فیلمی ١٤ تەموز، دەسەڵات وەکو فیلمێک!

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

وا بڕیار بوو، ئەمرۆ ١/١٢/٢٠١٨ فیلمی کوردی ١٤ تەموز لە سینەما سالمی سلێمانی پێشکەش بکرێت، بەڵام ئاسایشی سلیمانی بەرواری ٢٧ ی مانگ واتە پێش چوار رۆژ لە نمایشی فیلمەکە، ئاگاداری بەڕێوەبەری سینەما سالم دەکەنەوە، کە رێگا نادەن ئەو فیلمە پێشکەش بکرێت. ئاسایشی سلێمانی لە وەڵامی سینەما سالمدا، کەداوای نووسراوەی رەسمیان کردووە، وتوویانە” خۆمان تووشی سەرئێشە ناکەین” ، چونکە ”ئەوان بە هیچ شێوازێک ڕێگە نادەن ئەم فیلمە نمایش بکرێت”… ئەو فیلمە باس لە ستەم و درندەیی رژێمی فاشیستی تورکیا دەکات، دژ بە زیندانیانی سیاسی لە تورکیا… و لەدەرهێنانی هاشم بایدەمیرە. بەجیا لەوەی ناوەرۆکی فیلمەکە بەشیوەی گشتی چۆنە و نمایشی چ بزوتنەوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەکات، وە بەدەر لەوەی فیلمێکی سەرکەتووە یان نا… رێگەگرتن لەوە نمایش بکرێت، پیشیلکردنێکی ئاشکرای ئازادی بەیان و بیروباوەر و کاری میدیاییە و راگەیاندن و رەخنەگرتن و داسەپاندنی سانسۆرێکی دیکتاتۆریانەیە.

کۆردستان شانۆ و سەکۆی، دەیان و سەدان نمایشی ئاشکرای سەرکوت و بێمافییە، شانۆ و سەکۆی دەست ئاوەڵای سەدان باندی مافیایی و بارەگای رژێمە چنگ خوێناوییەکانی ناوچەکەیە، ستەیجی نمایشی بەرپرسە حزبی و حکومیەکانی نۆکەر پیشەی تورکیاو ئیرانە. دەرگای ئاوەڵای دەستێوەردان و شکاندنی شکۆی هاوڵاتیانی کوردستانە، گۆرەپانی سەرکوتی سیاسی و لێوان رێژ لە رۆژنامەنووسان و نووسەرانی نەیاری دەسەڵات و پیرۆزییە لیخنەکانە و ئەو مقەدەساتە قەومی و دینی و تایفی و نیشتیمانی و کەلتوری و مێژووییانەیە، کە بوونەیە رێگایەک بۆ ژیرپێخستنی ئاشکرای پیرۆزیییە ئینسانیەکان و مافە جیهانداگرەکانی ئینسان و مافە زۆر سادە فەردی و مەدەنییەکان.

نمایشێکی شانۆیی یان فیلمێکی سینەمایی، دانانی پەیکەرێکی خۆشەویستی، لیکۆڵینەوەو توێژینەوەیەکی زانستی،  هۆنراوە و تیکستێکی باڵای رەخنەگر لە حەڵاڵەکانی سەرخانی کۆمەڵگە، دەرخستنی روویەکی واقعی دیارەیەکی قیزەونی ماوە بەسەرچوو، رەخنە گرتن و پەردەهەڵماڵین لە کەلتورو ئەخلاقیاتی زاڵی کۆمەڵگە، ئاماژەدان و رەخنەگرتنی ریشەیی لە پیرۆزییە!! دینی و قەومی و نیشتیمانی و رەمزو سەرۆک و… لە یاساکاندا، دەسەڵات و خێڵی کۆنەپەست توشی ڕاچەنین و دەکات و عەقڵ و دەماریان تەکان دەدات. ئەوە لە کاتێکدایە بێشەرمانەش بە دیموکراسییەوە دەفشن، سەر و بنی زمان و ئازادی و ریزگرتن لە مافی مرۆڤ و سەروەی یاسا و باسی پێشکەوتنخوازییە…

دەرکردنی بڕیار لەلایەن جیگری سەرۆکی حکومەتەوە، سەبارەت بە مۆڵەتی یاسایی ئەحزب کە ئاشکرایە جێبەجێکردنی مەئموریەتی رژێمی فاشیستی تورکیایە بۆ داخستنی بارەگاکانی هیزێکی ئۆپۆزیسیۆنی تورکی و پاشان رێگە نەدان بە فیلمێک کە گۆشەیەک لە درندەیی و هەسار پچراوی دەسەڵاتی… رژێمی فاشیستی تورکیا، دەخاتە روو… راستیەک سەد بارە دەخاتەوە روو، ڕاستی دەسەڵاتی حزبۆکراتی و میلیشیایی و عادەتگرتوو بە گرێگرتەیی. راستییەک کە ناوەرۆکی دەسەڵاتی بزوتنەوەکەی نەک لە فیلمێکدا، یان لەسەر شانۆیەک، بەڵکو لە ئاستی کۆمەڵگەو کۆمەڵایەتیدا نمایش دەکات. دەسەڵات ریگە لە فیلمیک لە هۆڵێکی سینەما و داخراو دەگرێت، وەکو مەئموریەت و خزمەتێک بە تورکیا یان بە وڵاتانی تر، بەڵام لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا و کۆمەڵگەدا، سەرکوتگەری خۆی نمایش دەکات. چ بێ شەرمیەکە!! لە پای گوێرایەڵی بە وڵاتانی ناوچەکە، رۆژ بەرۆژ بانگی ئاشکرای یاساغکردنی ئازادی بدەیت و کلیل و قفڵەکانی کڵۆمکردنی ئەو کەمە ئازادییەی بەرهەمی کەشی نیمچەکراوەی کوردستان و خرۆشانی ساڵی ١٩٩١ کوردستانە، وەکو حەربەی سەرکوت و سانسۆر توند بەدەستەوە بگریت…

ئەو دەسەڵاتەی ئاوا خو و عادەت بە نۆکەرایەتیەوە دەگرێت، جگە لە سوک و بوون و بێ بەهابوونەکەی، دوای کۆتاییهاتنی مەئموریەتەکەی… بەسوکی کەنار دەخرێت.

خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان و لە پێشیانەوە، هونەرمەندان و شانۆکاران و ئەدەب دۆست و نووسەر و رۆژنامەنووسانی ئازادو تینوی واقعی ئازادی، دەبێ لەبەرامبەر بەو هەنگاوانەی دەسەڵات و هەوڵە بەردەوامەکانیان بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان و سەرکوتی سیاسی، بێدەنگ نەبن و لەریزێکی سەربەخۆدا، شیوازی خەباتکارانە بۆ وەستانەوە بە روویدا بگرنە بەر و رێگە نەدەن ئەو پەراوێزە لە ئازادی و دۆخی کۆتنڕۆڵنەکراوی کوردستان، کڵۆم بدرێت و کوردستانیش ببێتە جێگایەک بۆجێبەجێکردنی بریاری وڵاتانی ناوچەکە.

تێبینی: ئەم بابەتە لەبۆپێشەوەی ژمارە ٤١ی بەرواری ١/١٢/٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە… 

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *