گفتوگۆی بڵاوکراوەی داروگ لەگەڵ مەنسور حیکمەت سەبارەت بە مافەکانی منداڵان …

سەوسەن بەهاری: سڵاو، هەروەها سوپاس کە بانگهێشتی “داروگ” تان بۆ ئەنجامدانی ئەم چاوپێکەوتنە قبوڵکرد.

مەنسور حیکمەت زۆر سوپاس بۆ بانگهێشتنەکەتان و هەروەها پێش هەمووشتێک هیوای سەرکەوتن بۆ خۆینەرانی بڵاوکراوەی پڕخوێنەری “داروگ” ئەخوازم.

سەوسەن بەهاری: ئێوە لەبەرنامەی” دنیایەکی باشتر”، بەرنامەی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئیراندا بەشێکتان تایبەت کردوە بە مافەکانی منداڵان، ئەگەر دەکرێت دەتوانن هۆکاری ئەم بابەتە ڕوون بکەنەوە؟

مەنسور حیکمەت: منداڵان و تازەلاوان یەکێک لە بێبەشترین و بێ مافترین بەشەکانی کۆمەڵگەن. قوربانیانی بێدەنگکراوی ڕژیمی کۆمەڵایەتی ملهوڕو نایەکسانی ئێستان. لە زۆربەی کۆمەڵگەکان و هەتا لەم ئەوروپا ڕۆژئاواییە بەناو پێشکەوتوەدا، بۆزۆرکەس هەر ئەوەی کە منداڵ مافێکی قابیلی پێشێل نەکراویان هەیە، وە باوک ودایک وخێزان و قوتابخانە وە بەگشتی دونیای گەورە ساڵان هەرکارێک کە دەیەوێ نەتوانێت بە ئەوی بکات، جێگای پەسندکردن نییە. لە بەشێکی زۆری جیهان، منداڵان لە تەمەنێکی زۆر کەمەوە دەخەنە بەر کار و بەهەزارو یەک شێوە ڕوبەڕوی چەوسانەوە و بەهەڵە سودلێوەرگرتنیان ئەکەنەوە. وە تازە لەو جێگایانەشی کە یاسایەک هەیە کە کەمێک پێش بەم کارە قێزەونانە دەگرێت، هێشتا منداڵ لە ماڵ و قوتابخانە توندوتیژی ئەبیستێ و ئەشکەنجە ئەدرێ. بیری لێبکەرەوە، لێدان وشەڕکردن و ترساندنی منداڵ، برسیکردن و زیندانیکردنی، هەر لە ئەم ئەوروپای ڕۆژئاوایەدا لە ژێرناوی پەروەردەی منداڵدا برەوی هەیە وە باوک ودایکان و زۆرێک لە قوتابخانەکان ئەم توندوتیژیە لە دژی منداڵان بە مافێکی خۆیان دەزانن. لەم تێڕوانینەوە منداڵان هیچ جیاوازیەکیان لەگەڵ خەڵکی بەشمەینەتدا نییە، ئەبێت بۆ ئازادکردنیان هەوڵبدرێت وە هیچ حزبێکی سیاسی ناتوانێت خۆی بە لایەنگری ئازادی و ماف و یەکسانی بزانێت، بەبێ ئەوەی زۆر ڕۆشن و لێبڕاوانە لەپیناو مافەکانی مناڵاندا خەبات بکات. من وەک خۆم وابیر دەکەمەوە بۆ ئەوەی ئازادیخوازی هەر کەس، چ تاک، چ حیزب وە چ دەوڵەت، باشتر بناسین ئەبێت بەر لە هەر شتیک سەیری ڕەفتاریان بکەین لەگەڵ منداڵاندا.

سەوسەن بەهاری: ئایا ئەم مافانە هەر ئەمڕۆ بۆ هەموو منداڵانی جیهان لەبەرچاودەگریت؟

مەنسوور حیکمەت: بە دلنیاییەوە، بەبێ هیچ تێبینی و ئەگەر و ئەمایەک. ئەوەی کە ئێستا ئێمە لەبەرنامەدا نوسیومانە هێشتا هەنوکەیترین داخوازییە لانی کەمەکانی ئێمەیە. زۆر کاری زیاتر هەیە کە بۆ گەیشتنی منداڵان بە مافەکانیان وە بەهرەمەندبونیان لە ژیانێکی شاد و داهێنەرانە ئەبێت ئەنجام بدرێت.

سەوسەن بەهاری: بۆ ئەوەی کە منداڵان ئەم مافانە بەدەست بهێنن، بە بۆچونی ئێوە چی کارێک ئەتوانرێت بکرێت وەیان ئەبێت بکرێت؟

مەنسوور حیکمەت: ئەمە پرسیارێکی گرانە. لەبەرئەوەی کە کارگەلێکی زۆر هەن کە ئەبێت بکرێن. ئاشکرایە کە هەموو سیستمی کۆمەڵایەتی و ئابووری ئەمڕۆی جیهان کە بنەماکەی پارەپەرستی و قازانج پەرستی کەمینەیەکی بچوکە، ڕیشەی هەموو بێمافیەکان و بەشمەینەتیەکانی خەڵکە وە هەروەها منداڵانیش. ئەبێت ئەو سیستمە بگۆڕین و یەک دنیای باشتر لەجێگایدا دروست بکەین. باشە، ئەوانەی کە سود لەم سیستەمە وەردەگرن، بە زمانی خۆش ڕێگەنادەن کە ئەم کارە بکەین. ئەوان دەوڵەتیان هەیە، سوپایان هەیە، کلیسا و مزگەوت و زیندانیان هەیە، تەلەفیزیۆنیان هەیە، کەشیشیان هەیە، مەلایان هەیە و ڕیگای ئازادی منداڵان دەگرن. ئەبێ ئەوانە هەموویان بخەینە لاوەو شکستیان پێبهێنین. وە ئەمە خەباتێکە کە مرۆڤە چاک و شەریفەکانی جیهان هەموو ڕۆژێک سەرقاڵن پێوەی، بەڵام بێبەشی منداڵان هۆکاری تریشی هەیە، یەکێک لە گرنگترینی ئەوانە ناوشیاری ودواکەوتویی و دەمارگیری دایکان وباوکان وخێزانەکان و گەورەساڵانێکە کە بۆنمونە بڕیارە خۆشەویست وپارێزەری منداڵان بن. لە هەندێ شوێن تەنانەت کاتێک کۆمەڵگەو دەوڵەت هەندێک مافی منداڵان دان پێدائەنێن، هێشتا دەمارگیری ئاینی و بیروباوەڕی باوی خودی خێزانەکان، منداڵەکان لە مافەکانیان بێبەش دەکات. هەر بەو دەلیلە بۆ ئەوەی مافەکانی مناڵان بەدەست بهێنین ئەبێت خەباتیش بکەین لە دژی ئەم دواکەوتویی و دەمارگیریانە.

سەوسەن بەهاری: هەندێک لە گەورە ساڵان دژی بەشداربوونی منداڵان خۆیانن لە کەمپینەکانی خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی منداڵان، بەڵام بە هەمان شێوە هەر وەک ئەزانی (وە “داروگ ” وەک بەشێک لەوە ئەوەی نیشانداوە) ڕاستیە تاڵەکانی کاری مناڵان و هەزاران کێشەی تر، بەکردەوە زۆرێک لەوانی کێش کردوەتە ناو ئەم خەباتە. بۆچوونی ئێوە لەم بارەیەوە چییەو چ ڕێنوێنیەکتان هەیە؟

مەنسوور حیکمەت: منداڵان کە خۆیان قوربانی ستەم و بێمافی و چەوساندنەوەن، وەک ملیۆنان منداڵ کە بە کرێیەکی کەم و لە هەلومەرجێکی خراپدا کاردەکەن، یان کچانی خێزانە دەمارگیریە ئیسلامیەکان کە ڕێگای ژیانێکی ئاساییان لێدەبەستن، بەدڵنیاییەوە ئەبێت ناڕەزایەتی دەربڕن وە دەریشی ئەبڕن. بەڵام بە بۆچونی من، ئەمە لەگەڵ ڕاکێشانی منداڵان لە وڵاتانی وەک سوید بۆ ناو کۆبونەوە سیاسیەکان ومانگرتن و خۆپیشاندانەکان زۆر جیاوازی هەیە. من لەگەڵ ئەوەی دووهەم زۆر ناکۆکم. بە بڕوای من باوک ودایکان و قوتابخانەکان وگەورەکان نابێت منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی پەلکێش بکەن بۆ ناو هەڵسوڕانی سیاسی و حیزبی وکۆڕوکۆبونەوەکانی خۆیان. ئەمە سەربەخۆ لە بۆچوونی سیاسی دایک وباوک، جۆرێکە لە مێشک شۆردنەوە. لەوانەیە بۆ هەندێک ئەوەی کە باوک و دایكێک لە خۆپیشاندانەکاندا وێنەی مارکس ولینین یان نیڵسۆن ماندیلا و ئیقباڵ مەسیح بدەنە دەست مناڵەکانیان، وەک کارێکی زۆر پێشکەوتنخوازانە بێتە پێشچاو، بەڵام ئەو منداڵە هەر بەو ئەندازەیە لەژێر کاریگەری دایکان وباوکان و گەورەکاندا و بێ سەربەخۆیی ئەندێشە ئەو کارەی کردوە، کە مناڵانیک لەلایەن سڤاستیکاوە (خاچە شکاوەکەی فاشیستەکانی) لکاندوە بە باڵیانەوە و (لا اله الا الله) لەناوچەوانیان دەنووسن. وە باوەڕ بەوە دەکەی کە ئەمەی دووهەمەیان زۆر جێگای نیگەرانییە. من دژی ڕاکێشانی منداڵانم بۆ ناو جوڵانەوە سیاسی و ئاینیەکان. بەرنامەی حیزبی ئێمە زۆر بەڕۆشنی بردنی مناڵانی بۆ ئەو جۆرە کۆبونەوە و گربونەوە مەزهەبیانە ڕەتکردۆەتەوە. بە بڕوای من ئەو دایک وباوکانەی کە ئەیانەوێت منداڵەکەیان ئازادیخواز وئازاد وەباربهێنن، پێویستە ئامڕازی سەربەخۆیی بیرکردنەوەیان بدەنێ، پیویستە کەشێکی ئازادو ئازادی بیرکردنەوەی بۆ فەراهەم بکەن. پێویستە بیروباوەڕە خورافی و باوەڕە باوەکان (سونەتی) و گوشاری مێشک شۆردنی سیستەمی پەروەردەیی و ڕاگەیاندنەکان لە قسەوباسەکانی خۆیدا لە کردەوەی ڕۆژانەی خۆیدا لە بەرچاوی ئەودا ڕەخنەی لێبگریت وە لەهەمان کاتدا داوا لە ئەو بکەیت کە بیربکاتەوە، ببینێت، بپرسێت وە لە دۆزینەوەی بۆچوونی کۆتایی خۆی پەلە نەکات. مەسەلەیەکی تر بە بڕوای من ئەوەیە کە پیشاندانی هەموو ڕەشیەکانی دنیا، تەواوی زوڵمەکان، تەواوی سەختیەکان و خراپەکان بە منداڵان کارێکی دروست نییە. نابێت دنیایی گەشبین وپڕ ئومێدی منداڵان تێک بدەین. بە بڕوای من منداڵی “زۆر سیاسی” بە گریمانەیەکی زۆر گەورەیەکی لا موبالاتی لێ پەیدادەبێت. گۆشەیەکی هەوڵی مرۆڤ بۆ گۆڕینی جیهان، هاتنی بەردەوامی نەوەیەکی نوێیە بۆ دونیایەک کە نایەکسانی و دواکەوتویی بۆیان زۆر ڕاچڵەکێنەرە و جێگای پەسندیان نییە. چ میهرەبانییەکی تێدایە کە ئێمە پێش منداڵەکان ڕەسمیەت بدەین بەم وێنە ڕەشە.

سەوسەن بەهاری: ڕێکەوتنامەی مافەکانی منداڵان، ١٨ ساڵی وەک تەمەنی منداڵی دیاری کردوە و ئەنجامدانی کاری پیشەیی بۆ منداڵانی خوار ١٨ ساڵ بە ڕێگە پێنەدراو داناوە، لە کاتێکدا لە بەرنامەی حیزبدا ئەم تەمەنە بە ١٦ ساڵ دانراوە. هەڵبەت بەبۆچونی من ١٦ ساڵ بڕیاری بەشداری منداڵان لە ژیانی کۆمەڵایەتی، هەڵبژاردن و … ئاسان ئەکات، بەڵام لە لایەکی ترەوە بە بۆچونی زۆریک لە پزیشکان و شارەزایان، توانای جسمی بۆ کاری پیشەیی لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا کامڵ ئەبێت، بۆچونی ئێوە لەو بارەوە چییە؟

مەنسوور حیکمەت: بە بۆچونی من تەمەنی یاسایی ١٦ساڵ بۆ دنیای ئەمڕۆ زۆر گونجاوترە. لاوێکی ١٦ ساڵەی ئەمڕۆ، قەبارەیەکی زۆر گەورەتری لە زانست و زانیاری و هەواڵ بە بەراورد لەگەڵ لاوێکی ١٨ ساڵەی دوو دەیە لەمەو پێشدا لە ئەندێشەی خۆیدا پاش و پێش دەکات. لە بواری زانستیشدا چالاکتر و دەرگیرترە، خاوەن بۆچونی زیاترە. لە ڕوی ڕەوشت و ڕۆشنبیریەوە سەربەخۆترە، ئاشکرایە کە ئەبێت کار و سەعاتکاری لاوێکی ١٦ساڵە، هەتا یەک لاوی ١٨ ساڵە، ئەبێت لەگەڵ تایبەتمەندیەکانی لەش و لاریدا گونجاو بێت. بەڵام لە رۆژگاری ئەمرۆدا خودی مۆڵەتدان بە چوونە ناو کۆمەڵگە و جیهانی سیاسەت و چالاکی ئابوری لە ١٦ ساڵیدا گونجاوتر دێتەپێش چاو.

وەرگێڕانی:کاوە عومەر

پێداچوونەوەی: هیوا ئەحمەد
سەرچاوە:
بڵاوکراوەی “داروگ”، ژمارە ٥ ساڵی دووەم – نۆڤەمبەری ١٩٩٨
.

 

تێبینی: ئەم دیمانەیە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٥٣ بەرواری ١/٦/٢٠١٩ دا بڵاوکراوەتەوە… 

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *