تیرۆری (ئیقبال مورادی) سەرکۆنە دەکەین!

شەوی ١٧ لەسەر ١٨ ئەم مانگە، (ئیقبال مورادی) هەڵسوڕاوی سیاسی خەڵکی کوردستانی ئێران و ئەندامی (کۆمەڵەی مافی مرۆڤ لە کوردستان)، کە هاوکات باوکی یەکێك لە زیندانیانی سیاسی کوردستانی ئێرانە بەناوی( زانا مورادی) کە فەرمانی لەسێدارەدانی لەلایەن رژێمی ئیسلامی تیرۆریست پەروەری ئێرانەوە بۆدەرچوە، لە نزیك شارۆچکەی (پێنجوێن)ەوە تیرۆرکرا. جێی ئاماژەیە کە ناوبراو پێشتریش هەر لە ناوچەی (پێنجوێن)هەوڵی تیرۆری درابوو، بەڵام بە برینداری و دوای گەیاندنی بە خەستەخانە لە مردن رزگاری بووە.

کارنامەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ تیرۆری نەیاران و ئەندامانی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی رژێمەکەی لە کوردستانی عێراق لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوەوە، درێژەی هەیەو تائێستا دەیان کەس تیرۆرکراون. تیرۆری (ئیقبال مورادی) دەچێتە سەر زنجیرەی تیرۆرەکانی پێشووی ئەو رژێمە دڕندەیەو درێژەشی دەبێت. حکومەتی هەرێمی کوردستان و حزبە دەسەڵاتدارەکان و بگرە هەندێ لایەنی دەرەوەی دەسەڵات، بێجگە لە هەڵبژاردنی بێدەنگی بەرامبەر بەو تیرۆرانە، بەشێوازی جۆرواجۆر هاوکاری ئەو رژێمەیان کردوە بۆ جێبەجێبوونی سیاسەتی قێزەونی دژی ئۆپۆزیسۆنی رژێمەکەی لە کوردستانی عێراق بگرە دژی ئازادیخوازان و چەپ و کۆمۆنیزم لە خودی کوردستانی عێراقدا.

ئێمە تاوانی تیرۆری هەڵسوڕاوی سیاسی کوردستانی ئێران( ئیقباڵ مورادی) بە توندی سەرکۆنە و مەحکوم دەکەین. پاراستنی سەلامەتی ئەندامانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە کوردستانی عێراق ئەرکی حکومەتی هەرێمە. هاوکات بانگەوازی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستانی عێراق و هەرێم دەکەین کە دژی دەستێوەردانی رژێمی ئیسلامی ئێران لە کوردستانی عێراق و کارنامەی تیرۆریستی ئەو رژێمە بێدەنگ نەبن و رێگا نەدەن لەوە زیاتر کوردستانی عێراق ببێتە مۆڵگەی باندە تیرۆریستەکانی ئەو رژێمە کۆنەپەرست و دژی ئازادیە.

کۆمیتەی سلێمانی

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

١٨ی ٧ ی ٢٠١٨ 

Check Also

وتەی سەمیر عادل، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق

 بۆ کۆنگرەی شەشەمی حزبی کۆمونیستی کرێکاریی کوردستان بەیانیتان باش هاورێیان بەناوی خۆم و کۆمیتەی ناوەندی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *