ڕۆڵی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لە بەهاری عەرەبی ژنان…

مریەم عبدالرحمن…

لەکۆمەڵگە دواکەوتووەکان بۆ چەند سەدە دەبێ ژنان لەبەر هۆکارە دینی و کەلتوورە کۆمەڵایەتییە دواکەوتووەکان ڕێگەیان پێنەدراوە لە ماڵەوە بڕۆنە دەرەوە، وەکو پیاوان و چانسی دۆزینەوەی ژنانی هاوبیری خۆیان نەبووە. هەر لەبەر ئەو هۆکارە نەیانتوانیوە خۆیان لە شێوەی گروپدا ڕێکبخەن. لەم سەردەمەی ئێستا دوای فەراهەمبوونی ئەنتەرنێت و بەکار‌‌‌هێنانی وەک تۆری کۆمەڵایەتی لە هەمووشوێنێک و ماڵێک و بە بەردەوامی، ژنان توانیویانە تا ڕادەیەکی باش سوود لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان وەربگرن. پەرە بە بیرکردنەوەکانیان بدەن. بەشداریکردنی ژنان لە بەهاری عەرەبی خاڵێکی وەرچەرخان بوو بۆ ژنان لەم ناوچانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەروەها وەک پلاتفۆرمێک هەژمار دەکرێت بۆ بیستنی دەنگی ژنان. ژنان هەرئەوە نییە باسیان لێوە بکرێ، بەڵکو خۆیان هاتوونەتە مەیدانەکە و قسە دەکەن، ڕۆڵ دەبینن بۆ گۆڕینی ژیانیان.

وەک چۆن لە ئامارەکان دەرکەوتووە فەیسبووک و توویتەر لە سەرەتای سێ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١١، ساڵی شۆڕشی بەهاری عەرەبی ڕێژەی بەکارهێنەرانی زۆر بەرز بۆتەوە. ژنان توانیان بیرو بۆچوونی نوێ هەڵێنجن. دواتر ژنانی گەیاندە ئەوەی بتوانن بەشداری بەرچاویان هەبێت لە شۆڕشی بەهاری عەرەبی و یەکسانی تواناکانی ژنان و پیاوان بسەلمێنن. لەبەر ئەوە دەتوانم بڵێم ژنان پێناسەیەکی باشی خۆیان کرد لە ڕاپەڕینی شۆڕشی بەهاری عەرەبی، بەتایبەتی ئەو ژنانەی لە ئاستی خوێندەواری باشدان. توانیان ئەو بیرکردنەوانە بڕەوێننەوە، کە پێیان وایە ژن ناتوانێت بەشداری شۆرش بکات، یان با بڵێین لە سیاسەت دەوری هەبێت. ژنان لە تونس، میسر، هەروەها یەمەن بە هاوشانی لەگەڵ پیاوان بەشداریان کرد. خەڵاتی نۆبڵە ئاشتیەکەی درا بە ژنە چالاکوانی عەرەبی پێشڕەو (تەوەکول کارمان) نموونەنەیەکی بەرچاوە بۆ ئەمە. لەم ڕۆژانە لە… ڕادیۆی سی بی سی کەنەدا ڕاپۆرتێک بڵاوکرایەوە دەڵێ لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان گرووپێکی ژنان… دروست بووە هەتا ئێستا توانیویانە  یارمەتی ١٢ ژن بدەن بۆ هەڵهاتن لە وڵاتی ئیمارات و سعودیە بۆ وڵاتە  ڕۆژئاواییەکانی وەک کەنەدا و ئوستورالیا و ئەوروپا. نموونەی ئەمە کچە تەمەن ٢٠ ساڵیەکەی سعودیە بوو بە ناوی (رەهاف محەمەد) توانیان لە سعودیەوە بیگەیەننە کەنەدا. ئەو گروپە  کە بەناویDefectors) ) لە ژنانی سعودیە و ئیمارات و وڵاتی دیکە پێکهاتوون. ٢٤ سەعات لە هێڵن بۆ یارمەتیدانی ئەو کچانەی کە ترسی کوشتن و ئەشکەنجەدانیان لەسەرە، و هەنگاو بەهەنگاو ڕێنێوێنیان دەکەن. ئەو گروپە زۆر نهێنیە تاوەکو ئێستا. ژنانی یەکگرتوو و ڕێکخراو لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی ئیسلامی پار ساڵ توانیان (نا) یەکی گەورە بە ڕووی دەسەڵاتدا بدەن بۆ لابردنی حیجابی زۆرە ملێی ئیسلامی. لە کوردستانی عێراقیش ژنان ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبوو لە خۆپیشاندانەکانی دژی بێ مووچەیی وخزمەت گوزارییە سەرەتاییەکان. ژنان بەردەوام توانیان لە پەیوەندی بن لەگەڵ یەکتربۆ پرس و ڕا گۆڕینەوە. لە وڵاتی یەمەن ٣٠٪ ی خۆپیشاندەران پێکهاتبوون لە ژنان، ئەمەش بە خاڵێکی زۆر دیار ژمێردراوە لە ڕاپەڕینی ئەم وڵاتە. ژنان لە کاتی بەشداریان لە خۆپیشاندانەکان  زیاترلە پیاوان بەرەنگاری زەحمەتی دەبنەوە لەو کاتانەدا؛ لە لایەن پۆلیسی وڵاتەکەیان و لە لایەن کۆمەڵگەوە. ژنان لەم ڕاپەڕینانە داوای بەشداربوونیان دەکرد لە کابینەی حکومەتی وڵاتەکانیان؛ بۆ نموونە لە تونس بەشداری ڕاستەقینەی ژنانیان داواکرد، و توانیان یاسای باری کەسێتی پێشکەوتنخواز فەرزبکەن بەسەر حکومەت. هەوڵدانی خۆیان دەست پێکرد بۆ دیاریکردنی پاشەڕۆژێکی ڕوونی ژیانی ژنان لە ناوچەکە. ئەمەش بە یەکەم بەشداریکردنی ژنان دیاری دەکرێ لە مێژووی ڕاپەڕینەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بێگومان بەشی زۆری ئەمانە دەگەڕێتەوە بۆ فاکتۆری بوونی تۆڕە کۆمەڵایاتیەکان هەروەک لە پێشەوە باسم کرد. چونکە ڕۆڵی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و کۆمیونیکەیشن بەگشتی ڕۆڵی بەرچاویان بووە لەو بزووتنەوانەی ئەم دەیەی دواییدا.

بە گشتی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەتوانن ببنە فاکتەرێکی بەهێز بۆ بزووتنەوی ژنان و خەباتیان بۆ بە دەستهێنانی مافەکانیان. بەتایبەت لەو وڵاتانەی وەک سعودیە و ئیمارات کە چوونە دەرەوە و تێکەڵبوونی کچان و ژنان تێیدا زۆر سنووردار و تاڕادەیەک نەکردەیە.

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٧ ی تایبەت بە ٨مارس… بڵاوکراوەتەوە 

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *