هەواڵی نارەزایەتییە کریکاریی و جەماوەرییەکان

ئامادەکردنی شوان عەزیز و ئاراس رەشید

سەندیکای نێونەتەوەیی لۆری و بارهەڵگرەکان لە ئەمەریکا؛ پشتگیری خۆیان ڕادەگەێنن بۆ شوفێرە مانگرتووەکان لە ئێران!

یەکێک لە هەرە سەندیکا پڕنفوزو کاریگەرەکان لە ئەمەریکا پشتگیری خۆیان بەردەوامی پێ دەدەن بۆ شوفێرانی لۆری و بارهەڵگرەکانی ئێران کە ماوەیەکی درێژە لە مانگرتندان.

جێگەی باسە کە شوفێرەکانی لۆری و بارهەڵگرەکان لە ئێران لە مانگی ئایارەوە لە مانگرتندان لەبەر هاتنە خوارەوەی کرێی کارکردنیان و لە هەمانکاتدا بەرزبوونەوەی تێچوونی ڕێگاو گواستنەوەو مەسروفاتی ئیش پێکردنی بارهەڵگرەکانیان. هەروەها بۆ ئەوەی دەسەڵاتداران مافەکانیان پێبدەن کە خۆی دەبینێتەوە لە ئازادی خۆڕێکخستن و کۆبوونەوە و پێکهێنانی ئیتیحادیە و سەندیکای تایبەت بەخۆیان و ئازادی ڕادەربڕین.

ئەو شوفێرانەی ئێران مانگی ئایار دەستیانکرد بە داخستنی هەندێک ڕێگای سەرەکی ئەویش بە ڕاگرتنی لۆریەکانیان لەسەر ڕێگاکان  بۆ  دروستکردنی بەربەست بە ڕووی هات و چۆدا. دەسەڵاتدارانی ئێران ڕایانگەیاند کە وەڵام دەدەنەوە بە داواکاری شوفێرەکان و ئەوانیش کۆتاییان هێنا بە مانگرتنەکان، بەڵام ماوەیەک شوفێرەکان چاوەڕێیان کردو بۆیان دەرکەوت کە دەسەڵاتداران درۆیان لەگەڵ دەکەن. هەر بۆیە بە هەمان شێوەی مانگی ئایار لە مانگی سێپتەمبەری ئەم ساڵدا دەستیان دایەوە مانگرتن.

جەیمس پی هۆفا، سەرۆکی سەندیکای نێونەتەوەیی لۆری و بارهەڵگرەکان لە ئەمەریکا، پشتگیری سەندیکاکەی بۆ شوفێرانی مانگرتووی ئێران ڕاگەیاند. لەوبارەوە لە مانگی ئایاردا بە نامەیەک دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئاگادارکردەوە لەو پێشێلکاریانەی کەدەرهەق بە شوفێران دەکرێت لەئێران وداوای کرد کە داواکانیان جێبەجێ بکرێت، بەڵام دەسەڵاتداران هیچ وەڵامی ئەو نامەیان نەدایەوە. دیسان لە مانگی سێپتەمبەردا نامەیەکی تری ئاراستە کردنەوە بۆ هەمان مەبەست و لەسەر هەمان بابەت. وە لە نامەکەدا پشتگیری خۆیای دووپات کردەوە بۆ شوفێرەکانی ئێران.

هەر لەو بارەوە دەنگی ئەمەریکاو شوێنە تایبەتەکانی سەر بە دەوڵەتی ئەمەریکا خۆپیشاندانی شوفێرەکانی ئێرانیان لە ڕووی ڕاگەیاندنەوە زەق کرەدەوە بە مەبەستی دابڕاندنی خەڵکی ئێران لە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی سەرکوتگەر.

جێگەی باسە کە  شوفێرانی ئێران لە دەوروبەری ٣٠٠ شارو ٣١ هەرێمدا دەستیان داوەتە مانگرتن و خۆپیشاندان بە ڕووی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لەبەر خراپی باروگوزەرانی ژیانیان و بێمافیەک کە بەسەریاندا سەپێنراوە.

کرێکارانی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان لە کەرتی غەزەی  فەلەستین دەست دەدەنە مانگرتن!

بە پێی هەواڵێک کە لە (فرانس ٢٤ و نیوز کلیک )دا بڵاوکراوەتەوە کرێکاران و ستافی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان لە کەرتی غەزە دەستیان دایە مانگرتن بە هۆی کەم بوونەوەی کار.

جێگەی باسە دوای بڕیارەکەی تڕەمپ بەبڕینی هاوکاریەکانی ئەمەریکا بۆ خەڵکی فەلەستین، بووە هۆی کەمبوونەوەی دەوروبەری ٢٥٠ کاری ستافی ڕێکخراوی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان لە کەرتی غەزەو بانی ڕۆژئاوای فەلەستین. هەروەها ئەو بڕینی هاوکاریەی ئەمەریکا بۆ فەلەستینیەکان بووە هۆی گۆڕینی ٥٠٠ کاری  ئەو ستافە و کرێکارانی ئەو ڕێکخراوە بەدەوامی تەواوەوە بۆ دەوامی نیوە.  هەر بۆیەش کرێکارەکان و ستافی سەر بەو ڕێکخراوە دەستیان دایە مانگرتن و ناڕەزایی دەربڕین بۆ ماوەی ٢ ڕۆژ.

ئۆنڕوا کە بەشێکە لە یوئێن بۆ هاوکاری پەناهەندە فەلەستینیەکان ٢٧٠ خوێندنگای لە کەرتی غەزە سەرپەرشتی دەکرد، کە بە هەموویان ٢٨٠ هەزار خوێندکاریان لە خۆ دەگرت. بێجگە لەوەش ئۆنڕوا لە ڕووی خزمەتگوزاری تەندروستی و دابەشکردنی خۆراکەوە هاوکاری بەردەوامی پێشکەش بەو پەناهەندە فەلەستینیانە کردووە، بەڵام هەروەک سکرتێری ئەو ڕێکخراوە لە کەرتی غەزە ڕایگەیاند بۆ میدیاکان؛ دەڵێت لەوەتی تڕەمپ بریاری کەم کردنەوە و بڕینی هاوکاریەکانی ئەمەریکای بۆ ئەو ڕێکخراوە داوە، ئیتر کاریش کەم بۆتەوە بۆ ستاف و کرێکارانی ئەو ڕێکخراوە.

هەروەها سەرچاوەیەکیش  ئەوەی ڕاگەیاند کە لە کۆی ١٩ کەس لە ستافی ئەو ڕێکخراوە کە خەڵکی وڵاتانی ترن و لەوێ کاریان کردووە، تەنها ٦ کەسیان ماونەتەوە. ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ کەمبوونەوەی ئاسایشی ستافی ئەو ڕێکخراوە لە ناوچەکەدا.

هەر لەسەر ئەوەی کە ئاسایشی ئەندامانی ئۆنڕوا ناپارێزرێت لە کەرتی غەزە قسەکەرێکی حەماس لە کەرتی غەزە ئەوەی بەدرۆ خستەوە و دەڵێت حەماس هیچ کەسێکی لەو ستافە ئازار نەداوە و پشگیری داواکانیشیان دەکات.

جێگەی باسە کە بڕیارەکەی تڕەمپ زیاتر لە ٣٠٠ ملیۆن دۆلاری کەم کردەوە بۆ ساڵی ٢٠١٨ بۆ ڕێکخراوی ئۆنڕوا. ئەوەش قەیرانێکی ئابووری زۆری دروست کرد بۆ ئۆنڕوا لە هاوکاری کردنی پەناهەندە فەلەستینیەکان. بە پێی ئەو سەرچاوەیە ئۆنڕوا پێویستی بە١،٢ ملیار دۆلار هەیە بۆ ساڵی داهاتوو کە بتوانێت تەواوی کارەکانی جێبەجێ بکات.

ئۆنڕوا لە ساڵی ١٩٤٨ درووست بوو بۆ هاوکاری ئەو پەناهەندە فەلەستینیانەی کە ژمارەیان ئەو کات دەگەیشتە ٢٧٥ هەزار کەس کە لە شوێنی خۆیان دەرکران و ڕۆیشتن بەرەو سوریا، ئوردون، لوبنان، کەرتی غەزەو بانی ڕۆژئاوای فەلەستین. لەو ساڵەوە تائێستا ئۆنڕوا بەردەوامە لە گەیاندنی هاوکاری بەو پەناهەندانە لە زوربەی بوارەکانی ژیاندا. ئێستا ژمارەی ئەو پەناهەندانە لەو ساڵەوە زیادی کردووە گەییشتوە بە  دەوروبەری ٥ ملیۆن کەس.

کەواتە بڕیارەکەی تڕەمپ کاری کردۆتە سەر ژیانی ٥ ملیۆن پەناهەندەی فەلەستینی کە بە زەبرو زۆرەملێ لە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان دەرکراون و ئاوارەی وڵاتانی دەوروبەر کراون. هەروەها کاری کردۆتە سەر زیاتر لە ١٣ هەزار کارگوزارو کرێکاری ئۆنڕوا کە لە کەرتی غەزە هاوکاری دەگەێنن بە دەوروبەری ٢ ملیۆن فەلەستینی لە کەرتی غەزەو بانی ڕۆژئاوای فەلەستین ژیان بەسەر دەبەن.

پەلەکردن لە تەواوکردنی فرۆکەخانە گەورەکەی ئەستەمبوڵ دەبێتە هۆی مردنی زیاتری کرێکاران و بەرپابوونی  ناڕەزایەتی ومانگرتنی کرێکاران!

ئەو تاوەرەی لەم وێنەیەدا دەبینرێت تاوەری کۆنتڕۆڵکردنی هاتوچۆی هەوایی ئەو فڕۆکەخانە زەبەلاحەیە دەبێت کە حکومەتی تورکیا بە تەمایە لە ٢٩ی ئەم مانگەدا بیکاتەوە.

بە پێی هەواڵێک کە لە ئایریش تایمز و چەند سەچاوەیەکی ترەوە بڵاوکراوەتەوە, گەورەیی ئەو فرۆکەخانەیەی ئەستەمبوڵ، کە پارتی ئاکەپەی سەر بە ئەردۆغان دروستی کردووە ، گەورەترین فرۆخانە دەبێت لە جیهاندا.

سەرچاوەکە دەڵێت حکومەت بە تەمایە لە ٢٩ی ئەم مانگەدا کە دەکاتە ڕۆژی دامەزراندنی کۆماری تورکیا فرۆکەخانەکە بکاتەوە و دەست بەکار بێت. گەورەیی فرۆکەخانەکە ئێستا توانای لەخۆگرتنی ٩٠ ملیۆن کەسی دەبێت و لە دواڕۆژیشدا بە تەمان وای لێبکەن کە ٦٠ ملیۆن کەسی تریش بگرێتە خۆی. هەروەها جێگای ١١٤ فرۆکە دەبێتەوەو بۆ ٣٠٠ شوێنیش سەفەری تێدا دەکرێت. ئاکەپە لە ماوەی ١٥ ساڵی حوکمڕانیدا تەواوی کردووە.

بە پێی ڕاگەیاندنەکانی میدیای تورکیا چەندین کرێکار مردوون و برینداربوون لە ماوەی کارکردن لەو فرۆکەخانەیەدا. لەوبارەوە وەزیری کاری تورکیاش لە پرێس کۆنفرانسێکدا لە ٢٧ی شوباتدا دانی بەوەدا نا کە لەساڵی ٢٠١٥ وە ٢٧ کرێکار گیانیان لەدەستداوە بەهۆی ڕووداوی کارەوە لەو فرۆکەخانەیەدا.

بەهۆی زۆری کرێکاران و فەرمانبەرانێک کە لەو فرۆکەخانەیدا کاردەکەن کە ژمارەیان دەگاتە ٣٠ هەزار کەس قەرەباڵغیەکی زۆری درووستکردووە. لە لایەکی ترەوە ڕێنماییەکانی تەندروستی و یاساکانی کار پشتگوێ خراون و زۆر گوێ بە سەلامەتی کرێکاران نادرێت. (تەختەقوڕس)یش ژیانی لەکرێکارەکان لە شەودا هەراسان کردووەوناخەون.

بە پێی ڕۆژنامەیەکی سەربە چەپەکان بە ناوی سۆڵ دەڵێت: کە کرێکارێک لەو فرۆکەخانەیەدا بریندار دەبێت کێشەی گواستنەوەی بۆ خەستەخانە بۆدروست دەبێت لەبەرئەوەی تەواوی ڕێگاکان لە کاتی کارکردندا دادەخرێن. هەروەها لەهەندێک شوێنی ناو ئەو فرۆکەخانەیەدا کرێکاران دەبێت لەژێر چاودێری پۆلیسدا کاربکەن. ڕۆژنامەکە دەڵێت بورهان بینگۆڵ لەو شوێنەدا مرد لەبەرئەوەی هیچ ڕاهێنانی پێنەکرابوو لەسەر جۆری کارەکەی و هەر بۆیەش تووشی ڕووداوی گیانلەدەستدان بووەوە.

هەروەها ڕۆژنامەی جەمهوریەتی تورکیا ئاماژەی بەوەداوە کە ڕۆژانە کرێکاران گیان لەدەست دەدەن بەهۆی ڕووداوی کارەوە و تائێستا ئەوەی زانراوە ژمارەیان گەییشتۆتە ٤٠٠ کرێکار.  سەرچاوەکە دەڵێت کە هەر لە ١٤ی سێپتەمبەردا بە هۆی بێسەرەوبەرەیی لە هێڵەکانی گواستنەوە و کارکردندا و بونی قەرەباڵغیەکی زۆر بە هۆی ڕووداوی خۆ پێکدادانی دوو سەیارەی کارکردن ، ١٧ کرێکار برینداربوون. ڕۆژ لەدوای ڕۆژ کێشەو گرفت بۆ کرێکاران درووست دەکرێن و ڕۆژانەش مافیان دەخورێت و لە ژێر بارودۆخێکی زۆرناهەمواردا دەبێت کاربکەن. هەر بۆیە کەڵەکەبوونی ئەو کێشانە دەبێتە هۆی ئەوەی کە هیچیتر کرێکارەکان بەرگە نەگرن و ئیتر بتەقنەوە بەڕووی دەسەڵاتدارانداو خۆپیشاندان و ناڕازایەتی گەورەی لێ بکەوێتەوە.

بۆیە ئەگەر دروستکردنی فڕۆکەخانەیەکی گەورەی بێوێنەی لەوجۆرە لە لایەن پارتی ئاکەپەی ئەڕدۆغانەوە  لەسەر حیسابی قوربانی و ژیانی کرێکاران سەرکەوتن بێت بۆ پارتەکەی ئەو، ئەوا لە لایەکیترەوە دەبێت بۆ کرێکاران ببێتە هۆی ناڕەزایەتی و ڕاوەستان بەڕووی دەسەڵاتدارانەوە بۆ بەدەستهێنانی تەواوی مافەکانیان.

کرێکارانی کۆمپانیای میوانخانەکانی ماریۆت لە ٨ شاری ئەمەریکادا مانگرتن دەست پێدەکەن!

بە پێی هەواڵێک کە لە (یو ئێس ئەی تودەی) دا بڵاوکراوەتەوە تەواوی کرێکارەکانی سەر بە کۆمپانیای ماریۆت هەر لە پێشوازی کەرانەوە تا دەگاتە پاککەرەوە و کرێکارانی میوانخانە و چێشتخانەکانی ناو میوانخانەکان کارەکانیان بەجێهێشت و دەستیان دایە مانگرتن.

ئەو مانگرتنە بە کۆمەڵەی کرێکارانی کۆمپانیای میوانخانەکانی ماریۆت  کە بە پێی سەچاوەکان ژمارەیان دەگەیشتە ٧٧٠٠ کرێکاری هەشت شوێن و شاری گەورەی ئەمەریکای گرتەوە . کرێکارەکان هەموویان سەربە سەندیکایەکی گەورەن بە ناوی (یونایت هیەر) واتە لێرە یەکتر بگرن و ئەندامیشن لەو سەندیکایەدا. وە هەر لەلایەن ئەو سەندیکایەوە ڕێبەرایەتی ئەو مانگرتنەیان دەکرێت.

جێگەی باسە کە مانگرتنەکان  لە ٨ی ئەم مانگەوە ئەو شوێن و شارانەی خوارەوەیان گرتەوەو گەورەترینیان لەو شوێنانەدا بوو : هەوایی، بۆستن وە سانفرانسیسکۆ.

سەرەتا لە ٨ی ئەم مانگەوە لە شارەکانی ئوهاوو لە گەڵ ماووی هەوایی : ٢٧٠٠ کرێکار کارەکانیان بەجێهێشت و دەستیان دایە مانگرتن ، لە  بۆستن: ١٨٠٠ وە لە سانفرانسیسکۆ ٢٥٠٠ کرێکار دەستیان دایە مانگرتن.

هەروەها شارەکانی وەک ساندیگۆ، ئۆکڵاند، سان خوسەی  هەروەها دیترۆیت بە دەیان میوانخانەیان کاری تێکرا بەهۆی ئەو مانگرتنە سەرتاسەریەی کرێکارانی کۆمپانیای ماریۆت. بەڵام بە پێی تازەترین ڕاگەیاندنی سەندیکای جیهانی خۆراک و کێڵگەکان و میوانخانەکان ڕێژەی کرێکارە مانگرتووەکانی ماریۆت بۆ ڕۆژی ١٠ی ئەم مانگە گەیشتە ٧٧٠٠ کرێکارو چەندین شاری تری لە ئەمەریکا گرتەوە. ئامانجی کرێکارەکان لەو مانگرتنە سەرتاسەریە ئەوەیە کە بگەنە ڕێکەوتن و گرێبەستێکی تازەی جیا… لەگەڵ کۆمپانیای ماریۆت. کرێکارەکان خوازیارن کە لەو گرێبەستە تازەیەدا کرێکانیان زیاد بکرێت و مەسەلەی دڵنیایی لە بەردەوامی کارەکانیان دەبێت لەو گرێبەستە تازەیەدا خاڵی گرنگ بێت و گرنگی زیاتری پێ بدرێت. هەروەها لەبەر هاتنە کایەی تەکنۆلۆجیای پێشکەوتووی زیاتر بۆ ناو میوانخانەکان و چێشتخانەکان دەبێت بابەتی سەلامەتی کاریش گرنگی زیاتری پێبدرێت و داوایەکی سەرەکی کرێکارەکان دەبێت.

جێگەی باسە بە پێی بەدواداچوونی هەندێک سەرچاوە لەوانە لەیبەر ستارت کۆمپانیای ماریۆت بۆ میوانخانەکان، یەکێکە لە پارەدارترین و قازانج هێنەرترین کۆمپانیا لە سەرتاسەری جیهاندا.

نزیک بەچارەکە ملیۆن هاوڵاتی ئەڵمانی دژ بە نەژادپەرستی وڵاتەکەیان خۆپیشاندانیان کرد!

دامەزرێنەرانی سۆشیالیزمی زانستی (مارکس و ئەنگلس) لە مانیفێستی کۆمۆنیستدا دەڵێن” لەگەڵ نەمانی کێشمەکێشی نێوان چینەکان لەناو گەلدا، هەڵوێستی دوژمنکاری و کینەی نێوان نەتەوەکان لەناودەچێت”.

ئەمڕۆ شەممە ١٣ی ئۆکتۆبەر ٢٠١٨، ڕێپێوانێکی مەزن لەبەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، بەڕێوەچوو دژ بە نەژادپەرستی. ڕێکخەرانی ڕێپێوانەکە گووتیان کە نزیک بە چارەکە ملیۆنێک کەس بەشداریان کردوە. ئەم ژمارەیەش لە سەروی پێشبینیەکاندا بوو. بەرەی (ناکرێت دابەشبین) بانگەوازی ئەو ناڕەزایەتیەی کردبوو، لەژێر دروشمی( لە پێناو کۆمەڵگەیەکی کراوە و ئازاد- هاوپشتی لە جیاتی تەریکخستنەوە).

ئامانجی ئەو بەرەیە، وەستانەوەیە لە بەرامبەر هاندانی بەرەی ڕاست و جیاکردنەوەی و خنکانی پەنابەران لە دەریان سپی ناوەڕاست، و کەمکردنەوەی کۆمەکە کۆمەڵایەتیەکان. فیلیکس مۆلەربۆ ئاژانسی هەوالی ئەڵمانی (د.ب.ا) گووتی” ئێمە زۆر ڕازین لە بەرەوپیرهاتنەکەمان”، ئەوەشی زیادکرد” ئەمە جەختکردنەوەیە لەسەرئەوەی کە کەسانێکی زۆر هەن کە دەیانەوێت ئاماژە بەوە بکەن لەپێناو هاوپشتی دژ بە توندڕەوی ڕاست. خۆپیشاندەران لافیتە و باڵۆنیان هەڵکردبوو کە لەسەری نووسرابوو (نا بۆ هاندان دژ بە موسولمانان و نەژادپەرستی بەدیل نییە). ژمارەیەکی زۆر لە ڕێکخراو و یەکێتیەکان و پارتەکان پشتیوانی لەو ڕێپێوانە دەکەن.

قسەکەری بەرەی (ناکرێت دابەشبین) بەناوی(تیریزا هارتمان) بۆ ئاژانسی هەوالی فەرەنسی (اف ب) گووتی” ئێمە ئەمڕۆ لێرەدا زۆر ڕوو ناکەینە سیاسەتمەداران، بەڵکو ڕوومان لە کۆمەڵگەی مەدەنیە. لەسەر خەڵک پێویستە کە تێبینی ئەوەبکەن کە لەسەر خۆمانە شتێک بجووڵێنین بۆئەوەی گۆڕانکاری ڕووبدات”.

سیاسەتمەدارێکی سەر بە پارتی سۆسیالیستی دیموکراتی گووتی”زۆرینەی هاوڵاتی ئەڵمانی پشتیوانی لە لێبووردەیی و کرانەوە لەبەرامبەر دنیا دەکەن. ئەوەشی زیادکرد کە نەتەوەیی تازە کێشەکان چارەسەر ناکات. هەروەها گووتی” پێویستمان بە دابڕان نییە، بەڵکو پێویستمان بە کۆمەکی نێودەوڵەتی پتر هەیە. هەمەجۆری ڕەنگی پێست و ئەسنیک و ئایین و شێوەی جیای ژیان، دەبێتە دەوڵەمەندبوونی ئێمە، نەک هەڕەشە”. ئاماژەشیدا بە” دوژمنایەتیکردنی بێگانە، و دژایەتی سامیەکان، نابێت جێگەیان بێتەوە. نەک تەنیا لێرە، بەڵکو لە هەر شوێنێکی دیکەی جیهان”.

ئەم هەواڵەی لەم سەرچاوە گرنگەی ئەڵمانی بڵاوکراوەتەوە، جێگەی خۆشحاڵیە و هیوابەخشە بۆ پشتیوانی لەو بیردۆزەی کە دەڵێت (دوژمنایەتی نێوان گەل و نەتەوەکان بوونی نییە). واتە؛ سەرەڕای جیاوازی پێست و ڕەگەزی ئینسانەکان، ڕق و کینەی نێوان ئینسانەکان بوونی نییە. دوژمنایەتی و ڕق و کینە و جەنگ، بە بیانووی پێویستی چینایەتی دەکرێت. چینی دەسەڵاتدار، بەردەوام خەریکی جیاکاریە. مۆرکی ئایدیۆلۆجی درۆینە و نەژادپەرستی و ئایینی تایفی گەشە پێدەدات بۆ وەگەڕخستنی جەنگ و پڕکردنەوەی چاوچنۆکی خۆیان. لە نموونە زۆر بەناوبانگەکان؛ بانگەوازی هیتلر بوو، کاتێک میللەتی ئەڵمانی جۆش دەدا بە درۆی( ئەڵمانیا لەسەروی هەمووانە). یان لەپێناو دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ جوولەکە دەیانگووت (جوولەکە میللەتی هەڵبژێردراوی خوایە). نموونە زۆرن بۆ خورافاتی ئایدیەلۆجی، بۆ خۆڵکردنە چاوی جەماوەر و دوورخستنەوەیان لە مرۆڤایەتی.حکومەتی ئەڵمانی پێشوازی لە پەنابەرانی سووری کرد، بۆ پڕکردنەوەی بازاڕی ئەڵمانی بە هێزی کاری هەرزان. لەهەمان کاتیشدا؛ پشتیوانی لە تیرۆریزم دەکات لە سوریا، و کار دەکات بۆ جێخستنی توندوتیژی ئیسلامی لە ئەڵمانیا لە بەرامبەر خەباتی چینایەتی، لەجیاتی ڕیشەکێشکردنی. بۆیە بەشێوەیەکی سروشتی ڕۆحی دوژمنکاری لەلای باڵی ڕااستی کۆمەڵگەی ئەڵمانی زیندوودەبێتەوە دژ بە کۆچبەران، وەک پەرچەکردارێکی سروشتی. بەڵام ویژدانی ئینسانی لە ناخی جەماوەری ئەڵمانیدا جێگیرە، و گڵاوی نەخشەکانی حکومەت کاریان تێناکات.

تێبینی: ئەم بابەتە لەبۆپێشەوەی ژمارە ٣٨ کە بەرواری ١٥ی ئۆکتۆبەر بڵاوبۆتەوە

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *