دژی مەکتەبی پۆست مۆدێرنیتەی هەڵوەشاوە، دەورەی باڵاکردنی ئایدیا مەزنەکان

مەنسور حکمەت

وەرگێڕان: حمەغفور

“دەمەوێ بڵێم ئەگەر ئەکادیمیای بۆرژوایی و دواتر هەمان مناڵ ومەزمی حزبی کۆمۆنیستی بەریتانیا کە پاچ و بێڵیان فڕێدابوو وە هاتبوون بە تەور لە ڕەگ و ڕیشەی مارکسیزم بدەن، کەوتنە سەر ئەم باوەڕەی کە لە بەرامبەر بە پۆست مۆدێرنیزم و ئینحیتاتی سیاسی و کۆنەپەرستییەک کە لەگەڵیدا هاتووە، دیفاع لە تیوری مارکسیزم، لە کۆمەڵناسی مارکسیستی، لە ڕیوایەت و ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی، وە تەنانەت لە تێروانینی مارکسیستی بۆ کۆمەڵگە بکەن، دەتوانرێ نیشانبدرێ کە کەمێ ئەولاتر جەنگ و دەعوا لەسەر ئەم مەسەلەیە دەستی پێکردوە، وە بە ڕای منیش دەستی پێکردوە چونکە ئێستا فەزای دە ساڵ پێشتر نییە. ئێوە بەتەواوی ئەم شتە هەست پێدەکەن. ئەگەر باسی ئێمە بیەوێ لەم کۆنتێکستەدا (سیاق) جێگایەکی هەبێ، دەبێ ئێمەش پەیوەست ببین بەم مەسەلەیەوە، وە یەک جاری دیکە ڕەنگە بتوانین بزووتنەوەیەکی تیۆریکی لەناو چەپی ئێران و لەناو بزووتنەوەی چینی کرێکاردا درووست بکەین هەر وەک ئەو کارەی کە ٢٠ ساڵ لەمەوبەر کردمان.”

بنەماکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری
(سیمیناری یەکەم)
ووتاردان لە ئەنجومەنی مارکس لەندەن مەنسور حکمەت – جێنوەری ٢٠٠٠

دژی مەکتەبی پۆست مۆدێرنیتەی هەڵوەشاوە، دەورەی باڵاکردنی ئایدیا مەزنەکان

“بە تەنیشت ئەم بەناو هێرشە سیاسییەوە، مەکتەبێک دەرکەوت کە هەندێک دەڵێن، کۆنە و هەندێکیش دەڵێن ڕەگ و ڕیشەی نوێیە، بەڵام مەکتەبێک دەرکەوت کە ئینکاری هەر پرسێکی جیهانی، هەر مەسەلەیەکی جیهانداگر، ڕاستی و دروستی هەر ئوسوڵێک، هەر بنەمایەک بۆ پێشڕەوی کۆمەڵگە، ئینکاری هەبونی ڕەوەندی ڕوو لە پێشی کۆمەڵگە و ڕەوەندی ڕوو لە پاشی کۆمەڵگە دەکا. پۆست مۆدێرنیزم هەم لەناو هەموو ڕشتەکانیشدا هەیە لە شوێنێکەوە دەستپێدەکا، دەڕواتە ناو زانستەکان و کۆمەڵناسی و تەنانەت ڕەنگە بچێتە ناو فیزیاشەوە. وە ئەوەش ئەمەیە کە هیچ ئەسڵ و مەبدەئێکی تۆمارکراو بوونی نییە، ئاراستەی بەرەو پێش چوون نەزانراوە، هەر شتێک بۆ خۆی موعتەبەرە. ئێوە نموونەیەکی تەتبیقکراو و نزیک بە پۆست مۆدێرنیزم دەبینن لە مەڵتی کەڵچەریزمدا. ئێمە چی بڵێین ئەمە کەڵچەری ئەمانە خۆیانە، ئەوەشیان هەروا کەڵچەری ئەوانەی دیکەیانە، ئەگەر یەکتر سەردەبڕن، لەبەر ئەمەیە کەڵچەریان ئاوایە! وە هیچ شتێکی باشتر وجودی نییە، ئێمە ناتوانین بڵێین چ شتێک باشترە، ئێمە ناتوانین زنجیرەیەک پێودانگی جیهانداگرمان هەبێ بۆ حەقیقەت، ئێمە ناتوانین باوەڕبهێنین چیمان بەسەر هاتووە یاخود تەنانەت ئیدیعا بکەین کە دەتوانین بزانین چیمان بەسەردێ، ئێمە ناتوانین مەسەلەی مەزنمان هەبێ، وە تەنانەت ناتوانین بابەتگەلی مەزنمان بۆ باس و نیقاش هەبێ. هەموو شتێک دیاریکراوە، بچووک و لۆکاڵییە، وە هەر ئەم بچووک و دیاریکراو و لۆکاڵییەیە کە دروست و ئوسوڵییە، هەر مەسەلەیەکی مەزن جێگای شک و گومانە، هەموو ڕەوەندێک درۆ و ساختەیە، ڕوو لە پاش بێ یان ڕوو لە پێش، تەنانەت جێی باوەڕ نییە کە لە بەریتانیا شۆڕشی پیشەسازی ڕوویدابێ، خەریکە بیر لەمە دەکاتەوە! دەڵێ دڵنیا نیم، ئەو شتەی کە ئێمە پێماندەوت شۆڕشی بۆرجوایی ئینگلستان ڕویدابێ، ئایا بەڕاستی شۆڕشی پیشەسازی ئەنجامدراوە؟ چونکە دەڵێن ئەم پۆلێن کردنە ڕۆژێک تۆ خۆت بە مێنتاڵێتی مارکسیستی ئەنجامتداوە، کە بەمەت ووتووە شۆڕشی بۆرجوایی، بەوەی دیکەشت ووتووە شۆڕشی پیشەسازی، ئەگەر ئەمانە بخەینە لاوە، ئەوانەی تر تەنیا زنجیرەیەک پێشهات بوون. دەکرێ وەکو خەباتی دژی پاشایەتی دابنرێ یاخود خەبات دژی ئاغا و دەرەبەگ یا تەنانەت وەکو خەباتی خاوەن زەوییەکان بەرامبەر پاشاکان پێناسە بکرێ. بۆچی بەوە دەڵێن شۆڕشی پیشەسازی یا شۆڕشی بۆرجوایی یاخود سەردەمی ڕۆشنگەری یا هەر چی. ئەو ڕۆژگارە بەلامەوە گەلێک سەرنجڕاکێش بوو. کۆمەڵێک ناو (اسم) هەبوون کاتێک ئێمە خوێندکار بووین، نیشاندەری پیاچوونەوە بوون بە مارکسیزمدا. ئەندامانی حزبی کۆمۆنیستی بەریتانیا. لە چەند سیمینارێکا یەک یەک ئەوانمان دەبینی. نوێنەرانی بێزاریی لە مارکسیزم و بە تایبەتی دوژمنایەتیی لەگەڵ لینین و دڵڕەقیی توند بەرامبەر ئەنگڵس. دەیانویست مارکس لە ئەنگڵس و لینین جیا بکەنەوە بۆ ئەوەی ببێت بە کەسێک کە زیاتر جێگای باسکردن بێ. دواتر نیوەی قسەکانی خودی مارکسیشیان هەم قبوڵ نەبوو وە چاوگێڕانەوەی ئەو کاتانە لەسەر خەتی گرامشی و خەتی ئۆرۆکۆمۆنیزم بوو، بەڵام دواتر ناوی ئەمانە بەسەر هەر خەتێکەوە هەبوو. من سەیرم دەکرد بە ڕێکەوت بینیم چەند کەس لەمانە هەیە کە دەستیان کردووە بە دیفاع کردن لە مارکسیزم لە بەرامبەر بە پۆست مۆدێرنیزما. ئەگەر زانکۆ، یان ئەکادیمییەک کە لە دەرەوەی کۆمەڵگەیە، دەستی کرد بەمەی کە بڵێ خەریکن هێرشی زۆر دەکەنە سەر مارکس، وە بڵێ کە بۆچی دەبێ دیفاع لە مێژوونووسیی مارکس بکەین، لە مێژوونووسیی مارکسیستی بکەین، دەبێ دیفاع لە تێڕوانینی کۆمەڵایەتی مارکسیستی بکەین، ئێمەمانان دەبێ تێبگەین کە دیارە پێشتر هەندێ پێشهات ڕوویان داوە، چونکە کاری ئەکادیمی ئەمەیە کە لە دوای هەموو شتێکەوە بێت و کارێک کە خەڵک کردوویەتی بۆیان ڕوون بکاتەوە. بڵێ شۆڕشی دەستوری (مشروطیت) بەمشیوەیە بوو، وە شۆڕشی فەڕەنساش بەمشیوەیە بوو وە شۆڕشی ڕووسیاش بەو جۆرە بوو. پێش لە شۆڕشی ئۆکتۆبەر هیچ شتێک سەبارەت بەلشەفیزم نازانێ بەڵام دواجار دەرهەق بەو وەستایە. پێش لە ڕووداوەکانی یۆگۆسلاڤیا هیچ هەڵسەنگاندن و تەقیمێکی بۆ ئەم پێشهاتە نییە بەڵام دواجار هەشت سەد بەرگ کتێب هەیە کە باس لەمە دەکا بەڵێ باڵکان بەمشێوەیە بوو. ئەگەر پێشهاتێک لە ئەکادیمیا خەریکە ڕووئەدا دەبێ بزانی پێشتر ڕووداوێک ڕوویداوە، وە ئەم پێشهاتانەی ڕابوردوو بەشێوەی دیاردەگەلێک ئەشێ ببینرێن. لە ناو ناڕەزایەتییە کرێکارییەکانی ئەوروپادا کە ووردە ووردە دەستیپێکرد و فشاری هێنا بۆ سەر ڕاستی کۆمەڵگەی ڕۆژئاوا و ناچاری کرد بێتە سەر خەتی سەنتەر و مەرکەز. لەبەر ئەمەی کە ئەگەر لە یادتان بێ دە ساڵ پێش ئێستا کەس لەسەر خەتی مەرکەز نەبوو. تاچەر و تاچەریزم، بە ڕادەیەک برەوی هەبوو کە بە عەقڵی کەسدا نەدەچوو کە چیتر لەم ووڵاتە پارتی کرێکاران (لەیبەر پارتی) هیچکات بتوانێ بچێتە سەر دەسەڵات. کەچی شەش ساڵ دواتر هاتە سەر کار. دەمەوێ بڵێم ئەگەر ئەکادیمیای بۆرژوایی و دواتر هەمان مناڵ ومەزمی حزبی کۆمۆنیستی بەریتانیا کە پاچ و بێڵیان فڕێدابوو وە هاتبوون بە تەور لە ڕەگ و ڕیشەی مارکسیزم بدەن، کەوتنە سەر ئەم باوەڕەی کە لە بەرامبەر بە پۆست مۆدێرنیزم و ئینحیتاتی سیاسی و کۆنەپەرستییەک کە لەگەڵیدا هاتووە، دیفاع لە تیوری مارکسیزم، لە کۆمەڵناسی مارکسیستی، لە ڕیوایەت و ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی، وە تەنانەت لە تێروانینی مارکسیستی بۆ کۆمەڵگە بکەن، دەتوانرێ نیشانبدرێ کە کەمێ ئەولاتر جەنگ و دەعوا لەسەر ئەم مەسەلەیە دەستی پێکردوە، وە بە ڕای منیش دەستی پێکردوە چونکە ئێستا فەزای دە ساڵ پێشتر نییە. ئێوە بەتەواوی ئەم شتە هەست پێدەکەن. ئەگەر باسی ئێمە بیەوێ لەم کۆنتێکستەدا (سیاق) جێگایەکی هەبێ، دەبێ ئێمەش پەیوەست ببین بەم مەسەلەیەوە، وە یەک جاری دیکە ڕەنگە بتوانین بزووتنەوەیەکی تیۆریکی لەناو چەپی ئێران و لەناو بزووتنەوەی چینی کرێکاردا درووست بکەین هەر وەک ئەو کارەی کە ٢٠ ساڵ لەمەوبەر کردمان.”

 

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *