هەواڵی نارەزایەتییە کرێکاریی و جەماوەرییەکان

ئامادەکردنی: شوان عەزیز و ئاراس رەشید

پێدەچێت  بەم زووانە لە ئەمەریکادا گەورەترین مانگرتنی کرێکاری ڕووبدات کە لە چەندین دەیەدا ئەمەی بەخۆوە نەبینیبێت!

ڕۆژی سێشەمە، ڕێکەوتی ٥-٦-٨ ، یەکیەتیە کرێکارییەکان و شوفێرانی ماشێنی بارهەڵگرو ئەندامانی کۆمپانیای گەورەی گواستنەوەی جیهانی (یو پی ئێس) بە زۆرینەی ڕەها دەنگیان بە مانگرتنی سەرتاسەری دا.

ئەوان ڕایانگەیاند کە تا سەرەتای ئابی ٢٠١٨، وەڵام بە داواکاریکانیان نەدرێتەوە گەورەترین مانگرتنی سەرتاسەری ئەنجام دەدەن. شایانی باسە کە لە ئابی ١، ٢٠١٨ دا ئەو گرێبەستەی هەیانە لەگەڵ خاوەنکارەکاندا کۆتایی دێت. لە ڕاگەیاندراوەکەدا  ئەوەش هاتووە کە لە ٩٠٪ ی ئەندامەکان و شوفێران دەنگیان بە مانگرتن داوە لە ئەگەری بەدی نەهاتنی داواکاریەکانیاندا.

ئەوەی کە قسەی بە جددی دەربارە دەکرێت ئەوەیە کە ئەم مانگرتنە چاوەڕوانکراوە کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت تەنانەت لەسەر ئابووری ئەمەریکا، چونکە ئامارەکان ئەوە نیشاندەدەن کە ژمارەی فەرمانبەرانی یو پی ئێس ئێستا دەگاتە سێ سەد هەزار کەسێک و ئەمەش تێکڕا لە ٦٪ ی بەرهەمی ناوخۆی ساڵانەی ئەمەریکا پێک دەهێنن. هەروەها ئەوەش باس دەکرێت کە دەبێت ئەو کۆمپانیا زەبەلاحەی گواستنەوە بە شێوەیەک فراوان بکرێت کە حەوت ڕۆژە لە هەفتەدا کاری گواستنەوە بکات.

کۆمپانیای یو پی ئێس لە ساڵی پارەوە ڕۆژانی شەممەش کار دەکەن و بۆ ئەم ساڵیش پێشنیاری ئەوە لە گۆڕێدایە کە ڕۆژانی یەک شەممەشی بێتەسەر. واتە حەوت ڕۆژە لە هەفتەدا.

هەروەها پێشنیارێکی تریش لەسەر مێزی گفتوگۆدا لە ئارادایە و کێشمەکێشی لەسەرە، ئەویش ئەوەیە کە: کرێکارانێک کە بەکاتی دامەزراون و لە سەعاتێکدا ١٥ دۆلار وەردەگرن، بکرێنە کرێکاری هەمیشەیی بەهەمان هەقدەست. کرێکارانی پێشتریش کە بە هەمیشەیی دامەزراوون هەقدەستیان ٣٦ دۆلارە لە سەعاتێکدا. واتە ساڵانەی ئەو کرێکارانە خۆی دەدات لە ٧٥ هەزار دۆلار. بە پێی ئەو پرۆژەیە شوفێران دابەش دەکرێن بەسەر دوو بەشەوە. ئەوەش وا دەکات کە مانگرتن ببێتە شتێک کە هەر دەبێ ڕوو بدات.

کرێکارانی ئێکسۆن مۆبیل ناڕەزایەتی دەردەبڕن!

ئێکسۆن مۆبیل ٢٣٠ کرێکار لە کارەکانیان دەردەکاو دەیەوێت دایان بمەزرێنێتەوە بە کرێیەکی کەمتر !

بەوهۆیەشەوە فیدراسیۆنی یەکیەتیە کرێکارییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ چوار لە نوێنەرانی یەکیەتییە کرێکارییەکانی ئوسترالیا کۆ دەبێتەوە.

وا بۆ نزیکەی ساڵێک دەچێت چەندین لە یەکیەتیە کرێکارییەکانی ئوسترالیا دەستیان داوەتە مانگرتن لە دژی کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل. ئەو مانگرتنە لەو کاتەوە دەستی پێکرد کە ئێکسۆن مۆبیل ٢٣٠ کرێکاری سەر بە بەشی نەوتی کۆمپانیاکەی دەرکردو لە دواییشدا ڕەزامەندی لەسەر جارێکی تر وەرگرتنەوەیاندا، بەڵام ئەو جارە بە کرێی لە ٤٠٪  کەمتر لە جاری یەکەمیان.

لەوبارەوە لقی تەکساسی فیدراسیۆنی یەکیەتیە کرێکارییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ چوار لەنوێنەرانی سەندیکا کرێکاریەکانی ئوسترالیا کۆبۆوە. مەبەستی هاتنی ئەو نوێنەرانە بۆ تەکساس ئەوە بوو کە باس لە مانگرتنەکەی ئوسترالیا بکەن لەسەر مافی ئەو ٢٣٠ کرێکارە.

جێگەی باسە کە ئێکسۆن مۆبیل هاتووە لە جیاتی ئەو کرێکارە دەرکراوانە، کرێکاری تری بیانی دامەزراندووە و لە لایەکی تریشەوە تەواوی چالاکوانانی کرێکاری لەوبارەوە خستۆتە ژێرچاودێری وردەوە. هەروەها لەو بارەوە گلەیی لە میدیای دیاری ئوسترالیا دەکرێت کە وەک پێویست ڕوماڵی ئەو کێشە کرێکارییە ناکەن. بۆ نموونە ئەو میدیایە تەنانەت خۆشی پاراست لە ڕوماڵکردنی ئەو مانگرتنە گەورەیەی کە دەوروبەری ١٢٠ هەزار کرێکارو کارمەندی هێنایە سەر شەقامەکان.

هەر لەبەر ئەو هۆیەشە کە نوێنەرانی یەکیەتیە کرێکارییەکان دەیانەوێت دەنگی خۆیان بگەێننە دەرەوە و لەگەڵ نوێنەرانی یەکیەتیە کرێکاریەکانی ئەمەریکا کۆبوونەوە بکەن و گلەیی و گازندەکانیان پێ بڵێن لەگەڵ کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیلدا.

ئەو کۆبونەوەیە دوو کاتژمێری خایاند و تەواوی کێشەکانیان لەگەڵ یەک باس کرد، و ڕێکاری گونجاویشیان پێشنیار کرد. یەکێک لەو ڕێکارانە ئەوە بوو کە ڕێپێوانێک ئەنجام بدەن لەبەردەمی کاپیتەڵ هیڵ.

بە هەزاران لە کرێکارانی گەشت و گوزاری ئیسپانیا ڕێپێوان ئەنجام دەدەن لە شاری ماڕبێڵە وە بۆ شاری مەڵاگە

لە سەرووی هەزار کەسەوە لە کرێکارانی بەشی گەشت و گوزاری ئیسپانیا، زیاتر لە ٦٠ کیلۆمەتریان بە پێ بڕی وەک ڕێپێوانێک لە ماربێڵەوە بۆ مەڵاگە.

ئەو ڕێپێوانە لە لایەن سەندیکاکانی بەشی خزمەتگوزاری وەک: سی سی، ئۆ ئۆ ، ئێس ئێم ئێس، و یو جی تی کە هەر هەموویان سەربە سەندیکای گەورەی کرێکاری جیهانی (ئای یو ئێف)ن، سەرپەرشتی دەکرا. ڕێپێوانەکە تەنها ٣ ڕۆژی خایاند. لە ٢٥ ئایاری ڕابردوو دەستی پێکرد و لە ٢٥ئایار کۆتایی هات.

ئامانجی سەرەکی ئەو ڕێپێوانە بۆئەوە بوو کە لەگەڵ کاربەدەست و دەسەڵاتدارانی بەشی گەشت و گوزارو خزمەتگوزاری بگەنە ڕێکەوتنێکی گشتگیرو هەمەلایەنە بۆ تەواوی بەشەکانی گەشت و گوزارو خزمەتگوزاری. ئەو ڕێکەوتنە تازەیە شوێنی ڕێکەوتنە کۆنەکە دەگرێتەوە کە لە ساڵی ٢٠١٧دا بەسترا، و ئێستا ماوەی بەسەر چووە. شایانی باسە کە بە پێی گرێبەستە کۆنەکە مافی کرێکارانی بە لاوازی تێدا چەسپاوەو لەو گرێبەستە نوێیەدا داوا دەکرێت کە مافەکانی کرێکاران بە باشترین شێوە بپارێزرێت.

شایانی باسە کە سەندیکای کرێکاری ئای یو ئێف سەندیکایەکی گەورەی جیهانیە کە کرێکارانی بەشی خۆراک، کێڵگەکان و میوانخانەکان لەسەرتاسەری جیهان لەخۆ دەگرێت. ئەوەش دەرکەوتووە  کە بە ڕێژەی ٢٠٪ ی تەواوی کرێکارانی شاری مەڵاگە لە کەرتی گەشت و گوزار دامەزراون و کار دەکەن. هەر لەبەرئەوەشە کە هەر ڕێکەوتنێکی کرێکارانی ئەم شارە  سوودی دەبێت، وە دەتوانرێت وەک سەرچاوەیەک بەکار بێت لەبەرژەوەندی کرێکاراندا لە شوێنەکانی تری وڵاتی ئیسپانیادا.

دوو ڕابەری دیاری کرێکاری بە مەرج ئازاد کران

چەندین کەس و چالاکوان و لە نێویشیاندا دوو ڕابەری کرێکاری هەبوو کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی کازاخستانەوە گیرابوون و لە دواییدا ئازادکران؛ بەڵام بە مەرج.

نور بەگ کوشاک بایڤ و ئەمین عەلی سینۆف کە دوو ڕابەری چالاکی کرێکاری بوون و سەربە بزوتنەوەو سەندیکایەکی کرێکاری سەربەخۆ بوون وە لەلایەن حکومەتەوە خرابونە زیندانەوە ئازاد کران. ئازادکردنەکەیان بە مەرج بوو، بەڵام تەواوی تۆمەتەکانیان لەسەر هەڵگیرا. لە هەمان کاتیشدا ئەو تۆمەتانەش لابران کە خرابوونە سەر لاریسا خەرگۆڤە کە سەرۆکی سەندیکای پیشەیی سەربەخۆیە لە کازاخستان.

جێگەی باسە کە ئەو دووڕابەرە خرابوونە زیندانەوە لەسەر ئەوەی بەشداریان کردبوو لە کۆنفرانسێکی بزوتنەوەی کرێکاری (لاریسا )ش خرابووە ژێر چاودێری وردی حکومەتەوە. هیچ کامیان بە فەرمانی دادگا بۆیان نەبوو بەشداری بکەن لە هیچ کۆڕو کۆبوونەوەیەکی کرێکاری و بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا.

جێگەی باسە کە زۆرێک لە ڕێکخراوە کرێکاری و سەندیکاکانی کرێکاران لەسەر گیرانی ئەو دوو ڕابەرە هاتنە دەنگ و شەقامەکانیان پڕ کرد لە ناڕەزایەتی. هەر بۆیەش حکومەت ناچارکرا بە بەردانیان وە هەڵگرتنی تەواوی تۆمەتەکان لەسەریان.

ئەوەی کە پەیوەندیدارە بە لاریسا خەرگۆڤە، ئێستا تۆمەتەکانی لەسەر هەڵگیراوە و یاسای نیشتەجێبوونی زۆرەملێیی لەسەر لابراوە و دەتوانێت هاتوچۆ بکات.

ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە هەر کاتێک؛ کرێکاران و خەڵکی بەشمەینەت و زوڵملێکراو هاتنە دەنگ لەسەر مافەکانیان ئەوا بەدەنگەوە هاتنی دەسەڵاتداران کارێکی چاوەڕوان کراو دەبێت. بە پێچەوانەشەوە ئەگەر خەڵک بێ دەنگ بێت و ناڕەزایی دەرنەبڕێت لەکاتی بوونی بێمافیدا ئەوا ئەو بێمافی و نەهامەتیە هەر درێژەی دەبێت و بۆی هەیە خراپتریش بێت.

مانگرتنی پەرستاران و کارمەندانی تەندروستی لە مەراکش.

پەرستاران و فەرمانبەرانی تەندروستی لەمەراکش دەستیان دایە مانگرتن بۆ ڕۆژی دووەم لە سەرتاسەری  نەخۆشخانەکانی وڵات دەستکرا بەمانگرتن. تەنیا بەشی فریاگوزاری مانگرتن نەیگرتەوە، ئەمەش بەبێ ئەوەی داوایان لێبکرێت. داواکاریەکانیان لەوەدا کورت دەبێتەوە، کە قەرەبووی مەترسیەکانی کارەکەیان بکرێت، و پەرستیارە بێکارەکان بخرێنە سەرکار، کە ژمارەیان دەگاتە ٥ هەزار پەرستاری ژن و پیاو. هەروەها تازەگەری لە لیژنەکانی پیشەی تەندروستی بکرێت بەهەمان شێوەی پیشەکانیتر.

پەرستارەکان هەست بە کەمی قەرەبووە مالیەکان دەکەن لەبەرامبەر مەترسی کارەکانیان. سەرەڕای ئەوەی ڕۆژانە ڕووبەڕووی مەترسی گواستنەوەی نەخۆشی دەبنەوە، هەروەها هەست بەچەوسانەوە دەکەن لە مەرجەکانی پلە بەرزکردنەوە. بەپێی یاسا پەرستار دەبێت چاوەڕێی ٦ ساڵ بکات تاوەکو پلەی بەرزدەکرێتەوە.

کرێکارانی دەزگای نەوت ماندەگرن و بەرهەمهێنان دەوەستێنن.

کرێکارانی دەزگای نەوتی سەر بە کۆمپانیای دابەشکردنی وزە، مانگرتنێکی کراوەیان دەستپێکرد، بەمجۆرە زۆرێک لە یەکەکانی کۆمانیای دابەشکردن لە پایتەخت و باتنە و مەعەسکەر لەکار کەوتن و کە بەرهەمهێنان تیایاندا دەگاتە ١٨ هەزار یەکە. ئەمەش دەبێتە هۆی کورتهێنانی زۆر لە تێرکردنی بازاڕ بە غاز.

کرێکاران بڕیارەکانی ئەم دواییەی کۆمپانیاکەیان ڕەتکردەوە کە بەدژی ئەوان دراون. کە تیایدا بێبەشیکردوون لە دانی خواردن، ئەمەش بڕیارێکیترە بەدژی ئەوان. هەروەها نەبوونی سەرەتاییترین ماف لەسەروی هەموویانەوە نەبوونی پلەبەندی بەسەرکەوتنی کرێ و مووچەی لەخواریان، کە لەبەرامبەر ئەو هەمووکارەدا نییە کە ئەوان ئەنجامی دەدەن. بە بەراورد لەگەڵ پۆلیسی کۆمپانیای نەوت زۆر خراپتر و لەخوارترە. بەهۆی کارکردی مانگرتنەکە لەسەر گەیاندنی وزە بە هاووڵاتیان، کرێکاران داوایان لە بەرێوەبەری ئەو دەزگایە کرد بۆ پێویستبوونی دەخالەتی ئەو لە چاوخشاندنەوە بە پلەبەندی مووچە و هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەم دواییە، هەروەها چاکردنی باری مادی کرێکاران و یەکسانکردنیان لەگەڵ دەزگای دابەشکردنی سووتەمەنی، لەگەڵ فەراهەمکردنی هەموو مافەکانی کە کرێکارانی کۆمپانیاکە لێی بەهرەمەندن.

پۆلیسی ئیتالیا ٥ ڕۆمانی دەستگیر دەکەن، بەتۆمەتی ئیستیغلالکردنی کرێکاران بەبێ پێدانی کرێ.

ڕۆژی ٤شەممە ٦/٤/٢٠١٨ پۆلیسی ئیتالیا ٥ کەسی دەستگیرکرد بە تۆمەتی ئیستیغلالکردنی کەسانی خەڵکی ڕۆمانیا بۆ کارکردن لە کێڵگە کشتوکاڵیەکان و لەشفرۆش بەبێ پێدانی کرێ پێیان. بەپێی قسەکانی پۆلیسی شاری ڕغوس لە ناوچەی سەقەلیە، لەناو ئەوکەسانەی ئیستیغلال کراون کەسانی بەتەمەن و منداڵکار هەبوون. بەپێی لێکۆڵەرەوەکان ١٣ لەو کرێکارانە هەندێکیان نەخوێندەوار و بێلانە بوون، و هەڵیان خەڵەتاندوون بەهێنانیان بۆ ئیتالیا بۆ کارکردن بەپارەی باش. پۆلیس ئەوەشی زیادکرد کە ئەوکرێکارانە خواردنی بۆگەن و بەسەرچوویان پێداون، و جلوبەرگی سەر زبڵدانیان پێداون و لەخانووی بێ گەرمیدا دایان ناون.

بەرپرسی پۆلیس( ئەنتۆنیۆ کیافولا) ڕایگەیاند؛ کە کچە منداڵکارەکانیان ناچارکردوە بە لەشفرۆشی، هەروەها توندوتیژیان لەبەرامبەردا بەکار هاتووە، بەتایبەت ئەوانەی هەوڵی ڕاکردنیان داوە، تائەوەی یەکێکیان توانیویەتی پۆلیس ئاگاداربکاتەوە. وابڕیارە کە دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵ دەستگیرکراوەکان بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و ئسیتیغلالکردنی سێکسی منداڵکارەکان.

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٣٠ بەرواری ١٥/٦/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە…

 

 

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *