مرۆڤەکان بەنرخن نەک ئاڵاو فکرو دینەکان …

عبدالرحمن رسول

کاتێک تووشی ئەزمە و قەیران بوون سیستەمی چەوسێنەر بەدوایی سازکردنی سیناریۆیەکن کەسەرنجی خەڵک بەلای خۆیان ڕابکێشن، بەهۆی ئەو جۆرە سیناریۆوە کەمێک درێژە بەتەمەنی سەرکوت وچەوسانەوەی زیاتر بدەن، ئەمە ئەخلاق وئاکارو ڕەوشتی سەرجەم چەوسێنەرانی مێژوو بووە و تا قۆناغی ئێستای سیستەمی سەرمایەداری. سیستەمی چەوسێنەرانی خێلایەتی وبۆرژوازی و حیزبایەتی لەباشووری کوردستان و عێراقدا بەردەوام ئامادەباشیان کردووە بۆ سازکردنی سیناریۆ و یان پەلێكشکردنی ڕووداوەکان بۆ سیناریۆی حیزبایەتی بۆئەوەی لەکۆتاییدا لەبەرژەوەندی سیستەمی چەوسێنەرو پارێزەرانی سیستەمی چەوسێنەران کۆتایی پێبێت. لە کاتی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا ئەگەر موسەنا ئەمینی یەکگرتوویی ئیسلامیی ئەویش لەوێ بوایە هەر وادەبوو، ۲۸ساڵە بە دڕندەترین شێوە حیزبەکانی کوردایەتی وخێڵایەتی کەسوکاری ئەنفالەکان وکیمیاباران کراوان و خەڵکی کرێکارو هەژارو زەحمەتکێش دەچەوسێنەوە ودزی و گەندەڵی دەکەن، گەنجانی کوردستان لە دەریاکان بەهۆی بێزاری و بێکارییەوە کوردستان بەجێ دەهێڵن و دەخنکێن و سەرگەردانی وڵاتانن، هەروەها هەموو ڕۆژێک لەلایەن دەوڵەتی تیرۆریستی ئیسلامی ئێران و تورکیاوە تۆبباران و بۆمبارانی کوردستان دەکەن و کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدەن و هەڵسوڕاوانی ئازادیخواز تیرۆر دەکەن لەکوردستان، بەڵام هاوشێوەکانی موسەنا امین و وەزیرو ئەندام پەرلەمانەکان بێدەنگن تەنها خەرێکی لوشدانی پارەن ئێستاش دەیانەوێت بەداکۆکیکردن لەئاڵا هەستی خەڵک بەلای خۆیاندا ڕابکێشن. گریانم بۆ خەڵک دێت کە داکۆکی لەم جۆرە سیاسییانە دەکات دڵخۆشە پێیان کە بازرگانی دەکەن نەک سیاسەت دەکەن. بەهۆی بێکاری هەژاری ودزی وگەندەڵی گەنجانی کوردستان لەدەریاکان خنکان هیچ وەزیرو ئەندام پەرلەمانێک نەهاتە دەنگ. حیزبەکەی یەکگرتوویی ئیسلامیی کوردستان نییە لەگەڵ هاوڕێکانی حیزبە هاوشێوە ئیسلامییەکانی تریان وەک کۆمەڵی ئیسلامی کە لە کاتی گووتنی سروودی ئەی ڕەقیبدا هەرگیز ڕێزیان لێ نەگرتووە، بەڵام دیارە بانێکەوە چەند هەوایە، لەبەرئەوەی ئیسلامییەکان لەکوردستان و عێراق گرۆڵەیان بەرەو لێژی دەچێت خەڵکی کوردستان هەروەک حیزبەکانی یەکێتی و پارتی لێیان بێزارە، بۆیە پەنا بۆ ئەم جۆرە سیناریۆنە دەبەن، مەلاکانی ئیسلامییەکانن بەردەوام هێرش دەکەنە سەر ئازادییەکان وهێرش دەکەنە سەر هونەرمەندان وکەسانی ئازادیخوازو سیکۆلارو پێشکەوتنخواز، نموونەش ھەرچی داعش و کۆنەپەرستی کۆمەڵگەیە ھێرشیان کردۆتە سەر هونەرمەند ماریا هەورامی، ئەم ھونەرە بۆتە دڕك و چووە بە ناوچاوی داعشەکانی کۆمەڵگەدا، کەواتە با ماریاکان ھەبن و سەرشەقامەکان بە میوزیك و گۆرانی بشڵەقینن مەلا هەڵۆ کە زۆر بێشەرمانە هێرش دەکاتە سەر هونەرمەند ماریا هەورامی وسوکایەتی پێدەکات، پێویستە ئازادیخوازان ویەکسانیخوازو سیکۆلارو پێشەکەوتنخوازان بێنە مەیدان داوای دادگاییکردنی مەلا هەڵۆ و ئەو مەلایانەی کە سوکایەتیان بەم هونەرمەندە کردووە بکەن. کۆنەخوازان وپارێزەرانی دەسەڵاتی چەوسێنەری کوردایەتی بەردەوام دەیانەوێت تەمەنی خۆیان درێژبکەنەوە، باشترین میکانیزمیش بەدەستیانەوە بیروباوەری کۆنەپەرستی ودواکەوتووانەیە بۆڕابردوو. ئەمە ڕاستە، بەڵام قۆناغی ئێستا بەهۆی هەبوونی وشیاری خەڵکەوە ئەوەش دادیان نادات. حیزبەکانی دەسەڵات لە ژێر ئاڵای کوردستاندا کەشیوەنی بۆدەکەن بەرزی دەکەنەوە ڕیکلامیش بۆ سواڵکردنی هەژاران دەکەن وگەشە بە بێکاری وهەژاری وئاوارەی دەدەن. لە جیـاتی موزایـەدەکردن بە ڕوفـاتی ئەنفـالکراوانەوە، با ئەنفـالـچی و موسـتەشـار و تاوانبـاران بدرێنـە دادگا و داڵـدە نـەدرێن کە ٢٨ ساڵە داڵدەیان داون وخزمەتیان دەکەن. ئەبێت خەڵکی ناڕازی بەجۆرێک خۆی ڕێکخراو بکات کە سەرۆکی حیزبەکان و حیزبەکان نەتوانن کاریگەریان بەسەرەوە هەبێت، ناکرێت خەڵک چاوەڕوانی لەهیچ حیزبێک بکات، ئەبێت تەنها خۆی بێت، بۆئەوەی جارێکی تر دەستەیەک بەناوی کوردایەتی و نیشتمان پەروەری نەتوانن خەڵک کۆیلە و چەوساوە و بێکارو هەژار بکەن. باشترین نەخشە ڕێگاش گەشەدان بە بزووتنەوەی شوورایییە کە لەچوارچێوەی تێکۆشانێکی هاوبەشی یەکگرتووانەدا داوایی (نان، کار، ئازادی، خۆبەڕێوەبەری شوورایی بکات) پێویستە لەهەر شارو ناوچەیەک و وڵاتێکی کە دڵت بۆ ئازادی لێ دەدات، کاتێک ڕۆژنامەنووس و نووسەر و سیاسیەک زیندانی کرا بە پەلە دوایی ئازاد بوونی بکرێت، کاتێک ژنێک کوژرا لە ژێر هەر بیانوێکدا بێت بەیەکەوە کوشتنەکەی ڕیسوا وشەرمەزار بکرێت داوایی بە سزا گەیاندن ودادگایی کردنی بکوژەکەی بکرێت، کاتێک هەژارێک برسی دەبێت هەموولایەک هاوکار بکەین بۆ ئەوەی ناچاری سواڵ کردن نەبێت، ئەم جۆرە تێکۆشانە یەکگرتووانە گەشە پێ بدەین هەتا سیستەم و دەسەڵاتی گەندەڵ و دزو چەوسێنەر بەیەکەوە دەگۆڕین، دواتریش لەدوایی نەمانی سیستەمی چەوسێنەر شووراکانی خەڵک حکومەتی شوورایی خۆیان دابمەزرێنن خەڵک یاسا و دەستوور بۆ خۆی دابنێت نەک سەرۆکی حیزبەکان و خێڵەکان، بۆ ئەوەی نان، کار ، ئازادی بۆ هەمووان بێت بەبێ جیاوازی. پرسیارە دروستەکە ئەوەیە ئایا مرۆڤەکان گرینگترن یان ئاڵاکان کەشەڕیان لەسەربکرێت؟! دەبێت هەر مرۆڤێک کەخاوەن عەقڵ و وشیاری بێت بەهەبوونی هەرجۆرە جیاوازیەک لە فکرو بیرکردنەوەی دا وەڵام بداتەوە، ئایا ئاڵاکان ودینەکان نرخ وبەهایان چییە کاتێک مرۆڤێک برسی وبێ نان وبێکار وبێ ئازادی دەبێت. ئەگەرنان، کار، ئازادی بۆ هەمووان بێت بەبێ جیاوازی ئەوا هەموو مرۆڤەکان چ ئاڵا ودینێکیان پێ خۆشە دەتوانن لایەنگری بکەن وڕەخنەش بگرن وڕەخنەش لەدین وبیروباوەر وفکری وبۆچوونەکان بگیرێت. بەڵام کەئازادی نەبێت سەرکوت وزیندان وسێدارەو کوشتن و شەرو ئاوارەیی دەبێت، کە نان و کار نەبێت هەژاری دەبێت…

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٥٨ بەرواری ١٥/٨/٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *