کۆتایهێنان بەدەسەڵاتی میلیشیایی، پێشمەرجی کۆتایهێنانە بە دۆخی کارەساتباری ئێستا!

بەیاننامەی پلینۆمی (٢١) ی کۆمیتەی ناوەندی

ئاکامی ٢٧ساڵ لە دەسەڵاتی داسەپاوی حزبە بۆرژوازیەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بەسەر کۆمەڵگای کوردستاندا بە زەبری هێزی میلیشیا و گرێدانەوەی هەلومەرجی سیاسی کوردستان بە کێشمەکێشی ئەم حزبانەوە لەگەڵ حکومەتی ناوەندیدا لەلایەك و لەلایەکی دیکەوە بە بەرژەوەندی و شەڕ و بەرامبەرکێ و دەستێوەردانی وڵاتانی زلهێزی دنیا و ناوچەکەوە بە تایبەتی ئێران و تورکیا، بریتیە لە سەپاندن و درێژەدان بە دۆخی کارەساتبار و بێدەرەتانی و نائارامی سیاسی. ٢٧ساڵە کوردستان گرفتاری ئاکامە کارەساتبارەکانی سیاسەت و کارکردی ئەم حزبانەیە. ٢٧ ساڵە کوردستان لە گیژاوێکی سیاسی و چارەنوسێکی نادیاردا راگیراوە و لە ناو گەمەی سیاسی و هێزهاوسەنگی حزبە میلیشیاییەکاندا گیرۆدەکراوە. ٢٧ ساڵە کارەسات و تراژیدیای هەمەجۆر و هەلومەرجێکی قورس و کەمەرشکێنی بێ کۆتایی، ژیان و گوزەرانی جەماوەری کرێکار و ستەمدیدەی ئەم کۆمەڵگایەی لەقاڵبداوە.

لەژێرسایەی دەسەڵاتی ٢٧ ساڵەی پارتی و یەکێتیدا، وەک دوو کۆمپانیای قۆرخکار، شێوازێك و بارودۆخێکی ئابوری پەیڕەوکراوە کە توانیویەتی باڵاترین رێژەی قازانج و باشترین فرسەت بۆ کەڵەکەی سەرمایە دەستبەربکات و زەمینەیەکی گونجاو بۆ دەست بەسەراگرتن و تاڵانکاری تەواوی سامانی کوردستان لەلایەن بەرپرسان و نزیکەکانی خۆیانەوە بڕەخسێنێ. بەمجۆرە توێژێک لە سەرمایەداری گەورەیان دروستکردووە کە قۆرخی سەرجەم بنکە و دامەزراوە ئابوریەکانی کوردستانیان کردووە و سەدان ملیۆن دۆلاریان بۆ خۆیان کەڵەکردوە. لەولاشەوە  چەند ملیۆن مرۆڤی رەنجدەر و زەحمەتکێش و کرێکار، هەژار و برسی و بێکارکراون و ژیانێكی سەختیان بەسەردا سەپاندوون!

لەدوای کارەساتی ١٦ ئۆکتۆبەرەوە، خەڵکی کوردستان راپێچکرانە ناو هەلومەرجێکی ئابوری و سیاسی نالەبارترەوە. سەرباری بەردەوامبوونی بێمافیەکانی جەماوەری زەحمەتکێش و نەمانی خزمەتگوزاریە گشتی و سەرەتاییەکان و بەردەوامبوونی بڕینی مووچەی فەرمانبەران و بەرینبوونەوەی بێکاری و خراپتربوونی بارودۆخی ژیان و کارکردنی کرێکاران، تاڵانکردنی داهاتی گشتی و بازرگانی و قاچاخچێتی کردن بە داوودەرمان و کەلوپەلە هەرە پێویستەکانی ژیانی خەڵك و گرانی لەرادەبەدەری نرخی شتومەک لە بازاڕەکان و…تاد.  باردۆخی سیاسی کوردستانیش لەلایەن حزبە دەسەڵاتدارەکانی بۆرژوازی کوردەوە راپێچی ناو گێژاو و نادیاری ئایندە و سەرگەردانی کرایەوە و لە پێناوی قوتارکردنی خۆیان و سامان و ده‌سه‌ڵاتەکەیان لەو شکست و بنبه‌سته‌ی که‌ لە ‌دوای روداوه‌کانی ١٦ ئۆکتۆبه‌رەوە تێیکه‌وتبوون، ‌پشتیان له ‌خواستی زۆرینه‌ی خه‌ڵکی کوردستان بۆ جیابوونه‌وه‌ و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ کرد. ده‌ستیان برد‌‌ بۆ پێشبڕکێیەکی قێزەونی ساتوسەودای سیاسی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی کۆنەپەرستی بۆرژوازی عێراق تا جارێکی تر، کوردستان له‌سه‌روو ویست و بڕیاری خه‌ڵکه‌که‌یه‌وه‌، شەتەک بدەنەوە بە ‌ده‌وڵه‌تی نەتەوەپەرستی- ئیسلامی عێراقەوە له ‌چوارچێوه‌ی هه‌مان فیدراڵیزمی نەتەوەیی شکستخواردوودا، لەژێرناوی”پشک و به‌رژه‌وه‌ندی کورد” له‌ حکومه‌تی تازه‌ی عێراقدا!

 لەسایەی دەسەڵاتی میلیشیایی بۆرژوازی کورددا کە بە دڕندانەترین شێوە پارێزگاری لە مانەوەی سیستەمی سەرمایەداری و بە کۆیلەکردنی ڕەهای چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتكێش دەکات، هیچ جۆرە تروسکاییەك بۆ گۆڕانکاری لەم دۆخە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەی کوردستاندا بە قازانجی  جەماوەری  کرێکار و زەحمەتکێش بەدی ناکرێ و روونادات. نەك هەرئەوە بەڵکو رەوتی گۆڕانکاریە سیاسیەکان و کێشەی نێوان ئەم حزبانەی بۆرژوازی کورد، بە ناسیۆنالیست و ئیسلامی سیاسیەوە و شەڕیان لەسەر دەسەڵات، ئەوە دووپات دەکاتەوە کە دۆخی سیاسی و ئابوری کوردستان بە ئاڕاستەی هەلومەرجێکی سەختتر و کارەساتبارتر بۆ کرێکاران و زەحمەتکێشان هەنگاودەنێ. جیاوازی چینایەتی لە کوردستاندا فراوانتر و بەرینتر دەکاتەوە و جەماوەرێکی زیاتر لە چینی کرێکار و توێژە بێبەش و کەمدەرامەتەکان راپێچی هەژاری و برسێتی  دەکات. سامانی بەرپرسانی حزبە دەسەڵاتدار و هاوبەشەکانی بۆرژوازی و دەستوپێوەندەکانیان زیاتر بەرەو ئاسمان هەڵدەکشێ و هەرچیش پێویست بکات بۆ پاراستنی دەسەڵات و سامانەکەیان، لە تاوان و سەرکوت و کرێگرتەیی بۆ ووڵاتانی ناوچەکەو ئەمریکا سڵی لێ ناکەنەوە!

رزگاریی یەکجاری لە هەموو مەینەت و بێدەرەتانیەکانی ئێستای خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش، لە گرەوی شۆڕشی کریکاریدایە، بۆ لە ریشەدەرهێنانی سیستەمی کاری بەکرێ و خاوەندارێتی تایبەتی. لەم رێگایەدا دەسەڵاتی میلیشیایی حزبە بۆرژوا ناسیۆنالیستەکان و ئەو دۆخەی بەرپایان کردووە، یەکەمین و گەورەترین بەربەستە لەبەردەم رەوتی ئەم شۆڕشەدا. هەر بەم پێیەش رێکخستن و رابەریکردنی بزوتنەوەیەکی جەماوەری بەهێز بۆ راماڵین و هەڵپێچانی ئەم دەسەڵاتە و کۆتایهێنان بە دۆخی کارەساتباری ئێستا، یەکەمین هەنگاوە لە رێگای شۆڕشی کرێکاری کە هاوکات خواست و ئامانجە دەمودەستەکانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش دەستەبەردەکات.

لە چەند ساڵی رابردودا، خەڵکی زەحمەتکێش و ئازادیخواز و ناڕازی کوردستان، بێزاری و نارەزایەتی فراوانیان دژ بەم دەسەڵاتە نیشانداوە و بە مانگرتن و خۆپیشاندان و کۆبونەوەی جەماوەریی دەیان هەزار کەسی خواستەکانیان رووبەڕووی دەسەڵاتداران کردۆتەوە، بگرە خواستی کۆتایی هێنان بەم دەسەڵاتە بە شێوازی جۆراوجۆر لەلایەن جەماوەرەوە دەخرێتەڕوو. بەڵام ئەزمونی چەند ساڵ لە خەبات و ناڕەزایەتی هەمەجۆرەی خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان ئەو راستیەی سەلماندووە کە ئەم دەسەڵاتە گوێی بیستنی داخوازی و خواستەکانی خەڵکی نییە. بۆیە تەنانەت دەستەبەرکردنی ئاڵوگۆڕ لە ژیان و گوزەرانی مەینەتباری ئێستا و بەدیهاتنی خواستە دەمودەستەکانی خەڵك گرێی خواردووە بە هاتنەمەیدانی جەماوەر و بەڕێخستنی بزووتنەوەیەکی جەماوەری سیاسی بۆ کۆتایهێنان بەم دەسەڵاتە و هێنانەسەرکاری دەسەڵاتێك کە پشت بە ئیرادەی سیاسی و راستەوخۆی خەڵک ببەستێت و ژیان و گوزەران و مافەکانی خەڵك دەستەبەر بکات. دەسەڵاتێک کە ئارامی و جێگیری سیاسی و ژیانێکی شایستە و خۆشگوزەران بۆ خەڵکی کوردستان مسۆگەر بکات و هاوکات بڕیاری ڕیفراندۆمی خەڵکی کوردستان بۆ جیابوونەوە و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ جێبەجێ بکات و ئەم کۆمەڵگایە لە فەزای بێنەوبەرە و ناکۆکی نەتەوەیی و گێژاوی فیدراڵیزمی کۆنەپەرستانەی قەومی دەربهێنێت.

پلینۆمی ٢١ی کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لە کاتێکدا لەسەر ئەوە پێداگری دەکات کە لە ڕیزی پێشەوەی خەبات و ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشاندا رادەوەستێت، هاوکات هەموو توانای خۆی دەخاتەگەڕ بۆ گەشە و پەرەپێدانی ئەم بزووتنەوەیە تا ئاستی بزوتنەوەیەکی جەماوەریی بەهێز کە بتوانێ ئەم دەسەڵاتە کۆتایی پێبهێنێ و کوردستان بەرەو دەوڵەتێکی سەربەخۆ بەرێت. هاوکات هەلومەرجێکی گونجاو فەراهەم بکات کە لە سایەیدا خەڵکی کوردستان بتوانن بە شێوەیەکی ئازادانە سیستەمی حوکمڕانی ئایندەی کوردستان دیاری بکەن. لەم پێناوەدا حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری هەوڵدەدات وەکو حزبێکی سیاسی بەهێز و بە توانای جەماوەری لە مەیدانی کێشمەکێش لەسەر ئایندەی کۆمەڵگا دەرکەوێت و بتوانێ رابەریەکی کۆمۆنیستی بۆ ئەم بزوتنەوەیە دابین بکات. هەروەها هەوڵدەدات لە شکڵوشێوازی گونجا و کارادا لە دەوری ئاسۆیەکی سیاسی شۆڕشگێڕانە رێکیبخات و تا ئەو رادەیە بەهێزی بکات کە بتوانێ ئامانجەکانی بەدیبهێنێت. هەروەها حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بانگەوازی کرێکاران و جەماوەری ئازادیخواز، هەڵسوڕاوانی کرێکاری و ئازادیخواز، هەڵسوڕاوانی بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکان دەکات کە لەم خەباتەدا چالاکانە بەشدار و هاوکاربن و پێکەوە لەگەڵ ئێمە رۆڵی خۆیان بگێڕن.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بانگەوازی هەموو ئەو حزب و لایەنانەش دەکات کە بانگەشەی لایەنگری لە ئازادی و مافەکانی خەڵک دەکەن، بەڵام تا ئێستا لەلایەک لافی ئۆپۆزیسیۆن لێدەدەن و لەلایەکی ترەوە راستەوخۆ و ناراستەوخۆ بەشێکن لە پرۆسەی سیاسی و چاویان بڕیوەتە کورسی ئەم دەسەڵاتە، کە ئیتر دەستبەرداری گەمەی سیاسی و خۆشباوەڕکردنی خەڵک بن بە سیاسەت و پرۆژەی سیاسی ناکام! واز لە فریودانی خەڵک و راپێچکردنی ئەم جەماوەرە ستەمدیدەیە بۆ سیناریۆ گالتەجاڕەکانی ئەم دەسەڵاتە بهێنن! وازلە فریودانی خەڵک بە بەیتوبالۆرەی چاکسازی و گۆڕینی دەموچاوەکان بهێنن لەپێناو بەشداریکردن لە دەسەڵاتی میلیشایی ودەستخستنی بەشی خۆیان لە سامانی بەتاڵانبراوی خەڵكدا. کۆتایهێنان بەم دەسەڵاتە پێشمەرجی کۆتایهێنانە بەم بێدەرەتانی و دۆخە کارەساتبارەی ئێستا و هەرجۆرە ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتیە لەژیان و گوزەرانی خەڵكدا.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

ئۆکتۆبەری ٢٠١٨

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *