دەربارەی ڕفاندنی عەبدوڵڵا ئۆجالان

دیمانەیەکی گرنگ لەگەڵ
مەنسور حکمەت
دەربارەی ڕفاندنی عەبدوڵڵا ئۆجالان

پەیوەند بە بڕیاری تازەی ئەمریکا بە بەخشینی بڕی ١٢ ملیۆن دۆلار بۆ دەسنیشان کردنی شوێنی سێ سەرکردەی (پەکەکە)، پێگەی مەسەلەی کورد بە شیوەی گشتی لە سیاسەت و ستڕاتیژی ئەمریکا و دۆسێی ڕفاندنی عەبدوڵڵا ئۆجالان ساڵی ١٩٩٩ ڕۆڵی ناسیۆنالیزمی کورد و حزبەکانی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، هێشتا ئەم دیمانەیە لەگەڵ مەنسور حکمەت بە کاراییەوە لە سیاقی ئەمڕۆی سیاسەتی جیهانیدا پڕە لە زانیاری و خاڵی گرنگ. لەو ڕووەوە کە پرسەکە زۆرتر پەیوەستە بە خەڵکی کوردستان و کێشەی لە مێژینەی ستەمی سەر کورد، بە پیویستم زانی دەقی تەواوی دیمانەکە وەرگێڕم بۆ زمانی کوردی. بەو هیوایەی بگاتە بەردەست زۆرترین هاوڵاتیانی کوردزمان.
حەمە غەفور

ڕفاندنی ئۆجالان، هۆکار و ئەنجامەکانی

سیاوەش مودەڕیسی: وێڕای سوپاسگوزاری بۆ کاتێک کە بە ئێمەت بەخشی، ڕێگا بدەن بەم پرسیارە دەست پێ بکەم: بە بۆچوونی تۆ دەستگیری وە لە ڕاستیدا ڕفاندنی عەبدوڵڵا ئۆجالان، ڕابەری پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا، بۆچی ڕوو بە ڕووی کاردانەوەیەکی بەم چەشنە فراوان و ناکۆک بوویەوە لە لایەن خەڵکی کورد و دەوڵەتانی ئەوروپاییەوە؟

مەنسور حکمەت: بەرفراوانیی کاردانەوەی خەڵکی کورد هەرگیز چاوەڕووان نەکراو نەبوو. خێرایی کاری ئەوان بۆ خستنەڕێی جووڵانەوەیەکی سەرتاسەری لەم ئاستەدا هەڵبەت چاوەڕوان کراو بوو. هەر بەو جۆرەی کە ووتت ناوبردنی ئەم هەنگاوە بە دەستگیر کردن بێ پاساوە. ئەمە نموونەیەکی زیندووی ئینسان ڕفاندن و تیرۆریزمی دەوڵەتی بوو، وە ڕێک هەر ئەم ڕووە ملهوڕانە و قەهراوییەی مەسەلەکەیە کە تووندیی مەشاعری کوردانی دانیشتووی ئەوروپا ڕوون دەکاتەوە. ئەگەر ئۆجالان لە کردەوەیەکی سەربازی و ڕوو بە ڕوو لەگەڵ تورکیا دیل بکرایە، بە بڕوای من مەودای کاردانەوەکان هێوڕتر دەبوو. دزینی ئۆجالان بوو بە سیمبۆلێکی زیندوو لە بێ مافیی خەڵکی کورد. ئۆجالان سیاسەتمەدارێکی ناسیۆنالیستی کوردە. ئەمەی کە ئەشێ بە ئاشکرا لەبەر چاوی هەمووانەوە لە پیلانێکا بە بەشداری دەوڵەتانێکی ڕۆژئاوایی ڕابەری حزبێکی سیاسی بدزرێ و ڕادەستی دوژمنێک بکرێتەوە، کە حوکمی ئیعدامی دەرکردووە، هێجگار دڕندانە و ئیستفزازییە. کەسانی چەشنی ئۆجالان، بە ئایدیۆلۆجیای نەوعی ئۆجالان و بە پێگەی هەڵبژاردن و دامێنی لایەنگرانیانەوە کە ڕەنگە سنووردارتریش لە ئۆجالان بن، ئەمڕۆ سەرۆکی دەوڵەتان و شەخسیاتی سیاسی ووڵاتانی کۆنەپەرستی ناوچەکەن. تاوانی ئۆجالان ئەمەیە کە کوردە، هاوڵاتی پلە دووهەم و نکوڵی لێکراوی ووڵاتێکە کە لەوێدا هاتۆتە ژیانەوە و حاڵی حازریش بەخاوەن بوونی ووڵاتیش بۆ کوردەکان لە بۆرسەدا نییە.

لە پەیوەند بە کاردانەوەی دەوڵەتانی غەربییەوە دڵنیا نیم ئینتیباعێکی یەکسانمان هەبێ. بە ڕای من ەبم جۆرە دەکەوێتەوە، ئێوە ئەڵمانیاتان لەبەر چاو گرتووە کە پێدەچێ خەریکە لەم دەرفەتە کەڵ وەردەگرێ تا دەست و پێی پەناخوازان زیاتر ببەستێ. بەڵام من پێموانییە کە دەوڵەتانی دیکە لەم پێشهاتە خۆشحاڵ بن. ئەوە ڕوونە کاردانەوەی دەستبەجێی ئەمانە ڕاوەستانە لە کەناری ئەمریکادا. بەڵام بێگومانم ئەم هەنگاوەی تورکیا لە پاڵپشتیی چالاکی دەوڵەتانی غەربی بەهرەمەند نابێ.

سیاوەش مودەڕیسی: ئینسان ڕفاندنی سیاسیانە پێشینەی دوور و درێژی هەیە لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانا، لە هەر بارێکدا دەوڵەتانی ئینسان ڕفێن یان تیرۆریزمی دەوڵەتی ئامانجی دیاری کراویان لەبەر چاوە، لە بارەی ئەم ڕفاندنەی ئۆجالانەوە سیاسەتی ئەمریکا و دەوڵەتانی ئەوروپایی لەگەڵ تورکیا چۆن ڕوون دەکەیتەوە؟

مەنسور حکمەت: تورکیا ئەندامی ناتۆیە. ئەمریکا و غەرب کەڵک لە بنکەکانی وەردەگرن بۆ چاودێری ئاسمانیی عێراق. تورکیا دۆست و هاوپەیمانی دەوڵەتانی غەربییە. بەڵام مەرج نییە ئەندامێکی مەحبوبی کۆمەڵگا ئەوروپییەکان بێ. بەم پێیە هەم پاڵپشتی لێ دەکەن هەم دووریی خۆیان لەگەڵی دەپارێزن. من تەسەور ناکەم دەوڵەتانی ئەوروپایی لە ژێرەوە بەم ئینسان ڕفاندنە خۆشحاڵ بن. تورکیا و ئەمریکا ئەمانیان خستە بەردەم ئەمری واقع و ئەمانیش جگە لە تەئیید چارەیەکی تریان نییە. بەڵام ئەم هەنگاوە پەیوەندی دەوڵەتانی ئەوروپایی لەگەڵ تورکیا هەستیارتر دەکا، بە تایبەتی ئەگەر ئۆجالان حوکم بدرێ بە ئیعدام.

سیاوەش مودەڕیسی: سیاسەتی دووفاقیی دەوڵەتی ئەمریکا دەرهەق مەسەلەی کورد لە کوردستانی عێراق و تورکیا چۆن ڕوون دەکرێتەوە، وە لە بنچینەدا هاوکاری ئەمریکا بۆ ڕفاندنی ئۆجالان چ کاریگەرییەکی لەسەر نەخشەکاری ئەمریکا دەبێ لە کوردستانی عێراق؟ ئایا هەڵبژاردنێک کە بڕیارە بەم نزیکانە بەڕێوە بچێ لە کوردستانی عێراق و بە ڕەسمی ناسینی حکومەتی ئۆتۆنۆمیی کورد لە باکووری عێراق لەگەڵ سەرکوتی خەباتی قەومیی لە کوردستانی تورکیا ناکۆک نییە؟

مەنسور حکمەت: ئاشکرایە کە بۆ ئەوان ناکۆک نییە. فاکتەری چارەنووس ساز لەم نێوەدا پەیوەندی ئەمریکایە لەگەڵ دەوڵەتانی عێراق و تورکیا. خاڵی هەڵسانی ئەمریکا مەسەلەی کورد نییە. هەڵبژاردنی کوردستانی عێراق، هەڵبەت ئەگەر سەربگرێ و ببێتە شتێک، ڕەنگدانەوەیەکی بڕیاری ئەمریکایە بۆ ڕاگرتنی گوشار لەسەر ڕژێمی عێراق نەک لوتفی تازە نەفەسی ئەمریکا بەرامبەر مافە مەدەنییەکانی خەڵکی کوردستان. پاڵپشتی کردن لە سەرکوت لە خوارووی تورکیاش هەم ڕەنگدانەوەی دۆستایەتیی ستڕاتیژی ئەمریکایە لەگەڵ تورکیا. بە بڕوای من دزینی ئۆجالان خۆی لە خۆیدا هیچ گۆڕانێک لە سیاسەتی ئەمریکا لە کوردستانی عێراق پێش ناهێنێ. هەر وەک ووتم خاڵی هەڵسانی ئەمریکا مەسەلەی کورد یان مافە مەدەنییەکانی خەڵکی کوردستان نییە. دۆسێی ئۆجالان، تەنیا بەم ئیعتیبارە ئەشێ بارودۆخ بگۆڕێ، کە هەندێ کاریگەری بەسەر ڕەوەندە سیاسییەکانی نێوان خەڵکی کوردستانی عێراق و تورکیا، وە هەروەها پەناخوازانی کورد دابنێ لە ڕۆژئاوا. هەر گۆڕانێک لە سیاسەتی غەرب و ئەمریکا دەرهەق بە مەسەلەی کورد، تەنیا دەتوانێ لە گوشارێکەوە سەرچاوە بگرێ کە بزووتنەوە سیاسییەکان لە کوردستانی عێراق و تورکیاوە لەسەر غەرب دایدەنێن. بە بڕوای من ئەم گوشارە تا ئەم ساتەش زۆر کەم بووە. ناسیۆنالیزمی کورد، کە لە فەزای سیاسیی کوردستانی عێراق و تورکیادا باڵادەستە، بزووتنەوەیەکی نەزۆک و چەق بەستووە و هەڵگری هیچ جۆرە پێگە خوازییەکی سیاسی نییە. بیرکردنەوەی زاڵ بەسەر سەرانی ناسیۆنالیزمی کوردا لە بنەڕەتەوە نیوکۆڵۆنیالییە. دەیانەوێ وەک بەکرێ گیراو کوردستان بەوێنەی سەرزەمینێک بدرێتە دەستیان نەک کۆمەڵگەیەکی شارستانی یان ووڵاتێکی بۆ درووست بکەن. ئامادەن ئەم بەکرێ گیراوییەش لەهەر کەسێک وەربگرن کە بتوانێ بیانداتێ. ئەگەر مۆر و ئیمزا بە دەستی سەدام حسەین بێ کۆڕنووش بۆ ئەو لایە دەبەن، ئەگەر بە دەستی ئەمریکا بێ بۆ ئەو لایە. کێشەی مێژوویی خەڵکی کوردستان ئەمەیە کە ئاڵوگۆڕی سیاسی – حزبیی ئەم کۆمەڵگەیە لە ئاڵوگۆڕی مەدەنی – فکریی ئەو دواکەوتووە. خەڵکێکی مۆدێرن، سەردەمی و تێگەییشتوو، دیلی ناسیۆنالیزمێکی عەشیرەیین، کە کلکی دەوڵەتانی ستەمگەری ناوچەکەیە، وە بە سەرکوتی قەهراوی پێشی گرتووە بە گەشە سەندنی سیاسی و هاتنە ئارای پەیکەرەی نوێی خەبات بۆ ئازادی و یەکسانی. ڕێگاچارە گەشە سەندنی سۆشیالیزم و کۆمۆنیزمی کرێکارییە لە کوردستان.

سیاوەش مودەڕیسی: هات و هاواری تەعدیلی سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر بە مەسەلەی کورد دوای وەشاندنی ئەم گورزە لە پەکەکە بەرزبۆتەوە، تا چ ڕادەیەک دەتوانرێ خۆلادان لەم پرۆسەیە بە نەشیاو هەڵسەنگێنرێ؟

مەنسور حکمەت: نەک تەنیا هەرگیز نابێ بە قابیلی خۆ لێ لادان تەسەور نەکرێ، بەڵکو لە واقعدا دەبی لە هەبوونی زەمینە و سیاقی ماددی بۆ پرۆسەیەکی وا بە گومان بین. کێشەی تورکیا پەکەکە نییە، شۆڤێنیزمی تورکە کە هۆکار و خولقێنەری مەسەلەی کوردە لەم ووڵاتەیا. لەوانەیە دەوڵەتی تورکیا، بە تایبەتی ئەگەر بتوانێ ئۆجالان ناچار بکا کە بانگەواز بۆ تەسلیم بوونی ڕێکخراوەکەی بدا، خۆی لە پێگەیەکا ببینێتەوە کە جۆرێک لە سیاسەتی سۆزداری لەگەڵ خەڵکی کورد لە پاڵ سەرکوتی پەکەکەیا عەمەلی و خوازراو نیشان بدا. بەڵام ئەمە وەرچەرخانی بنەڕەتی و ستڕاتیژی نابێ. من ئاماژەیەک لە گۆڕانی چۆنێتیی مامەڵەی دەوڵەتی تورکیا، یان غەرب، یاخود ئەمریکا بە شێوەیەکی تایبەتی بەرامبەر بە مەسەلەی کورد نابینم.

سیاوەش مودەڕیسی: لەم ڕۆژانەی دواییدا شایەدی خەباتی خوێناوی و بەربڵاوی شارەکانی کوردستانی ئێران بووین، خەباتێک کە بە جۆرێک کێشراوەتە ڕاگەیاندنی حکومەتی سەربازی. داخوازی و درووشمەکانی ئەم خەباتە جیاواز بوون، هەندێ جار بۆ دیفاع لە ئۆجالان و هەندێ جاریش بە شێوەی ڕاستەوخۆ دژی جمهوری ئیسلامی. بە بۆچوونی تۆ دەستگیر کردنی ئۆجالان تا چ ئاستێک فاکتەری توندبوونەوەی ئەم خەبات و ناڕەزاییانە بووە؟ ئایا هاوکاتبوونی ناڕەزایی و خەباتی خەڵکی کورد زمان لە ئەستەنبوڵ و سنە و مهاباد و سلێمانی، وە پێکهاتنی حکومەتی ئۆتۆنۆمیی کورد لە باکووری عێراق مەودایەکی تازە نادا بە مەسەلەی کورد لە ناوچەکەدا؟

مەنسور حکمەت: هەرگیز دڵتان بە حکومەتی خودموختار خۆش مەکەن لە باکووری عێراق. تەنانەت ئەگەر حکومەتێکی بەم جۆرەش درووست ببێ، هێشتا ڕۆڵی ئامڕازێک دەبینێ لە سنووری گوشاری غەرب بۆ سەر عێراق. حکومەتی خودموختار لە کوردستانی عێراق کاتێک دەبێتە مەقولەیەکی جددی کە چارەنووسی هەقی حاکمییەتی خودی عێراق، ڕوون بووبێتەوە. بە عیبارەتێکی تر تا کاتێک چارەنووسی عێراق مەعلوم نەبێ، خودموختاری کوردستانی عێراقیش هەم دیاردەیەکی تێپەڕ و تاکتیکی دەبێ. ئەگەر باس لەسەر پێکهێنانی ووڵاتێکی سەربەخۆیە لە کوردستانی عێراق و جیابوونەوەی چارەنووسی ئەوە لە پەیوەندی نێوان ڕۆژئاوا و دەوڵەتی سەدام حسەین، بە بڕوای من ئێمە لەگەڵ یەک ئاڵوگۆڕی مێژوویی بەرەوڕوو دەبووین. بەڵام ئاشکرایە کە باسێکی بەم چەشنە لە ئارادا نییە. هەڵبەت ئەمە بەم مانایە نییە کە دەبێ بەرامبەر بە پڕۆژەی حکومەتی خودموختار لە کوردستانی عێراق بە کەمتەرخەمی و ساردیییەوە، یاخود بە موخالەفەت کردن هەڵسوکەوت بکرێ. لەوانەیە کۆمۆنیزمی کرێکاری لە عێراق لەم پرۆسەیەدا تەنانەت بەشداری بکا. بەڵام دەبێ مەحدودییەت و خەسڵەتی تێپەڕی ئەو بناسرێ و درووست وەکو ئەوانی دیکە ئەو پرسە وەکو ئامڕازێک تەماشا بکرێ لە پێناو گەییشتن بە ئامانجی گرنگتردا.
ناڕەزایی لە پەیوەند بە مەسەلەی ئۆجالانەوە لە ئێستادا هێوڕبۆتەوە. لە خودی ئێرانا ئەم دۆسێیە بوویە بیانوویەک کە خەڵک لە دژی ڕژێمی ئیسلامی بێنە مەیدان و بە کردەوە مەسەلەی ئۆجالان تەرکیزی کرایە سەر. ئاشکرایە ئەم شەپۆلی ناڕەزاییانە سەبارەت بە دۆسێی ئۆجالان شکڵی گرت و هاوکات بوون و بەرفراوانیی ناڕەزاییەکانیش هەر بەم دەلیلە بوو. بەڵام مەسەلەی گرنگتر لە پشت ئەم جۆش و خرۆشەوە، مەسەلەی مێژوویی کوردە، وە بنچینەی ئەویش هەم ئەو ستەمەیە کە لە خەڵکی کورد دەکرێ لە ووڵاتانی جیاوازدا.

سیاوەش مودەڕیسی: لە ڕوانگەی تۆوە سیاسەتی ئوسوڵیی بەرامبەر بە مەسەلەی کورد کامەیە؟

مەنسور حکمەت: چەند ووڵات بوونی مەسەلەی کورد، هەروەها جۆرا و جۆر بوونی زمانی ئاخاوتن لە ناوخۆی خودی خەڵکی کوردستانا، تایبەتمەندییەکی هێجگار ئاڵۆزی داوە بە مەسەلەی کورد. وەڵامی ئوسوڵی لە گۆشە دیدگای منەوە وەک کۆمۆنیستێک، شۆڕشی کرێکارییە لە ناوچەکە و کۆتایی هێنانە بە هەر جۆرە هەڵاواردنێک، لەوانەش هەڵاواردنی قەومی و نەژادی. کاتێ ئینسانەکان هێندە ئازاد بن کە هەر کەس وەکو خۆی، وەک ئینسانێک بە شوناس و تایبەتمەندیی فەردیی خۆیەوە، موعتەبەر و موحتەرەم بێ، ئیتر خەڵک پێویستییەکیان بەمە نابێ بۆ هەست کردن بە ئەمن و ئارامی و حورمەت، ناچاربن ناسنامەی ئیتنی و مەزهەبی و نەژادی و قەومی بۆ خۆیان داتاشن. وەڵامی ئوسوڵی بە زوڵم و هەڵاواردن، کۆمۆنیزمە. بەڵام لە نەبوونی وەڵامێکی لەم چەشنەدا، هێشتا دەتوانرێ دەستمان بگا بە هەلومەرجێکی گەلێ ئینسانی تر و عادلانەتر لەمەی ئەمڕۆ. بە بروای من مەوداکانی مەسەلەی کورد بە جۆرێکە کە لانی کەم لە سێ ووڵاتی تورکیا و عێراق و ئێراندا دەبێ خەڵکێک کە خۆیان بە کورد دەزانن ئەم مافەیان پێ ڕەوا ببینرێ کە لە ڕیفراندۆمێکی ئازاددا، دەربارەی جیابوونەوە یان مانەوە لەگەڵ ئەم ووڵاتانەیا بڕیار بدەن. من چەند ساڵێک پێش ئێستا لە نووسینێکا دەربارەی کوردستانی عێراق بە دیاری کراوی بەرگریم کرد لە دامەزراندنی ووڵاتێکی سەربەخۆ لە کوردستانی عێراقدا. واقعییەت ئەمەیە کە ناسیۆنالیزمی کورد و هێژموونی ڕێکخراوە ناسیۆنالیستەکان و زۆر جاریش تەنانەت عەشیرەیی، بەسەر ژیانی سیاسی خەڵکی کوردستانەوە، بەرهەمی حەتمیی زوڵمی قەومییە. بە بڕوای من لە ووڵاتێکی سەربەخۆدا لە کوردستانی عێراق، ڕێکخراوەکانی چەشنی یەکێتی نیشتمانی و حزبی دیموکراتی بارزانی، بە خێرایی دەکەونە لاوە و ئەحزابی سیاسی مۆدێرن و بەتایبەتی حزب و ڕێکخراو گەلی چەپ و کرێکاری دێنە پێشەوەی مەیدانی سیاسەت. باڵادەستیی تاڵەبانییەکان و بەرزانییەکان، بەرئەنجامی پاشکۆیەتی و فەرعی بوون و زەبروزەنگی ڕژێمە کۆنەپەرستەکانی ئەم ووڵاتانەیە.

سیاوەش مودەڕیسی: سوپاس گوزارم لە تۆ و بە هیوای دیمانەکانی داهاتوومان.

ژمارە ٤ گۆڤاری (پوشە) نیسان

*وەرگێڕانی لە فارسییەوە، حەمە غەفور
٧ نۆڤەمبەر ٢٠١٨

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *