حکومەتی تونس موسادەقە لەسەر پڕۆژە یاسای یەکسانی ژن و پیاو لە میرات دا دەکات! ….

خەڵک و ژنانی ئازادیخوازو یەکسانیخوازی تونس، بەرەی کۆنەپەرستی دەشکێنن و یاسای دژە ژنی شەریعەتی ئیسلامی وەلادەنێن!

حکومەتی تونس موسادەقە لەسەر پڕۆژە یاسای یەکسانی ژن و پیاو لە میرات دا دەکات!

ئامادەکردنی: شوان عەزیز

 

حکومەتی تونس کۆمەڵێک یاسای گرنگ لە پەیوەند بە یەکسانی ژن و پیاوەوە دەردەکات. ئەمەش بەهەرەسێکی تر دادەنرێت بۆ بەرەی کۆنەپەرستی و دژە ژنی شەریعەتی ئیسلامی لە نێو دەستووری تونس دا. لە نێو ئەو یاسایانەدا یەکسانی ژن و پیاوە لە میرات دا.  ئەمەش وەک هەواڵێکی گرنگ کەوتۆتە بەردەستی ڕاگەیاندنەکانەوە.

بۆ نموونە لە ماڵپەڕی القدس العربیدا بڵاوکراوەتەوەو ئەنازۆڵیش کۆپیەکی لەو بەیانە دەست کەوتووە کە لە سەرۆکایەتی حکومەتی تونسەوە دەرچووە.

هەندێک لەو یاسایانەی کە حکومەتی تونس دەری کردوون وە دەیەوێت بیانخاتە بواری جێبەجێکردنەوە لە پەیوەند بە یەکسانی ژن و پیاوەوە ئەمانەی خوارەوە بەشێکیانن:

 

١-یاسای ماف و ئازادیەکانی تاک ٢-لابردنی حوکمی یاسای ئیسلامی لە سەر مافە فەردی و مەدەنیەکان ٣- هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان ٤-یەکسانی منداڵان لە نێوانی ئەوانەی کە لە ناو خێزاندا لە دایک دەبن و ئەوانەشی کە لەدەرەوەی خێزاندا  لە دایک دەبن ٥- یەکسانی ژن و پیاو کە پێشتریش یاسای بۆ دانراوەو خراوەتە دەستووری تونسەوە ٦- یەکسانی ژن و پیاو لە میرات و تەواوی بوارەکانی تری ژیاندا. ٧- دەستکاری کردن و هەموارکردنەوەی یاسایەکی پێشووتر کە ڕێگەی نەدەدا کە کچێکی موسڵمان شوو بە کوڕێکی نا موسلمان بکات. ئێستاو بە پێی یاسای تازە بەڵێ موسڵمان بۆی هەیە چ کوڕ چ کچ زەواج بکەن لەگەڵ غەیرە موسڵمانێک.

ئەمانەی سەرەوە بەشێکن لەو یاسایانەی کە حکومەتی تونس بە سەرۆکایەتی سەرۆک سەبسی دەریکردوون و دەیەوێت بیانخاتە بواری جێبەجێکردنەوە.

خاڵی گرنگ و پڕشنگدار لەو یاسایانەدا بۆ بەرەی مەدەنیەت و یەکسانیخوازو ئازادیخوازو لەسەرووی هەمووشیانەوەو لە هەموویان گرنگتر بۆ بەرەی ژنان ئەوەیە کە زوربەی ئەو یاسایانە دژایەتی حوکم و یاساو شەریعەتی ئیسلامی دەکەن. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە خەڵکی وڵاتی تونس بە گشتی و بە تایبەتیش ژنانی ئەو وەڵاتە ڕۆڵی کاریگەریان هەیە و حکومەتیان ناچارکردووە کە گوێیان لێبگرێت .

بۆیە دەرکردنی ئەو یاسایانە  چاکەیەک نییە کە حکومەتی تونس لە خۆشی خۆیەوە دەری کردبن و وەک دەسکەوتێکی ئەو دەسەڵاتە بە خەڵک و بە تایبەتی بە ژنانی تونسی بفرۆشێتەوە. ئەمە بەرهەمی مەدەنیەتی کۆمەڵگایە کە دەسەڵات ناتوانێت لێی ڕابکات. ئەمە بەرهەمی ژنانی تونسە. هەروەک عەبدوڵا مەحمود دەڵێت:”دیارە ئەمەش خێرو سەدەقەی دەسەڵات نییە، بەڵکو بەرهەمی چوونە پێشی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری و ڕەوتی مەدەنی وبزووتنەوە کۆمەڵایەتییە پێشکەوتنخوازەکانی ترە”

تەنانەت سەرۆکی تونس خۆشی ڕووبەڕووی خەڵکی تونس لە مەڕاسیمی ڕۆژی نیشتیمانی ژناندا وتی “ئیتر نە باوی ئەوە ماوە نە ئیتر سەردەمی ئەوە ماوە کە ژن و پیاو یەکسان نەبن”

سەرۆکی تونس لە بۆنەی جەژنی نیشتیمانی ژنانی تونس دا لە وتەیەکیدا کە بۆ ئاپۆڕای خەڵک و ژنان قسەی دەکرد وتی: “ژن و پیاو یەکسانن نەک هەر لە میرات دا، بەڵکو لە تەواوی بەش وجومگەکانی ژیاندا. ئەمەش لە دەستووری تونس دا چەسپاوە”

ئەم قسەیەی سەرۆک هەروەک خۆشی لە قسەکانیدا ڕوونکردنەوەی زیاتری لەسەردا لەسەر بابەتی یەکسانی ژن و پیاوانەوە، ئەوە دەگەیەنێت کە بە پێی یاسای تازە ژن و پیاو لە تەواوی مەجالەکاندا دەبێت یەکسان بن، نەک هەر لە مەسەلەی میرات دابەشکردندا.

ئەم یاسایانەی تونس کە زوربەیان لە بەرژەوەندی ژناندان و ڕووی مەدەنیەتی کۆمەڵگەی تونسی نیشانی جیهان دەدەن، بەرەی دژایەتی کردنیان هەیەو کێشمەکێش وجەدەلی زۆری لە نێو کۆمەڵگەی تونسیدا درووست کردووە. تەنانەت هەندێک لایان وایە ئەم یاسایانەی تونس بوونەتە یاخوود دەبنە پرسی جیهانی و قسەیان لەسەر دەکرێت.

بەرەی کۆنەپەرستی و دژە یەکسانی و مەدەنیەت کە یاساو حوکمی شەریعەتی ئیسلامی ڕابەرایەتی دەکات دەستەوەستان دانەنیشتوون و ئەوەتا بە هەزارانیان کەوتوونەتە سەرشەقامەکانی شارەکانی تونس و دژایەتی خۆیان بۆ ئەو یاسا تازانە نیشان دەدەن. پاساوی ئەو بەرە کۆنەپەرستە بەپێی لێدوان و وتاف و شیعارەکانیان ئەوەیە کە ئەم یاسا تازانە کۆمەڵگەی تونسی خراپ دەکەن و بەتایبەتی دەبنە هۆی لێکهەڵوەشاندنی خێزانی تونسی، بەڵام هەروەک سەرۆکی تونسیش ئاماژەی پێداوە ئیتر سەردەمی ئەو قسەو پاساوە سواو و کۆنانە نەماوەو ئیتر خەڵکی چی تر باوەڕی بەم پاساوانە نییە

پرسیارەکە لێرەدایە” ئایا خەڵکی تونس و بە تایبەتی ژنانی تونس خۆیان بۆ ئەوە ئامادە دەکەن یاخود لە توانایاندا هەیە کە پارێزگاری لەو یاسایانە بکەن؟

بۆیە دەبێت بەرەی مەدەنی و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی و یەکسانیخوازی جا با لە دەرەوەی تونسیش بێت ئەبێ ئەو دەسکەوتەی خەڵک و ژنانی تونس بەهی خۆی بزانێت و بەرگریشی لێ بکات. چونکە ئێمە دەبینین کە بەرەی کۆنەپەرستی بەرەیەکی جیهانیەو لۆکاڵی نییە، بۆیە لە هەر سوچێکی ئەو جیهانە تروسکەیەکی مەدەنیەت ببینن لێی دەکەونە تەقە.

 

تێبینی: ئەم بابەتە لەبۆپێشەوەی ژمارە ٤١ی بەرواری ١/١٢/٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە… 

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *