هەواڵی ناڕەزایەتییە کرێکاریی و جەماوەرییەکان….

ئامادەکردنی: ئاراس رەشید و شوان عەزیز….

دەوڵەتی میانمار چالاکی نواندن و تەنانەت ڕێپێوانی ئاشتیانەش لە لایەن کرێکارانەوە بە تاوان دادەنێت!

بە پێی هەواڵێك کە لە هەندێک ماڵپەڕدا بڵاوکراوەتەوە بۆ نموونە:  (http://www.iuf.org/w)پۆلیسی میانمار هەڵی کوتاوەتە سەر کرێکاران و خستونیەتە زیندانەوە، تەنها لەبەرئەوەی بە تەمابوون ڕێپێوانی ئاشتیانە ئەنجام بدەن.

چیرۆکەکە لێرەوە دەست پێدەکات: مانگی دێسەمبەری ساڵی پار کۆمەڵێک لە کرێکارانی میوانخانەکان کامپی هاوپشتی کرێکارانیان ڕاگەیاندووە و چەندین چادریان لەو پێناوەدا هەڵداوە. کامپەکە بە مەبەستی یەکگرتن و هاوپشتی و هاوکاری زیاتر بووە لە نێو ناوەندی کریکاران خۆیاندا. پۆلیسی میانماریش هەر کە بەو چالاکیەی زانیوە ‌هەڵی کوتاوەتە سەریان و زۆر بە دڕندانە لە دژی ئەو چالاکیەی کرێکاران وەستاوەتەوە وکامپەکەی لێ تێک و پێکداون..

هەر لە درێژەی ئەو جۆرە چالاکیانەی کرێکاراندا، لە ڕۆژی ١ی ئازاری ئەمساڵیشدا، کۆمەڵێک لە کرێکارانی بەشی میوانخانەکان و بە تایبەتی میوانخانەی سارەباری ناوچەی باگان، تەنها لەبەرئەوەی بە تەمای ڕێپێوانێکی ئاشتیانەبوون، پۆلیسیش هەر کە بەو پلانەی ئەوانی زانیوە چووەتە سەریان و کۆمەڵێک لە کرێکارو ئەندامانی سەر بە سەندیکای ئەو میوانخانانەی گرتوە و خستونیەتە زیندانەوە.

ئەوانەی کە پۆلیس تۆمەتی پلانی گردبوونەوە و ڕێپێوانی خستبوونە پاڵ، بریتیبوون لە سەرۆکی ئەو سەندیکایە و ٥ کەسی تریش لە ڕابەرانی ئەو سەندیکایە.

ئەو شەش چالاکوانە و ئەندامەی سەندیکای کرێکارانی میوانخانەکان هەر لەدوای گرتنیان لەلایەن پۆلیسەوە  یەکسەر لەلایەن دادگاوە سزای یەک مانگیان بەسەرا سەپێنرا و خرانە زیندانەوە!

بە پێی لێدوانی قسەکەرانی سەندیکای ئەو کرێکارانە بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن ناڕەزایەتی و گردبوونەوە و ڕێپێوانی کرێکاران و چالاکیتری وەک کامپیش لەلایەن کرێکارانەوە دەوڵەتی میانمار بە تاوان و دژە یاسا هەژماری دەکا!.

جێگەی باسە کە کرێکارانی ئەندام لەناو سەندیکاکاندا تووشی دژایەتی و جەزرەبەی زۆر دەبنەوە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی میوانخانەکانەوە. بەڕێوەبەرایەتی میوانخانەکان تائێستا چەندین کرێکاری دەرکردووە تەنها لەبەرئەوەی ئەندام بوون لە ناو سەندیکادا.

کارێکی تری بەڕێوەبەرایەتی میوانخانەکان ئەوە بووە کە هەمیشە دژایەتی بوونی سەندیکای کرێکارانی کردووە لە ناو میوانخانەکاندا، و هەمیشەش نەیهێشتووە یەکگرتوویی هەبێت لە نێوان کرێکارانی میوانخانەیەک و یەکێکی تردا.

مانگرتنی مامۆستایانی تازە دامەزراو لە ئێران بەردەوامی هەیە!

ڕادیۆی فەردا بەردەوامی مانگرتنی مامۆستایانی تازە دامەزراوی لە ئێراندا لە هەواڵەکانی ٥ی ئەم مانگەی خۆیدا بڵاوکردەوە.

بە بەپێی هەواڵی ئەو ڕادیۆیە مامۆستایانی تازە دامەزراو لە پارێزگای ئەلبورز هەر بەردەوامن لە مانگرتن و ناڕەزایەتیەکانیاندا.

مامۆستایان و خەڵکی ئێران شاهیدی ڕاستەوخۆی ئەو هەڵاوسانەن کە ڕووی لە باری ئابووری ئێران کردوە. ئەمە هەڵاوسانەش وای کردووە کە نرخی تەواوی پێداویستیەکانی خەڵکی بەرەو هەڵکشان بچێت و لەبەرامبەریشدا دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەقدەست و مووچەی مامۆستایانی هەر بە نزمی هێشتۆتەوە.

بۆیە مامۆستایان ناڕەحەتی ژیان و سەختی بەڕێوەبردنی ماڵ و منداڵیان پاڵی بە ئەوانەوە ناوە کە دەست بدەنە مانگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕین. لەو مانگرتنانەدا مامۆستایان زوربەیان ئەو لافیتەیان بەرزکردۆتەوە کە لەسەری نووسراوە: “مامۆستایان ناڕازین بەو هەڵاوسانە ئابووریەی کە ڕووی لەوڵات کردووە و لە بەرامبەریشدا مووچەکانیان هەر بە نزمی ماوەتەوە”.

جێگەی باسە کە دیسان مانگرتنی مامۆستایان و دەوام نەکردنیان  ئەمساڵیش وەک مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی پار تەواوی ئێرانی گرتەوە. ئەمساڵ مانگرتنەکە زیاتر لە هەزار خوێندنگای سەرەتایی و ناوەندی گرتەوە لە زیاتر لە سەد شاری ئێران.

داواکاری مامۆستایان ئەمساڵیش بریتیە لە ڕێگەدان بە بەستنی کۆڕوکۆبوونەوە و پێکهێنانی سەندیکا و ڕێکخراوی مامۆستایان، هەروەها باشترکردنی موچە و هەقدەستەکانیان. دیسان مامۆستایان داوای بەردانی تەواوی مامۆستا گیراوەکان دەکەن. هەروەها داوای ئەوە دەکەن کە هەموو ئەو ڕێگریانە لاببرێن لەبەردەم پێکهێنانی سەندیکاو ئیتیحادیەی مامۆستایاندا.

بە پێی ڕاگەیاندنی یەکیەتی مامۆستایان مانگرتنەکە بە چڕی زیاتر چەند شارێکی گرتۆتەوە. بۆ نموونە شارەکانی وەک ئیسفەهان، مەریوان، قەزوین، سنە، هەمەدان، سەقز، یازدتاکستان و شیرازی گرتۆتەوە. زیاتر بە چڕی.

بە سەدان هەزار لە ژنانی ئیسپانیا بە بۆنەی ٨ی مارسەوە ناڕەزایەتی و ڕێپێوان ئەنجام دەدەن!

پارتە سیاسیە ڕاستڕەوەکانی ئیسپانیا، ژنانی فێمینیستی چەپ و کۆمۆنیستی وڵاتی ئیسپانیا بەهۆی سەرەکی دەزانن لە هێنانی ئەو هەموو ژمارە زۆرەی ژنان بۆ سەرشەقامەکان و ڕێپێوانی بەو شێوە گەورەیە لە ڕۆژی ٨ی مارس دا.

زۆرێک لە سەرچاوەی هەواڵ و ماڵپەڕەکان بە گرنگیەکی زۆرەوە هەواڵی ئەو ڕێژە زۆرەی ژنانی ئیسپانیایان بڵاوکردەوە کە بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنانەوە ناڕەزایەتی و ڕێپێوانیان ئەنجامدا.

بۆ نموونە ماڵپەڕی بەناوبانگی: https://elpais.com . (ئێل پایس) لە هەواڵەکانی ڕۆژی ٩ی ئەم مانگەدا تەواوی ئەو چالاکیەی ژنانی ئیسپانیای بڵاوکردەوە.

ئەو بانگەوازەی کە ڕۆژی هەینی، کە دەکاتە ٨ی مارس، کرا لەلایەن تیمی ئامادەکاری ڕێپێوانەکە توانی زیاتر لە ٣٥٠ هەزار ژن بڕژێنێتە ناو شەقامەکانی مەدریدی پایتەخت و هەروەها ژمارەیەکی زۆری تریش کە مەزندە دەکرا بە ٢٠٠ هەزار ژن بڕژێنێتە ناو شەقامەکانی بەرشەلۆنەوە.

ئەم ڕێپێوان و مانگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕینە بەو ڕێژە زۆرەیەی ژنانی ئیسپانیا بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنانەوە بەڵگەی زیندوویەتی و چالاکی بزووتنەوەی فێمێنیستی ژنانە لە وڵاتی ئیسپانیا.

یەک ساڵ پێش ئێستا هەر بە بۆنەی ٨ی مارسەوە ژنانی ئەو وڵاتە ڕژانە سەر شەقامەکان و ڕێپێوانی سەدان هەزاریان ئەنجام دا، لەبەرئەوەی هەنگاوەکانی دەوڵەت بە دژی نایەکسانی زۆر بە هێواشی هەستیان پێدەکرا.

ئەمساڵ نەک هەر ئەو دیمەنەی پار دوبارە کراوەتەوە لە سەرتاسەری وڵاتی ئیسپانیادا، بەڵکو دەستکەوتەکانیش گەورە و باڵاتربوون. بۆ نموونە ساڵی پار لە هەندێک شاری ئیسپانیادا نزیکەی ١٧٠ هەزار ژن لە مەدریدو نزیکەی ٢٢٠ هەزار ژنیش لە شارەکانی تری وڵات بەشدار بوون و ڕژانە سەرشەقامەکان. بەڵام ئەمساڵ تەنها لە مەدرید ڕێژەی ژنان بەرزبووەوە بۆ زیاتر لە ٣٧٥ هەزار ژن و وە لە بەرشەلۆنەش ڕێژەکە هەڵکشا بۆ زیاتر لە ٢٢٠ هەزار ژن.

سەرباری هەموو ئەو گرفتانەی کە لەبەردەم تیمی ئامەدەکاری و گروپە ڕێکخەرەکانی ئەو ڕێپێوانەی ژناندا هەبوون، بەڵام توانیان ئەو ڕێژەیەی ژنان بۆ ئەو ئاستە بەرزە بەرزبکەنەوە. ئەوەش دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە نیشانی دەدات کە بزووتنەوەی فێمینیستی و بزووتنەوەی ژنان بەگشتی لە وڵاتی ئیسپانیادا لە ئاستێکی باڵادایە. بۆیە چاودێرانی بوارەکانی مافی ژنان پێیان وایە لە بارەی چالاکی ژنانەوە، وە دیفاع لە مافی ژنان وڵاتی ئیسپانیاو ژنانی ئیسپانی بە پێشەنگی جیهانی دادەنرێن.

بەڵام لە لایەکی تریشەوە دەوڵەت و پارتە  چەپ و سۆشیالیستە سیاسیەکانی ئیسپانیا ڕەخنەی ئەوەیان لێدەگیرێت کە نەیان توانیوە بەپێی ویست و داواکاریەکانی ژنانەوە خزمەت بە مافەکانی ژنان و ڕۆلی ژنان لە بڕیاردانی سیاسیدا بکرێت. بۆ نموونە لە ١٢ مانگی ڕابردوودا بە حیساب پارتی سۆشیالیست لەسەر حوکمە و لە کۆی ١٧ وەزیر ١١یان ژنن، بەڵام هێشتا جیاوازییەکی ڕوون و زەق دەبینرێت لە مووچەو هەقدەستی نێوان ژن و پیاودا! هەروەها هێشتا نەتوانراوە هەندێک مەسەلەی بنچینەیی کۆتایی پێبهێنرێت. بۆ نموونە توندووتیژی جێندەری و هێشتاش وەک دەردەکەوێت ژنان نەیانتوانیوە وەک پێویست شوێنی بڕیاردان بگرنەدەست.

جێگەی باسە کە لەم دواییانەدا پۆپیولەر پارتی(پی پی) کە پارتێکی هەرە ڕاستڕەوی ناو ئیسپانیایە وا دیسان خەریکە دێتەوە سەر ساحەی سیاسەت و پاڵپشتی خەڵک بەدەست دەهێنێتەوە، و دیسان یاسای بابەتی لەبابردنی منداڵ خەریکە دەهێنرێتەوە بەرباسان. ئەم مەسەلەیەش هۆیەکی تر بوو کە ئەو هەموو ژنانەی ئیسپانیای هێناوەتە سەر شەقامەکان لە ڕۆژی ٨ی مارسدا. ژنان هاواریان دەکرد “ئەوەی کە ئێمەی والێکردووە بڕژێینە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانی.. بەم شێوە گەورەیە نیشان بدەین تەنها یەک هۆ نییە؟ بەڵکو هەزاران هۆمان بەستەوەیە.”

لە لایەکیترەوە هەر لە بەرەبەیانی زووی ئەو ڕۆژە، گروپێکی دیار لە ژنانی خۆپیشاندەر ڕاستەوخۆ ڕیگریان کرد لە  پابلۆ کەسادۆ، سەرۆکی پارتی پی پی (پۆپیولەر پارتی)، کە ویستی وتارێک پێشکەش بکات. گرووپەکە دەستی کرد بە فیکە و تەپڵ لێدان و ڕاکێشان لە بنی مەنجەڵ و قاپلەمە بۆئەوەی نەتوانێت بە بیروبۆچوونە کۆنەپەرستەکانی گوێی خەڵکی پڕ بکات. ژنەکان هاواریان دەکرد” تۆ پیاوێکی بە فکرە کۆنەپەرست و پیاوسالاریت”. ئاخیرەن پابلۆ مەیدانی قسەکردنی بەجێهێشت و هەموو خەتاکەشی خستە ملی چەپەکان و ژنە فێمینیستە چەپەکان. وە ئەو سەرۆکە بڕیاریدا کە بەشداری ئەوڕۆژەی ژنان نەکات. ئەو وتی “من بەشداری ناکەم چونکە ئەوڕێپێوانە لە لایەن چەپەکان و ژنە فێمینیستە چەپەکانەوە کۆنتڕۆڵ کراوە”.

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٨ی بەرواری ١٥/٣/٢٠١٩ بڵاوبۆتەوە

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *