هەواڵی ناڕەزایەتییە کرێکاریی و جەماوەرییەکان …

ئامادەکردنی: شوان عەزیز و ئاراس رەشید …

ئیتیحادیە و سەندیکاکانی خەڵکی ئەرجینتین، ناڕەزایەتی دەردەبڕن لە دژی سیاسەتی سکهەڵگووشین (تقشف)!

لە ئەنجامی تێکچوون و بەرەوخوار و دابەزین ڕۆیشتنی بارودۆخی ئابووری وڵاتی ئەڕجەنتین، بارودۆخی کۆمەڵایەتیش بەرەو شڵەژان و ناجێگیری هەنگاوی نا. حکومەتەکەی ئەرجەنتینیش بە سەرۆکایەتی ماکریس بۆ چارەسەری ئەوبارودۆخە ئابووریەی کە وڵاتەکەی تێیکەوتووە، پەنای بۆ سەپاندنی سیاسەتی سکهەڵگوشین بردووە بەسەر هاوڵاتیانی ئەڕجەنتیندا. ماکریس بۆ چارەسەری خراپی ئابووری وڵاتەکەی پەنای بۆ سندوقی دراوی نێودەوڵەتی برد، بە وەرگرتنی ٥٦ ملیار دۆلار، و لە هەمانکاتیشدا سەپاندنی سیاسەتی سکهەڵگوشین بەسەر هاوڵاتیاندا. بۆیە خەڵکی ئەڕجەنتین لە ڕێگەی ئیتیحادیە و سەندیکاکانیانەوە، پڕۆتێستی ئەو سیاسەتەی ماوریسیۆ ماکڕیس ڕاگەیاند.

خەڵکی ئەڕجەنتین بۆ نیشاندانی ئەو ناڕەزایەتیەی خۆیان، ڕێپێوان و خۆپیشاندانێکی دەیان هەزار کەسی گەورەیان ڕێکخست لە ڕێگەی ئیتیحادیەو سەنیکاکانیانەوە. وەک ئەوەی لە ڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە بڵاوکرایەوە، ڕێپێوانەکە ڕاستەوخۆ ناوجەرگەی پایتەخی ئەڕجەنتینی گرتۆتەوە کە پێی دەگوترێت بوینس ئایرس.

کۆنفدراسیۆنی گشتی کرێکاران(سی جی تی)، لە ڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە ڕایگەیاند کە بەهۆی شکستی سیاسەتی حکومەتەکەی ماکریس لەبەڕێوەبردنی وڵات، بە هەزاران لە شوێنی کاری بچووک و مامناوەندی داخراون.

خەڵک گەیشتۆتە بارودۆخێکی ئابووری خراپی وا، کە توانای دانی کرێی کارەباشیان نەماوە! جاران، وەک خەڵکی دەیڵێن، خەڵک دەیتوانی بە بوونی باخچەیەکی بچووکی سەوزە خۆیی و ماڵ و منداڵی بەڕێوەبەرێت. بەڵام ئەو زەمانە ئیتر ڕۆیی و نایەتەوە! سەرباری ئەو باروودۆخەش هێشتا حکومەت دەیەوێت زیاتر خەڵک دەست پێوەگرێت و کەمتر بخوات.

خوان کاڕلۆس شمید کە ڕابەری ئیتیحادیەی سەر بەگواستنەوەیە وتی”ئەم سیاسەتەی ماکریس هەڵەیە و دەبێت بیگۆڕین. بەردەوام بوون لەسەر ئەم سیاسەتە لەبەڕێوەبردنی وڵات بەرەو هەڵدێرمان دەبات. سیاسەتی خۆگونجاندن ئیتر بەسە. ”

جێگەی باسە کە لە مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا ٢٠١٩ هەڵبژاردن دەکرێتەوە. ماکریس دەیەوێت جارێکیتر خەڵک دەنگی پێ بدەنەوە. بەڵام خەڵک بەدووری دەزانێت کە ماکریس جارێکیتر بتوانێت متمانەی خەڵکی بەدەست بێنێتەوە. ئەوەش بەهۆی ئەوەی کە ماکریس تا ئێستا نەیتوانیوە ئابووری وڵات بەرەو پێش بەرێت و ژیانی خەڵکیش بەرەو باشی بەرێ.

لە پێناوباشترکردنی بارودۆخی ژیان و بە دەستهێنانی هەقدەستی زیاتر، ئوستڕالیەکان ڕێپێوانی دەیان هەزار کەسی بەڕێدەخەن!

فرانس ٢٤ی فەرەنسی، هەواڵێکی لەسەر ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی ئوستڕالیا بڵاوکردەوە و ئاماژەی بە ڕێپێوانی دەیان هەزاری  خەڵکی ئوستڕالیا \دا…

بە دەیان هەزار لە خەڵکی ئوسترالیا شەقامەکانی شاری مەڵبۆڕنیان پڕکرد و تەواوی ڕێگاکانیان لە هاتوچۆ پەکخست.

جێگەی باسە کە ئەو ڕێپێوان و ناڕەزایەتیە دەیان هەزاریە، لە کاتێکدایە کە هەڵبژاردنی گشتی نیشتیمانی لە ئوستڕالیادا بەڕێوەیە لە مانگی مەی دا. وە لەسەر لافیتەکانیان نووسراوە ” یاساکان بگۆڕن”

لە هەواڵەکەدا هاتووە کە هاوپەیمانەکانی سەندیکا و ئیتیحادیەکانی سەر بە پارتی کرێکاران ڕۆڵی سەرەکیان بینیوە و ئەوان ڕاستەوخۆ لە پشتی ئەو ناڕەزایەتی و ڕێپێوانەدا بوون.

لە هەواڵەکەدا دیسان ئەوەش هاتووە کە قسەکەرانی ئەو سەندیکا و ئیتیحادیانە، دەڵێن بارودۆخی ژیانی خەڵک لە ئوستڕالیا ڕووی لە خراپی کردووە. ئەوان دەڵێن چۆنایەتی ژیانی خەڵک دابەزیوە و پێویستە دەوڵەت چارەسەرێکی بۆ بدۆزێتەوە. کەواتە مەبەستی سەرەکی ئەو ناڕەزایەتیە دەیان هەزاریە لە پێناوچاککردنی گوزەرانی خەڵک و بەرزگکردنەوەی موچەو هەقدەستی کارە.

بە پێی شیکاری شارەزایانی سیاسیش پارتی کرێکاران دەیەوێت مەسەلەی بەرزکردنەوەی هەقدەست و باشترکردنی بارودۆخی ژیانی خەڵک بکاتە چەقی بانگەشەکانی لەدژی پارتی دەسەڵاتدار لە کامپینی ئەو هەڵبژاردنەی کە بەڕێوەیە.

پارتی کرێکاران کە پارتێکی موعارەزەی ئێستای ئوستڕالیایە دەڵێت ئوستڕالیا بۆ ٣٠ ساڵ دەچێت ئەو دابەزین و خراپیەی بەخۆوە نەبینیوە لە ستانداردی ژیانی خەڵکدا.

بەپێی بۆچوون و پلانەکانی پارتی دەسەڵاتدار باشترکردنی هەقدەست و ژیانی خەڵک لە ڕێگەی کەمکردنەوەی باجە لەسەر کۆمپانیاکان.

جێگەی باسە کە پارێزگاری ڤیکتۆریا دانیال ئەندروز ڕۆیشتە ناو ڕێپێوانەکە، و بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن وتی” پێویستە دەوڵەت بەدەم بانگەوازی ئەو خەڵکەوە بێت و داواکانیان ڕەوایە.” ئەو وتیشی”خەڵک توڕەیە. هەر بۆیەش ڕژاونەتە سەرشەقامەکان. ئەوان ئێستا لەسەر کارنین، بەڵام ئەوانە کامپینێکیان بەڕێخستوە کە داواکانیان تێیدا زۆر سادەو ڕەوایە.”

کرێکارانی سەر بە کۆمپانیای فۆرد لە ڕوسیا دەست دەدەنە ناڕەزایەتی دەربرێن!

ئەسۆسیەیتت پرێس بڵاویکردەوە، کە کرێکارانی سەر بە کۆمپانیای فۆرد لە ڕوسیا دەستیان داوەتە مانگرتن و ناڕەزایەتی پیشاندان.

کرێکاران نەک هەر کەوتوونەتە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربرین، بەڵکو کارەکانیشیان ڕادەگرن لە ئەگەری ئەوەی کە هەر ئامڕازیک یاخود مەکینەیەکیان کارنەکاو لە کارکەوتبێت یاخود باش کار نەکات.

بە پێی هەواڵەکە  هۆکاری ئەو مانگرتن و ناڕەزایەتی دەربرینە لەبەرئەوە بووە کە دەسەڵاتدارانی سەرەوەی کۆمپانیاکە پلانیان هەیە و دەیانەوێت کۆمپانیاکە دابخەن. کرێکاران پێیان وایە هەربەداخستنی ئەو کۆمپانیایە بە سەدان لە کرێکاران بێ کار دەبن و دەبێت بڕۆنە ماڵەوە.

بەرپرسی سەندیکای پیشەیی کرێکارانی سەر بەوکۆمپانیایە لە پیتەرزبێرگ کە ژمارەیان دەگاتە ٩٠٠ کرێکارێک، بە ئەسۆسیەیتت پرێسی ڕاگەیاند کە ئەوان بەردەوام دەبن لە کارکردن تا دەگەنە پێکهاتن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەو کۆمپانیایە. ئەو وتی “ئەم شێوەیە یاساییە و دەکەوێتە چوارچێوەی یاسای کارەوە.”

بەرپرسی سەندیکاکەی کرێکاران وتی” ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین لەگەڵ بەرپرسانی کۆمپانیای فۆرد بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجامێکی یاسایی و لەگەڵ کرێکاراندا و یاسای کاریاندا دژایەتی نەبێت.” ئەو پێی وایە کە ئەوە پلانێکە زیاتر لەوانەیە بۆ ترساندنی کرێکاران بێت، تاکو لە سەقفی داواکاریەکانیان بێنە خوار.

جێگەی باسە کە کۆمپانیای فۆرد ئۆفیسی سەرەکی لە ئەمەریکایە و چەندین بنکەی لە ڕوسیادا هەیە. ئێستا پلانی هەیە کە بنکەی ٢ شوێنی دابخات لە ڕوسیا. ئەو ٢ بنکانەش دەکەونە سەینت پیتەرز بێرگ.

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٥٠ بەرواری ١٥/٤/٢٠١٩ بڵاوبۆتەوە…

Check Also

سەربەخۆی کوردستان لەبەردەم بازرگانی بە نەوتەوە!

عوسمانی حاجی مارف حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دەسەڵاتی فرۆشتنی هەناردەی نەوت …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *