هەواڵی نارەزایەتییە کریکاریی و جەماوەرییەکان

ئامادەکردنی شوان عەزیز و ئاراس رەشید

کرێکاران لە هۆڵەندا لە دژی زیادکردنی تەمەنی خانەنشینی ناڕەزایەتی دەردەبڕن.

کرێکاران لە هۆڵندا دژی زیادکردنی تەمەنی خانەنشینین و دەیانەوێت وەک خۆی بمێنێتەوە.

هەر لەو پێناوەدا نزیکەی ٣ هەزار کرێکارو ئەندامانی گەورەترین یەکێتتی کرێکاری لە هۆڵندا بە ناوی ئێف ئێن ڤی لە ئەمستردامی پایتەختی هۆڵەندا کۆبونەوەیەکیان ئەنجامدا. ئەو کۆبونەوەیە بۆ ئەوەبوو کە پیشانی دەسەڵاتدارانی حکومەتی بدەن کە کرێکاران ناڕازین بە زیادکردنی تەمەنی خانەنشینی لە ٦٥ وە بۆ ٦٧ ساڵ. کرێکاران بە گشتی دەیانەوێت تەمەنی خانەنشینی وەک خۆی بمێنێتەوە کە ئەویش تەمەنی ٦٥ ساڵییە.

جێگەی باسە کە تەمەنی خانەنشینی لە هۆڵەندا تا ساڵی ٢٠١٥ هەر ٦٥ ساڵ بوو، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٧ کرا بە ٦٥ ساڵ و نۆ مانگ ئینجا لە ساڵی ٢٠١٨ کرا بە ٦٦ ساڵ. ئیتر حکومەتی هۆڵەندا وردە وردە تەمەنی خانەنشینی زیاد دەکات.

لێرەدا یەکێتی کرێکاران دەیەوێت ئیتر حکومەت تەمەنی خانەنشینی لەو ئاستەی ئێستایدا ڕابگرێت و یاسایەکی تریش دابنرێت بۆ ئەو کرێکارانەی کە لەشوێنی سەختی وەک نۆژەنکردنەوەدا کاردەکەن.

بۆ نموونە بەشی نۆژەنکرنەوە و کان و بیناسازی زوربەی کرێکارەکانیان لە تەمەنێکی یەکجار گەنجدا دەست بەکار دەکەن. هەیانە لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا دەست بەو کارە  دەکات کە زۆرقورسە لەڕووی جەستەییەوە. ئا لێرەدایە کە کرێکاران پێیان وایە کە ٤٥ ساڵ بەسە بۆ کارکردن لە کاری قورسی وەک نۆژەنکردنەوە و بیناسازیدا.

وەک کە لەلایەن قسەکەری ئێف ئێن ڤیەوە ڕاگەیەنراوە ئەوەیە کە کرێکاران و یەکێتیەکەیان پلانی کۆبونەوەیەکی گەورەتر دادەنێن ئەگەر هات و حکومەت داواکاریەکانیان جێبەجێ نەکات.

لەو ڕۆژەوەی کە ئاکەپە دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی تورکیای کەوتۆتەدەست، ٢١٨٠٠ کەس بەڕووداوی پەیوەند بەکارەوە گیانی لەدەستداوە.

سەنتەری ستۆکهۆڵم بۆ ئازادی/ ٢٢-٩-٢٠١٨

بە پێی بەدواداچوونێکی سەنتەری ستۆکهۆڵم، کە لە ڕاپۆرتێکی پارتی جەهەپەوە وەریگرتووە، دەرکەوتووە کە لەوەتی ئاکەپە بە دەسەڵاتداری ڕاستەوخۆی ئەڕدۆغانەوە دەسەڵاتی تورکیای کەوتۆتەدەست، ٢١٨٠٠ کەس بە هۆی ڕووداوی پەیوەند بەکارکردنەوە لە تورکیادا گیانیان لەدەستداوە.

بە پێی ئەو ڕاپۆرتە کە تەکین بینگۆڵی جێگری جەهەپە لە ئەنکەرە ئامادەی کردووە و جەهەپەش ئێستا گەورەترین پارتی سیاسی بەرهەڵستکاری تورکیایە دەڵێت ئێستا تورکیا پێشڕەوایەتی تەواوی ئەوروپا دەکات لە ڕووداوی سەرکاردا.

بەپێی داتای ناو ئەوڕاپۆتە ٤ کەس لە ڕۆژێکدا لە تورکیادا بە هۆی ڕووداوی سەرکارەوە گیانیان لەدەست دەدەن.

ئەو ڕاپۆرتە دەچێتە ناو وردەکاری زیاترەوە لەوبارەوە و ئاماری ژن و منداڵ و ئەوانەشی کە بە نافەڕمی کاردەکەن.

بۆنموونە: ڕاپۆرتەکە دەڵێت: ژمارەی ئەو ژنانەی کە لەسەرکار گیانیان لەدەست دەدەن لە بەرزبوونەوەدایە. ٧٢٢ کرێکاری ژن گیانیان لەدەست داوە لەسەرکار لە نێوانی ٢٠١٣ تا نیوەی ساڵی ٢٠١٨ . ٩٠٪ ی ئەو کرێکارە ژنانە ناونووس نەکراون لە هیچ ئیتیحادیە و سەندیکایەکی کرێکاریدا، و لە ٧٥٪ی ئەو ژمارەیەش لە کرێکاری ژن بە نافەڕمی کار دەکەن. هەروەها ٣١٩ منداڵیش لەو ژمارەیە هەر بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لەدەستداوە.

هەروەها بە پێی زانیاریەکانی ناو ئەو ڕاپۆرتەو بە دواداچوونی سەنتەری ستۆکهۆڵم بۆ ئازادی، چەندین کرێکار بە هۆکاری کارو شوێنی کارەوە لە تورکیا پەنایان بۆ خۆکوشتن بردووە و لەو پێناوەدا گیانیان لەدەستداوە.

بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠١٤دا ٢٥ کرێکار خۆیان کوشتووە، لەساڵی ٢٠١٥دا ٥٩ کرێکار خۆیان کوشتووە،٩٠کرێکار لە ساڵی ٢٠١٦دا و٨٩ کرێکاریش لە ساڵی ٢٠١٧دا خۆیان کوشتووە. هەموو ئەو خۆکوشتنەی کرێکاران لە تورکیادا لە ژێر سایەی دەسەڵاتی ئەردۆغاندا پەیوەندی بە بێمافی و خراپی شوێنی کارو زۆری سەعات کارو لەکاردەرکردن و کرێی کەمی کارە..

هەروەها بەپێی بە دواداچوونێکی تورکیش مینیت زوربەی ئەو خۆکوشتنانە لە سێکتەرەکانی کشتوکاڵ و کانەکاندا ڕوودەدەن. ئەو دوو سێکتەرە کاریان زۆر قورسە و سەعات کاریش تێیاندا یەکجار زۆرە، و هەندێک ڕۆژان لە ١٢ سەعات زیاتر دەبێت کار بکەن. ئەمەش لە ڕووی دەروونیەوە کرێکاران تووشی داڕمان دەکات و پەنا بۆ خۆکوشتن دەبەن..

بە هەزاران لە چالاکوان و ئەندامانی ئیتیحادیە کرێکاریەکان دەڕژێنە سەرشەقامەکانی بێرن لە هۆڵەندا لە دژی نایەکسانی کرێی کار لە نێوانی ژنان و پیاواندا.

بە پێی هەواڵێکی دی دەبلیو، چالاکوانانی سویسڕاو ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی سەندیکا کرێکارییەکان دەستیان دایە ڕێپێوانێک لە ناو شاری( بێڕن)دا. ڕێکخەرانی ڕێپێوانەکە ژمارەی بەشداربوان بە ٢٠٠٠٠ هەزار کەسێک مەزندە دەکەن.

مەبەستی سەرەکی ئەو ڕێپێوانە گەورەیە لە ناو پایتەختی سویسڕادا بۆئەوە بوو هیچیتر نایەکسانی لە نێوانی ژنان و پیاواندا لە پێدانی هەقی کاردا نەمێنێت. بەشداربوان داوای یەکسانی لە نێوانی هەردوو ڕەگەزەکەدا دەکەن و هەروەها داوای شەفافیەتی زیاتر لە خاوەنکاران دەکەن. تەنانەت باس لەوەش دەکرێت کە لەوانەیە ژنانیش ڕۆژێک مانگرتن ڕابگەێنن هەروەک کە لە ساڵی ١٩٩١ کردیان لەو پێناوەدا.

لەوبارەوە پۆلیسی شاری بێرن ڕایگەیاند کە ژمارەیەکی زۆری خەڵک بەشداری ئەو ڕێپێوانەی کردووە. بەڵام ئەو ژمارەیەی کە پۆلیس مەزندەی کردووە نەدرایە بڵاوکراوەی ناوخۆ.

هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە لە ئاستی خوارەوەی پەڕلەمانی سویسڕادا قسە لەسەر ئەو نایەکسانیەی ژنان و پیاواندا بکرێت. ئەوان داوا دەکەن کە خاوەنکاران دەبێت زیاتر شەفافیەت بنوێنن و هیچی تر ئەو نایەکسانیەی نێوان ژنان و پیاوان لە پێدانی هەقی کاردا نەمێنێت.

جێگەی باسە( یونیا ) کە گەورەترین ئیتیحادیەی کرێکاری هۆڵەندایە، ڕایان گەیاند کە ژنان دەناڵێنن بەدەست چەندین جۆری چەوساندنەوەوە. بۆ نموونە جیاوازیان دەکرێت لە گەڵ پیاواندا لە پێدانی هەقی کاردا، بەکەمتر لە پیاوان دەبینرێ و مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. هەروەها زۆر فەرق و جیاوازیتر لە گەڵ پیاواندا  کە بەسەریاندا سەپاوە.

ئەوان دەڵێن: بەسە ئیتر بەسە هەتا کەی دەبێت ئەو جیاوازیە بەردەوام بێت؟

مانگرتنی خەڵکی سان خوسیەی پایتەختی کۆستاریکا لە دژی سیاسەتی سک هەڵگوشین و دەست پێوەگرتن وا دوو هەفتەی تەواو کرد و حکومەتیش چارەسەری لا نییە!

بە پێی هەواڵێک کە لە (پرێنزە لاتینە)دا بڵاوکراوەتەوە، خەڵکی شاری سان خوسیە وا دوو هەفتەیان تەواوکرد کە بەگشتی مانیان گرتووە لە دژی سیاسەتی حکومەت دەربارەی سک هەڵگوشین و دەست پێوەگرتن.

ئەوەی کە جێگەی باسە وا بۆ چوارەمین جار دەچێت کە نوێنەرانی ڕێکخراوە پیشەییەکان و نوێنەرانی حکومەت بەیەکەوە کۆبوونەوەی بێ مەرج دەکەن بۆ چارەسەری دۆخەکە، بەڵام هیچ بەرەوپێش چوون و چارەسەرێک لەلایەن حکومەتەوە نابینرێت.

خەڵکی شاری سان خوسیە و کرێکاران و گرووپە کۆمەڵایەتیەکان هاوپەیمانیەکیان پێکهێناوە لە ژێر ناوی سەندیکا و یەکێتی کۆمەڵایەتی بۆ چارەسەری دۆخەکە و بە گژاچوونەوەی سیاسەتی حکومەت. بڕیارە ٢٤-٩-٢٠١٨ کۆبونەوەکان لەگەڵ نوێنەرانی حکومەت دەست پێبکەنەوە و پرس و ڕاوێژیش بە کەسانی دیاری ناوشارەکە بکەن وە ئاگادارکردنەوەیان لە هەر بەرەوپێشچوونێک لەگەڵ حکومەت.

خەڵکی شاری سان خوسیە دەڵێن دەبێت ئەم هەفتەی داهاتووە تەواوی خەڵکی شارەکە بێتە سەر شەقامەکان و مانگرتنی گشتی ڕابگەیەنرێت. نوێنەرانی خەڵکەکە پێشبینی دەکەن کە زیاتر لە ٥٠٠ هەزار کەسێک ئامادەی ئەو خۆپیشاندانە گەورەیەی کۆتایی ئەم هەفتەیە بێت.

جێگەی باسە کە نوێنەرانی حکومەت لە ڕێگەی پارێزەرەکانیانەوە ئەوەیان بەگوێی خەڵک و کرێکاران و نوێنەرانی گروپە کۆمەڵایەتیەکاندا داوە کە ئەو جۆرە خۆپیشاندانانە نایاسایین و سزایان لەسەرە. بەڵام لە لایەکی ترەوە نوێنەرانی خەڵک و سەندیکا کرێکاری و کۆمەڵایەتیەکان دەڵێن ئەمە تەنها بۆ ترساندن و ساردکردنەوەی خەڵکە لە مانگرتن و خۆپیشاندان. بەڵام هیچ کام لەم پروپاگەندانە نامان ترسێنێت و ئێمە درێژە بە خۆپیشاندان و مانگرتنەکان دەدەین.

کرێکارانی میگرۆس لە ئەستەمبوڵ خۆپیشاندان دەکەن لەسەر دواکەوتنی کرێی کارەکانیان و پۆلیسش ١٤ کەسیان لێ دەستبەسەر دەکات!

بە پێی ڕاپۆرتێکی جیهانی تورکی، هێزەکانی پۆلیسی تورکیا ١٤ کەسیان لەو کرێکارانە گرتووە خۆپیشاندانیان کردووە لەبەر ئەوەی کرێی کارەکانیان نەدراوەتێ و دواکەوتووە. میگرۆس کۆگایەکی فرۆشتنی خۆراک و بابەتەکانی خۆراکە لە ناوچەی بەیلیکدوزو لە ئەستەمبوڵ.

هەر بەپێی ئەو ڕاپۆرتە پۆلیس ئەو کرێکارانەی دەستبەسەر کردووە و بردوونی بۆ پۆلیسخانە بۆئەوەی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکات.

ئەوەی کە جێگەی باسە ژمارەیەکی بەرچاوی کرێکارانی میگرۆس لەوکەسانەی کە ئێستا کاردەکەن و هەندێکیش لەوانەی کە پێشتر لەو شوێنەدا کاریان کردووە هاتنە دەرەوە و دەستیاندایە ناڕەزایەتی کردن. بەڵام لە لایەن پۆلیسەوە بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە خۆپیشاندانەکەیان کۆتایی پێهێنراو ١٤ کەسیشیان لێ دەستبەسەر کردن.

ئامانجی سەرەکی ئەو خۆپیشاندانەی کرێکارەکان ئەوە بوو کە وا بۆ ماوەیەک دەچێت کار دەکەن و پارەش وەر ناگرن و دەیانویست ئەو پارەیان بدرێتێ و دوا نەکەوێت.

 

کرێکارانی دروستکردنی پاپۆڕەکان لە بارەگای وەزارەتی پیشەسازی ئەرجەنتین ماندەگرن.

ڕۆژنامەی ئاوی ئەرجەنتینی ڕایگەیاند، کە کرێکارانی پاپۆڕەکان لە ئەرجەنتین مانگرتنێکیان دەستپێکردوە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسان لە ڕۆژی ٣ شەممە ١٨/٩/٢٠١٨ . ڕوونیان کردۆتەوە کە دوای پشتگوێخستنی حکومەتی خۆجێیی بۆ داواکاریەکانیان بڕیاری مانگرتنیان داوە. ڕاشیانگەیاندوە کە لەماوەی داهاتوودا جۆری ئەوکارانە دیاری دەکەن کە دەیگرنە بەر. ئەو ڕۆژنامەیە جەختی لەوەکردەوە کە کرێکارانی مەیدانی سانیاگۆ بۆ دروستکردنی پاپۆڕ ئەم بەیانیە کۆبوونەوەیەکی گشتیان لە کارگەکە ئەنجام داوە، وە بڕیاریان داوە کە کریکاران بانگەواز بکەن، دوای پشتگوێ خستنەکانی حکومەت بۆ داواکاریەکانیان. جەختیان لە دەوروبەری پلازای ئیتالی کردۆتەوە و بەرەو بارەگای وەزارەتی ئابووری ڕێیان کردوە و چوونەتە ناو باڵەخانەکەوە و لەوێ ماونەتەوە.

هەواڵی ناڕەزایەتی کرێکاران وتەکنیکارانی کارگەری چیمەنتۆی گاسن

کوردستان/ سلێمانی/ 25/9/2018

ژمارەیەك کرێکارو تەکنیکارو ئەندازیاری کارگەی چیمەنتۆی گاسن لەبەردەم کارگەی ناوبراو کۆبونەوەو وەکو دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە دەرکردنیان رێگایان لە هاتوچۆی ئوتۆمبێلەکانی بارکردنی چیمەنتۆ گرت. شایانی باسە ژمارەیەك لە هاورێکانیان وەکو پشتیوانی بەشداری کۆبونەوەی ناڕەزایەتی هاورێکانیان کردوە.
خواستی کرێکاران و تەنکیکارەکان هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دەرکردنیانە لەلایەن کۆمپانیای ناوبراوە کە سەر بە گروپی کۆمپانیاکانی فاروقە!
بەمەبەستی دەستی دەستیکردن بەو تەکنیکارو وکرێکارانەی لە بەردەم کارگە ناڕەزایەتی دەردەبڕن، پێیان راگەیاندون کە بەڕێوەبەری پرۆژەکان سەفەری ئەردەنی کردوە و چاوەرێ بکەن تا دەگەرێتەوە.. بەڕێوەبەری پرۆژەکان ئەو کەسەیە کە بڕیاری دەرکردنەکەی داوە، بەڵام ئەوان بەوە رازی نەبوون و درێژەیان بە مانگرتنەکەیان داوە.دوای ئەوە بەڕێوەبەرایەتی کارگە ناچاربوە کە دوو نوێنەریان بانگ بکات بۆ کۆبونەوە لە گەڵیاندا!
مانگرتنەکە تا کاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە بەردەوامە.

 

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٣٧ بەرواری ١/١٠/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە…

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *