کارو زەواجی منداڵان.. پاشماوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە چەرخی نوێ لە میسر

ئامادەکردنی ئاراس ڕەشید

سەرەرای پێشکەوتنی تەکنەلۆجی و زانیاری کە مرۆڤ پێیگەیشتوە لە ٢٠١٨، بازرگانیکردن بە مرۆڤ بەردەوامە. بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی بۆ بنەبڕکردنی ئەو دیاردەیە، هەوڵ دەدەین لەم چەند دێرەدا دیارترین شێوەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ بخەینە ڕوو.

دیاردەی کاری منداڵان یەکێکە لە کێشەکانی کۆمەڵگەی میسری، و زۆر هۆکار هەیە وەک (ئاستی نزمی ڕۆشنبیری خێزان، بەجۆرێک سەیری فێرکردن دەکەن کە پێویست نییە. ئەمەش وا لە خێزان دەکات منداڵەکانیان لەتەمەنی نایاسایی بخەنە سەر کار.). ئەم دیاردەیە لە میسر ڕوو لە هەڵکشاندایە، بەتایبەت ئەو منداڵانەی کە کاری تاقەت پڕوکێن دەکەن، بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی لە ساڵی ٢٠١٠ ژمارەی منداڵانی کرێکار گەیشتۆتە ١.٨ ملیۆن.

هەفتەی پێشوو، یەکێتی کرێکاران و وەزارەتی هێزی کار هەستاون بە کەمپینێک بۆ سنووردانانێک بۆ دیارەدەی کاری منداڵان. سەرۆکی نەقابەی گشتی پیشەسازی مەعدەن و ئەندازیاری(خالد الفقی) جەختی لەوە کردەوە دیاردەی کاری منداڵان لە ئەنجامی دوورکەوتنەوەی منداڵان لە خوێندن بەهۆکاری ئابووری و هەلومەرجی کۆمەلایەتیەوە بڵاوبۆتەوە.

هەروەها” کاری بەزۆر” جۆرێکی دیکەیە لە بازرگانیکردن بەمرۆڤ. کەسەکان زۆریان لێدەکرێت کە کار بکەن، ئەوەش بەهۆی بەکارهێنانی شێوازی هێز و هەڕەشەی جەستەیی و ئیدانەی دەروونی و خراپ بەکارهێنانی یاسا و زۆر جۆرشێوازی دیکەی بەزۆر بۆ ناچارکردنی کەسەکان بەکارکردن.

” کۆیلەیی ماڵان” جۆرێکی نوێیە لە جۆرەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ. زۆرێک لەو ژنانەی کە لەماڵان کاردەکەن، دەکەونە بەر ئەم جۆرە لە بازرگانیکردن بە مرۆڤ. ڕووبەڕووی شێوازی جۆراوجۆر لە جوێن و تەنگ پێهەڵچنین و ئیستیغلال دەبنەوە، یەکێک لەوانە توندوتیژی و لاقەکردن.

سالی ٢٠١٠، کۆمەڵەی میسری بۆ مافە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، لێکۆڵینەوەیەکی بڵاوکردەوە لەژێر ناونیشانی” ژنانی کرێکاری ناوماڵان لە میسر”. جەختی لەو تاوانانە دەکردەوە کە ڕوویانداوە بەهۆی ئیستیغلالکردنی ئەو ژنانە لەلایەن خاوەن ماڵەکان.

بەپێی ئەو لێکۆڵینەوەیە؛ ژنانی کرێکاری ناوماڵ ڕووبەڕووی مەترسی تەندروستی و بریندار بوون دەبنەوە لە کاتی کارکردنیاندا. لەوانە شکانی ئێسک، بەهۆی بەربوونەوەیان لە شوێنی بەرز لەکاتی کارکردندا. هەروەها توشبوون بە ئینزلاقی فەقەرات، بەهۆی هەلگرتنی شتی سەنگین بەبێئەوەی چاودێری بکرێن. هەروەها توشی برین و نەخۆشیەکانی کۆئەندامی هەناسە و حەساسیەی سینگ دەبن، بەهۆی بەکارهێنانی دەرمانی کیمیاوی بۆ پاکردنەوە لەسەر ئارەزووی خاوەن ماڵ.

هەمان فەرمان لەسەر زەواجی منداڵان جێبەجێدەکرێت. ئەمەش بە بڵاوترین دیاردە وشێوەکانی بازرگانیکردن بەمرۆڤ دادەندرێت لە میسر. ئیستیغلالکردنی ئەو توێژە بێهێزە بە شێوەیەک لە شێوەکانی بازرگانی دادەنرێت. بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی تازەی وەزارەتی هاوپشتی کۆمەڵایەتی بەهاوکاری ڕێکخراوی یۆنیسێف، تێیدا هاتووە کە میسر بۆتە وێستگەی” ترانزێت” بۆ بازرگانیکردن بە مرۆڤ، دوای ئەوەی ڕێژەی بەشوودانی منداڵان ڕووی لە بەرزبوونەوە کردوە. لێکۆڵینەوەکە ئاماژەی بەوەداوە کە ڕێژەی بەشوودانی منداڵان گەیشتۆتە ١٥%. ئەمەش وای کردوە کە کۆمەڵێک لە زانایان و پیاوانی ئایینی هێرش بکەنە سەر ئەم دیاردەیە، کە منداڵ بێبەری دەکات لە بەسەربردنی تەمەنی منداڵی و ناچاری دەکات بچێتە بەردەستی پیاوێک کە بەدەیان ساڵ لەخۆی بەتەمەنتربێت، ئەوەش بۆ ماوەی چەند مانگێک یان چەند هەفتەیەک و دوایش تەڵاقی بدات.

تیبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٣٤ بەرواری ١٥/٨/٢٠١٨ دا بڵاوکراوەتەوە

 

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *