ڕۆڵی چەپ و کۆمۆنیستەکان لە دامەزراندنی بنکەی شورایی دۆڵی بازیان ! …

بیرەوەریەکی کورت لەسەر بنکەی شورای دۆڵی بازیان …

شوان عەزیز…

تێبینی: گێڕانەوەی ئەو مێژووە بە مەبەستی لایەنکاری و ئیبرازکردنی هیچ کەس و گروپ و مەحفەل و ڕێکخستنێکی ئەو سەردەمە نییە بە قەدەر ئەوەی کە مەبەستی سەرەکی تێیدا تەنها پیشاندانی مێژووی چەپ و کۆمۆنیستەکانە لەو سەردەمەدا. پیشاندان و گێڕانەوەی مێژوویەکی ئەو سەردەمەیە کە لە دەمی کەسی یەکەمەوە پیشانی دەدات کە کۆمۆنیستەکان چەندە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە هەم لە ڕاپەڕین و هەم لە پێکهێنانی شوراکاندا. بۆیە گێڕانەوەی ئەم مێژووە بە مەبەستی بە ئەندازیارکرنی هیچ کەس و تاقمێک نییە بە دیاریکراوی لە پێکهێنانی شوراکاندا بە گشتی و پێکهێنانی شورای دۆڵی بازیان دا بە تایبەتی، ئەوەندەی مەبەست لێی خستنەڕووی راستیەکانە لە دەوری کۆمۆنیستەکان لە کۆمەڵگەی کوردستاندا بەشێوەی عەلەنی لە راپەڕین و دەورەی شوراکاندا.

هەڵکەوتەی جوگرافی دۆڵی بازیان

 

دۆڵی بازیان تەقریبەن دەکەوێتە بەشی خوارووی ڕۆژئاوای شاری سلێمانی. ڕێگای سلێمانی کەرکوک بەو دۆڵەدا دەڕوات. پێکهاتەی دانیشتوانی دۆڵی بازیان لە کاتی ڕاپەڕین و شوراکاندا بریتی بوو لە:

لە لای سلێمانیەوە : ناحیەی ئەڵڵایی، ئۆردوگای ئەڵڵایی، ناحیەی بازیان و ئۆردوگاکەی، ناحیەی تەیناڵ، ئۆدروگای تەیناڵ، ئۆردوگای بازیانی ڕەقەم ١، ئۆدوگای باینجان و گوندەکەی، ئۆردوگای ڕەقەم ٢، وە کۆتاییشی بە ئۆردوگای گۆپاڵە دێت لەلای بەردەقارەمانی دەربەندەکە.

لەبەر ئەوەی دۆڵی بازیان دەکەوێتە نێوانی کەرکوک و سلێمانی، بۆیە ڕاپەڕین تێیدا زۆر زەحمەت ترو ترسناکتر بوو لە سلێمانی و شوێنە حدودیەکانی تر. ئەگەرسلێمانی پاک نەکرێتەوەو لە بازیان دەستپێبکرێت ئەوە بە دڵنیاییەوە وەک کارێکی خۆکوژی سەیری دەکرا لەو زەمانەدا.

بۆ مێژوو ئەمە دەگێرمەوەو توانای بەرەنگاریشم هەیە بە دڵنیایەوە لە تەواوی ئەو مێژووە. ئەم ناوانەی کە لێرەدا من هێناومن ڕۆڵی کاریگەریان هەبوو لە هەڵخڕاندن و جۆش و خڕۆش پێدانی خەڵکی ئۆردوگاکە لە ڕاپەڕیندا. ئێرە شوێنی ئەوە نییە کە من باسی هۆکارو فاکتەرەکانی ڕاپەڕین بکەم. خەڵک بەگشتی لە حکومەتی بەعس وە زاڵە هاتبوو وە لێی تووڕەو پڕ بوو. بەڵام بە کورتی دەتوانم بڵێم کە چەپ و کۆمۆنیستەکان لە لایەکەوەو لە لایەکی تریشەوە لاوازی دەزگاکانی حکومەتی بەعس لە ناوچەکەداو خەریکبوونیان بە دامرکاندنەوەی ڕاپەڕینی خواروو هەروەها ڕۆڵی ئەو دەوڵەتانەی کە لە عێڕاقیان دەدا هاوکاربوون لەوەی کە خەڵک ڕاپەڕێت. هەر لەم ڕوانگەیەشەوە ئەم کۆمۆنیستانەی ئۆردوگای بازیانی ڕەقەم ١ توانیان هەر لە بەرەبەیانی زووی ڕۆژی ٦ی ئازارەوە بە سەدان لە خەڵکی گەڕەکە جۆراوجۆرەکانی ناو ئۆردوگاکە بهێننە دەر لە ماڵەکانیان و بیانڕژێننە سەر شەقامەکان و بەرەو ڕووی دام و دەزگاکانی حکومەتی بەعسیان بەرن کە لە نێو ئۆردوگاکەدا بوون.

لە ڕانیە ڕۆژی ٥ی ئازار ڕاپەڕین دەستی پێکردو ڕانیە پاک کرایەوە. لە دۆڵی بازیانیش ڕۆژی ٦ی ئازار سەعات ٧ی بەیانی لە ئۆردوگای ڕەقەم ١ لە گەڕەکی جوامێریەکانەوە دەستی پێکرد. جێگەی باسە کە نووسەری ئەم بیرەوەریە هاوسێی ئەم گەڕەکەبوو. دوای ڕەقەم ١ ئۆردوگای ڕەقەم ٢ ئینجا ناحیەکەو شوێنەکانی تری دۆڵی بازیانی گرتەوە. تا سەعات ١ی دوانیوەڕۆ تەواوی دۆڵی بازیان پاککرایەوە لە تەواوی دام و دەزگا سەرکوتکەرەکانی ئەوکاتی حکومەتی بەعس.

ئەوکات کە نووسەری ئەم بیرەوەیەو چەندین کەسی تر ئەندامی دەستەی پێشڕەوانی پڕۆلیتاریا بووین و لەگەڵ گەڕەکی جوامێریەکانی ئۆردوگای ڕەقەم ١ هاوسێ بووین، ڕۆڵی بەرچاو و کاریگەرمان نواند لە هێنانە مەیدان و ڕاپەڕاندنی  خەڵکی ئۆردوگاکە. شانە ڕێکخستنەکەی ئێمە کە سەر بە دەستەی پێشڕەوانی پڕۆلیتاریا بووین بریتیبووین لە: موحەمەد عوسمان بەرپرسی شانە، عەبدوڵلای برای موحەمەد، شوان عەزیز، پورە بەهێی باینجان، وە هەروەها حوسێن. بەڵام هاوکارانی ڕاستەوخۆی شانەکەشمان هەبوون و هەروەک ئەندام ڕۆڵیان دەبینی و شارەزابوون بە هەموو جموجۆڵ و کارێکی ڕێکخستنمان. تەنها جیاوازیەک کە لەگەڵ ئێمەدا هەیان بوو ئەوان بە ڕەسمی ناویان لە ناو شانەدا نەبوو هەروەها ئابوونەی ڕێکخستنیشیان نەدەدا. ئەمانەش حەسەنی برای حوسێن، مینای خوشکی حوسێن، عومەری برای شوان عەزیز وە ئایشەی خوشکی شوان عەزیز بوون .

ڕۆژی ٦ی ئازار دۆڵی بازیان بە تەواوی کەوتە دەستی خەڵکەوە و کەوتە نێوانی سلێمانی و کەرکوکەوە کە هێشتا هیچ کام لەم دوولایە ڕاپەرینیان نەگەیشتبۆیێ و لە دام و دەزگای بەعس پاک نەکرابوونەوە. بۆیە بازیان کەوتبوە نێوان دوو بەرداشەوەو ترسی پلیشانەوەو جیق پێهەڵهێنانی هەبوو لەلایەن هەردووک بەرەی لای سلێمانی سوپای بەعس و بەرەی لای کەرکوکی هەمان سوپا.

ڕۆژی ٧ی ئازار سلێمانی ڕاپەڕینی کردو و ئەوێش پاککرایەوەو ئیتر ئێمە لە بازیان هەستمان بە ئارامی کرد. چونکە ئیتر دەمانزانی کە ئەگەر بێت و ترسیش پەیدابێت لەسەر ژیانمان ئەوە ئیتر ڕێگەی سلێمانی هەیەو دەتوانین بەرەو سلێمانی بڕۆین و لەوێشەوە بڕۆین بۆشوێنێکی تر.

ڕۆژی ٨ی ئازار نیوەڕۆکەی  بە یەک مەنجەڵی گەورەی یاپراغەوە (دۆڵمە) سەمیرە ئەحمەد لە سلێمانیەوە خۆی گەیاندە ماڵمان لە بازیانی ڕەقەم ١ و تەواوی وردەکاری پاک کردنەوەی سلێمانی بۆ باسکردین. ئەو پێی وتین کە خۆی ڕاستەوخۆ شاهیدی ئەوە بووە کە کۆمۆنیست و چەپەکان چ ڕۆڵێکی کاریگەریان هەبووە لە پاککردنەوەی سلێمانیدا. ئەم نیوەڕۆیە هەموو ئەو ناوانەی کە لەسەرەوە هێناومن بێجگە لە موحەمەد عوسمان و عەبدوڵڵای برای ئیتر ئەوانی تر هەموومان بەیەکەوە بە کەیف و خۆشیەوە یاپڕاغەکەمان خوارد. دوای نیوەڕۆ سەمیرە داوای لە من و پورە بەهێی باینجان کرد کە لەگەڵیا بڕۆین بۆ سلێمانی و شەو لەوێ بین. وە بۆ بەیانیەکەی واتە ڕۆژی ٩ی ئازار بمان بات بۆ سەیری ئەمنە سورەکە. سەمیرە وتی بۆ ئەوەی هەموو ئەو ئەمنانە ببینین کە لەلایەن خەڵکی داخ لە دڵەوە کوژراون و هێستا لاشەکانیان لەو مەیدانە کەوتوون.

من لێرەدا ناکرێت ڕۆڵی ڕاستەوخۆی نوری بەشیر پیشان نەدەم لە ڕێنمایی و پێدانی زانیاری و ئامۆژگاری کۆمۆنیستانە بۆ هەموو ئەو ناوانەی کە لێرەدا هاتوون. هەروەها ڕۆڵی خەسرەو سایە و سامان کەریم.  من ئەو کات هیچ کام لەو ٣ کەسەم بەو ناوانەوە نەدەناسی بەڵکو بە ناوە ڕاستیی و ئەصڵیەکەی خۆیانەوە دەمناسین. بێجگە لە سەمیرە ئەحمەد کە هێشتا هەر هەمان ناوی هەیە. زۆریش سوودم لێ دەبینین و زۆریش لەگەڵ ئێمەدا ماندوو بوون..

بۆ مێژوو دیسان دەبێت ناوی سەمیرە ئەحمەد و پورە بەهێی باینجان هەمیشە لە یادم بن ئەو دوانە وەک دوو ژنی هەڵسوڕاو، ئەو دوو کەسە ٢ کۆمۆنیستی بە فیعلی چالاک و ماندووی ڕێگای کۆمۆنیستی بوون. ئەو دوانە نەبانایە ئێمە شانەی ڕێکخستنەکەمان نەی دەتوانی ئاگاداری ئاڵوگۆڕیەکانی ناو شاری سلێمانی و خەبەرو باسەکان بێت. ئەو دوانە ڕۆڵی تەتەریشیان دەبینی لە نێوانی ئێمە و سلێمانیدا. هەر کاتێک ئێمە بەرچاومان ڕۆشن نەبایە و نەمان زانیبایە چی بکەین و چی بڵێین ئەوە پورە بەهێمان دەنارد بۆ سلێمانی بۆ لای هاوڕێیانی ئەوێ و هەر کاتێکیش هاوڕێیانی سلێمانی بیانویستبایە شتێک بە ئێمە بڵێن ئەوە بێ سێو دوو هەر سەمیرە بوو کە ئەو کارەی بکردایە.

بنکەی شورای دۆڵی بازیان

هەر دوای ئەوەی کە سلێمانی پاک کرایەوەو شوراکانی سلێمانی پێکهێنران و  دەنگیان دایەوە لە هەموو کوردوستاندا، ئێمەش ئەو ناوانەی کە لەسەرەوە هێنان هەر دوای ئەوەی کە دۆڵی بازیان و سلێمانی پاک کرانەوەو دام و دەزگای بەعسیان تێدا نەما، بە ڕێنمایی و هاوکاری ڕاستەوخۆی سەرەوەی دەستەی پێشڕەوانی پڕۆلیتاریا، پێکهێنانی بنکەی شورای بازیانمان ڕاگەیاند.

کۆبوونەوە و کاری هاوبەشمان لەگەڵ رەوتی کۆمۆنیست

ئێوارەی ڕۆژی ١٢ی ئازاری ١٩٩١ من لەلایەن بەرپرسی شانەکەمانەوە پێم ڕاگەێنرا کە دەبێت شەو لەگەڵ هاوڕێیانی ڕەوتی کۆمۆنیست  لەسەر پێشنیاری ئەوان دابنیشین و کۆبوونەوە بکەین. ئەو وتی کە پێی باشە من و عبدوڵلای براشی لەگەڵ بین لەو کۆبوونەوەیەدا. من هیچ خەبەرم نەبوو لەگەڵ چەند کەس و ئەو ناوانە کێن کە دەبێت کۆبوونەوەیان لەگەڵ بکەین. موحەمەد تەنها وتی ئەمانە هاوڕێیانی ڕەوتی کۆمۆنیستن. تەنانەت ئەو شوێنەشی واتە ئەو ماڵەی پێ نەوتم کە بۆ شەو کۆبوونەوەکەی تێدا ئەنجام دەدەین. ئەم پێشنیارەم قەبوڵکرد. شەو موحەمەد عوسمان و عەبدوڵڵای برای و من وەڕێکەوتین. موحەمەد خەبەری هەبوو کێن ئەوانەو لە چ ماڵێک کۆبوونەوە دەکەین.

هەرسێکمان وەڕێکەوتین بەو شەوە بە ناو کۆڵانەکانی ئۆردوگای ڕەقەم ١دا. گەیشتینە ناو گەڕەکی هێرۆییەکان. موحەمەد لە پێشمانەوەو ئێمەش بە دوایەوە.  موحەمەد لە دەرگای ماڵێکی دا لە ناو گەڕەکی هێرۆییەکان. ژن و پیاوێک هاتن دەرگایان کردەوەو موحەمەدیان دەناسی و من و عەبدوڵڵایان نەدەناسی.

لە ژوورەکەدا ژن و پیاوەکە کە دەرکەوت ژن و مێرد بوون و پیاوەکە بە مامۆستا موحەمەد ناوی دەهێنراو ئەوانەی کە لەوێش بوون وەک میوان و وەک هاوڕێیانی ڕەوتی کۆمۆنیست وەک کە موحەمەد عوسمان بە منی گوت ئەمانە بوون : ١- فەتاح میرزا مەمەند ٢- بەهرەی هاوسەری، تانیا(شوکری) وە مامۆستا موحەمەدی هێرۆیی کە خاوەن ماڵەکە بوو هەروەها  هاوسەرەکەی.

هاوڕێیانی ڕەوت بە ئاشکراو بە ڕوونی بە ئێمەیان ڕاگەیاند کە دەبێت هاوکاریان بین و کاری هاوبەش بەیەکەوە ئەنجام بدەین و دەست بکەیین بە چالاکی نواندنی شورایی.  ئیتر هەموو لایەکمان ڕێکەوتین کە کۆبوونەوەی جەماوەری لە بازیانی ڕەقەم ١ ئەنجام بدەین لە ڕۆژی ١٣ ی ئازار واتە بۆ بەیانیەکەی.

لێرەدا دەستمان کرد بە میکانزمی ئەنجامدانی کۆبوونەوەکەو جۆری شیعارەکان و ناوەڕۆکی قسەوباسەکە بۆ جەماوەر. بەڵام مەخابن ئەوکات ئێمە هەردوولامان فۆکەسمان لەسەر ئەوە بوو کە کۆبوونەوەکە مۆرکی خۆمانی لەسەر بدەین. واتە هاوڕێیانی ڕەوت هەوڵی ئەوەیان دەدا کە دەبێت ناوی ڕەوت لەسەر شیعارەکان ببێ. بەڵگەو بەهانەیان بۆ ئەوەش ئەوەبوو کە پێشنیارەکە هی ئەوانە لە لایەکەوەو لە لایەکی تریشەوە ڕەوت بەربڵاوترو ناسراوترو گەورەترە لە دەستەی پێشڕەوان. ئێمەش بەڵگەو بەهانەمان ئەوەبوو کە ئەم ئۆردوگایە جێگە نفوزی دەستەیەو تەواوی ئەو خەڵکەی کە ئێمە بەتەماین قسەیان لەگەڵدا بکەین کەس و ناسیاو و هاوڕێ و دۆستی ئێمەن. ئێمە دەمان گوت کە بە دەیان لە ژنان و پیاوان ئامادەن سبەینێ بە قسەی ئێمە بێنە سەر شانوی قسەوباس و ڕەئی خۆیان بڵێن. تەنانەت ئەوە ئێمە بووین دەبوایە کارە سەرەتاییەکان و ئامادەکاریەکانمان ڕاستەوخۆ بگرتایەتە ئەستۆ بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە جەماوەریەکە.

 

قسەوباسەکان گرژی تێکەوت و لەسەر پێشنیاری موحەمەد عوسمان ئێمە بڕیارماندا کۆبوونەوەکە بەجێ بێڵین. بەڵام من لەگەڵ ئەو بڕیارەی موحەمەد نەبوم و پێم باش بوو بگەینە ئەنجام. من پێشنیارم کرد با ناوی هەم ڕەوت و هەم دەستە بەسەر نوسراوەکانەوە بێت. هەموویان ئەو پێشنیارەیان بەدڵ بوو. بەڵام موحەمەد پێی وابوو هاوڕێیانی ڕەوت پەشیمان دەبنەوەو لە دیدی ئەوەوە گومانی هەبوو.

بڕیاری ڕۆیشتنمان دا.  بەڵام بەهرەو فەتاح ئومێدی ئەوەیان بە من هەبوو کە هیچ نەبێت هاوکاریان بین لە پەیداکردنی چەند ژنێک و کچێک بۆ سەر شانۆ بۆ وتنی سروودی ئینتەرناسیۆناڵ و وتنەوەی چەند شیعارێکی تر کە نێر و مێ بە یەکەوە باشتر دەردەچوو. تەنانەت بەهرە ڕووی کردە موحەمەدو وتی: ئەگەر یەک کەسیشم بۆ ئامادە نەکرێت من بەتەنیا خۆم دەچمە سەر مەسرەحەکەو دەست دەکەم بە وتنەوەی شیعارەکان و قسەوباس پێشکەش دەکەم، ئیتر خەڵک هەر دێت.

ئێمە ڕۆیشتین و لە ڕێگا مشت مڕمان لێپەیدا بوو. من وتم دەبوایە ڕازی باین .عەبدوڵای براشی لەگەڵ ڕەئی من بوو. ئیتر موحەمەد وتی باشە ئێوە هاوکاریان بن و تا بۆتان دەکرێت خەڵکیان لەگەڵ کۆبکەنەوە.

بۆ بەیانی من خەبەرم نارد بۆ هاوڕێیانی ڕەوت و ئامادەیی خۆم و هاوڕێکانی ترم پێ ڕاگەیاندن. بەهرەو شوکری (تانیا) ئەو هەواڵەی منیان زۆر پێ خۆش بوو. ئیتردەستمان کرد بە بانگەوازی کۆکردنەوەی خەڵک. تا سەعات ١٠ توانیمان بە سەدان کەس لەدەوری خۆمان کۆبکەینەوە. مەسرەحمان دروست کردو پێداویستیەکانمان ئامادە کرد. من داوام لە ئایشەی خوشکم و میناو پورە بەهێ کرد کە بچنە سەر مەسرەح و لەگەڵ بەهرەو شوکری ئەو شتانە بڵێنەوە کە ئەوان دەیڵێن. پلانەکەمان سەری گرت و کارەکەمان ئەنجام دا. بە هەزارانمان لە خەڵکی کۆکردەوەوهاتن و گوێیان لە قسەوباسەکانی ئێمە گرت.

ئەوەی کە ئێمە لەو کۆبوونەوە جەماوەریەدا جەختمان لەسەر دەکرد بۆ خەڵکی ناوچەکەو بۆ کرێکارانی سەربە دائیرەکانی ڕێگاوبان، کشتوکاڵ، شارەوانی و  بیناسازی و تەواوی سێکتەرە تایبەتیەکانی تر بریتی بوو لەوەی کە ئەوە سیستەمی شوراییە کە لەبەژەوەندی خەڵکی بەشمەینەت و زەحمەتکێش و کرێکاراندایە. ئەو سیستەمەیە کە خەڵک دەتوانێت تێیدا دەنگی خۆی هەبێ و کاریگەری هەبێ و بەشداری ڕاستەوخۆشی هەبێ لەبەڕێوەبردنی وڵاتدا لە هەموو ڕوویەکەوە.

دەبێت ئەوەش بۆ مێژوو بگێڕمەوە کە هەر لە نێوانی ڕۆژانی دوای پاکردنەوەی سلێمانی و پێش کۆچڕەوەکە کۆبوونەوەیەکیشمان لەگەڵ عبدوڵڵا مەحمود کرد لە ئۆردوگای بازیانی ڕەقەم ١.

هستریای بەرەی کوردستانی و حزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی و ئیسلامی لەئۆردوگای بازیانی ڕەقەم ١

هەر ئەو ڕۆژەی کە ئێمەی کۆمۆنیستەکان لە ڕەوتی کۆمۆنیست و دەستەی پێشڕەوان ئەو چالاکیەمان ئەنجام دا ئیتر کوردایەتی پێی هەزم نەکرا. هەر لەو کاتەی کە ئێمە قسەمان بۆ خەڵکی دەکرد وە لەسەر مەسرەحەکە بووین چەند چەکدارێکی جلی خاکی لەبەر کە بە پێشمەرگە خۆیان ناساند داوای بینینی منیان کرد. من هاتمە خوار لە مەسرەحەکەو ئامادەیی خۆمم نیشاندا. یەکەم پرسیاریان ئەوە بوو: ئێوە چین و سەر بە چی جیهەتێکن؟ ئێوە بە فەرمانی کێ ئەو کۆبوونەوە جەماوەریەتان ئەنجام داوە؟ ئێوە بەرنامەو ئامانجتان چیەو دەتانەوێت چی بە خەڵک بڵێن؟ …ئیتر بەڕاستی وام هاتە پێشچاو کە ئەوانە پێشوەختە بە سەدان پرسیاری ئیستیخباراتیان بۆ ئێمە ئامادەکردبوو وە دەستیان کردە باراندنی پرسیاری پۆلیسی.

بەرەی کوردستانی بە گشتی و کوردایەتی بەتایبەتی ئەوەی کە شوراکان بۆی تێدەکۆشان و بە خەڵکیان دەگەیاندو خەڵکیان پێ وریا دەکردەوە پێ هەزم نەدەکراو کۆتایی دواڕۆژی خۆیان تێدا دەبینی. بۆیەش ئەو جۆرە کۆبوونەوانەیان پێ لەدەرەوەی یاساو قانوون بوو. لەبەرئەوەی لە دژی بەرژەوەندیە کەسی و حزبیەکانی ئەوان بوو. لە بەرئەوەی ناوەڕۆکی قسەوباسی ئەو کۆبوونەوانە  لە بەرژەوەندی خەڵکدا بوو.

کۆبوونەوە ئەنجام دراو پورە بەهێ و میناو ئایشەی خوشکیشم لەگەڵ بەهرەو شوکری پیشانی ژنانی ئۆردوگای ڕەقەم ١یان دا کە ژن چ توانایەکی هەیەو دەبێت وەک و پیاو حیسابی بۆ بکرێت.

بنکەی شورای گەڕۆکی بازیان !

 

هەر دوای کۆبوونەوەکە بۆ ڕۆژی دوایی واتە ١٤ی ئازار پورە بەهێ بە کارێکی تایبەتی سەردانی سلێمانی کردو لەوێ خەسرەو سایە و نوری بەشیری بینیبوو. تەواوی قسەوباسی ئەو چالاکیەی ئێمەی بۆ باس کردبوون.  هەردووکیان هەم خەسرەو هەم نوری  دەست خۆشیان لەو کارەی ئێمە کردبوو. ئێوارە کە  پورە بەهێ هاتەوەوەو پێی وتین مژدە! هەموویان ئەو کارەی ئێمەیان پێ باش بووەو دەستخۆشیان لێکردووین. ئەوان زۆریان پێ باش بووە ئیمە لەگەڵ ڕەوت بەیەکەوە ئەو کارەمان ئەنجامداوە و داوای بەردەوامیان کردووە لە کارەکانیان.

کۆبوونەوەی گشتی نوێنەرانی شوراکان لەسلێمانی

 

ڕۆژی ١٦ی ئازار بەرپرسی شانەکەمان، موحەمەد عوسمان، بە منی ڕاگەیاند کە دەبێت من و عەبدوڵای برای بچینە سلێمانی و بەشداری لە کۆبونەوەی نوێنەرانی شوراکان بکەین کە لە ناو شاری سلێمانی دەبەسترێت لە ناو ئەو خوێندنگایە کە لە تەنیشتی باخی گشتیدایە. من ڕازی بووم.

ڕۆژی ١٧ی ئازار کە ڕۆژی ئەو کۆبوونەوەیە بوو، من و عەبدوڵا بەڕێکەوتین بۆ سلێمانی و چووینە ناو خوێندنگایەکەوە کە کۆبوونەوەکەی لێسازدرا. بە داخەوە من ناویم لەبیرچۆتەوە…

من و عبدوڵا گەیشتینە ئەوێ و کە چوینە ژوورێ ئیتر حەشاماتێکی یەکجار زۆر لەوێ بوو. وەک کوردەکە دەڵێت جمەی دەهات لە ژنان و پیاوان. کە وەژوور کەوتین من لەسەری سەرەوەی ژورێک یەکسەر ئەو هاوڕێیانەم ناسی : ١- خەسرەو سایە، سامان کەریم، عبدوللا مەحمود، نوری بەشیر، سەوسەن سەلیم، سەمیرە ئەحمەد. داوای لێبوردن لەو هاوڕێیانەم دەکەم کە لەوێ حزوریان هەبوو وەمن ئێستا ناوەکانیانم لەبیر نەماوە.

 

تێبینی: هەندێک لەو ناوانە من ئەو کات بەو ناوانە نەمدەناسین بەڵک و بە ناوە ئەصڵیەکەی خۆیان دەم ناسین. بۆ نموونە ئەو کات  خەسرەو، نوری، سامان ، وە سەوسەن بەو ناوانە من نەم دەناسین. …

زۆر لە هاوڕێیان لەو کۆبوونەویەدا قسەوباسیان کردو پێشنیاریان کرد. ئیتر نۆرەی قسەکردن گەیشتە ئێمەی نوێنەرانی بنکەی شورای بازیان. عەبدوڵای برای موحەمەد عوسمان وای پێ باش بوو کە من قسە بکەم . بەرنامەکە بەو شێوە بوو کە دەبوایە باس لە چالاکی بنکەی شوراکەمان بکەین . هەروەها باس لەو ڕێگریانەش بکەم کە بەرەی کوردستانی و کوردایەتی بۆمانی درووست دەکەن. هەروەها باسی ئەو پێداویستیانەی کە دەمانەوێن بۆ بەڕێوەبردنی بنکەکە. لە ناوەڕاستی قسەکردندابووم کە هاوڕێیەک لەناوەڕاستی خەڵکەکە یەک پرسیاری ئاراستە کردم کە دیار بوو زمانیشی دەیگرت و بە باشی بۆی نەدەگوترا وتی: بنکەی شوراکەتان لە چی بینایەکدایە و بەرەی کوردستانی پێتان ناڵێت دەبێ چۆڵیکەن؟  لە دواییدا وتیان ئەمە ناوی بەهادینە و لە تورکیاش لە ساڵی ٢٠٠٠دا ئەمەم هێنایەوە بیر. من ئەو کات نەم دەناسی. من بۆ وەڵامی ئەو پرسیارەی بەهادین دامام و وەستام بۆ ئەوەی وەڵامێکی بۆ بدۆزمەوە. لەو کاتەدا کە سامان کەریم و خەسرەو لە تەنیشتمەوە بوون یەکسەر سامان هەستی پێکرد کە خەریکی پەشۆکانم ئەو وتی بڵێ : گەڕۆکە.. واتە بنکەمان لەناو بینادا نیە تا دەرمان کەن. ئێمە گەڕۆکین لە هەموو دۆڵی بازیانین و لەهیچ شوێنێکی دیاری کراویش نین هههه. لێرەوە سوپاسی سامان کەریم دەکەم کە وەک هەمیشە وەڵامی حازری لە لایە بۆ پرسیارەکان و منی لە پەشۆکان ولە دەستی بەهادین ڕزگار کرد.

کۆبونەوەی گشتی نوێنەرانی شوراکان لە سلێمانی هەرجارناجارێک بەڕێ دەخرا. ئەو کۆبوونەوانە لە لایەن چەپ وکۆمۆنیستەکانەوە بە گشتی و بە تایبەتیش لە لایەن زۆرێک لەو هاوڕێیانەوە ساز دەکران کە لە دوایدا حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێڕاقیان پێک هێنا. وە ئەو کۆبوونەوانە بۆ ئەوە سازدەکران تا بزانرێت کارو چالاکی تەواوی بنکەی شوراکان بەکوێ گەیشتووە. ڕێگریەکانی بنکەکان چین و کەموکوڕیەکانیان و پێداویستیەکانیان چین و چۆن دەتوانرێت چارەسەربکرێن. هەروەها باس لە خۆچەکدارکردن و پاراستنی شارو شارۆچکەکان دەکرا لە هاتنەوەی حکومەتی بەعس. ئیتر کۆبوونەوەکە بە سەرکەوتوویی ئەنجام دراو زۆر بیروڕا گۆڕایەوەو پێشنیاریش خرایە دەستووری کاری شوراکانەوە.

ئیتر کۆمۆنیستەکان لە دۆڵی بازیان بەم شێوەیە بەردەوام بوون لە چالاکی کۆمۆنیستانەو کاری شورایی. سەرباری ڕێگریەکانی بەرەی کوردستانی و بزووتنەوە ئیسلامیەکان و بزووتنەوەی کوردایەتی بە گشتی توانیمان ئیدامە بە چالاکی شورایی بدەین تا ٢ی نیسان. ئیتر ئێمە  بازیانمان چۆڵکردوو بەرەو ئێران کۆچڕەومان کردو لە مەهاباد گیرساینەوە. هەر ئەو هاوڕێیانەی کە لەو بیرەوەریەدا ئاماژەم بە ناوەکانیان کردووە لە مەهابادیش بەردەوام بووین لە کارەکانمان.

کۆتایی ئازاری ٢٠١٩

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٥٠ بەرواری ١٥/٤/٢٠١٩ بڵاوبۆتەوە…

 

 

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *