هەواڵی ناڕەزایەتییە کرێکاریی و جەماوەرییەکان…

ئامادەکردنی: شوان عەزیز و ئاراس ڕەشید….

کرێکارانی کارگەی جلوبەرگ و پۆشاک لە کەمبۆدیا لە ترسی داخستنی کارگەکەیان دەست دەدەنە مانگرتن و خۆپیشاندان !

بە پێی هەواڵێک کە لە پۆرتاڵی (Khmer Times)دا بڵاوکراوەتەوە، دەوروبەری ٤٠٠ کەس لە کرێکارانی کارگەی جلوبەرگ و پۆشاکی(Long Victory International) دەستیان دایە مانگرتن و خۆپیشاندان.

کرێکاران دەڵێن ئەو خۆپیشاندانەیان لە دوای ئەوە هات کە دەنگۆی ئەوە بڵاوبوەوە کە کارگەکە نیەتی داخستن یان گواستنەوەی بۆ جێگایەکی تری هەیە. بە تایبەتی کە بینیان کارگەکە دەستی کردووە بە لابردن و گواستنەوەی هەندێک ئامێروکەلوپەلی ناو کارگەکە. ئەمەش ترسی لە لایان دروست کردووەو دەبینن کە دواڕۆژێکی سەختی بێکاری چاوەڕێیان دەکات. لەو پێناوەدا دەستیان داوەتە مانگرتن.

جێگەی باسە بە پێی لێدوانی یەکێک لەو کرێکارانە بۆ میدیاکان  وتی: پێشتریش دوو جاریتر نزیکەی ٤٢٠ کرێکار لە کۆی ١٤٠٠  کرێکاری ناوکارگەکە خۆپیشاندان و مانگرتنیان ئەنجامداوە. ئەوان سەرباری ئەوەش داوای دەستکەوتی زیاتریان کردووە لە نموونەی باشترکردنی مووچەو بیمەی بیکاری و دابینکردنی گەلێک  پێداویستی تری کرێکاران.

هەروەها داوای ئەوەیان کردووە کە ئەو کرێکارانەی بە گرێبەست دامەزراون دەرنەکرێن و بگەرێنەوە سەرکارەکانیان. هەر بە پێی لێدوانی کرێکارەکان کارگەکە بەڵێنی پێداون کە ئەوبڕیارەیان پوچەڵ بکەنەوەو کرێکارەکان بگەڕێنەوە سەرکارەکانیان، بەڵام کارگەکە بەڵێنەکەیان نەبردوتەسەر! کرێکارەکان دەڵێن لەئەگەری بەدەست نەهێنانی داواکانیان ئەو کەیسە دەبەنە ناو وەزارەتی کارەوە. لەهەمان کاتدا زیاتر لە ٧٠٠ کرێکاری تری جلوبەرگ و پۆشاک کە سەربەکارگەی جاندا گاڕمینتسن مانگرتنیان ئەنجامدا. مانگرتنی ئەو کرێکارانەش هەمووی لە پێناو باشترکردنی گوزەرانینان و بەرزکردنەوەی هەقدەست و موچەکانیان بووە.

جێگەی باسە کە لەلایەن سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتەوە بە ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکان و سەرۆکی سەندیکا ئیتیحادیە کرێکاریەکان ڕاگەێنراوە کە خۆپیشاندان و مانگرتنی تر ئەنجام نەدەن. ئەم ئاگادارنامەش  لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە بۆ ئەوە بووە کە نەهێڵن مانگرتنەکان تەواوی وڵات بگرنەوە. چونکە سەرۆک وەزیران پێیوایە؛ لە ئەگەری تەنینەوەی مانگرتنەکان بۆ سەرتاسەری وڵات زیاتر لە ٧٠٠ کارگەی تر لە ژێر هەرەشەی داخستندا دەبن.

 

مامۆستایانی لۆس ئەنجلس لە مانگرتنەکەیاندا لە دژی بە ئەهلی کردنی خوێندنگا گشتیەکاندا سەرکەوتن بەدەست دەهێنن!

مامۆستایانی ویلایەتی  کالیفۆڕنیای ئەمەریکا مانگرتنی سەرتاسەریان لە تەواوی ئەو ویلایەتەدا ئەنجامدا.

مامۆستایانی شاری لۆس ئەنجلس کە دەکەوێتە ویلایەتی کالیفۆرنیاوە سەرکەوتنیان لە ئەنجامی ئەو دوو هەفتە مانگرتنەدا بەدەستهێنا.

بە پێی سایتی(rabble.ca ) کە هەواڵەکەی بڵاوکردۆتەوە، دەوروبەری زیاتر لە ٣٠ هەزار مامۆستا بەشداری لەو خۆپیشاندان و مانگرتنە سەرتاسەریەدا کردووە. ئەمەش بووە هۆی داخستنی سەدان خوێندنگا. هەر بەپێی هەواڵەکە؛ ئەوە بۆ یەکەم جارە لە ٣٠ ساڵی مێژووی ئەو شارەدا کە مامۆستایان بەڕێژەیەکی ئاوا زۆر، و بۆ ماوەیەکی ئاوا زۆر مانگرتن ئەنجام بدەن. لەو مانگرتنە سەرتاسەریەدا تەواوی کەسوکاری خوێندکارەکان، و خوێندکارەکان خۆشیان بەشداریان تێداکرد. هەروەها ستاف و ئەندامانی یەکیەتی مامۆستایانی لۆس ئەنجلس بە شێوەیەکی گشتی بەشداربوون لەو مانگرتنەدا.

هەم کەس و کاری خوێندکاران، و هەم خوێندکارەکانیش باوەڕیان وا بوو، کە ئەو مانگرتنەی مامۆستایان تەنها بۆ بەرژەوەندی مامۆستاکان خۆیان نییە، بەڵکو لە بەرژەوەندی خوێندکارەکانیش دایە. هەر بۆیەش بەو رێژە زۆرە بەشداریان تێدا کرد. جێگەی باسە کە لە زۆرێک لە ڕۆژەکاندا باران دەباری. سەرباری ئەوەش هەر وازیان نەدەهێنا، بۆ خۆپاراستن لەباران چەترو باران پۆشیان بەکار دەهێنا.

داواکاریەکانی مامۆستایان بریتیبوون لە:

١- دابینکردنی زۆرتری پێداویستیەکانی خوێندنگا و ژووری پۆل و خوێندکارەکانیش ٢- دابینکردنی پەرستارو کتێبخانە لە هەموو خوێندنگایەکدا.٣- کەمکردنەوەی ژمارەی خوێندکاران لە ژووری پۆلەکاندا.٤- بەرزکردنەوەی کرێ و موچە.

مانگرتنەکە تا ٢٣ی جەنیوەری خایاند. لە ڕۆژی ٢٣-١-٢٠١٩ دا بۆردی سیستەمی خوێندنگاکان لە لۆس ئەنجلس، کە دووەمین گەورەترین سیستەمە لە وڵاتدا، بڕیاریدا کە ڕازین بە داواکاریەکانی مامۆستایان و جێبەجێیان دەکەن. وە بڕیار درا کە ٢٤ ی جەنیوەری مامۆستایان بچنەوە سەر کارو دەرگای خوێندنگاکان بکرێنەوە.

جێگەی باسە ئەو مانگرتنەی مامۆستایانی لۆس ئەنجلس هاوکات بوو لەگەڵ خۆپیشاندان و مانگرتنی کرێکاران لە سەرتاسەری وڵاتدا. هەروەک سەرۆکی یەکیەتی مامۆستایانی شاری لۆس ئەنجلس ڕایگەیاند: “ئێمە مانگرتنێکمان ئەنجامدا کە بێ وێنەبوو لە مێژووی ئەمەریکادا”..

 

گەورەترین خۆپیشاندان سۆدان دەگرێتەوە و پۆلیسی خەرتومیش غازی فرمێسکڕێژ لە دژی خۆپیشاندەران بەکاردێنێت.!

پۆلیس لە خەرتومی پایتەخدا، دەستی کردووە بە بەکارهێنانی غازی فرمێسکڕێژ لە دژی خۆپیشاندەران. ئەو خۆپیشاندانانە کە لە دژی حکومەت ئەنجام دەدرێن تەواوی سۆدانی گرتۆتەوە.

گرووپی چەتری ئەندازیاران و دوکتۆرەکان و مامۆستایان بەهەماهەنگی و هاوکاریکردنی یەکتری وای کردووە کە خۆپیشاندان و مانگرتنەکان لە دژی حکومەت تەواوی سۆدان بگرێتەوە.

بە پێی لێدوان و هەواڵێک کە ڕۆژنامەنووس زەینەب موحەممەد ساڵح بە بی بی سی ڕاگەیاند، خۆپیشاندانی ڕۆژی ٢٤-١-٢٠١٩ بە گەورەترین خۆپیشاندان دادەنرێت.

ژمارەی قوربانیەکان لە نێو هاووڵاتیاندا بە پێی لێدوانە ڕسمیەکان بریتیە لە ٢٦ کەسی مەدەنی. بەڵام گروپەکانی مافی مڕۆڤ دەڵێن زۆر لەوە زیاتر کوژراون. ئەوان دەڵێن تا ئێستا کە ڕۆژی ٢٤-١-٢٠١٩ یە، زیاتر لە ٤٠ کەسی سیڤیل بە گوللەی هێزە ئەمنیەکان کوژراون.

بە پێی هەواڵەکەی بی بی سی دوکتۆرەکان زیاتر دەکرێنە ئامانج لە لایەن هێزەکانی ئاسایشەوە، ئەوەش لەبەرجێگاو ڕێگای کۆمەڵایەتی دوکتۆرەکان، هەروەها ڕۆڵیشیان لە ئامادەکردن و  ڕێکخستنی خۆپیشاندانەکانە.

جێگەی باسە کە هەندێک لە پەیامنێرو ڕۆژنامەنووسی بیانی ڕێگەیان پێنەدراوە کە ڕوماڵی خۆپیشاندانەکان بکەن. بۆ نموونە: ژمارەیەک لە پەیامنێرو ڕۆژنامووسی سەر بە الجەزیرە و ئەنادۆڵوی سەربەتورکیا و ئەوانەی کە لەگەڵ تەلەفزیۆنی العربیە ی سعودیەدا کاردەکەن.

بەسراییەکان داواکاریەکانیان بیرنەچۆتەوە…

ئێوارەی هەینی ڕۆژی ١٨/١/٢٠١٩، سەرلەنوێ خۆپیشاندان لە بەسرە لەبەرامبەر گەندەڵی و کەمی خزمەتگوزاری سەری هەڵدایەوە. خۆپیشاندەران بنکەیەکی پۆلیسیان ئاگرتێبەردا.

ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەران لە نزیک بینایەی پارێزگای بەسرە لە دژی کەمی خزمەتگوزارییەکان کۆبوونەوە. بەپێی هەواڵی ڕووسی، سەرچاوەیەک لە پۆلیس گوتی” پۆلیس هەوڵی بڵاوپێکردنی خۆپیشاندەرانی داوە، لە ئەنجامدا بۆتە دەمەقاڵێ لە نێوان هەردوولادا”، هەروەها” خۆپیشاندەران ئاگریان لە بنکەی پۆلیسی(کرفان) بەرداوە و بۆتەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە ناوچەکە و لەنێوان پۆلیس و خۆپیشاندەران.

کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤ لە بەسرە، هەینی ڕایگەیاند؛ دووکەس لە خۆپیشاندەران دەسگیرکراون و ئەوانیش بەدواداچوونی بۆدەکەن و هەوڵ دەدەن پێویستیەکانی بۆدابین بکەن.

نووسینگەی مافی مرۆڤ گوتیشی” ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سەدان کەس لەخۆپیشاندەران ئەمڕۆ هەینی ڕژاونەتە سەر شەقامەکان بەڕێ پێوان بەرەو تەلاری حکومەتی ناوەخۆ چوون. داواکاریەکانیان جیاوازیەکی نەبووە لە داواکاریەکانی پێشوویان لە دۆسیەی (خزمەتگوزاری و تەندروستی و دروستکردنی هەلی کار بۆ خەڵکی بەسرە، و هەروەها گۆڕینی ئەو هەلومەرجەی گوزەرانی خەڵک کە لەئاستی پێویستدا نییە)

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٤ بەرواری ١/٢/٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە…

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *