هەواڵی ناڕەزایەتییە کرێکاریی و جەماوەرییەکان….

ئامادەکردنی شوان عەزیز و ئاراس رەشید

بە هۆی مانگرتنی  کرێکارانی سێکتەری گشتی دەوام لە خوێندنگاو خەستەخانەکاندا ڕادەگیرێت!

فرانس ٢٤ و وێبسایتی :www.panorama.am بڵاویان کردەوە کە: کرێکاران و پەرستارەکانی سەر بە خەستەخانەکان لە شاری لیسبۆنی پۆتوغال دەست دەدەنە مانگرتن و بەو هۆیەشەوە دەوام نەک هەر لە خەستەخانەکان بەڵکو لە خوێندنگاکانیشدا ڕادەگیرێت.

پەرستارەکان دەچنە بەردەم خەستەخانەی سانتاماریەی ناوەندی شارو لافیتەیەکیان بەرزکردۆتەوە کە لەسەری نوسراوە: “ئێمە ناترسین”

بیمارستانەکان بە بچوک و ناوەندی و گەورەیانەوە خزمەتگوزارییەکانیان تا ئاستی لانی کەمی خزمەتگوزاری هێنایەخوارێ. خوێندنگاکان داخران و کرێکارەکانی شارەوانیش بەهۆی گرفتی مووچەوە ئەرکەکانیان بەجێ نەگەیاندو بەو هۆیەشەوە زبڵ و خاشاك کۆنەکرایەوە وەک پێشوو.

هەرچەندە هەندێک لایەن پێی وایە لەو ساتەی ئێستادا کە سەندیکاو ئیتیحادیە پیشەییەکانی کرێکاران کە داوای بەرزکردنەوەی مووچە لە حکومەتە سوشیالیستیەکەی!! پۆتوغال دەکەن و کرێکاران لە دژی هان دەدەن، هۆیەکەی ئەوەیە تا ئەوە ببێتە فشارێک بۆ لێدان لە حکومەتەکەی سەرۆک وەزیران ئەنتۆنیۆ کۆستا.

جێگەی باسە کە حکومەتی پۆرتوغال بەڵێنی زیادکردنی مووچەی دا لە بودجەی ساڵی ٢٠١٩دا بۆ هەموو ئەو کرێکارانەی کە کە مووچەکانیان لە ئاستێکی نزمدایە، بەڵام لەبەرامبەردا نوێنەرانی کرێکاران و سەندیکاو ئیتیحادیە کرێکاریەکان ئەمە ڕەت دەکەنەوەو دەڵێن وا بۆ ماوەی ١٠ ساڵ دەچێت کە حکومەت موچەی نزیکەی ٦٠٠ کرێکارو ستافی سێکتەری گشتی وەستاندووە.

مانگرتنی پەرستارانی پۆرتوغال کە لەسەرەتای شوباتەوە دەستی پێکردووە بووەتە هۆی دواخستنی ئەنجامدانی هەزاران کار. ئەڕمێنیۆ کاڕلۆس کە سکرتێری گەورەترین سەندیکای پێشەییە لە پۆرتوغال بە ناوی (سی جی پی تی ) دەڵێت “ئێمە باشترین و کاریگەرترین پاڵپشتیمان دەکرێت لەلایەن تەواوی خەستەخانەو خوێندنگاکان و بەشی پاککردنەوەو شارەوانی و سێکتەری زبڵ و خاشاکاوە.”

حکومەتی ئێستای پۆرتوغاڵ کە ٨ مانگێکی ماوە بۆ هەڵبژاردن دەیەوێت ڕاو بۆچوونەکانی خۆی ئاشکرا بکات و وڵاتیش وا لە سەرەتای دەرچوونیەتی لەو قەیرانەی کە بەهۆی قەیرانی گشتی دنیاوە تێی کەوتبوو. لەو لاشەوە کەوتۆتە بەر ئاگربارانی ڕەخنە لەلایەن دووەمین گەورەترین سەندیکای پیشەییەوە کە لایەنگرێکی کلاسیکیە بۆ سۆشیالیستی بەناوی ( یو جی تی)یەوە.

 

خوێندنگاکانی عێڕاق بە ڕێژیەکی فراوان و بەرچاو بەشداری لە مانگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕیندا دەکەن!

بە پێی هەواڵێک کە لە الشروق دا بڵاوکراوەتەوەو هەروەها (الحوار المتمدن)یش لێی وەرگرتووەو ئەوانیش بڵاویان کردۆتەوە، ئەوەیە کە مامۆستایانی ژمارەیەکی فراوان لە خوێندنگاکانی عێڕاق مانگرتنیان ئەنجام داوە و ٢ ڕۆژیشی خایاندووە.

بە پێی لێدوانی نەقابەی مامۆستایانی عێڕاق، ئەو مانگرتنە نامەیەک بووە بۆ حکومەتی عێڕاق، تاکو پێداچوونەوە بکات بە پرۆسەی پەروەرەردەو فێرکردندا.

عباس السوانی، نەقیبی مامۆستایانی عێڕاق، لە کۆفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند کە مانگرتنەکانی شاری بەغداو ژمارەکی تری پارێزگاکانی تری عێڕاقی گرتۆتەوە. هەروەها وتی” مانگرتنەکان ئامانجی خۆیان پێکاوەو توانیومانە داواکاریەکانمان بگەێنین بە حکومەت و بەرپرسانی باڵاوە. وە ئێستا ئێمە چاوەڕێی وەڵامی ئەوان دەکەین بۆ جێبەجێکردنی داواکاریەکانمان.” هەروەها ئەو نەقیبەی مامۆستایانی عێڕاق وتی ئامانجی سەرەکی لەو مانگرتنە بریتی بووە لەوەی کە حکومەت و بەرپرسانی باڵا بە پرۆسەی پەروەردەو خوێندندا بچنەوەو باشتر بکرێت.”

وەزارەتی پەروەردەی عێڕاق، لە لێدوانێکدا بۆ وەڵامدانەوە بە داواکاری مانگرتنەکە، ڕایگەیاند کە باشترکردنی حاڵ وگوزەرانی مامۆستایان لە پێشینەی کارەکانیان دا دەبێت.

فراس محمد، قسەکەری وەزارەتی پەروەردەی عێڕاق، بۆ ڕۆژنامەنوسان ڕایگەیاندو وتی “نەچوونی مامۆستایان بۆ دەوام دەکەوێتە سەرشانی نەقابەی مامۆستایان و ئێمەش وەک وەزارەتی پەروەردە دژایەتی ڕاگرتنی دەوام دەکەین. ئەو وتی ئێمە دەمانەوێت هەموو گرفتەکان بە حوار چارەسەربکرێن و مامۆستایان پێویستە لەدەوام بەردەوام بن.”

 

خەڵکی کەتەلۆنیا دەڕژێنەوە سەرشەقامەکان و پۆلیسیش ڕووبەڕوویان دەبێتەوە!

خەڵکی کەتەلۆنیا دیسان ڕژانەوە سەرشەقامەکان بە مەبەستی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین لە دژی حوکمی دەوڵەتی ئیسپانیا بەسەریاندا.

مەبەستی خۆپیشاندانەکە لە لایەکەوە دژایەتی حوکمی ئیساپانیا بوو بە سەریانداو هەمیش بۆ پشتیوانی لە ئەو ١٢ بەرپرسە باڵایەی کەتەلۆنیا بوو کە لەلایەن دەوڵەتی ئیسپانیاوە لەبەرئەوەی داوای جیابوونەوەی کەتەلۆیانیان لە ئیسپانیا دەکرد حوکمیان بەسەردا سەپێنراوە.

خەڵکەکە ئاگریان بەردایە تایەی سەیارەو دەستیان کرد بە بەستن و گرتنی هەندێک ڕێگای سەرەکی. لەو لاشەوە پۆلیسی کەتەلەنۆنیا کە لەژێر فەرمانی دەوڵەتی ئیسپانیادا دەجوڵێ، بەشێوەیەکی ڕووبەڕووی خۆپیشاندەران بووەوە.

پۆلیسی کەتەلۆنیا بۆ میدیاکان  ڕایگەیاند وتی کە تاکو ئامادەکردنی ئەو هەواڵە ٢٨ کەس پێکراون و لە ناویاندا ١٢ کەسیان ئەفسەری پۆلیسی کەتەلۆنیان. هەروەها پۆلیسی کەتەلۆنیا ڕایگەیاند کە ٤ کەسیان لە خۆپیشاندەران گرتووە.

خۆپیشاندەران لە نزیکی هێڵی شەمەندەفەری بەرشەلۆنە لەگەڵ پۆلیس یەکانگیر بوون و دەستیان کرد بە بەردبارانی پۆلیسی کەتەلۆنیا. جێگەی باسە کە خۆپیشاندەران بە وتنی شیعاری: “داگیرکەرانی کەتەلۆنیا بڕۆنە دەرەوەو ئێوە داگیرکەرن ” بە زمانی کەتەلۆنی هێرشیان کردە سەر پۆلیس. هەر بۆیەش پۆلیس بە شێوەیەکی دڕندانە بەرەنگاریان بووەوەو هەر بۆیەش ئەو بریندارانەی لێکەوتەوە.

جێگەی باسە ئەو ١٢ بەرپرسە باڵایەی کەتەلۆنیا تۆمەتی جوداخوازی و هەڵگەڕانەوەو خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتیان دراوەتە پاڵ. خەڵکی کەتەلۆنیاو ئەو بەرپرسانەش ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکەنەوە.

 

کرێکارانی سەر بە کانەکانی دەوڵەت لە ئۆکڕانیا لە ژێر زەوی و لە ناو کانەکاندا مان دەگرن!

زۆرێک لە سەرچاوەکان لەوانە ( ئیدوستڕیەڵ) و هەروەها : kvpu.org بڵاویان کردەوە کە نزیکەی ١٩٠ کرێکاری سەر بە کانەکانی خەڵوزی سەر بەدەوڵەت دەستیان دایە مانگرتن.

ئەو کرێکارانە هەر لە شوێنی کارەکەیان لە ژێر زەوی دەستیان دایە مانگرتن و کاریان ڕاگرت.

بە پێی هەواڵەکە، ئەو کرێکارانە بۆیە مانیان گرت، چونکە موچەی ٣ مانگیان هێشتا پێنەدراوەو دەیانەوێت ئەو پارەیەی کە لە لای دەوڵەت ماوە پێیان بدرێت.

جێگەی باسە کە پێشتریش لە ١٨ی شوباتەوە نزیکەی ٤٠ کرێکار لە کانێکی تری سەر بەدەوڵەت بە ناوی نۆڤۆگرۆدیڤیسکا مانگرتنیان دەست پێکردووەو ئامادەنین کار بکەن. بۆیە مانگرتنی ئەو دواییەی ئەو ١٩٠ کریکارەی تریش لەژێر زەوی بە تەشەنەکردنی مانگرتنی کرێکارانی کانەکانی سەر بەدەوڵەت لێک دەدرێتەوە.

بە پێی لێدوانی قسەکەری سەندیکای کرێکارانی کانەکانی سەربەدوڵەت بە ناوی ( ئێن پی جی یو) تا ئێستا ٢ لەو کرێکارانە بەهۆی خراپبوونی باری تەندروستیانەوە ژێر زەمینیان بەجێهێشتووەو وازیان لە مانگرتن هێناوە.

هەروەها ئەو قسەکەرە وتیشی “زۆر قورسە دیاری بکەین بڵێین مانگرتنی ئەو کرێکارانە تا فڵانە ڕۆژی دەخایانێت. بەردەوام بوون و نەبوونی ئەو مانگرتنانە پەیوەندی بە پێدان و نەدانی ئەو مووچەیەوە هەیە کە کرێکاران لەسەر دەوڵەتیانە.”

کرێکارانی فلیپینی و منداڵەکانیان لە ئیسڕائیل ڕێپێوان ئەنجام دەدەن لە دژی دیپۆرت کردنەوەیان.!

بە سەدان لە خەڵکی ئیسڕائیل و چالاکوانانی مەدەنی و هەروەها بە هەزارانیش لە کرێکار و منداڵە فلیپینیەکان ڕێپێوانێکیان لە ڕۆژی دژی دیپۆرتکردنەوەی کرێکارانی فلیپینی ئەنجام دا.

ئەوەی کە میدیاکان بڵاویانکردۆتەوە ئەوەیە کە دەوڵەتی ئیسڕائیل بەردەوامە لە دیپۆرتکردنەوەی ئەو کرێکارە فلیپینیانەی کە لە ئیسڕائیلدا کار دەکەن بە زۆری وەک کارەکەری ماڵان.

ئەوەی کە تا ئێستا میدیاکان بڵاویان کردۆتەوە ئەوەیە کە زیاتر لە ١٥٠٠ منداڵی کرێکارە فلیپینیەکان لە وەڵاتی ئیسڕائیل لەدایک بوون. هەموو ئەو منداڵانەش لەژێر سیستەمی خوێندنی وڵاتی ئیسڕائیلدا ناونووس کراون و درێژە بە خوێندن دەدەن.

ئەو کرێکارە فلیپینیانە کە بەشی زۆریان ئافرەتن و وەک کارەکەری ماڵان کاردەکەن لەو وڵاتە لەو ڕێپێوانەدا شیعارێکیان بەرزکردۆتەوە کە دەڵێت: “ئێمە منداڵەکانمان لێرە لەدایک بوون و لێرەش گەورە بوون، بۆچی دەبێت دیپۆرت بکرێنەوە بۆ وڵاتێک کە نەیان بینیوەو زمانەکەشی نازانن.”

جێگەی باسە دەوڵەتی ئیسڕائیل تەنها مافی هاووڵاتی بوون دەدا بەو کەسانەی کە لە وڵاتی ئیسڕائیلدا لە دایک بوون.

هەروەها هەر بە پێی هەواڵەکان تا ئێستا بە دەیان لەو منداڵ و کرێکارە فلیپینیانە گیراون لەلایەن دەوڵەتی ئیسڕائیلەوەو ئامادەی دیپۆرتکردنەوە کراون.

زوربەی ئەو کرێکارە فلیپینیانە کە لەوڵاتی ئیسڕائیل کاردەکەن بە پێی گرێبەستێک هاتوون کە دەبێت هەر کاتێک گرێبەستەکە ماوەی تەواو بوو ئەو کرێکارانە وڵات جێبهێڵن.

وە ئەوەش ڕوون بۆتەوە کە ئەو کرێکارە ژن و کچە فلیپینیانەش کە زۆریان لەو ماوەیەدا منداڵیان بووەو هەر لەو وڵاتەش گەورە بوون و زمانی ئەو وڵاتە واتە عیبری بۆتە زمانی یەکەمیان.

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٦ بەرواری ١/٣/٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە…

Check Also

سەربەخۆی کوردستان لەبەردەم بازرگانی بە نەوتەوە!

عوسمانی حاجی مارف حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دەسەڵاتی فرۆشتنی هەناردەی نەوت …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *