لەپێشوازی ساڵی تازەی خوێندندا،  بەر بەو کارەساتە بگرن!!

لەگەڵ نزیک بوونەوەی دەستپێکردنی ساڵی تازەی خوێندندا، ئاماری بێبەشی خوێندکاران لەسەرەتاییترین پیداویستی قوتابخانەکان و هەلومەرجی خوێندن و پەرەوەردە، مەترسیەکی گەورەیە… بەپێی لێدوانی بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، ئەحمەد کەرکوکی لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا، ئامارێکی ترسناکی سەبارەت بە دۆخی خوێندن بۆ ساڵی داهاتوو رایگەیاند… بەپێی لێدوانی ئەو بەرپرسەی راگەیاندنی یەکێتی مامۆستایان بەسەدان قوتابخانەو بە دیاریکراوی ٥٦٩ قوتابخانە مەترسی ڕوخانیان لەسەرە کە ٢٥٠ هەزار خوێندکار تیایدا دەخوێنن. وە هاوکات ئاماژە بەوە دەکات کە زیاتر لە دووهەزار قوتابخانە دوو دەوام و ٣٠٠ قوتابخانە سێ دەوامیان تیا دەکرێت. وە دەلێت کە لە سەدا ٢٥ قوتابخانەکان لەهەرێمی… کوردستاندا ئاوی خواردنەوەیان نییەو سەدا پەنجای قوتابخانەکان بێبەشن لە  تاقیگە. وە دوای ٢٧ ساڵ، لە رەخنەگرتن و پەردە هەڵمالێن لەسەر دەستێوردانی حزبەکان لە کایەکانی کۆمەڵگەدا، دەڵێت لە وەزیرەوە بۆ کارگوزارێک بە تەزکیەی حزبی دادەنرێت و ئەوەی ئاوڕی لێنادرێتەوە سلکی خوێندن و پەروەردەیە و بەو هۆیەشەوە دەڵێت ساڵانە زیاتر لە ١٠ هەزار قوتابی وازلەخوێندن دەهێنن…ئەوەش ناشارێتەوە کەهەموو ئەو بەڵێنانەش کە لەکۆنفرانسی پەروەردەیی ساڵی ٢٠١٥ بریاری لێدراوە کە زیاتر لە سەد راسپاردەو بریار بوو، یەک راسپاردەو بریاری لێ جێبەجێ نەکراوە… لە کۆتایییدا دەڵیت” لەهەرێم نە پەروەردەمان هەیە، نەخوێندن….”

ئەمەی سەرەوە لێدوانی کەسێکی بێئاگا و رەخنەگرێکی دەرەوەی سلکی پەروەردە نییە، ئەوە تەنها بەشێک و مشتێکە لە خەرواری ویرانی سیستەمی خوێندن و فیرکردنی هەرێم… لەزمانی بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتی مامۆستایانەوە… ئەو ئامارە ترسناکەو ئەو دۆخەی کە خوێندکار رووبەرووی دەبنەوە، لە پاڵ هەلومەرجی مامۆستایان و برینی موچەو گرانی بازار و شکاندنی شکۆی مامۆستایان، مەنهەجی کۆنەپەرستانە و سەرچاوە گرتوو لە شەرع و کۆنەپەرستی… ریسوای حکومەت و دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی دەخاتە روو… بوونی یەک لەو ئامارانە لە هەر وڵاتێکی دنیادا، حکومەت ناچار بەدەست لەکارکێشانەوە دەکات… بەسەدان قوتابخانە مەترسی روخانیان هەبێت… یانی مەرگی دەیان هەزار قوتابی لە ژێر رەحمەتی مەترسی دارمانی لەناکاوی قوتابخانە وێرانەکاندا دایە. خوێندکارانێکی زۆر لە ئاوی خواردنەوە بێبەشن… چ شەرمەزارییەکە، خوێندکار و قوتابی و مناڵان تینویان بێت و ئاوی خوارنەوەیان نەبێت… هیشتا و داوی ٢٧ ساڵ قوتابخانەی دوو دەوام سی دەوامی هەبێت… ئەمە ئەگەر بریاری بەگۆر سپاردنی خوێندن و پەروەردە نەبێت، دەبێ چ ناوێکی تری لێ بنرێت… ئەمە جینۆسایدانی پیگەیاندن و داروخاندنی ئایندەی چەندین نەوە نەبێت، دەبێ چ پێناسەیەکی بۆ بکرێت… بێ دەنگی بەرامبەر بەو دۆخەی خوێندن و پەروەردە ئاینندەی خوێندکاران و قوتابیان، بەراستی تاوانێکی نەبەخشراوە… لەسەدا یەکی داهاتی بەرپرسە حزبی و حکومیەکان، و مەلتی ملیاردێر و ملیۆنێرەکان، دەتوانێت کۆتایی بەو مەرگەساتە بهێنێت، بەڵام چاوچنۆکی حزب و سەرمایەدارانی چاوچنۆکیان، کەخۆیان و مناڵەکانیان، لە قوتابخانەی تایبەتی و مامۆستای متەخەسیس و گیرفانی پر بەهەرەمەندن… بۆیان گرنگ نییە زوربەی هەرە زۆری قوتابیان و خوێندکاران، لەخەونی پیگەیشتن و فیرکردن بێبەش بکرێن یان لاشەی ناسکیان، لە ژێر داوپەردوی روخاوی قوتابخانە وێرانەکاندا، ئەنجن ئەنجن ببێت… پێویستە مامۆستایانی ئازادیخوازو هەموو ئینسانیكی ویژدان زیندوو لەگەڵ کەسوکاری خوێندکاران، لەبەرامبەر بەو هەلومەرجە دڵهەژێنەدا بێنە مەیدان و ڕیگەنەن ئەو کارەساتە رووبدات، کە لە زمانی بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتی مامۆستایانەوە ئاماژە بە گۆشەیەکی کراوە…

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٣٥ بەرواری ١/٩/٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە… 

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *