مەراسیمی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم و سەرۆکی وەزیران رەسمیەتدانە بە دەسەڵاتی بنەماڵەیی بۆرژوازی کورد!…

لە دوای دەورەیەکی دوورودرێژ لە هەڵبژاردنی پەرلەمان و پێکنەهاتنی حکومەتی هەرێم بەهۆی کێشە و ململانێی یەکێتی و پارتی لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانیان لە کوردستان و لە حکومەتی ناوەندی و پۆستی پارێزگاری کەرکوک، سەرەنجام پارتی بەهاوکاری بزووتنەوەی گۆڕان و چەند لایەنێکی دیکە، له‌پەرلەمان لە ٢٨ی ئایاردا، پۆستی سەرۆکی هەرێمی بۆ نێچیرڤان بارزانی یەکلایی کردەوە و لە ١٠/٦/٢٠١٩شدا بە ئامادەبوونی نوێنەرانی دەوڵەتانی کۆنەپەرستی تورکیا و ئێران و ئەو هێزانەی کە هێرشیان کردە سەر کوردستان و کارەساتی ١٦ ی ئۆکتۆبەریان خوڵقاند و ریفراندۆمی خەڵکی کوردستانیان خنکاند، مەراسیمی تاج لەسەرنانی نێچیرڤان لەناو ستایشکردنی حەشدی شەعبی و گرێدانەوەی چارەنوسی سیاسی کوردستان بە دەوڵەتی کۆنەپەرستی ئیسلامی- عروبی عێراق و پاراستنی بەرژەوەندی دەوڵەتە ئیمپریالیستی و بۆرژواییەکانی ناوچەکە به‌ڕێوه‌چوو. رۆژی سێشەممەش رێکەوتی ١١/٦/٢٠١٩ مەسرور بارزانی وەکو سەرۆکی وەزیران لەلایەن پەرلەمانەوە دەستنیشان کرا. بەوجۆرە جارێکی دیکە، سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکی حکومەت، دوای وازهێنانی مەسعود بارزانی لە پۆستی سەرۆکی هەرێم بە دوای شكستخواردنی له‌ به‌ئاكامگه‌یاندنی ئه‌نجامی ریفراندۆم و ڕوداوەکانی ١٦ ی ئۆکتۆبەر، درایەوە دەست پارتی و بنەماڵەی بارزانی. بەوشێوەیە بنەماکانی دەسەڵاتی بنەماڵەیی بۆرژوازی بەسەر خەڵکی کوردستاندا، لەلایەن په‌رله‌مانێكی سه‌پێندراوه‌وه‌ كه‌ زۆرینه‌ی خه‌ڵك بایکۆتیان کرد، شەرعیەتی یاسایی پێدرایەوە. ئه‌مه‌ش هەموو ئەو بانگەشە ریاکارانە و درۆزنانەی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی بۆرژوازی، بەتایبەتی بزووتنەوەی گۆڕان، سەبارەت بە حکومەتی دامەزراوەیی و تەکنۆکرات و دژایەتی دەسەڵاتی بنەماڵەیی برد بەهەوادا.

پارتی، کە لەلایەن زۆربەی حزبە بۆرژواییە ناسیۆنالیستی و ئیسلامیەکانی کوردستانەوە، وەکو هێزێکی تاكڕەو و خۆسەپێن ناوزەد دەکرێ، بەڵام هەر بەهۆی سیاسەتی ئەو پارتانەوە فرسەتی ئەوەی بەدەستهێناوە کە ببێتە خاوەن زۆرینەی دەنگەکانی پەرلەمان و دەسەڵاتی میلیشایی خۆی وەکو ئاکامی دەنگدان و پرۆسەی دیموکراسی کوردستان ناوزەد بکات، گوایە زۆرینەی پەرلەمانیی بەدەستهێناوە و مافی دیموکراسی خۆیەتی کە پۆستە سیاسی و ئیداریە هەرەباڵاکانی کوردستان لەدەستی ئەودابن!

ئەم گۆڕانکاریە سیاسیەی کە بەدوای دەستگرتنی پارتی بەسەر سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتی هەرێمدا، بەبێ نەخش و ڕەزامەندی یەکێتی کە هێزێکی چەکدار و میلیشیاییە و بەکردەوە ناوچەیەکی کوردستان لەژێر دەسەڵات و ناوچەی نفوزی سیاسی ئه‌ودایه‌، هەلومەرجی سیاسی و بارودۆخی ئارامی و ئاسایشی خەڵكی کوردستان زیاتر ڕوبەڕووی مەترسی دەکاتەوە. پارتی بە رێکەوتنی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕاندا کە ناوچەی هەڵسوڕان و نفوزە سیاسیەکەی بەپلەی سەرەکی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتیە، دەیەوێ فشار بۆ یەکێتی بهێنێ تا تەسلیمی سیاسەتەکانی بێت و بڕیارەکانی پارتی سەبارەت بە بەشداری لە دەسەڵاتی کوردستاندا قبوڵ بکات، بەڵام ئەم یاریکردنە سیاسیە، بەتایبەتی کە بارودۆخی سیاسی عێراق و کوردستان بەهۆی کێشمەکێشی نێوان ئەمریکا و ئێران و جەمسەرگیریە ناوچەییەکان، فرسەتی دەستێوەردانی سیاسی و سەربازیی زیاتر بۆ دەوڵەتانی وەکو ئێران و تورکیا و بگرە عێراق دەخوڵقێنێ، کە هەریەکە لە یەکێتی و پارتی هەمیشە بەرژەوەندی خۆیان لەپاڵ ئەواندا بینیوەتەوە!

سەرەڕای ئەوەش، تێکچوونی بارودۆخی ئارامی و ململانێی نێوان ئەو دوو حزبە چەکدارە، لەڕووی ئابوری و تێكچوونی باری ژیان و گوزەرانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و کەمدەرامەتەوە کاریگەری خراپ دادەنێت و دڵەڕاوکێ لەناو جەماوەردا زیاد دەکات و تەنانەت چاوەڕوانیەکانی خەڵك بۆ باشبوونی ژیان و خەبات بۆ گەیشتن بە خواست و مافەکانیان دەکەوێتە ژێر کاریگەری کەشوهەوای نائارامی و بارگرژیەکەوە کە بەهۆی ئەو بارودۆخەوە لەلایەن ئەوحزبانەوە دروست دەکرێ.

ئەوەی کە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا گوزەرا، بەڕوونی ئەو ڕاستیەی سەلماند کە سەرلەبەری ئەوەی پێی دەڵێن پرۆسەی سیاسی کوردستان، هەڵبژاردن و دەنگدان، پەرلەمان و حکومەت و دیموکراسی، شتێك نییە بێجگە لە ئارایشدانەوەی دەسەڵاتی چەوسێنەرانەی بنەماڵەیی بۆرژوازی کورد بەسەرکردایەتی پارتی و بنەماڵەی بارزانی لە دژی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان. سەپاندنی دەسەڵاتێكە کە دەیەوێ هەموو ئاستەنگیەکان لەبەردەم قازانج و کەڵەکەی سەرمایەی مشتێك سەرمایەداری مشەخۆر و بە پلەی سەرەکیش سەرمایەدارانی فەرمانڕەوا لەناو بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانی کوردستاندا نه‌هێڵێ. درێژکردنەوەی دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی بەسەر خەڵکی کوردستاندا، مانای بێمافی و سەرکوتی ئازادی سیاسی و چەوساندنەوە و توندکردنەوەی زنجیری کۆیلایەتی کرێکاران و لەگۆڕنانی خەونەکانی لاوان و گەنجان بۆ ئازادی و ژیانێکی شکۆمەند و ئومێدەکانی ژنان بە یەکسانی و ئازادی و…. هتده‌. بۆیە تەنها حوکمێك کە لەڕوانگەی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و ئازادیخواز و یەکسانیخوازەوە بەرامبەر بەم سیناریۆسازیەی هەڵبژاردنی پۆستەکانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و پێکهێنانی حکومەتی هەرێم، خۆسازدان و خۆ ئامادەکردنە بۆ ئەوەی لەرێگای خەباتێكی سیاسی شۆرشگێڕانەی جەماوەریەوە کۆتایی بە دەسەڵاتی بنەماڵەیی بۆرژوازی کورد بهێنێت.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

١٤ی ٦ی ٢٠١٩

 

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *