۆشنە بۆ نزیکەی ٧٠٠هەزار پەنابەری لاو کە هاتوونەتە ناو ئەمەریکاوە بەشێوەی نایاسایی. ئەمانە ڕووبەڕووی دیپۆرتکردنەوە دەبنەوە، دوای ئەوەی ترامپ پێشنیاری کردوە کە بەرنامەی پاراستنی یاساییان لەسەر لابەرێت. کە لە سەردەمی ئیدارەی باراک ئۆبامادا پێڕەوی لێدەکرا.

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٢٨ بەرواری ١٥/٥/٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە…

 

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *