هەواڵی نارەزایەتییە کرێکاریی و جەماوەرییەکان

ئامادەکردنی: شوان عەزیز و ئاراس رەشید

کۆماری ئیسلامی ئێران کرێکاران دەخاتە زیندانەوە لەسەر ئەوەی داوای هەقدەستە پێنەدراوەکانیان دەکەن!

دادگای ئێران سزای زیندانی و شەلاق کردنی سەپاند بەسەر١٥ کرێکاری سەر بە کۆمپانایای هیپکۆ بەهۆی بەشداری کردنیان لە مانگرتنەکاندا!

لقی ١٠٦ ی دادگای ئاڕاکی تایبەت بە تاوانباران سزای زیندانی لە یەک ساڵەوە بۆ دوو ساڵ و نیو، هەروەها لێدانی ٧٤ شەلاق سەپاند بەسەر ١٥ کرێکاری سەر بەکۆمپانیای هیپکۆ.

ئەو سزا زیندانیەی کرێکاران بە وتەی دادگا لەوەوە هاتووە؛ کە ئەو کرێکارانە بوونەتە هۆی تێکدانی سیستەمی گشتی، و هەروەها هانی کرێکارانیان داوە ڕاستەوخۆ  لەڕێگەی سۆشیال میدیا و ئەنتەرنێتەوە کە مانبگرن و خۆپیشاندان ئەنجام بدەن لە ئایاری ڕابردوودا .

جێگەی باسە کرێکارەکانی کۆمپانیای هیپکۆ بەبەردەوامی مانگرتن و خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن کاتێک کە کرێکانیان دوابکەوێت یاخوود پێیان نەدرێت. هەروەها مانگرتنیان ئەنجامداوە لەبەرنەبوونی سەلامەتی کارو یاساکانی تەندروستی لەسەرکار. هەروەها خراپی بەڕێوەبردن و خراپی و نەشارەزایی بەڕێوەبەرایەتی کۆمپانیاکە وای کردووە کە ڕێژەی ئەندازیارانی لێوەشاوە و تایبەتمەند بەرەو کەم بوونەوە بڕوات. بۆ نممونە لە لە ٨ هەزار ئەندازیارەوە هاتۆتەخوار بۆ  یەک هەزار.

جێگەی باسە کە ئیتیحادیە و سەندیکانی ئێران پێیان وایە ئەو کاردانەوەیەی کۆماری ئیسلامی بەزیندانیکردنی کرێکارانی کۆمپانیای هیپکۆ وەک ئاگاداریەک وایە بۆ کرێکاران کە دەست نەبەن بۆ مانگرتن و خۆپیشاندان!

کۆمپانیای هیپکۆ کۆمپانیایەکی ئێرانیە کە تایبەتە بە بەرهەمهێنان و دروستکردنی کەلوپەل و ئامڕازە قورسەکانی دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی ڕێگاوبان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوین. ئەو کۆمپانیایە لەساڵی ٢٠٠١ درایە سێکتەری ئەهلی، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، بۆیە هێنرایەوە نێو سێکتەری گشتی. بەڵام ساڵی پار دیسان درایەوە بە سێکتەری تایبەت.

 

کرێکاران و ستافی دادگایەک لە نیوزلەندا دەست دەدەنە ناڕەزایەتی و مانگرتن!

 

بە پێی هەواڵێکی ماڵپەڕی جەستیس گۆڤەرمەنت کە ماڵپەڕێکی ڕەسمی دەوڵەتییە، هەروەها ئۆنتاگۆ دەیلی نیوز، کرێکاران و ستافی دادگای ناوچەی دویدین دەست دەکەن بە ناڕەزایەتی دەربڕین و پڕۆتێست.

ئەو مانگرتنەی کرێکاران و ستافەکەی دادگا بەشێکی لەپێناوی باشترکردن و زیادکردنی کرێکانیاندا بووەو بەشێکی تریشی، بە پێی لێدوانی جێگری دادوەری تاوانەکان، لەبەر کەڵەکەبوون و زیادبوونی گرفتەکانی ناو دادگادا بووە. دەوروبەری ٣٠ کەس لە کرێکاران و ستافی دادگاکە و کەسانێکی تریش کە پشتگیری داواکانیان دەکرد بەشداری ئەو مانگرتنەیان کرد. ئەو مانگرتنە بەشێکیش بوو لەکاری پیشەسازی نیشتیمانی کە بەدوای هەوڵێکی شکستخواردووی وەزیری داددا هات، کە دەیەویست فەرمانی دادوەری بەدەست بهێنێت لەدژی ئەنجومەنی خزمەتگوزاری گشتی کارەبا.

جێگەی باسە کە ئەو جۆرە مانگرتنانە لە مانگی سێپتەمبەرەوە بەردەوامیان هەیە وەک بەشێکیش لە کاری پیشەسازی نیشتیمانی. هەروەها لە لایەکی تریشەوە وەزارەتی داد پێشنیاری پێدانی ٧٥٠ دۆلارو زیادکردنی ٦٪ موچەی بۆ کرێکارەکان و ستافی دادگاکە کردووە، بەڵام لەلایەن ئەوانەوە ڕەتکراوەتەوە. کرێکاران و ستافی دادگاکە داوای زیادکردنی ١١٪ ی موچەکانیان دەکەن.

ئەو مانگرتنە لەلایەن چەندین ئیتیحادیەو سەندیکاوە پشتگیریان بۆ ڕاگەێنراوە. بۆ نموونە لەلایەن فێرست یونیەن و تڕاموەیز یونیەن.

 

کرێکارانی کۆمپانیای شەکری حەوت تەبەق لە ئێران دەست دەکەنەوە بە مانگرتن!

بە پێی هەواڵێک کە لە ماڵپەڕی تایبەتی شەهروخ زەمانیدا بڵاوکراوەتەوە، کرێکارانی قامیشی شەکری حەوت تەبەق دیسان دەستیان دایەوە خۆپیشاندان و مانگرتن.

ئەوەی کە جێگەی باسە کرێکارانی کۆمپانیای بەرهەمهێنانی شەکری حەوت تەبەق چەندینجار خۆپیشاندان و مانگرتنیان ئەنجام داوە و چەندین داواکاریان پێشکەش بە دەسەڵاتداران کردووە کە پەیوەستن بە زیادکردنی کرێ و باشترکردنی بارودۆخی کارو سەلامەتی و تەندروستی سەر کار.

لە مانگی هەشتی ڕابردووی ئەم ساڵدا، لە خۆپیشاندان و مانگرتنێکدا کە ئەو کرێکارانە ئەنجامیاندا، فشارو تینێکی کاریگەریان بۆ دەسەڵاتدارانی پەیوەست بەو کۆمپانیایە هێنا. هەر بۆیەش دەسەڵاتداران بەڵێنی جێبەجێکردنی داواکاریەکانی کرێکارانی ئەو کۆمپانیایەیاندا.

کرێکارەکان لە ڕێگەی نوێنەرەکانیانەوە داواکاریەکانیان بەرزکردەوە و مانگرتنەکانیان ڕاگرت، و چاوەڕێی وەڵامی ئەرێنی دەسەڵاتداران بوون، بەڵام تاکو ئێستاش دەسەڵاتداران وەک پیشەی هەمیشەییان هیچ کام لە داواکاریەکانیان جێبەجێ نەکردووە.

ئەوەی کە جێگەی ئاماژەیە و هەڵوێستە لەسەرکردنە ئەوەیە؛ کە کرێکارەکان دوای ئەوەی کە بێ هیوا بوون لە دەسەڵاتداران، بڕیاری دەست پێکردنەوەی مانگرتنەکانیاندا. وا بۆ ڕۆژی سێیەم دەچێت کە کرێکارەکان لە مانگرتن و خۆپیشانداندان. و دەسەڵاتدارانیان تێگەیاندووە کە ئەوان چاوەڕێ دەکەن تاچەند ڕۆژێکیتر و ئیتر خۆپیشاندانەکانیان دەبەنە قۆناغێکی ترەوە.

 

کرێکارانی سەر بە میوانخانەکان لە سەرتاسەری جیهاندا جەخت دەکەنەوە لە خەباتیان لە پێناوی مافەکانیاندا !

ئەو کرێکارانەی کە لە ناو میوانخانەکاندا کاری پاکردنەوەو هەندێک کاری ناوخۆیی ناو میوانخانەکان دەکەن، لە هەفتەی چالاکی و کاری جیهانی پێنجەمدا جەخت لەسەر خەباتیان بۆ مافەکانیان دەکەنەوە لەناو سەندیکای جیهانی( ئای یو ئێف) دا.

ئەو کرێکارانە دەیانەوێت لە ڕێگەی سەندیکاکەی خۆیانەوە دوپاتی داواکارییە هەمیشەییەکانیان بکەنەوە کە خۆی دەبینێتەوە لەچەند داواکاریەکی هەمیشەیی لە وانە:

کرێ و هەقدەستێکی شیاو، دڵنیایی لە بەردەوامی کارەکانیان، سەلامەتی شوێنی کارەکانیان، لێپێچینەوە و سزادانی ئەوانەی گێچەڵی سێکسی ئەنجام دەدەن و هەروەها نەهێشتن و قەدەغەکردنی گێچەڵی سێکسی بە هەموو شێوەکانیەوە کە تووشی کرێکارە ژنەکان دەبێتەوە لە ناو میوانخانەکاندا.

جێگەی باسە؛ کە ئەم ساڵ لە زۆرێک لە وڵاتەکانی جیهاندا سەندیکاکانی سەر بە کرێکارانی میوانخانەکان تەواوی داواکاریەکانیان ئاراستەی گەورەترین کۆمپانیای میوانخانەکان لە جیهاندا کرد. هەروەها  ئەندامەکانی سەر بە سەندیکای جیهانی  ئای یو ئێف ویستیان لە هەفتەی جیهانی کاردا ئەوە وەک نمایشێک پیشان بدەن بۆ هاوکاری و هاوپشتی و پشتگیری بۆ ئەندامە مانگرتووەکانی سەندیکای یونایتد هیەر لە کۆمپانیای ماریۆتی میوانخانەکان لە ئەمەریکا.

لە ماوەی ئەو هەفتەیەدا کرێکارەکان چەندین خۆپیشاندان و چالاکی جۆربەجۆریان ئەنجامدا، وەک ۆڕک شۆپ و کۆبوونەوە لەگەڵ خەڵک و ئەندامەکانی سەندیکاکان لە زۆرێک لە وڵاتەکان، بۆ نموونە لە فیلیپین، ئیندۆنیسیا، کەمبۆدیا، بەرازیل، ئەرجەنتین و سویسرا بۆئەوەی تەواوی خەڵک ئاشنا بن و هەروەها ئاگاداری ڕەوشی ئەو کرێکارانە بن کە لە میوانخانەکاندا کاردەکەن.

تێبینی: ئای یو ئێف سەندیکایەکی کرێکاری جیهانیە کە ئەمانە لە خۆ دەگرێت:

ئیتیحادیەی جیهانی بۆ خۆراک، کشتوکاڵ و توتن، میوانخانەکان، چێشتخانەکان، هەروەها چەندین کۆمەڵەو سەندیکای هاوپەیمانی جیهانی تر لەو بوارەدا.

مانگرتنی کرێکارانی پۆست و بەرید زوربەی شارەکانی کەنەدا دەگرێتەوە و لەگەڵ ئەوەشدا دانوستان و گفتوگۆ بەردەوامە!

لە زوربەی شارو پارێزگاکانی کەنەدادا، کرێکارانی پۆست و بەرید دەستیان دایە مانگرتن و بۆ چەند ڕۆژێک کارەکانیان ڕاگرت.

کرێکارانی پۆست و بەریدی کەنەدا ئەوە یەکەم جاریان نییە کە مانگرتن دەکەن، بەڵکو هەمیشە و زۆر بە کەمی دەبینرێت کە ساڵێک تێپەڕ ببێت بێ بوونی مانگرتنی کرێکارانی پۆست و بەرید لە کەنەدا.

ئەم جارەیان بە پێی هەواڵێکی تەلەفزیۆنی سی تی ڤی کرێکارانی پۆست و بەریدی کەنەدا لە ئۆکتۆبەری ٢٢ وە لە پارێزگاکانی ڤانکۆڤەر، ئەدمینتن، ئەڵتا،  ئۆنتاریۆ، کوێبێک و چەندین شارو شارۆچکەی کەنەدا مانگرتنیان دەست پێکردو کارەکانیان ڕاگرت.

وتەبێژی پۆست و بەریدی کەنەدا لە وتەیەکیدا دەڵێت: ” ڤانکۆڤەر بریتیە لە کلیلی شارو پارێزگاکانی تری کەنەدا لە بواری پۆست و بەریداو هەر ئەو شارەشە کە بووەتە مەڵبەندی هینان و بردن و دابەشکردنی پۆستەکان بە هەموو شێوەکانیەوە. بۆیە مانگرتنی کرێکارەکانی پۆست و بەرید لەو شارەداو پەڕینەوەی بۆ شوێنەکانی تری کەنەدا بە دڵنیایەوە تەئیسیرێکی خراپ دەکاتە سەر بواری پۆستەو بەریدو وەدواکەوتن دروست دەبێت. بۆیە دەبێت خەڵک بە گشتی چاوەڕێی وەدواکەوتنی پۆستەکانیان بکەن”.

یەکیەتی کرێکارانی پۆستەو بەریدی کەنەدا دەڵێت ئەوە بۆ دوو خول دەچێت و دوای ١٠ مانگ لە دانوستان و گفتوگۆ نەگەیشتونەتە هیچ ڕێکەوتنێک لەگەڵ دەسەڵاتی پۆست وبەریدی کەنەدا.

لە ئۆکتۆبەری ٢٢ دا بەپێی ڕاگەیاندنی پۆست و بەریدی کەنەدا لە زیاتر لە ١٥٠ شوێن و شارو شارۆچکەی کەنەدادا مانگرتن کراوە.

بە پێی وتەی یەکیەتی کرێکارانی پۆست و بەریدی کەنەدا ئەوان دەیانەوێت کە کرێکاران نابێت لە هەشت کاتژمێر ڕۆژانە زیاتر کاربکەن و ئەوەش لە هەفتەیەکدا دەکاتە چل کاتژمێر.

مانگرتنی ئەمجارەیان بەشێوەی نۆرە ڕێکخستووە، واتە هەر هەفتەیەی چەند ناوچەیەک، چونکە ئەو یەکێتیە بەسەر ٢٠٨ ناوچە لەسەرتاسەری کەنەدا دابەشکراوە.

شایانی باسە بەپێی ئاماری ساڵی ٢٠٠٦ نزیکەی ٥٤٠٠٠ کرێکاری ئەندام لەخۆدەگرێت و بە ڕادیکاڵترین یەکێتیەکانی کەنەدا ئەژمار دەکرێت.

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٠ بەرواری ١٥/١١/٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە… 

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *