هێرش بۆ سەر تەڤگەری ئازادی، هێرشە بۆسەر ئازادی و ئازادییە سیاسیەکان

، و نۆکەرایەتییە بۆ وڵاتانی سەرکوتگەری ناوچەکە

دوای بڕیارەکەی قوباد تاڵەبانی، هەموو بارەگاکانی تەڤگەری ئازادی دادەخرێن و کونسوڵی تورکیاش ئەو هەنگاوەی یەکێتی بەرزدەنرخێنێت…

 

٢٥/١١/٢٠١٨ جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم! قوباد تاڵەبانی بریارێکی دەکرد کە ئەو حزب و ڕیکخراوە سیاسیانەی مۆڵەتی فەرمیان نییە، دادەخرێن…

هەر بەدوای ئەو بڕیارەدا، بەرق ئاسا ٢٧/١١/٢٠١٨ هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی دوای ئەوەی مۆڵەتی ٢٤ سەعاتیان دا بە تەڤگەر کە بارەگاکانیان دابخەن،  پاشان بەزۆری هێز لەهەموو شاروشارۆچکەکانی کوردستان دا، سەرجەم نووسینگەو بارەگاکانی تەڤگەریان بە پاساوی نەبوونی مۆڵەتی یاسایی داخست و ژمارەیەک لە ئەندامانیشیان بۆ ماوەیەک دەستگیر یان دەست بەسەرکران… جێگای باسە کە تەڤگەری ئازادی لەگەڵ دامەزراندنیدا لەساڵی ٢٠١٤ داوای مۆڵەتی یاساییان کردووە، بەڵام وەڵامیان نەدراوەتەوە، هاوکات تەڤگەری ئازادی وەکو لایەنێکی سیاسی لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانەوە بە بەفەرمی پەسەندکراوەو ژمارە ١٣٩ی پێدراوە و مۆڵەتی یاسایشی لە حکومەتی ناوەندی! وەرگرتووە.

بڕیاری دەرکردنی یاسایی جێگری سەرۆکی حکومەت، بۆ ئەو حزب و رێکخراوە سیاسیانەی مۆڵەتی یاساییان نییە، هەروەها وەڵام نەدانەوە بەداواکاری ئەو حزب و لایەنە سیاسیانەی داوای مۆڵەتی یاسایی دەکەن، دوای ئەوەهات کە یەکێتی و بەرپرسانی دەوڵەتی تورکیا کۆبونەوەیەکی دوو قۆڵیان ئەنجامدا. بۆیە ئەم هیرشە راستەوخۆ پەیوەندی بە مامەڵەی یەکێتی و ئەو سەفەقاتە دیبلۆماسیانەوە هەیە، تا لە ڕیگایەوە، هەر کاتێک ویستیان نۆکەری پیشەیی بە داوای وڵاتانی کۆنەپەرست و چنگ خوێناوی ناوچەکە نیشان بدەن. بۆیە دوای چوار ساڵ لە دامەزراندنی ئەو رێکخراوەو هەڵسوڕانی، ئیستا کە دەوڵەتی فاشیستی تورکیا داوا دەکات، یەکێتی نیشتیمانی بەدەم بانگەوازی تورکایەوە دەچێت، تا لەچوارچیوەی نۆژەنکردنەوەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ تورکیادا، تەڤگەری ئازادی بکاتە قوربانی و ریگەی هەڵسورانی یاساییان لێبگرێت. یەکیتی لەکاتێکدا هیرش دەکاتە سەر بارەگاکانی تەڤگەر، کە بەبەرچاوی خەلکی کوردستان و دنیاوە، دەیان بنکەو بارەگا و باندنی دەوڵەتی فاشیستی تورکیاو ئیران لە کوردستاندا تەراتین دەکەن و دەرگایان بۆ لەسەر پشتە.

تەڤگەری ئازادی ئۆپۆزیسێۆنی دەوڵەتی تورکیایەو ڕێکخراوەیەکی بێ چەک و وەکو خۆیان دەڵێن، پابەندی هەموو یاساو بریارە یاساییەکانی دەسەڵاتی هەرێمن و بریاری داخستنیشیان لەلایەن دەسەڵاتی زۆنی سەوزەوە راستەوخۆ گوێرایەڵییە بە داوای دەوڵەتی تورکیا و وەکو سەفقیەک بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵیدا. هەر لەچوارچێوەی ئەو مەئموریەتە پڕ ریسواییەی یەکێتیدا، ٢٩ی ئەم مانگە کۆنسوڵی تورکیا لەچوارچێوەی کۆبونەوەیەکی لەگەڵ لایەنە تورکمانەکان، ستایشی ئەو هەنگاوەی یەکێتی کرد و بە گرنگی وەسف کرد.

بریاری قوباد تاڵەبانی بۆ داخستن و بەیاساغ نیشاندنی ئەو حزب و ڕێکخراوە سیاسیانەی مۆڵەتی یاساییان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە!! پێ نەدراوەو هێرشی دەزگاکانی ئاسایش و داخستنی بارەگاکانی تەڤگەر، بەجیا لەوەی لە بنەرەتدا پێشێلکردنی ئاشکرای ئازادی و ئازادییە سیاسیەکانی و هەڵسورانی حزب و لایەنە سیاسیەکانە، هاوکات پەیمان نوێکردنەوەی نۆکەر پیشەییە بە داوای وڵاتانی ناوچەکەو بەتایبەتیش ئیران و تورکیا… ئێمە لەکاتێکدا بەتوندی ئیدانەی بریاری سەرکوتگەرانە و دژە ئازادی جیگری سەرۆکی حکومەت و هێرشی دەزگاکانی ئاسایش بۆسەر نووسینگەکانیان و داخستنیان دەکەین، هاوکاتیش ئەو نۆکەر سفەتییەی حکومەت! و حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان بە وڵاتە کۆنەپەرست و سەرکوتکەرەکانی ناوچەکە ریسوا دەکەین. وەخوازیاریین کە بەرەی ئازادیخوازو پێشکەوتنخوازی کوردستان، رێگە نەدەن لە ژێر هیچ بەهانەیەکی درۆزنانەو پوچدا هیرشەکانیان بۆ سەر ئازادییەکان توند بکەنەوە، کاری ڕیكخراو حزبە سیاسیەکان، چ هی ناوخۆی کوردستان و چ حزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکان، سنورداو یان یاساغ بکەن.

بۆپێشەوە

٢٩/١١/٢٠١٨

 

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *