هەواڵی ناڕەزایەتییە کرێکاریی و جەماوەرییەکان…

ئامادەکردنی: ئاراس رەشید و شوان عەزیز…

کرێکارانی کانەکانی خەڵوز لە پاکستان لە ساڵی تازەی ٢٠١٩ دا ڕووبەڕووی تراژیدی تازە دەبنەوە!

بەپێی سایتی(Industrial) ئەو کەمپینەی کە سەندیکای ئیندەستریال دەستی پێ کردبوو لە پاکستان لە ساڵی ٢٠١٨دا بەردەوامی پێ دەدەن لە ساڵی ٢٠١٩دا.

سەندیکای ئیندەستڕیاڵ ڕایدەگەێنێت کە بۆیە بەردەوامی بە کەمپینەکە دەدەن، چونکە هێشتا کانەکان سەلامەت نین بۆ کارکردن تێیانداو هێشتا کرێکاران بە بەردەوامی دەبنە قوربانی لە ئەنجامی نەبوونی سەلامەتی پێویست لە ناو کانەکاندا.

بۆ نموونە هەر لە دووەم ڕۆژی ساڵی تازەی ٢٠١٩دا ، لە یەکێک لە کانەکانی خەڵوز لە ناوچەی دوککەی سەر بە ویلایەتی بلوجستان، لە ئەنجامی تەقینەوەی گازی میساندا ٤ کرێکار دەسووتێن و یەکێکیش بە سەختی بریندار دەبێت. هەر بۆیەش کەمپینەکە بۆ ئەوەیە کە سەلامەتی کارکردن و سەلامەتی کرێکاران لە ناو کانەکاندا زیاتر بایەخی پێ بدرێت.

بە پێی زانیاری هەندێک ڕاپۆرت؛ کرێکارەکان بە سەدان مەتر لە قوڵایی ژێر زەوی کاریان دەکرد لە ناو کانی خەڵوزی چەمەلانگ کە گازی میسانەکە تەقیەوە. ئەم تەقینەوەیە ٤ لە کرێکارەکانی بە تەواوی سووتاند و بوونە قوربانی، و یەکێکیش بە سەختی برینداربوو. کرێکارەکانیتر هەر بۆ خۆیان لاشەی کرێکارە سووتاوەکانیان لەگەڵ بریندارەکە هێناوەتە دەرەوە. جێگەی باسە کە ٢ لە کرێکارە سووتاوەکان  برابوون و سەر بە یەک خێزان بوون.

دەگووترێت کە هەر لەو ناوچەیەدا و چەند ڕۆژێک پێش ئەو ڕووداوە کارەساتێکیتر لە یەکێک لە کانەکانیتر ڕوویداوە. لە دێسەمبەری ٢٧ی ٢٠١٨ دا یەکێک لە کانەکان بە سەریەکدا ڕووخاوە و ٣ کرێکاری تێدا بۆتە قوربانی و یەکێکیش بە سەختی بریندار بووە. بەردەوامی ئەو کارەساتانەش وای لە سەندیکای ئیندەستڕیاڵ کردووە کە بەردەوام بێت لە کەمپینەکەی و بڕیاریانداوە هەتا داخوازیەکانیان نەهێننە دی کەمپینەکانیان نەوەستێنن.

جێگەی باسە کە ڕووداوە دڵتەزێنەکان و سەلامەت نەبوونی ناو کانەکان بۆ کارکردن، پاڵی بە چەندین سەندیکا و ئیتیحادیەوە نا کە ڕێپێوان و ناڕەزایەتی بەڕێ بخەن. بۆ نموونە لە ٣١ی مانگی ڕابردوودا، ناوەندی فیدراسیۆنی کرێکارانی خەڵوزی پاکستان و هەموو فیدراسیۆنە کرێکاریەکانی پاکستان ڕێپێوانێکیان بەڕێخست بۆ بەردەم یانەی ڕۆژنامەگەری کوێتا. لەو ڕێپێوانەدا بە دەیان شیعارو پلاکاردو داخوازیان بەرز کردۆتەوە. کە ناوڕۆکی داخوازیەکانیان بریتی بووە لە گرنگیدان بە ژیان و گوزەرانی کرێکاران و باشترکردنی سەلامەتی نێو کانەکان بە گشتی و بە تایبەتی کانەکانی خەڵوز.

 

سەندیکاکانی هەنگاریا بانگەواز دەکەن بۆ ئەنجامدانی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان لە ڕۆژی ١٩-١-٢٠١ !

ڕابەرانی تەواوی سەندیکا و یەکیەتیە کرێکاریەکان بانگەوازیان بۆ تەواوی کرێکاران کرد کە دەست بدەنە ناڕەزایەتی دەربڕین و خۆپیشاندان و مانگرتنێکی سەرتاسەری لەهەموو هەنگاریادا ئەگەر تا ١٩-١-٢٠١٩ سەرۆک وەزیران داواکاریەکانی کرێکارانی جێبەجێ نەکرد…

بە پێی ڕۆژنامەی:The Sydney Morning Herald ئەو ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەی کە بانگەوازو ئامادەکاری بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی لە ١٩-١-٢٠١٩ دا ئەنجام بدرێت، لە پێناو گۆڕین و هەڵوەشاندنەوەی یاسایەکە کە کرێکاران ئەو یاسایە بە دژی خۆیانی دەزانن و هەروەها وەک یاسای کۆیلە دەیبینن .

دەوروبەری ١٠ هەزار کرێکارێک هەر لە ئێستاوە لەبەردەم باڵەخانەی پەرلەمانی هەنگاریا کۆبوونەوە و هەر لە ئێستاوە داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایە دەکەن.

پەرلەمانی هەنگاریا ئەو یاسایەی، کە کرێکاران بە دژی خۆیانی دەزانن، لە مانگی دێسەمبەری ڕابردوودا دەرکرد. بە پێی ئەو یاسایە ئیتر لەمەودوا خاوەنکارەکان بۆیان هەیە کە ساڵانە ٤٠٠ کاتژمێر وەک زێدەکار بسەپێنن بەسەر کرێکاراندا.

Laszlo Kordas، سەرۆکی سەندیکا پیشەییەکانی هەنگاریا؛ لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان وتی” کرێکاران داوا دەکەن:١- ئەو یاسایە هەڵبوەشێنرێتەوە کە بە ڕاستی بە پێی ئەو یاسایە کرێکاران وەک کۆیلە دەبێت مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت. بۆیە دەبێت هەڵبوەشێتەوە.٢- هەقدەست و مووچەی کرێکاران بەرز بکرێتەوە. ٣-  کرێکاران زیاتر مافیان بۆ دابینبکرێت و زیاتر بتوانن مافەکانیان بەکار بێنن. ٤- چاککردنی سیستەمی خانەنشینی کرێکاران بە شێوەیەک کە زیاتر مروونەتی( (Flexibelity تێدا بێت. بۆیە ئێمە پلانمان هەیە ئەو داواکاریانە ببەینەوە بیدەینە سەرۆک وەزیران. ئەگەر سەرۆک وەزیران ڕازی نەبوو بە داواکاریەکانی کرێکاران؟ ئەوە ئەو کاتە ئێمە بە دڵنیاییەوە ئەو مانگرتنە سەرتاسەریە ئەنجام دەدەین لە ١٩- ١- ٢٠١٩.”.

هەروەها سەرۆکی فیدراسیۆنی سەندیکا پیشەییەکانی هەنگاریا وتی” لە ئەگەری ئەوەی کە حکومەت بەدەم داواکارەکانمانەوە نەهات و وەڵامی ئەرێیی نەبوو، ئەو کات بە دڵنیاییەوە مانگرتن و خۆپیشاندانەکانمان لە ڕۆژی ١٩- ١-٢٠١٩  ئەنجام دەدەین وتەواوی وەڵات  لە جووڵە دەخەین”

 

بە دەیان هەزار لە کرێکاران کارەکانیان بەجێ دەهێڵن و دەڕژێنە سەر شەقامەکان و ڕێگا سەرەکیەکانیش دەداخەن!

بە دەیان هەزار لە کرێکارەکانی تەواوی کارگەکانی جلو بەرگ و ڕستن و چنینی بەنگڵادیش وا بۆ چوارەمین ڕؤژ دەچێت کە لە مانگرتن و خۆپیشاندانی بەردەوامدان.

بە پێی سایت وڕۆژنامەی: The Straits Times دەوروبەری ٥٠ هەزار لە کرێکارانی جلوبەرگ و ڕستنوچنین، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەمە کە دەکاتە ٩-١-٢٠١٩ کارەکانیان ڕاگرت و چوونەدەر لە کارگەکانیان و ڕژانە سەر شەقامەکان.

بە پێی لێدوانی کرێکارەکان و نوێنەرانیان بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن:  لە زۆر لاوە و بە زۆر شێوە دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی هەوڵی ڕاگرتن و نەهێشتنی کرێکارانی کارگە دوورەکان و هەندێک شوێنیان داوە کە نەتوانن خۆیان بگەێننە پایتەخت و بەشداری لەو خۆپیشاندان و مانگرتنەدا بکەن، بەڵام سەرباری ئەو ڕێگریانەش کرێکارانی بەشداربوو خۆیان گەیاندە نزیکەی ٥٠ هەزار کەس.

کرێکاران دەڵێن پۆلیس زۆر توندوتیژ بووە و زۆر بە دڕندانە بەرەوڕووی خۆپیشاندەران بۆتەوە. کرێکاران دەڵێن کە پۆلیس گولەی پلاستیکی و گازی فرمێسکڕێژی بەکارهێناوە لە دژی کرێکارانی خۆپیشاندەر، و لەئەنجامیشدا تا ئێستا کرێکارێک گیانی لەدەستداوە و ٥٠ی تریش برینداربووە.

پۆلیسیش ڕایگەیاند کە ئەو کرێکارانە تەواوی ڕێگا سەرەکیەکانیان داخستووە و بوونەتە هۆی ڕاگیرانی هاتوچۆ. بۆیە بە مەبەستی کردنەوەی ڕێگاکان، هەوڵی بڵاوەپێکردنیان دراوە و بەو هۆیەشەوە توندوتیژی تێکەوتووە و لە ئەنجامیشدا بە هۆی بەردەفڕکێی کرێکارەکان بەڕووی پۆلیسەوە ١٢ پۆلیس برینداربووە وتائێستاش کوژرانی کرێکارێک و بریندار بوونی پەنجا کرێکاری لێکەوتۆتەوە.

داواکاری سەرەکی ئەو کرێکارانە بەرزکردنەوەی هەقدەست و کرێ و مووچەکانیانە. ئەوان دەڵێن مووچەکانیان بەبەراورد لەگەڵ نرخی کاڵاو پێداویستی ژیان هیچ نییە و ناتوانن بەو کرێیەی کەدەستیان دەکەوێت بژین. هەروەها دەڵێن لە دێسەمبەری ڕابردوو بەڵێنیان پێدراوە کە ٥١٪ی مووچەکانیان بەرز بکرێتەوە و بکرێتە ٨٠٠ تاکە، واتە ١٣٠ دۆلاری ئەمەریکی لە مانگێکدا، بەڵام ئەوەی کە کراوە زۆر لەوە کەمترە. ئەوان دەڵێن پێش پێنج ساڵ مووچەیان بەرزکراوەتەوە و لە ماوەی ئەو پێنج ساڵەشدا نرخی بازار زۆر بەرزبۆتەوە. بۆیە ناتوان بەو کرێیەی ئێستایان ژیان بەڕێوەبەرن.

هەروەها شوێنی کارکردن و بابەتی سەلامەتی تەندرووستیش هۆیەکی تری مانگرتنەکانە. جێگەی باسە کە ئەو بابەتە لە ناو کارگەکاندا گرنگی پێنەدراوە و سەلامەتی کرێکاران لەکاتی کارکردندا لەبەرچاو نەگیراوە. بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠١٣ دا ئەو کارگەیەی کە لە پلازای ڕەنادا بوو ڕووخاو لە ئەنجامدا ١١٣٠ کرێکار گیانی لەدەستدا.

جێگەی باسە کە دەوروبەری ٤٥٠٠ کارگەی جلوبەرگ و ڕستنوچنین  لە بەنگڵادیش  بوونی هەیە، و دەوروبەری ٤ ملیۆن کرێکار لەو کارگانەدا کاردەکات. بەرهەمی ئەو کارگانە ساڵی پار گەیشتە نزیکەی ٤٠ ملیار دۆلاری ئەمەریکی. بەرهەمی ئەو کارگانە هەمووی ڕەوانەی دەرەوەی وڵاتی بەنگڵادیش دەکرێت و دەڕوات بۆ کۆمپانیاکانی کۆفرۆش و تاکفرۆشەکانی وەک : H&M, Walmart, Tesco, Carrefour and Aldi ..

جێگەی باسیشە کە وڵاتی بەنگڵادیش لە دوای چین بە دووەمین گەورەترین وڵاتی بەرهەم هێنی جلوبەرگ و ڕستنوچنین دادەنرێت لە جیهاندا.

 

مانگرتنی کۆمپانیای  پیشەسازی دروستکردنی ئۆتۆمۆبیل لە عێڕاق

٣ پێش یەکێتی نەقابە کرێکاریەکان لە عێڕاق ناڕەزایەتیەکی ڕێکخست بوو بۆ گۆڕینی بەرێوەبەرە سەرنەکەوتووەکان لە کارکانیان، و گۆڕینیان بە کەسانی لێهاتوو بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان. ئەوکات، داواکاریەکانیان جێبەجێکردن، بەڵام پاش ماوەیەک ئەوکەسانەی کە لەدوورخرانەوە، پلە و پایە و بەرپرسیاریەتی فراوانتریان پێدرا، ئەمەش سووکایەتیەکی ئاشکرایە بە کرێکاران و ڕێزنەگرتنی دەنگیان. بەمەش ڕۆژ لەدوای ڕۆژ هەلومەرجی کۆمپانیاکە لە دواکەوتتندابوو. لەپێناو کۆمپانیاکەدا، کە بەیەکێک لە کۆمپانیا گەورەکانی عێڕاق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەژمار دەکرێت، بە ڕابەرایەتی وەلید نیعمە فارس سەرۆکی یەکێتی نەقابە کرێکاریەکانی عێڕاق خۆپیشاندانێک سازدرا. داوا لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کرا کە بەچاوێکی ڕێزەوە سەیری داواکاری کرێکاران بکەن بۆ بیناکردن و بەرەوپێشبردنی شارستانی و گەشەی وڵات، هەروەها هۆشداری درا کە هەرکەس و لایەنێک سوکایەتی بەکرێکاران بکات ئەنجامەکەی لەناوچوونە.

نزیکەی ٣٢٢١ کرێکار بەشداری خۆپیشاندانەکەیان کرد. جگە لە سەرۆکی یەکێتیەکە سکرتێری گشتی فائق حسێن عەگال بەشداریانکرد، هەروەها ژمارەیەک لە خەڵکی ئەو ناوچەیە .

شایانی باسە کە کۆپیەکی داواکاریەکانی کرێکاران گەیشتۆتە دەست” بۆپێشەوە” کە خۆی لە ١٧ خاڵدا دەبینێتەوە. گرنگترینیان بریتیە گواستنەوە یان گۆڕینی زۆرێک لە بەرپرسی بەشە جیاجیاکانی ناو کۆمپانیاکە بەهۆی ناکارامەیی و تێوەگلانیان لە گەندەڵی. هۆشداریدان بە بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکە لە هۆکانی شکستی ئابووری کارگەکە لە ٢٠١٨. دەست لێنەدان لە مووچەی کرێکار و فەرمانبەرانی کارگەکە. هەڵوەشاندنەوە ئەنجوومەنی بەڕێوەبەری کارگەکە و هەڵبژاردنی لەلایەن خۆیانەوە. دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی کارگەکە کە پتر لە ٧٥٠دۆنم زەوی هەیە کە سەربەکۆمپانیاکەیە. گەڕاندنەوەی سەرجەم ئەو سەیارانەی کۆمپانیاکە کە ئێستا لە ماڵی بەرپرسەکاندان. بەدواداچوونی جدی بکرێت بۆ ئەو قەرزانەی کۆمپانیا.

شایانی باسە کە کۆمپانی پیشەسازی ئۆتۆمۆبیل لە عێڕاق نزیکەی ٤٢٥٠ کرێکار و فەرمانبەر لەخۆدەگرێت. زۆرێک لە ئۆتۆمۆبیل و دەزگای کشتوکاڵی تێدا دروستدەکرا.

تێبینی: ئەم هەواڵە کرێکاریی و جەماوەرییانە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٣ بەرواری ١٥/١/٢٠١٩ بڵاوبۆتەوە…

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *