راپۆرتێك لەسەر خۆپیشاندانەکانی بەغداو شارەکانی خوارووی عێراق!

        لەدرێژەی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی خەڵکی شارەکانی خوارووی عێراق، خۆپیشاندان لە چەند ناوچەی بەغدا، سەرەڕای گۆڕەپانی (التحریر)، سازکرا. لە گەڕەکەکانی شوعلە، گەڕەکی کرێکاران( حي العامل) و گۆڕەپانی (المظفر) لە گەڕەکی الثورة شەوی رابردوو تا بەرەبەیان خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی بەردەەوام بوو. لە شاری بەسرە بەشێوەی کاتی خۆپیشاندانەکان راگیراون تا مۆڵەت بدەنە حکومەت بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی. لە ناسریەو میسان چەند شاری دیکە خۆپیشاندان بەردەوامە.

خواستی سەرەکی خۆپیشاندەران لەسەرجەم شارەکانی عێراق بێکاری، کەمبونەوەی کارەبای نیشتمانی بەشێوەیەکی ترسناك و هەروەها لەشاری بەسرە نەبوونی ئاوی خواردنەوەیە بەهۆی بوونی رێژەیەکی زۆر لەخوێ لەو ئاوەی بەسەر ماڵاندا دابەش دەکرێ. ئەمە سەرەڕای توڕەیی خەڵك لە دەسەڵاتی میلیشیایی و ئەحزابی بۆرژوازیی جۆراوجۆری ئیسلامی و تائیفی کە شەپۆلێکی توڕەیی لەناو خۆپیشاندەران، بەتایبەتی گەنجان و بێکاراندا دژی ئەو حزبانە دروستکردوە.

لە بەسرە حکومەت ‌هێزی چەکداری لە دەوروبەری کێڵگە نەوتیەکان بڵاوکردۆتەوە. کارمەندە عێراقیەکانی کۆمپانیا نەوتیەکان گەڕاونەتەوە، بەڵام تائێستا کارمەند و کرێکارە بیانیەکان نەگەڕاونەتەوە بۆسەر کارەکانیان. حکومەت بڕیاری داوە بە تانکی ئاو بەسەر ماڵاندا دابەش بکات، بەڵام ئەم هەنگاوە بۆ شارێکی گەورەی وەکو بەسرە، بێجگە لە هەوڵێکی بێهودە هیچ شتێکی دیکە نیەو خەڵك دەڵێن ئێمە لەناو خێمەدا ناژین تا بەتانکەر ئاومان بەسەردا دابەش بکەن، ئێمە دەمانەوێ سیستەمی دابەشکردنی ئاوی شارەکە چاک بکرێ و ئاوی خواردنەمان هەبێت.

خۆپیشاندانەکان بەشێوەیەکی گشتی لەلایەن گەنجان و خەڵکی هەژارو توڕە لەبارودۆخی ژیان ئەنجام دەدرێ. پلەی گەرما و نەبوونی کارەباو ئاوی خواردنەوە، تەنگی بە خەڵك هەڵچنیوەو بەهەرشێوەیەك بێت دەیانەوێ گەورەترین و خێراترین فشار بۆ حکومەت دروست بکەن تا وەڵام بە داواکاریەکانیان بداتەوە.

حکومەتی عەبادی بەشێوەیەکی راستەوخۆ دەستی داوەتە گرتن و ڕاونانی خۆپیشاندەران و ئەوانەی کە هەست دەکەن دەوریان هەیە لە رێکخستن و رابەریکردنی خۆپیشاندانەکاندا. تائیستا دەیان کەس گیراون. لە گۆڕەپانی (التحریر)ی بەغدا، هەر خۆپیشاندەرێك بەتەنیا بگەڕێتەوە دەستگیردەکرێ، بۆیە خۆپیشاندەران لەکاتی جێهێشتنی گۆڕەپانەکەدا بە گروپ دەڕۆن. دەیان کەس بە فیشەکی هێزە سەرکوتگەرەکان بریندارو چەند کەسیش گیانیان لەدەستداوە. حکومەتی عەبادی بۆ سەرکوتی جەماوەری خۆپیشاندەرو کۆنترۆڵکردنی شارەکانی خوارووی عێراق، بەشێك لە هێزەکانی لە دەوروبەری دوزەوە بەرەو ئەو شارانە کێشاوەتەوە.

ئەندامانی پارتە ئیسلامیەکان هەوڵ دەدەن خۆیان بخزێننە ناو رابەری خۆپیشاندانەکانەوە، سەرۆك عەشیرەتەکان بەهەمانشێوە بەبێ ئەوەی لەلایەن ئەوانەوە دەستنیشان یان هەڵبژێردرابن، دەچنە لای ئەنجومەنەکانی پارێزگاکان و دەزگا پەیوەندیدارەکان و خۆیان وەکو نوێنەری خۆپیشاندەران نیشان دەدەن و بەڵێنی ناوبەتاڵ بە خۆپیشاندەران دەدەن. ئامانجی ئەم دوو گروپە هەلپەرستە ئەوەیە کە رابەری خۆپیشاندانەکان بگرنە دەست و بەپێی بەرژەوەندی سیاسی خۆی کەڵکی لێوەربگرن، لەکاتێکدا خۆپیشاندانەکان بێبەشن لە رابەرایەتی رێکخراوو مونسەجیم و بەرچاورۆشن. ئەگەرچی بەشێك لەو گەنجانەی کە دەوریان هەیە لە رێکخستنی خۆپیشاندانەکان لە هەولێ ئەوەدان کە جۆرێك لە هەماهەنگی بەناوی( التنسیقیات) لەنێوان خۆیاندا پێك بهێنن، بەڵام هێشتا ئەمە لەکاتی ئێستادا دوورە لەوەی کە بتوانێ رابەری سەراسەری ئەم خۆپیشاندانانە بکات و بیپارێزێ لە پیلان و دەستێوەردانی حزبە ئیسلامیە هەلپەرست و سەرۆك عەشیرەتە کۆنەپەرستەکان، کە هەمیشە لەپێناو بەرژەوەندی مادی خۆیاندا ئامادەی خزمەتکاری هەر هێزو دەوڵەتێکی کۆنەپەرست و دژی مرۆیی و سەرکوتگەرن!

روداوێکی نوێ کە لە خۆپیشاندانەکانی بەغدا دەبینرێ، ئەوەیە کە خەڵك تەنها بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی ناچێتە گۆڕەپانی تەحریر، بەڵکو لە گەڕەکەکانی شوعلەو الثورە و گەڕەکی کرێکاران (حي العامل)، واتە گەڕەکە هەژارنشین و کرێکاریەکانەوە ناڕەزایەتیەکانیان دەردەبڕن.

حکومەتی عێراق تاکاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە هێڵی ئینتەرنێتی لەسەرجەم شارەکانی بەغداو خوارووی عێراق بڕیوە تا هەواڵی خۆپیشاندانەکان بە خەڵك  و بەهەڵسوڕاوانی شارە جیاوازەکان و بەدەرەوەی عێراقیش نەگات و رێگری بۆ پەیوەندی نێوان خۆپیشاندەران و هەڵسوڕاوەکان دروست بکات.

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *