هەواڵی ناڕەزایەتییە کرێکاریی و جەماوەرییەکان

ئامادەکردنی: شوان عەزیز و ئاراس رەشید

کرێکارانی هێڵی شەمەندەفەر لە ئێران بەڵێن دەدەن کە مانگرتنەکانیان بەردەوامی پێبدەن!

بەپێی هەواڵێک کە لە ڕادیۆی( فەردا)وە بڵاوکرایەوە، کرێکارانی هێڵی شەمەندەفەر لە ئێران هەر لە مانگرتندان.

کرێکارانی هێڵی شەمەندەفەر لە شاری نیشابوری ئێران بڕیار دەدەن کە مانگرتنەکانیان بەردەوامی پێبدەن .

مانگرتنی ئەو کرێکارانە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، کە هەقدەستەکانیان پێنەدراوە. بۆیە ئەوان دەڵێن تا بەرپرس و دەسەڵاتدارانی هێڵی شەمەندەفەر ئەو پارەیان پێ نەدەن کە لەلایانە مانگرتنەکانیان درێژەی دەبێت. لەو بارەوە تیمێکی کرێکاری پێک هێنراوە، کە نوێنەرایەتی کرێکارەکانی هێڵی شەمەندەفەر دەکات. ئەو تیمە لە ڕاگەیاندراوێکدا ئەوە دوپاتدەکەنەوە، کە مانگرتن درێژەی دەبێت تاکو مەبەستی مانگرتنەکانیان دێتە دی.

جێگەی باسە ئەو کرێکارانە لە ٢٠ی تەموزی ڕابردووەوە بە بەردەوامی لە مانگرتندان. ئەوان دەڵێن ئەوە بۆ ماوەی دوو مانگ دەچێت کە پارەیان وەرنەگرتووە.

ئەوەی کە تاکو ئێستا ڕوونەو دەسەڵاتدارانی ئێرانی هەراسان کردووە، ئەوەیە کە مانگرتنی کرێکارانی شەمەندەفەر زۆرێک لە شارەکانی ئێرانی گرتۆتەوە. بۆ نموونە شارەکانی وەک ئاڕاک، ئازەربایجان، ئیسفەهان، خوڕاسان، لوڕستان و هەروەها زنجانیشی گرتۆتەوە. ئەوەی کە ئێستا ئەو کرێکارە مانگرتوانە وەک داواکاری بەرزیان کردۆتەوە ئەمانەن:

١- ئەو هەقدەستەیان پێبدرێت کە هی نزیکەی ٧ هەزار کرێکارە، و چەندین مانگە وەریان نەگرتووە.

٢- ئەو کرێکارانەی کە بە کاتی دامەزراون بکرێنە کرێکاری دائیمی.

٣- سیستەمی بیمەی کرێکاریان بۆ پێکبهێنرێت.

٤- مافی کۆبونەوە و پێکهێنانی ئتیحادیە و سەندیکای کرێکاریان پێبدرێت.

٥- مافی مانگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕینیان پێبدرێت.٦

– هەرچی زووە دەرکردنی کرێکاران لەسەر کار بوەستێنرێت.

جێگەی باسە کە حەسەن ڕوحانی، سەرۆک کۆماری ئێران، چەندین جار ئەوەی دوپات کردۆتەوە کە دەوڵەت پارەی ئەو کرێکارانەی داوە و هیچ قەرزداریان نییە. بەڵام کرێکارەکان دەڵێن نەخەیر وانییە و ئەوان هێشتا وەریان نەگرتووە.

هەروەها جێگەی باسیشە کە مانگرتنی ئەو کرێکارانە هاوکاتە لە گەڵ مانگرتنەکانی تری چین و توێژەکانی ئێران لەم ڕۆژانەدا. ئەوەش زیاتر ترس و دڵەڕاوکێی لە دڵی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا دروست کردووە.

دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەندامێکی سەندیکای پیشەیی سەر بە مامۆستایان دەخاتە زیندانەوە!

(کەمپینێکیش لە لایەن مامۆستایانەوە بۆ ئازاد کردنی ڕادەگەێنرێت.)

دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستیان کردووە بە حوکمدان و خستنە زیندانی  چالاکوان و ئەندامانی سەندیکا پیشەییەکانی سەر بەمامۆستایان.

هەر لەو ماوەیەدا موحەمەد حەبیبی کە ئەندامی بۆردی سەندیکای پیشەیی مامۆستایانی تارانە، بە ١٠ ساڵ و نیو حوکمی زیندانی بەسەردا درا.

ئەم دادگاییکردنەی موحەمەد حەبیبی لەلایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە بەڕێوە چووە، و کۆمەڵێک ڕێگری تریشی بەسەر مامۆستا موحەمەد دا سەپاندووە. بۆ نموونە نابێت مامۆستا موحەمەد تا ماوەی دوو ساڵ هیچ چالاکیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئەنجام بدات و هاتنە دەرەوەشی لێ قەدەغە دەکرێت، هەروەها دەبێت ٧٤ کوتەکیشی لێبدرێت.

موحەمەد حەبیبی چۆن گیرا:

ڕێکخراوی هاوپشتی نێونەتەوەیی بۆ پشتگیری لە کرێکاران و خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران ڕایگەیاند کە : لە ٢٠ ئایاری ٢٠١٨ دا  زۆرێک لە مامۆستایانی تاران هاتنە سەر شەقامەکان و دەستیان کرد بە ناڕەزایەتی دەربڕین لە دژی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران. هەر بۆیە دەسەڵاتداران لێیان وەخۆدەکەون، دەستیان کرد بە گرتنیان لە ڕێگەی هێزە چەکدارە سەرکوتگەرەکانیانەوە. جێگەی باسە کە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ١٤ مامۆستا دەگرن و لە ناویشیاندا مامۆستا موحەمەد حەبیبی دەبێت. مامۆستا موحەمەد پێشتریش لە مانگی ئازاردا گیرابوو وە بە کەفالەت بەریان دابوو.

ڕێکخراوی هاوپشتی نێونەتەوەیی ئەوەشی ڕاگەیاند کە لە دەمی کەس و کاری مامۆستا موحەمەدەوە بیستویەتی دەڵێت: ئێستا مامۆستا موحەمەد لە گەورەترین زیندانی تاران دایە. کەس و کارەکەی سەردانیان کردووە و بینیویانە کە هەموو لەشی شوێن لێدان و ئەشکەنجەیە. ئێستا مامۆستا موحەمەد لەبەرئەوەی زۆر لێیان داوە و بە شەقامەکاندا ڕایان کێشاوە و کوتەک کارییان کردووە، بۆیە تووشی نەخۆشی بووە و هەناسەشی بە باشی بۆ دەرناچێت.

هەر بۆیە داوا دەکرێت لە تەواوی ڕێکخراوەکانی سەر بە مامۆستایان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات کە کارێک بکەن بۆ ئازاد کردنی مامۆستا موحەمەد.

هەر دوای ئەم بانگەوازەی ڕێکخراوی هاوپشتی نێونەتەوەیی بۆ پشتگیری لە کرێکاران و خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران  کەمپینی گەورە ڕاگەیێنرا بۆ ئازادکردنی مامۆستا موحەمەد.

کرێکارانی بەشی کشتوکاڵی لە ئیتالیا دەست دەدەنە مانگرتن و هاوار دەکەن دەڵێن” ئێمە کۆیلە نین” !

بە پێی هەواڵێکی بی بی سی ئەو کرێکارانەی کە لە وڵاتانی کیشوەری ئەفریقاوە هاتوون و لە کێڵگە و مەزراکانی وڵاتی ئیتالیادا کاردەکەن دەستیان داوەتە مانگرتن.

ئەو کرێکارە ئەفریقیانە تەنها لە وەرزی هاویندا دەهێنرێن بۆ ئیتالیا و تەنها بە هاوینان کاری ئەوان هەیە.  بۆ ئەوەش دەهێنرێن تا لە کێڵگەکاندا کار بکەن و بەروبوومی میوە بچنن.

شایەنی گوتنە کە ئەو کرێکارانە بە هەقدەستێکی زۆر کەم کاریان پێدەکرێت. بۆ نموونە؛ دەبێت هەر کرێکارێک ئەگەر لە کێڵگەی تەماتەدا کاربکەن دەبێت ١٠٠ کیلۆ تەماتە بچنێت ئینجا یەک دۆلارو ١٥ سەنتی پێدەدرێت !

هۆی سەرەکی مانگرتنەکەشیان بۆ ئەوەیە کە دەسەڵاتداران ڕێگەوبانی هاتووچۆیان بۆ باشتر بکەن. جێگەی باسە، کە لەماوەی ٤٨ کاتژمێردا  ١٦ کرێکاری کشتوکاڵی بە  ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەست داوە. کرێکاران دەڵێن هەموو ئەو ڕوداوانە بە هۆی خراپی ڕێگاوبانەکانەوە بووە.

کرێکاران دەڵێن، بە بەردەوامی لەبەر خراپی ڕێگاوبانەکان ئێمە چاوەڕێی مردن دەکەین. بۆ نموونە لە پێکدادانێکی لۆریەکی پڕ لە تەماتە لەگەڵ ڤانێک کە کرێکای تێدابووە، چوار کرێکار بوونە قوربانی. لە شوێنێکی تردا و لە ڕووداوێکی تردا ١٢ کرێکار بوونە قوربانی. کرێکارەکان دەڵێن ڕێگەوبانەکان پێویستیان بەگەورەگردن هەیە و دەبێت ژیان و گوزەرانی کرێکارانیش باشتربکرێت.

بەشێک لەو کرێکارە ئەفریقیانەش پێیان وایە کە ئەم ڕووداوانە بە مەبەستن و لە ڕق و بوغز و کینە وە سەرچاوەیان گرتووە. بۆ نموونە ژمارەیەکی زۆری کرێکاران دەهێنن و کاریشیان پێنادەن و لەم کێڵگە بۆ ئەو کێڵگە دەیان هێنن و دەیان بەن. لە لایەکی تریشەوە ژمارەیەکی یەکجار زۆر دەخەنە ناو ڤانێکەوە کە ڤانەکە توانای ئەو ژمارەیەی نییە.

هەموو کرێکارەکان کە دەستیان داوەتە مانگرتن کلێتەیەکی سووریان لەسەرکردووە.

مانگرتنی کارگەران لە بورجی ئیڤڵ

مانگرتنی کرێکارانی بورجی ئیڤڵ بەهۆی کێشەی ڕاوەستانی دوورودرێژی گەشتیاران لەو شوێنە بەناوبانگە. ئەوەش بووە هۆی داخستنی بورجەکە لە ترۆپکی وەرزی گەشتیاری لە هاویندا. گفتوگۆی نێوان کۆنفدرالی گشتی کار و ئیداراەی بورجەکە گەیشتنە سیستەمێک سەبارەت بە چوونە ژوورەوە بە شێوەیەکی تازە. کرێکارەکان دەڵێن سیستەمە تازەکە زۆر هیلاک کەرە. بەو هۆیەوە ڕۆژی پێنجشەممە بورجەکەیان داخستوە. ڕوونیش نییە کە مانگرتنەکە تاکەی بەردەوام دەبێت.

بەرپرسانی نەقابی دەڵێن کە سیستەمە تازەکە لە مانگی تەموزەوە دەستی پێکردوە، و ئەسانسۆری تایبەتی جیای بۆ جۆرە جیاجیاکانی بلیتەکان دیاری کردووە، ئەمەش هیلاککەرە بۆ کرێکاران بۆ بەرخوردکردن لەگەڵ گەشتیاران. ئیدارەی بورجەکە گوتیان کە مانگەکانی هاوین بەردەوام قەرەباڵەغە.

ساڵانە پتر لە ٦ ملیۆن گەشتیار سەردەکەونە سەر بورجی ئیڤڵ کە بەرزاییەکەی ٣٤٢ م ە، ئەوەش بەناوبانگترین شوێنی گەشتیاریە لە شارەکە…

کرێکارانی بەشی چاکردنەوە لە هێڵی ئاسمانی جەزائیر بەردەوامن لە مانگرتن.

سەرەڕای دەرکردنی حکومی قەدەغەکردنی مانگرتنی و ناڕەزایەتیەکان کە نەقابەی هێڵی ئاسمانی دەریان کردووە، کرێکارانی بەشی چاکردنەوە لە هێلی ئاسمانی جەزائیر بەردەوامن لە مانگرتن. ئیدارەی  هێڵی ئاسمانی جەزائیر هەوڵیدا بە ئارامکردنەوەی توڕەیی تەکنیکارەکان کە لە ئاستی ژمارەیەک فڕۆکەخانە کاردەکەن، ئەوەش لەڕێگەی بانگێشتیان بۆ گفتوگۆ، بەڵام ئەوە ڕێکنەکەوت.

کرێکارانی بەشی چاکردنەوە داواکارن بەجێبەجێکردنی ئەو ڕێکەوتنە نەقابیەی کە لە ساڵی ١٩٩٩ کراوە، لەنێوان نوێنەرانی کرێکاران و ئیدارەی هێڵی ئاسمانی جەزائیر. ناوەڕۆکی ڕێکەوتنەکە بریتیە لە بەرزکردنەوەی کرێی ئەو تەکنیکارانە و چاکردنی هەلومەرجی کاریان. ڕاگەیاندنە ناوخۆییەکان ئاماژەیاندا بەوەی کە” نەقابەی کرێکارانی چاکردنەوە ناڕەزایەتیان دەربڕیوە لە بەرخوردی جیاکاری لەگەڵ نوێنەرانی ئیدارە، دوای ئەوەی ڕازبوون بە بەرزکردنەوەی کرێی فەرمانبەرانی بەشەکانی دیکە”.

جەزائیریەکان نیگەرانیان هەیە لەو بزووتنەوە ناڕەزایەتییە، بەتایبەت هاوکاتە لەگەڵ چالاکیەکی زۆری فرۆکەخانەکان بەهۆی گواستنەوەی هاوڵاتیان لە جەزائیر بۆ دەرەوە و بە پێچەوانەوە. وەزیری گواستنەوە عبدالغنی زعلان دڵنەوایی بە هەموو هاووڵاتیان داوە، کە مانگرنتی تەکنیکاران کار ناکاتە سەر چالاکی هێڵی ئاسمانی، بەتایبەت گەشتەکانی تایبەت بە حاجیان. ئەوەشی زیادکرد کە” ئیدارەی هێڵی ئاسمانی جەزائیری هەوڵ دەدات لە کاتێکی نزیکدا بگاتە چارەسەر لەگەڵ کرێکارانی مانگرتوو”.

تیبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٣٤ بەرواری ١٥/٨/٢٠١٨ دا بڵاوکراوەتەوە

 

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *