هەواڵی نارەزایەتییە کرێکاریی و جەماوەرییەکان…

ئامادەکردنی: شوان عەزیز و ئاراس رەشید

لەگەڵ پەرەسەندن و فراوانبوونەوەی خۆپیشاندانەکان لە ئێراندا، چالاکانی نێو ئیتیحادیە و سەندیکانیش ئەشکەنجە دەدرێن!

شەپۆلی ناڕەزایەتی و مانگرتن و خۆپیشاندانەکان لەسەرتاسەری پارێزگای خوزستاندا کاریگەری زۆری داناوە لەسەر دەسەڵاتدارانی ناوچەکە. هەر بۆیەش دەسەڵاتداران وەک پیشەی هەمیشەییان دەستیان کردووە بە گرتن و ئەشکەنجەدانی چالاکانی نێو سەندیکاو ئیتیحادیەکان.

کرێکارانی سەربە کارگەی ئاسنی نیشتیمانی لە ئەهواز لەیەک ساڵی ڕابردوودا لە چەندین کات و موناسەبەی جیاوازدا مانگرتنیان ئەنجامداوە.

بابەتی پێنەدان و دواکەوتنی مووچە و هەقدەست و خاوەندارێتی ئەو کارگەیە لەلایەن سێکتەری تایبەتەوە خاڵی سەرەکی و هۆی سەرەکی خۆپیشاندانەکان بووە. جێگەی باسە کە کرێکاران داوای باشترکردنی بارودۆخی شوێنی کاریان دەکەن، هەروەها دەیانەوێت کەخاوەندارێتی کۆمپانیاکە بگەڕێتەوە بۆ سێکتەری گشتی.

بۆ ئەم مەبەستە کرێکاران ڕایەڵەی هاوکاری و بەدەم یەکترەوە هاتنیان لەگەڵ کرێکارانی کۆمەڵگەی شەکری حەوت تەپە، کە دەکەوێتە شاری شوش پێکهێناوە. جێگەی باسە کە کرێکارانی کۆمەڵگەی شەکری حەوت تەپەش وا بۆ ماوەی زیاترلە مانگێک دەچێت کە لە مانگرتن و خۆپیشانداندان. مانگرتنەکانیان لەسەر کەمی و دواکەوتنی مووچەکانیانە و هەروەها لەسەر گەندەڵی دەسەڵاتداران و بەڕێوەبەرانی کۆمەڵگەکەیە .

جێگەی باسە کە مانگرتن و خۆپیشاندان لە پاڵاوگەی نەوتی عەبادانیش کە بە پڕۆژەی میترۆی ئەهواز دادەنرێت ئەنجامدراوە. هەروەها فەرمانبەرانی شارەوانی حەمیدیەش دەستەوەستان دانەنیشتوون و ئەوانیش بە هەمان شێوەی هاوڕێکانیان لە شوێنەکانی تر مانگرتن و خۆپیشاندانیان ئەنجام داوە.

هەروەک پیشەی هەمیشەییان دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی چاوی خۆیان دەنوقێن لەهەموو ئەو بێمافی و نەبوونی و خەفەقانەی کەبەسەر خەڵک و کرێکارانی ئێرانیاندا سەپاندووە. بۆیە دێن هەموو ئەو خۆپیشاندانانە هۆیەکەی دەدەنە پاڵ دەرەوەو بێگانەو دوژمنەکانی ئێران. بۆ نموونە لەم دواییانەدا عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، وتی ئەو خۆپیشاندانانە ئەمەریکا و ئیسڕائیلیان لەپشتەوەیە و بۆ ئەوەیە تا ئابووری ئێران بەرە و لاوازی بەرن. بەڵام کرێکارەکان دەڵێن نەخێر ئەمە ڕاست نییە، و ئێرانیش دەچوێنن بە” ماڵی دزان “!. کرێکاران دەڵێن دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی نموونەیان نییە لە جیهاندا لە دزی و گەندەڵیدا. بۆیە نابێت باوەڕ بە دەسەڵاتداران بکرێت لە دروستکردنی دوژمنێک لەدەرەوەی ئێران و خۆیان. ئەوان پێیان وایە دوژمن ئەمەریکا نییە و ئەوەتە لەناوخۆی ئێراندایە کە بریتیە لە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران و بۆیە دەبێت لەدژی ئەو دوژمنە بجەنگین.

ئەندامانی کۆمیونیتی کرێکارانی چینی لە ئوستڕالیا دەستیان داوەتە خەبات!

ئەو کرێکارانە داوای ئەوە دەکەن کرێی سەعات کاریان بۆ بەرز بکرێتەوە. هەروەها داوای ئەوەش دەکەن کە گرنگی زیاتر بدرێت بە بارودۆخی کرێکاران و شوێنی کارکردنیان لەلایەن دەوڵەتەوە.

جوڵە و کەوتنە خۆی کرێکارانی چینی کە لە ئوسترالیا نیشتەجین و لەوێش کار دەکەن بەشێکە لە کەمپینێکی فراوانی سەرتاسەری ناو ئوسترالیا. ئەو کەمپینە بۆ ئەوەیە کە تیشک بخرێتە سەر نابەرابەریەک کە هەیە لە نێوانی ئەو کرێکارانەی کە بەڕەگەز ئوسترالی نین و ئەوانەی کە بە ڕەگەز ئوسترالین. جێگەی باسە کە کرێکارانی بە ڕەگەز چینی و هەموو ئەو کرێکارە بیانیانەی کە لە ئوسترالیا کاردەکەن لە لایەکەوە کرێی سەعات کاریان کەمترە و لەلایەکی تریشەوە خەراپ بەکار دەهێنرێن. هەروەها  وەک کرێکاری بە ڕەگەز ئوسترالی سوود لە یاسای کارکردن وەرناگرن و ناچاردەکرێن کە هەرجۆرە کارێک بکەن بە کرێیەکی زۆر کەمترو لە بارودۆخێکی زۆر خەراپدا.

بۆیە ئێستا ئەو کرێکارانە لە ڕێگەی سەندیکا کریکاری و هەروەها لە ڕێگەی کۆمیونیتی خۆیانەوە دەستیان داوەتە خەبات و جموجۆڵ لە بەرامبەر دەسەڵاتدارانی دەوڵەتیەوە. ئەمەش داواکاریەکانە یەکەم: کە جیاوازی نەکرێن لەگەڵ کرێکارانی بەڕەگەز ئوسترالی لە هەقدەست و کرێی سەعاتکاردا. دووەم: باشترکردنی سەلامەتی و تەندروستی شوێنی کارکردن بۆ کرێکاری چینیش. سێهەم: هەلی کاریان بۆ بڕەخسێنرێت و دڵنیایی بەردەوام بوونیشیان  پێبدرێت لەسەر کارەکانیان.

جێگەی باسە کە نەبوونی کار یا کەمی  کار بۆ کرێکارانی چینی و هەموو کرێکارە کۆچبەرەکانیتر هۆیەکەی دەگەڕێننەوە بۆ لاوازی زمان و جیاوازی کەلتووری. دەڵێن ئەوانە زمانی ئینگلیزی نازانن و کەلتووریشیان بە جۆرێکی زۆر جیاوازە کە وایان لێدەکات زۆر بە زەحمەت کاری ڕەسمیان دەست بکەوێت. یاخوود دەڵێن ئەو شوێنانەی کە خاوەنەکانیان چینین، بۆ نموونە چێشتخانە چینیەکان مامەڵە بە زۆری بە پارەی کاشەوە دەکەن، ئەمەش ڕێگە خۆش دەکات تا کرێکارانی چینی کە لەناویاندا کار دەکەن زیاتر هەست بە چەوساندنەوە بکەن. وە هەمیشە ئەو کرێکارانە هەم کەلتووری خۆیان وەک خۆی دەمێنێتەوە و هەمیش زمانی ئینگلیزی فێر نابن یاخوود درەنگ فێری دەبن.

شێوەی بەکارهێنانی کرێکارە چینیەکان بەچەند شێوەیەکە بۆ نموونە: کرێکار هەیە دوای دوو سەعات کارکردن پێی دەڵێن بڕۆرەوە کار نییە، یان کار هێواشە و ئەمڕۆ تۆمان ناوێت. یان کرێکار هەیە دوای دوو مانگ لە کارکردن دەری دەکەن و هیچ مافێکیشی پێ ڕەوا نابینن. یان کرێی زۆر کەمیان دەدەنێ و ئەویش بەکاشە و ناویان وەک کرێکار لە لیستی کرێکاراندا نییە. کەواتە لە کاتی کارکردندا ئەگەر ئەو کرێکارە تووشی ڕووداوێکی ناخۆش بوو بۆ نموونە شوێنێکی سووتا هیچ حسابێکی کرێکاری بۆ ناکرێت.

سەندیکا پیشەییەکانی هەنگاریا ناڕەزایەتی لە دژی یاسایەکی حکومەتی ئەو وڵاتە دەردەبڕن!

حکومەتی هەنگاریا پلانی زیادکردنی ژمارەی سەعاتکارەکانی زێدەکاری هەیە لە ٢٥٠ سەعاتەوە بۆ ٤٠٠ سەعات لەساڵێکدا. هەروەها سووککردنی تەگەرە و بەربەست لەڕێی هەندێک یاسای کاری تردا کە ئەوەش کرێکاران بە دژایەتیکردنی بەرژەوەندی خۆیانی دەبینن.

هەر بۆیە ئیتیحادیە و سەندیکا پیشەییەکانی ئەو وڵاتە ناڕەزایەتی توندی خۆیان لە دژی ئەو هەنگاو و پلانانەی حکومەت دەربڕی.

حکومەت دەڵێت ئەو پلانەمان بۆیە هەیە، تاکو لەلایەکەوە هەلێک بڕەخسێنین بۆ کرێکاران تاکو سەعاتکاری زیاتریان هەبێت و بەمەش پارەی زیاتر پەیدا دەکەن. هەروەها بەم پلانە هەلی باش بۆ کۆمپانیا بیانیەکان دەڕەخسێنرێت، تاکو سەرمایەکانیان لە وڵاتی ئێمەدا بخەنە کارو بەمەش ئابووری هەنگاریا بەرزدەبێتەوە. بۆ نموونە: کۆمپانیای ماشێنی ئەڵمانی لە هەنگاریا.  لەلایەکی تریشەوە حکومەت پێی وایە بەم پلانەیان نەقس و کەمی کرێکار پڕ دەکەنەوە لە سێکتەری کاردا.

لایەکی مەبەستەکەی حکومەت لەم پلانەدا کە نەقسی کرێکارە لەو وڵاتەدا هۆیەکەی ئەوەیە کە ڕێژەی بەساڵاچوان لەو وڵاتەدا ڕووی لەهەڵکشان کردووە و ئیتر توانای کارکردنیان نەماوە. هۆیەکی تریش لە نەقسی کرێکار لەو وڵاتەدا ئەوەیە کە هەقدەست بە بەراورد لەگەڵ وڵاتەکانی تری ئەوروپا زۆر کەمە. هەر بۆیەش کرێکارەکانی هەنگاریا ڕوو دەکاتە وڵاتانی تری ئەوروپا بۆ کارکردن و بەمەش نەقسی کرێکار لەو وڵاتی هەنگاریادا دروست دەبێت..

بەڵام کرێکاران ئەم پلانەی حکومەت بە دژی بەرژەوەندیەکانی خۆیانی دەبینن. ئەوان ئەو پلانە بە پلانی یاسای کۆیلایەتی وەسف دەکەن. کرێکاران ئەو پلانە وا دەبینن کە زیاتر لەبەرژەوەندی کۆمپانیاکاندایە و بەم یاسایە زیاتر سەرمایەکانیان کەڵەکە دەکەن لەسەر حیسابی چینی کارگەر.

کرێکاران دەڵێن حکومەت بە زیادکردنی زێدەکاری لەساڵێکدا بۆ ٤٠٠ سەعات؛ وەک ئەوە وایە کە ڕۆژێکی تەواو زیاد بکرێت لە هەفتەیەکدا بۆ کارکردن. ئەمەش لەبەرژەوەندی کرێکاراندا نییە و دژایەتی یاسای پێنج ڕۆژ کارکردن لەهەفتەیەکدا دەکات.

کۆماری پەت و سێدارەی ئیسلامی ئێران ناچار دەکرێت بە بەردانی چەند چالاکوانێک و مانگرتنەکانیش هەر بەردەوامن!

بە پێی هەواڵێکی ڕادیۆ فەردا کە لە ڕۆژی ١٢ی ئەم مانگەدا بڵاوی کردەوە، کۆماری ئیسلامی ئەو پۆلە چالاکەی بەردا کە ڕۆژی پێشتر لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە گیرابوون. سەندیکای کرێکارانی تاران و کۆمپانیای گواستنەوەی هێڵەکانی دەوروبەری شاری تاران بەربوونی ئەو پۆلە چالاکەی ڕاگەیاند هەر چەند سەعاتێک دوای گیرانیان لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە.

بە پێی لێدوانی سەندیکای کرێکارانی تاران و هێڵەکانی گواستنەوەی دەوروبەری شار دوو کەس لە ئەندامەکانیان بە ناوی: ڕەزا شەهابی و حەسەن سەییدی شەوی پێشتر گیرابوون لەناو شاری تاراندا لەگەڵ چەند چالاکێکی بواری مافە مەدەنییەکان بە ناوی : ئەمیر- عەباس ئازەر ئامەد، ڕوحام یەگانە و کەیوان مەهتەدی کە برابوون بۆ شوێنێکی نادیار. جێگەی باسە کە هۆی گرتنیان لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە نادیار بوو.

شەهابی کە کەسێکی دیارو گرنگی سەندیکای کرێکارانی تاران و کۆمپانیای هێڵەکانی گواستنەوەی دەوروبەری شاری تاران بوو هەروەها کەسێکی چالاکی بوارەکانی مافی مڕۆڤ و مافە مەدەنییەکان بوو. شەهابی لە ساڵی ٢٠١٠ گیرا لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە و سزای زیندانی بۆ ماوەی پێنج ساڵ بەسەرا سەپێنرا بە تۆمەتی تێکدانی ئاساییشی نیشتیمانی. شەهابی مانگی ئازاری ڕابردوو هاتەدەر لە زیندان و ئازاد کرا.

لە لایەکەوە ئەو بێنە و بەردەی گرتن و بەردانی کرێکاران و چالاکوانان هەیە، لە لایەکەی تریشەوە خۆپیشاندان و مانگرتنەکان نەک هەر کۆتاییان نایەت، بەڵکو هەر بەردەوامییان هەیە.

بۆ نموونە سەندیکای پیشەیی ئازادی کرێکارانی ئێرانی لە ئەکاوەنتی خۆی لەسەر تێلەگڕام نووسیویەتی دەڵێت:  ئەوە بۆ ماوەی ٢٤ ڕۆژ دەچێت بە بەردەوامی کرێکارانی گرووپی پیشەسازی نیشتیمانی ئێران لە مانگرتن و خۆپیشانداندان. ئەم گرووپە شیعارو لافیتەیان بەرزکردۆتەوە کە لەسەری نوسراوە “سوکایەتی پێکردن ئیتر قەت نابێت ببێت” ئەمە ئەوە دەسەلمێنێت کە کرێکاران و خەڵکی لێقەوماو و زۆرلێکراوی ئێران گرتن و زیندانیکردن نایان ترسێنێت و بەردەوام دەبن لە مانگرتن و خۆپیشاندان لە دژی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران.

هەر بەپێی ڕاگەیاندنەکەی گروپی پیشەسازی ئاسنی نیشتیمانی ئێران کرێکارەکانیان کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیان ئەنجامدا لەبەردەم ئۆفیسی بانکی نیشتیمانی شاری ئەهواز هەر لەو کاتەدا کە کرێکارانی تریش لە تاران ڕێپێوانیان دەکرد لەبەردەم پەڕلەمانی ئێران لە تاران بۆ پشتگیری لە کرێکارانی شوش و ئەهواز.

هەزاران مامۆستا لە تونس بۆ زیادکردنی کرێیان خۆپیشاندان دەکەن

لە شاری سەفقاسی تونسی کە دەکەوێتە (ناوەڕاست) و بە دووهەمین گەورە شارەکانی تونس دادەنرێت، هەزاران مامۆستا لەرۆژی هەینی ٧ی کانوونی یەکەم ٢٠١٨ خۆپیشاندانیان سازدا. ناڕەزایەتیەکە لەسەر بانگەوازی نەقابەی گشتی خوێندنی ئامادەیی سەربە یەکێتی گشتی کاری تونسیە. بەهەمان شێوە لە شارەکانی ویلایەتی الکاف (لە ڕۆژئاوا) و مەدەنین (لە باشوور) و سیدی بوزید (لە ناوەڕاست) ناڕەزایەتیان دەربڕی.

بەپێی هەواڵنێری فرانس پرێس، لەبەردەم بارەگای ویلایەتی سەفقاسدا گردبوونەوە کراو ئەم شیعارانەیان دەگوتەوە بەدژی وەزیری پەروەردە (حاتم بن سالم) (ئەی وەزیری فاشل، دەست لەکارکێشانەوەت چارەسەرە” جێ بێڵە”. مامۆستاکان داوای باشترکردنی هەلومەرجی دارایی و ڕێکخستنی کەرتی پەرەوەردە و جێبەجێکردنی ئەو بڕیاریارانە دەکرێت کە پێشووتر لەسەری پێکهاتوون لەگەڵ حکومەت سەبارەت بە بەرزبوونەوەی پلەکان و دەرماڵەکان.

ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایان ڕۆژی دووشەممە نەچوونە هۆڵی تاقیکردنەوەکان کە بڕیارە ئەم هەفتەیە دەستپێبکات، ئەوەش بۆ فشارخستنە سەر حکومەت بۆئەوەی وەڵامی داواکاریەکانی نەقابە بداتەوە، کە بن سالمی تاوانبار کردووە بە بڕینی مووچەکانیان بەڕێگەیەکی نامەشروع. بەپێی ڕاگەیاندنی نەقابە، ٨٠% ی مامۆستایان بەشداری نەچوونە هۆڵی تاقیکردنەوەکانیان کردووە.

لەهەمان کاتدا لە ڕادیۆی جوهرەدا وەزیری پەروەردە ئەم قسانەی نەقابەی بەدرۆ وەسفکرد، و تەنیا بەهاندانی مامۆستایانی لە قەڵەمدا بە دژی وەزارەتی پەرەوەردە.  لەلایەن خۆیەوە مرشد ئیدریس؛ بەرپرسی نەقابە بە فرانس پرێسی گووت” حکومەت هەوڵی چەواشەکردنی ڕای گشتی دەکات دژ بە ناڕەزایەتیەکانی ئەو مامۆستایانەی داوای مافە رەواکانیان دەکەن”.

 

ئەم ناڕەزایەتیانەش ڕای جیاجیای لێکەوتۆتەوە لەلایەن خوێندکار و دایکان و باوکانەوە.

 

شایانی باسە کە کەرتی پەروەردە لە تونس لە سەرەتای شۆڕشەوە لە ساڵی ٢٠١١ ەوە ناڕەزایەتی لێکەوتۆتەوە و چەند جارێک بۆتە هۆی وەستانی خوێندن. لە ساڵی ٢٠١٥ دا حکومەتی تونس ڕایگەیاند بە دەرچوونی گشت خوێندکارانی بنەڕەتی، ئەوەش بەهۆی مانگرتنی مامۆستایان لەکاتی تاقیکردنەوەکاندا. هەروەها ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی جەماوەری لەتونس لە شۆڕشی ٢٠١١ ەوە ڕووی لەهەڵکشاندایە، ئەوەش بەهۆی تێکچوونی هەلومەرجی ئابووری لە وڵات و بەرزبوونەوە و گرانی ئاستی ژیان و گوزەران.

 

ئێران… ئەو کرێکارانەی بەشداری ناڕەزایەتیەکانیان کردووە سزای زیندانی و شەلاق لێدانیان بەسەردا دەسەپێنن.

 

ڕۆژی ٥ شەممە ٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ ، ئاژانسەکانی ڕاگەیاندن بڵاویانکردەوە کە دادگای تاوانەکان لە ئیلام لە باشووری ڕۆژئاوای ئێران، حوکمی بەسەر ١٥ لەکرێکارانی بەشداربوو لە گردبوونەوەی ناڕەزایەتی نیسانی ڕابردوودا سەپاند. بەپێی ڕادیۆی زەمانەی ئێرانی، ئەو ١٥ کرێکارە ماوەی ١٥ ساڵ زیندانی ١١٠٠ شەلاقیان بەسەردا بڕاوەتەوە.

کرێکارانی پەترۆ کیمیایی لە مانگی نیسانی ڕابردوو هەستان بەداخستنی ڕێگەی چوون بۆ ئەو کۆمپانیایە. هەروەها کرێکارەکان بۆماوەی چەند ڕۆژێک لەبەردەم دەرگای کۆمپانیاکە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا دژ بە” دامەزراندنی واستە”.

خۆپیشاندانی کرێکارانی پەترۆکیمیایی لەئیلام دوای دەرکردنی ١١ کرێکار لەلایەن بەرپرسانەوە دەستیپێکرد. لەجیاتی ئەو کرێکارانە کرێکاری دیکەیان لە دەرەوەی ئەو شارە دامەزراند بوو. ئەمەش بووە هۆی تووڕەبوونی کرێکارانی کۆمپانیاکە.

کرێکارانیش بەردەوامبوون لە گردبوونەوە و ناڕەزایەتیەکانیان بۆ ماوەی ٢ هەفتە، سەرەڕای هەڕەشەی بەرپرسان لە دەرکردنیان. ئەمەش بووە هۆی بانگهێشتکردنی زۆرێک لەو کرێکارانە بۆ ناوەندە ئەمنی و دادوەریەکان.

بەپێی پێگەی” هەنگاو” کە تایبەتمەندە لەپرسی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران، کە هەندێک دۆسیەی بڵاوکردۆتەوە ئاماژە دەدات بە دەرکردنی حوکم دژ بە کرێکاران لەلایەن دادگای تاوانەکان لە ئیلام. بەپێی ئەم دۆسیانە؛ سزای گرتن بۆ ماوەی ٦ مانگ و لێدانی ٧٤ شەلاق ئەم ١٥ کرێکارە سزا دراون، بەتۆمەتی” شێواندنی ئاسایشی گشتی”. ڕاپۆرتی ئەو پێگەیە دەڵێ “دادگا ئەم سزایانەی بڕیوەتەوە بەسەریاندا، لەسەر بنەمای پێشکەشکردنی شکایەتێک لەلایەن کۆمپانیای پەترۆ کیمیاوەیەوە لە ئیلام، دوای ئەوەی کرێکاران لە نیسانی ڕابردوو ناڕەزایەتیان دەربڕیوە.

هەروەها پێگەی ڕادیۆی زەمانە ناوی سزادراوانی بڵاوکردۆتەوە کە بەم جۆرەیە (ئەفشار ڕەشیدی، ئەنوەر ڕەشیدی، سادق ڕۆستەمی، نادر خاکی، میلاد دۆستی، محمد قیتاسی، سادق کاکاخانی، توحید قیتاسی، سعید قیتاسی، ئەمین ئەرکوازی، حجت ئیسماعیلی، عباس مزەفەری، علی کاکاخانی، محمد حیدری و علی ئەعزەمی).

گرتنی کرێکارانی پۆڵا لە ئەهواز:

هەرلەو چوارچێوەیەدا، پێگەی مافی مرۆڤ لە ئێران بڵاویانکردۆتەوە، کە ڕۆژی ٥ شەممە ٦ی کانوونی یەکەم، ژمارەیەک لە کرێکارانی کۆمپانیای ئاسن وپۆڵای ئەهواز دەستگیرکراون. ئەوەش دوای ٢٥ ڕۆژ لە خۆپیشاندانی سەرشەقامەکانی ئەهواز ، لە بەرامبەر پێنەدانی مووچەکانیان.

تێبینی: ئەم بابەتە لەبۆپێشەوەی ژمارە ٤٢ بەرواری ١٥/١٢/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە…

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *