هەواڵی نارەزایەتییە کرێکاریی و جەماوەرییەکان

 

       ئامادەکردنی: شوان عەزیز و ئاراس رەشید

مانگرتنە کرێکاریەکان بەردەوام دەبێت لە ئێران

لەلایەن هەندێک دەزگای ڕاگەیاندن ودەستە و تاقمی نزیک لە سیاسەت و بەرژەوەندیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، وا نیشان دەدرێت کە ئیتر ناڕەزایەتی خەڵکی لە ئێران کۆتایی پێ هاتووە، بەڵام؛ بە پێی هەواڵ و بە دواداچونێکی سایتی ڕابلی کەنەدی، ناوخۆی ئێران هێشتا ئارام نییە و خەڵک بە گشتی توڕەیە لە سیستەمی حوکمڕانی دەوڵەتی ئیسلامی.

هەتاکو دواساتەکانی ساڵی ڕابردووش ئێران شاهیدی شەپۆلێکی گەورە بوو لەنارەزایەتی و مانگرتن و خۆپیشاندان. شڵەقان و خڕۆشانی خەڵکی شتێکی بێ وێنە بوو لە ئێراندا. شرۆڤەکارانی سیاسی پێیان وایە لە دوای شؤڕشی گەلانی ئێرانەوە لە کۆتایی حەفتاکاندا، ئەوە یەکەمجارە ناڕەزایەتی لەو شێوەیە بوونی هەبێ.

لە کاتێکدا کە کە دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵی ئەوە دەدا کە ئەو ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانانە بخاتە ناو چوارچێوەیەک کە پیشانی ناوخۆو دەرەوەی بدات، و بڵێت ئەمە دەستی دەرەکی بە تایبەتی ئەمەریکا و ئیسڕائیلی لە پشتەوەیە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە وا نییە و لە توڕەیی چینی زەحمەتکێش و کارگەرانەوە ئەوە دەردەکەوێت کە ئەو هاتنە سەرشەقامەی ئەوان، هەمووی بە دژی ئیستیبدادو گەندەڵی و برسیەتی و نەهامەتی خەڵکە بەدەست سیستەمی حوکمڕانی دەوڵەتی ئیسلامیەوە.

بەهمەن یوسوفی، کە چالاکوانێکی سەربەخۆی نێو کرێکارانە لە ئێران، بۆ ئەی پی سی قسەی کردو دەڵێت” دروست و دەقیق ئەوەیە، کە ئەو ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانانە هەمووی لەلایەن خەڵکی بەشمەینەت و چەوساوەی ناو ئێرانەوە بەردەوامی هەیە، و بەتایبەتیش چینی کرێکاری ئێران” هەروەها ئەو دەڵێت ئەو ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانانە لە لایەن چینی کرێکارانەوە ڕێکدەخرێن، لە کاتێکدا بە هەموو شێوەیەک دەوڵەت سەرکوتی هەموو سەندیکایەکی سەربەخۆی کرێکاری دەکات و هەوڵی ئەوە دەدات کە وجودیان لە ئێراندا نەبێت.

کرێکارانی کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی چا لە هیندوستان خۆیان ڕێکخراو دەکەن و  داوای ئاوی پاک و تەندروستی دەکەن!

بۆ چەندین نەوە دەچێت کە کرێکارانی کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی چا لە هیندوستان، بەدەست نەبوونی ئاوی پاک و شوێنی تەندروستەوە دەناڵێنن.

  ئاودەست و پێداویستییە سەرەتاکانی تری کرێکاران و ئاوی خواردنەوە چەند پێداویستیەکی سەرەتایی هەر کرێکارێکن، بەڵام ئەوان لەو مافانە بێبەری کراون.

هەر بۆیەش بۆ دوو ساڵ دەچێت کرێکارە ژنەکانی کێڵگەکانی چا لە هەردوو هەرێمی ئاسام و بەنگاڵدا دەستیان کردووە بە خۆ ڕێکخستن. ئەو خۆڕێکخستنەش بۆ ئەوەیە کە بتوانن داوای ئەومافانەی خۆیان بکەن.

وا بۆ چەندین ساڵ دەچێت کە گلەیی و گازندە و داواکاری ئەو کرێکارانە هەمیشە پشتگوێ خراوە لەلایەن خاوەن کارەکانەوە، بەڵام ئەمجارەیان کرێکارەکان کە زوربەیان ژنن، توانیان بە پاڵپشی سەندیکای جیهانی( ئای یو ئێف) کۆمیتەیەک پێک بهێنن. سەندیکای ئای یو ئێف سەندیکایەکی جیهانییە و کرێکارانی کێڵگەکان و خۆراک و میوانخانەکان لەخۆ دەگرێت. .ئەو کۆمیتەیە نوێنەرانی کرێکارانی شەش کێڵگە لەخۆ دەگرێت. ئیشی کۆمیتەکە سەرەتا ئەرکی بە دۆکیومەنت کردنی ئەو بێمافیانیە کە کرێکاران ڕووبەرووی دەبنەوە. هەروەها پێشکەشکردنی پرۆژە و ڕێگای گونجاو بۆ چارەسەرکردنی کەموکوڕیەکانیان.. بۆ نموونە نەبوونی ئاوی پاک و شوێنی تەندروست بۆ کرێکاران.

بەرهەمی ئەو کێڵگانە دەچێت بۆ کارگەی گەورە و بەناوبانگی جیهانی بۆ بەرهەمهێنانی چا بە ناوی تێتلی کە لە بەریتانیایە. ئەم ساڵ لە کامپینێکی گەورەدا لە ڕۆژی ئاوی جیهانیدا بانگەوازی کۆمپانیای تێتلی کرا کە ڕێز لە مافەکانی کرێکاران بگرێت و داواکاریەکانیان لە نموونەی ئاوی خواردنەوە و شوێنی تەندروست بۆ جێبەجێ بکات.

لە وەڵامی ئەو بانگەوازەدا کۆمپانیای تێتلی دانی نا بەوەی کە وتی کرێکاران ناناڵێنن بەدەست پێشیلی مافی مڕۆڤەوە، بەڵکو ئەوان کێشەی ئاوی خواردنەوە و ئاودەست و شوێنی تەندروستیان هەیە. ئەم کێشانەش هەنگاویان بۆنراوە و چارەسەر دەکرێن. بۆ نموونە کرێکاران کۆمیتەی تایبەت بە خۆیان پێکهێناوە بۆ چارەسەری ئەو جۆرە کێشانە.

کرێکارەکانیش پێیان وایە کە نەبوونی ئاوی پاک و شوێنی تەندروست مافی سەرەتایی ئەوانە، و ڕازی نابن بە پێشێلکردنی ئەو مافە لێیان. بۆیە بڕیاریانداوە کە ڕاستەوخۆ کرێکاران خۆیان بەشداربن و بێنە مەیدانی چارەسەرکردنی کێشە و داواکاریەکانیان.

خەڵکی تاران دیسانەوە،  دەڕژێنەوە سەر شەقامەکان بە دژی دابەزینی بەهای تومەن لەبەرامبەر دۆلاری ئەمەریکاییدا !!

ڕۆژی دوشەمە ڕێکەوتی ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠١٨ خەڵکی شاری تارانی پایتەختی ئێران ڕژانە سەر شەقامەکانی تاران و خۆپیشاندانیان ئەنجام دا.

بە پێی ماڵپەڕی الشڕوق؛ ئەو خۆپیشاندانە جەماوەریەی شاری تاران لەلایەن هەندێک لە ڕاگەیاندنەکانی ئێرانەوە ئاماژەی پێدراوە و وێنەکانی بڵاوکراونەتەوە. بە تایبەتی لەلایەن هەندێک سۆشیال میدیاوە.

ئەوەی کە بووەتە جێگەی نیگەرانی خەڵکی ئێران ئەوەیە کە بەهای پارەی ئێرانی زۆر ڕووی لەدابەزینە. بۆ نموونە ئێستا بەهای یەک دۆلاری ئەمەریکی دەکاتە ٩٠٠٠ تومەن. ئەمەش وای کردووە کە خەڵکی نەتوانن کاڵاو شت ومەک و پێداویستی ڕۆژانەیان بکڕن.

ئەوەی کە لەلایەن هەندێک سۆشیال میدیاوە بڵاوکراوەتەوە ئەوەیە کە ئەو خەڵکە ناڕازیە زۆر توڕەیە لە سیستەمی حوکمڕانی کۆماری ئیسلامی بەگشتی. وە لەو نێوەدا خەڵکە ناڕازیەکە شیعاڕاتیان بەدژی  حەسەن ڕوحانی و تیمی ئابووری دەوڵەتی ئێرانیان بەرزکردۆتەوە..

هەر ئەو هەواڵە لەلایەن دەزگای ڕاگەیاندنی فارسی ئێرانیەوەو و هەروەها لە لایەن کەناڵی فرانس ٢٤ و کەناڵی العربیە وە بە دورودرێژی و بە وێنەو دەنگەوە بڵاوکراوەتەوە. خۆپیشاندانەکە ناوچە بازرگانیەکانی گرتۆتەوە بۆ نموونە دەوروبەری بازاڕی پارە گۆڕینەوە، بازاری بازرگانی تاران، بازاڕی زێڕنگەرەکان، بازاڕی باچنار، بازاڕی بەرهەمی پێڵاو، بازاڕی سەبزەی مەیدان و بازاڕی گەورە، هەروەها بازاڕی سەرای میللی و سەرای ئەبو عەلی و چەندین شوێنی گرنگی قەرەباڵغی تر. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە ئەو بازارە بە شادەماری کرین و فرۆشتنی شاری تاران دادەنرێت.

هەروەها هەندێک بڵاوکراوەی ئێرانی و کەناڵی دەرەوەش بۆ نموونە فرانس ٢٤ ئامەژەیان بەوە داوەو کە لەنێو شیعاراتی خەڵکەکەدا ئەوەش بینراوە کە خەڵک دەڵێت ” پێویستە هێزەکانی ئێران لە سوریا بێنە دەر”. لەجیاتی ئەوەی دەوڵەت پارە لەوێ سەرف بکات بۆ شەڕو کوشتار با بۆ خەڵکی ئێران و بۆ باشترکردنی باری گوزەرانی ئێرانیەکان سەرف بکرێت.

ئەوەی کە جێگەی باسە ئەوەیە کە ئێستا تومەنی ئێرانی بە ڕێژەی لە ٨٠٪ دابەزیوە لەبەرامبەر دۆلاری ئەمەریکیدا.

مانگرتنی کرێکارانی چاپەمەنی، دەبێتە ڕێگر لە دەرچوونی ڕۆژنامەکان لە مۆریتانیا

بۆ ڕۆژی دووەم لەسەریەک لە ئەکشاک/ مۆریتانیا ڕۆژنامە حکومیەکان بەهۆی مانگرتنی کرێکارانی چاپخانەی نیشتمانیەوە لەدەرچوون وەستان، ئەمەش بەهۆی دواکەوتنی مووچەکەیان بۆ ماوەی ٤ مانگ. نوێنەرانی کرێکارانی چاپخانەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە سەختە، چونکە پێویستی بە بڕیارێکە لە حکومەت بۆ دووبارە چاوخشاندنەوە بە هەلومەرجی ئەم دەزگایە، و دانەوەی قەرزەکانی و دەستپێکردنی لەسەر بنەمای تازە و جێگیر.

چاپخانەی نیشتمانی کە لە ساڵی ١٩٦٩ دامەزراوە، و هەردوو ڕۆژنامەکانی(الشعب و ئۆریزۆن) چاپ دەکات، بە شێوەیەکی ڕێکوپێک نەیتوانیوە مووچەی کرێکارەکانی بدات کە ژمارەیان ١١٥ کرێکارە. ئەمەش بەهۆی کورتی لە پشتیوانی ماڵی کە لەلایەن دەوڵەتەوە دابین دەکرێت. سەرەرای ئەوەش چاپخانەکە ئەو قەرزانەی کە لەلایەن کۆمپانیا بازرگانیەکانەوە  لەسەروی هەموویانەوە وەکالەتی مۆریتانیا بۆ هەواڵ کە هەردوو ڕۆژنامەی الشعب و ئۆریزۆن دەردەکات بداتەوە.

قسەکەرێک بەناوی ئیدارەی چاپخانەکە گوتی”دەزگاکەیان ناتوانێ قەرزەکان بداتەوە، و گوتی” دەزگاکەمان هەردوو ڕۆژنامە حکومیەکە و ڕۆژنامەی تایبەت دەردەکات، داواکارە لە حکومەت ئەو قەرزە زۆرەیان بداتەوە کە چەندان ساڵە کەڵەکە بووە”. ڕۆژنامەکانی مۆریتانیا لەسەرەتای ئەمساڵدا ڕاگیران، لەبەر قەیرانی نەبوونی وەرەقە لە چاپخانەی نیشتمانی، هەلومەرجەکە گەشەی سەند تا کار گەیشتە ڕاوەستانی تەواوی خزمەتگوزاریەکانی کە پێشکەشی دەکرد.

ئەو تاکە چاپخانە نیشتمانی حکومیەی مۆریتانیا کە پسپۆرە لە چاپکردنی ڕۆژنامە، بەتەواوی داڕوخا، بەهۆی کێشە و قەیرانی ماڵی، کە هۆکاری خراپی بەڕێوەبردن لە لایەک و  نەدانەوەی قەرزەکانی حکومەت کە چاپخانەکە داوای دەکات.

ئەو چاپخانە نیشتمانیەی کە حکومەتی ئەڵمانی لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو دروستی کردوە، ساڵانە ٤٠ ملیۆن وەرەقە لەلایەن سەندوقی ڕۆژنامەکانەوە دەستیان دەکەوێت،  ئەو سندوقە ساڵانە لەلایەن حکومەتەوە پشتیوانی دەکرێت. هەڵئاوسانی چاپخانەکە و دابەزینی کار و چالاکی تێیدا چاپخانەکەی گەیاندۆتە کەناری مایەپووچی، لەبەر نەبوونی کاری بازرگانی و بەهۆی کێبڕکێی لەگەڵ چاپخانە تایبەتەکان.

مانگرتنەکە هەموو کرێکارانی چاپخانەکەی گرتەوە، ئەمەش بەپێی قسەکانی سیدی ولد یەکێک لە نوێنەرانی کرێکاران گوتی”هەموو ئامێری چاپەکان وەستاون، و هیج ڕۆژنامەیەکی حکومیش چاپ نەکراوە (الشعب و ئۆریزۆن) وەستاون”.

کۆمپانیای( تێسلا) بۆ دروستکردنی ئۆتۆمۆبیلی کارەبایی، نزیکەی ٤٠٠ لە فەرمانبەر و کرێکارانی بێکار دەکات

بەرپرسانی ئیداری تێسلا لە ڕوونکردنەوەیەکیاندا، گوتیان کە هۆکاری پەنابردن بۆ بێکارکردنی فەرمانبەران دەگەڕێتەوە بۆ هەڵسەنگاندنی ساڵانەی کۆمپانیاکە، بەڵام بەتەواوی ئاماژەی بەژمارەی بێکارکراوان نەکراوە.

کۆمپانیاکە گوتی کە بڕیاری بێکارکردن پەیوەستە بە ئەدای فەرمانبەران، بەڵام یەکێک لە فەرمانبەرە کۆنەکان جەختی لەوە کردەوە کە کاتێک لەو کۆمپانیایە کارەکەی لەدەستداوە، ئاماژەیان بەهیچ خاڵیکی نێگەتیڤی نەکراوە لە کاتی کارکردنیدا لەو دەزگایە.

 سەرەتای مانگی ڕابردوو کۆمپانیاکە ئەوەشتی گووتوە کە بەربەست هەیە لەبەردەم بەرهەمهێنان، ئەمەش بۆتە هۆکار کە نەتوانن ئامانجەکەیان بهێننەدی لە دروستکردنی ئۆتۆمۆبیل لە جۆری (ستیلا ٣). کۆمپانیاکە ٢٢٠ ئۆتۆمۆبیلی جۆری ستێلا ٣ی تەسلیم کردوە، لە کاتێکدا ٢٦٠ ئۆتۆمۆبیلی بەرهەم هێناوە لە وەرزی سێیەمی ئەمساڵدا.

لە مانگی تەمووزی ڕابردووەوە، کۆمپانیاکە دەستیکردوە بەخستنە بازاڕی ئۆتۆمۆبیلی جۆری( تێسیلا ٣) کە نرخەکەی لە ٣٥ هەزار دۆلاری ئەمەریکی دەستپێدەکات، واتە نیوەی نرخی ئۆتۆمۆبیلی جۆری ئێس.

سزادانی کۆمپانیایەکی هێڵی شەمەندەفەری فەرەنسی، چونکە دەرماڵەی ڕۆژی پشووی نەداوە بە کرێکارە مانگرتووەکانی!!

پێنج شەممەی رابردوو ڕێکەوتی ٢١/٦/٢٠١٨ دادگای فەرەنسی سزای کۆمپانیای نیشتمانی هێڵی شەمەندەفەری فەرەنسی دەرکرد، چونکە دەرماڵەی ڕۆژانی پشوویان نەداوە بە کرێکارە مانگرتووەکان. کۆمپانیای شەمەندەفەر کە ماوەی ٣ مانگە ڕووبەڕووی مانگرتن بۆتەوە لە ڕاگەیاندنێکیدا “بڕیاریداوە کە تانە لەو بڕیارەی دادگا دەدات”،.

بەڵام تانەدان لە بڕیاری سزاکە نابێتە هۆی دواخستنی جێبەجێکردنی سزاکە، چونکە دادگای بۆبینی لەناوچەی پاریس “فەرمانی داوە بە جێبەجێکردنی کاتی” بۆ بڕیارەکەی، هەروەها پارێزەرانی هەردوو نەقابەکە و ئیدارەی کۆمپانیاکە گوتی زوربەی کاتەکانی مانگرتن بریتی بوو لە ٢ ڕۆژ لەهەفتە لە ٥ ڕۆژی کارکردن، ئەمەش بزووتنەوەیەکی تاک بوو، ئەمەش ڕێی پێدەدات کە نەک تەنیا مووچەی ڕۆژانی مانگرتن نەدات، بەڵکو مووچەی ڕۆژانی پشووی هەفتەش نەدات.

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *