کابینەی نۆهەمی حکومەت، کابینەی سەرکوت و بێمافی کرێکاران و بێبەشانی کۆمەڵگەیە!

عەبدوڵا مەحمود

هەموو ئاماژەکان، ئەو راستیە بەیان دەکەن، کە حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی چ ئەوانەی دەسەڵاتیان لە رێگای زۆری هێزو پاوانی داهاتەوە، نزیک بە سێ دەهەیە داسەپاندووەو چ زوربەی حزبەکانی بەناو ئۆپۆزیسێۆن، لەسەر ئەوە کۆکن کە هەرچی زووە حکومەتێک بەهێز!! دروست بکەن و چوارساڵی ئارام فەراهەم بکەن، لە رێگای خامۆشکردنی نارەزایەتی شەقامەوە.

ریشەی هەوڵێکی ئاوا یەکگرتوانەی زۆربەی حزبەکانی ناو خانەوادەی بۆرژوازی کورد، “بەدەسەڵات و ئۆپۆزیسێۆنەوە” بۆ خامۆشکردنی شەقام، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەنەفرەتی قوڵی جەماوەری کرێکارو بێدەرەتانی کوردستانەوە هەیە، کە لە گاڵتەجاری هەڵبژاردندا، بە بەشداری نەکردن و بایکۆت کردن، نیشانیاندا. ئەم بەشداری نەکردن و بایکۆتەی هەڵبژاردن، زەنگی مەترسی لەسەر دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی لێداو هەموو بزوتنەوەی بۆرژوازی کوردی لە مەترسی ڕاچەنین و ڕاسانی داهاتوو بێدارکردووە. وەڵامدانەوە بەو مەترسییە نەک هەر بوو بە کاری لەپێشینەی حزبەکانی دەسەڵات، بەڵکو بوو بەهۆی ئەوەی ئۆپۆزیسێۆنی!! دەسەڵاتیش، تەکان بدات و ناچاری بکات، رێگایەک بۆ دەرچوون لەو دۆخە بگرێتەبەر و هەرچۆنێک بووە ئەزموونی شکستخواردووی بزوتنەوەی کوردایەتی پارێزراو رابگرێت.

راگرتن و پاراستنی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی، کە دەمێکە کەوتۆتە بەردەم تورەیی و غەزەبی جەماوەری ناڕازی، یەکێک لە ڕێگا سەرەکیەکانی بەوە مەیسەر دەبێت، ئەو بزوتنەوەیە نارەزایەتییەی شەقام، بزوتنەوەی جەماوەری بێبەش و برسیکراو، موچەبراو، بێبەش لەسەرەتاییترین خزمەتگوزاریەکانی وەکو ئاو و کارەبا و سوتەمەنی و ناڵاندن بەدەست وێرانی سیستەمی پەروەردەو تەندروستی و…تاد، خامۆش بکرێت. تا لەدرێژەی ئەو خامۆشی و بێدەنگیەدا ئەو خزمەتگوازییە نیوە ناچڵانەی ماون هەرزان فرۆشی کەرتی تایبەتی بکەن و لەو رێگایەوە هەم کەڵەکەی سەرمایەی زۆرتر مەیسەر بێت و هەم ئاستی دزی و تاڵانی روپۆشکراوتربێت. حکومەتیش شانخاڵی لەوەڵامدانەوە بە ویست و خواستی هاوڵاتیان بێتە دەرەوە.

بانگەشەی حکومەتێکی بە‌‌هێز و چوار ساڵی ئارام لەلایەن پارتییەوە، دانانی مەرج  بۆ ئەو لایەنانەی دەیانەوێت لە کابینەی نۆهەمدا بەشدار بن، نازین بەغروری سەرکەوتن و زۆری کورسییەوە، تا دەگاتە ئامادەیی یەکێتی بۆ بوون بە شەریکە بەشی بێ رکەبار و لەگەڵ پارتی و سازدانەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵیدا کە هەمان وتام بۆنی ڕیکەوتنی ستراتیژی پێشویان بدات، تا دەگاتە سەما و تامەزرۆی ئاشکرای بزوتنەوەی گۆڕانی نەیاری یەکێتی لە زۆنی سەوزدا، بۆ پارتی و لە پێناو بەشداری کردن لە حکومەتی داهاتوودا. هەموو ئەمانە یەکریزی بزوتنەوەی بۆرژوازی کورد” ئەگەر کاتیش بێت” بۆ پیکهێنانی کابینەی حکومەت!! بۆ کۆنترۆڵی شەقام و بێدەنگ کردنی نارەزایەتی رەوای خەڵکی کوردستان بەیان دەکەن.

دیارە بانگەشەی دروستکردنی حکومەتی بەهێز، لە ناو دڵی دۆخی سیاسی عێراق و کوردستان و ئاڵوگۆرەکانی دوای ١٦ ئۆکتۆبەر و ئەو هاوسەنگییە تازەیەی هاتە ئاراوە، درۆیەکی ئاشکراییە. حکومەتی هەرێمی کوردستان و کابینەی نوێ کە بڕیارە پێکبێت، بە تەواوەتی لە بەرامبەر بە بەغدادا، لاوازتر و گوێرایەڵ تر دەبێت و دەسەڵاتەکانی لەپەیوەند بەپرسی فرۆشتنی نەوت و غاز، دەروازە سنورییەکان، ململانێ لەسەر ناوچەکێشە لەسەرەکان و کەرکوک،  فرۆکەخانەکان، سنوردارتر و کەم کراوەتەوە. بۆیە حكومەتی بەهێز لەبەرامبەر بە بەغدادا نییە. لەسەر ئاستی ناوچەکەش پێگەی بزوتنەوەی کوردایەتی بەگشتی بەدوای ١٦ ئۆکتۆبەردا بەرەوخوار و داکشانی بەرجەستە بووەو و لەگەڵ بەهێز بوونەوەی دەسەڵاتی ناوەندیدا، دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی کاراکتەری پێشوو نییە و مایە لەسەر دانراو نەماوە… بەهەموو ئەو فاکتانەوە باسی حکومەتی بەهیز، کە پارتی پایەکانیەتی، باسی دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردە و خۆریکخستنەوەیەتی لەبەرامبەر بە خەڵکی کوردستاندا، کە ئەویش بێ کیشە نییە. راستە یەکێتی کورسی کەمی کردووە و وەکو پارتییەکان دەڵین مامەڵە لەگەڵ یەکێتی بە شێوەی فیفتی فیفی و پەنجا بە پەنجا ناکەن، بەڵام دەسەڵاتی زۆنی سەوز، لە پرسی ئیدارەدانەوە تا داهات و سامان و دەزگای ئەمنی… وەکو پێشو پاوانی یەکێتیە، حکومەت و کابینەی نۆهەم  و بەدیاریکراوی پارتی ناتوانێ دەسەڵاتێکی زۆرتر لە پێشووی لە زۆنی سەوزدا هەبێت… و یەکیتی ئەگەر بەشداری حکومەتیش نەکات و هیچ پۆستیکیشی لەلایەن پارتییەوە لە حکومەتدا پی نەدرێت، خاوەنی دەسەڵاتی سەرەکییە لە زۆنی سەوزدا و ئەوەی دەتوانێت و رێگری و کۆسپ بۆ یەکێتی دابنێت لەزۆنی سەوزدا، بزوتنەوەی نەخەوتووی نارەزایەتی جەماوەری و بزوتنەوەی گۆران و ململانێ و لێکترازانی ریزەکانی ناوخۆییەتی.

ئەوەی پارتی دەیەوێت، ئەوەیە یەکێتی و بزوتنەوەی گۆران وەکو دووهیزی زۆنی سەوزو رکەباری یەکتر و خاوەن جەماوەر لە زۆنی زەردا، زۆرتر دەستەمۆ بکات. هاوکات کەڵک لە ململانێکانیان بە قازانجی خۆی وەربگرێت. هەوڵی پارتی بۆئەوەیە یەکێتی و  گۆڕان بکات بە ئامرازی ئامانجە سیاسیەکانی خۆی و لەبەرامبەر بە هەنگاو نەخشە و پرۆژەکانی خۆیدا بێدەنگیان بکات، و شەقامیش لە زۆنی سەوزدا خامۆش رابگرێت. دیارە راگرتنی خامۆشی یان سەرکوت و بێدەنگەکردنی دەنگی نارەزایەتی شەقام لە زۆنی سەوز و تیکەڵ بە نیلیدا، بە یەکێتی و گۆران دەکرێت. بە کورتییەکەی ئەگەر دەسەڵاتی ناوەندی دەیەوێت لە کوردستاندا پارتی بێدەنگ و گوێرایەڵی سیاسەتەکانی ناوەند بکات، ئەوا پارتیش لە کوردستاندا دەیەوێت، یەکێتی و گۆڕان بێدەنگ و گوێرایەڵی سیاسەت و نەخشەکانی خۆی بکات… لەبەرامبەر بەو مەئموریەتەشدا، چۆن بەغدا بەشی داهات و پۆستی بەخشی بە پارتی، پارتیش لە کوردستاندا، بەشی داهات و پۆست دەبەخشیت، بە یەکێتی و گۆڕان، بێ ئەوەی دەسەڵاتی کاریگەر و یەکلاکەرەوەیان پێ ببەخشیت.

ئەو نەخشەیەی کە پارتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆهەم هەیەتی، یان باشتر بلێین، بۆ داسەپاندنی دەسەڵاتی زۆرتری خۆی هەیەتی، و پێشوازی یەکێتی و گۆرانیش لەو نەخشەیەی پارتی، بەجیا لەوەی بە زیانی یەکیتی و گۆڕان دەشکیتەوەو دەبنە قوربانی نەخشەیەکی بەرنامە بۆدارێژراوی پارتی، هاوکات پرۆژەکیشە بۆ بێدەنگکردنی شەقام و خامۆشکردنەوەی ئەو نارەزایەتیەی قوڵەی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا بەدژی دەسەڵاتی مافیایی و تاڵانچی بۆرژوازی کورد لە کوڵاندایە و یەكیتی و بزوتنەوەی گۆرانیش ئەرکیانە بەزۆری هێز زۆنی سەوزو نیلی وەکو زۆنی زەرد خامۆش بکەن و بێدەنگ رایبگرن.

جەماوەری ناڕازی کوردستان و لە پێشینانەوە زوربەی هەرە زۆری کۆمەڵگە چینی کرێکار، ئامانجی سەرەکی دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردن، لە کابینەی نوێ حکومەتدا، تا لەڕیگای سەرکوت و بێمافی زیاترەوە سەرکوت بکرێن و بەری رەنجی ماندووبوونیان، تاڵانی بکرێت و ببێتە مایەی کەڵەکەی زۆرتری سەرمایە بۆ بۆرژوازی کورد و دەسەڵاتی تاڵانچی بزوتنەوەی کوردایەتی.

چینی کرێکار لە کوردستان و لە پێشیانەوە رابەرانی کۆمۆنیست و سۆشیالیست، بۆئەوەی بەر بگرن بە هێرشی داهاتووی بۆرژاوزی کورد و حکومەتەکەی، دەبێ ببنە ئاڵاهەڵگری خواستە سەرەکیەکانی جەماوەری بێبەش و توڕەی کورستان و وەکو نوێنەرو قسەکەری بەدیهینانی مافە گشتیگرە حاشالینەکراوەکانی ئینسان لە ئازادی و ژیانێکی تەسەل و دابینکردنی دنیایەکی باشتر، لە مەیداندا بن.

کابینەی نۆهەمی حکومەت، کابینەی سازانی حزبەکانی بۆرژوازی کوردە بۆ خامۆش ڕاگرتنی شەقام و هێرش بۆسەر سفرەی کرێکاران و زەحمەتکێشان.

تێبینی: ئەم بابەتە لەبۆپێشەوەی ژمارە ٤٢ بەرواری ١٥/١٢/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە…

 

Check Also

سەربەخۆی کوردستان لەبەردەم بازرگانی بە نەوتەوە!

عوسمانی حاجی مارف حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دەسەڵاتی فرۆشتنی هەناردەی نەوت …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *