لە ٢٣ هەمین ساڵیادی  کارەساتی ٣١ ی ئاب دا …

ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی دەرەوەی حزبی کۆمۆنیستی کوردستان

لە ٢٣ هەمین ساڵیادی  کارەساتی ٣١ ی ئاب دا

کارەساتی ٣١ ی ئابی ١٩٩٦ میژووی پەڵەیەکی ڕەشە بەنێو چاوانی پارتی دیموکراتی کوردستان کە لە  درێژی کێشەمەکیش و شەڕی دەسەڵاتیاندا لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان، سوپا و لەشکری خۆین رێژی رژێمی بەعسیان هێنایە هەولێر و شارەکانی کوردستانیان داگیرکرد و گەورەترین تاوانی جەرگبڕیان کردە دیاری خەڵکی کوردستان، بەسەدان لە خەڵکی بێتاوان و ئۆپۆزیسیۆنی ڕژێمی بەعس دەستگیر و گوله‌باران و ئیعدام کرد، بەدەیان هەزار ئینسان ئاوارە و دەربەدەر بوون و لەماڵ و حالی خۆیان هەڵکەنران. بەم شێوەیە لەو رۆژەوە پارسەنگی هێز بە قازانجی پارتی دیموکراتی کوردستان  گۆڕا ودەسەڵاتی خۆیان لەهەولێرو چەند ناوچەی کوردستان داسەپاند و قەلەمڕەوی  زۆنی زەردیان  دامەزراند.

ئەم سات و سەدایەی سەرانی بزووتنەوی ناسیونالستی کورد لەگەڵ رژێمی بەعسی لەناوچوو لە شەڕی ناوخۆیاندا لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و لەسەر حسابی لە خوێن هەڵکیشان و قوربانی دان و بی سەرو شۆین بوونی دەیان ئینسان بەڕێوە چوو، کە تا ئیستاش ژمارەیەکی زۆر چارەنوسیان نادیارە و هاوکات بووە نیعمەتێکی گەورەش بۆ بارزانی و حزبەکەی پارتی، لەهەمان کاتدا کوردستانی بەدوو زۆنی سەوز و زەرد بە رەسمی ناساند.

لەو رۆژە بەرەودا  ئاڵوگۆڕ لە هاوسەنگی هێزی ئەحزاب لە کوردستان پێش هاتوو بووە گۆڕەپانێک بۆ دەستێوەردانی وڵاتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە و پاوانی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی و تاڵان و بڕۆیەکی ئاشکرایی میلیشیایی و لوشدانی داهاتی خەڵکی کوردستان و راگرتنی ژیانیان لە مەینەتی و نەبوونی خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی، تەندروستی و پەروەردە و سەرکوتی ئازادی برەودان بە کۆنەپەرستی و کوشتنی هەڵسوڕاوانی سیاسی و رۆژنامەنوسان و سەرکوتی هەر دەنگێکی ئازدیخواز و ناڕەزایەتیەکان بۆ ماف و ژیان و ئارامی خۆشگوزەرانی.

بیست و سێ ساڵ بەسەر ئەم کارەساتە جەرگبڕ و نائینسانی تێپەڕدەبێت نەک سەرانی بڕیاردەری ئەم تاوانانە لێپرسینەوەیان لێنەکراوە و نەبۆتە عیبرەت و دووبارە نەبوونەوە، بەڵکو وەک سونەتی عادەتی هەمیشەیی ئەحزابی ناسیونالستی کورد بەردەوامن لە پێشلەشکری و خۆشخزمەتی بۆ سوپای پاسداران و حشدی شەعبی و رژێمی فاشتی تورکیا کە مەرگەسات و جینۆسایدی یەزیدیەکان خوڵقاندی تراژیدیای ١٦ ئۆکتۆبەر و بەئامانج گرتنی ئۆپۆزیسیۆنی ئیرانی و تورکیا تیرۆری چەندین ئۆپۆزسیۆنی ئەو رژێمانە و بێدەنگی لەئاست بۆمبارانکردن وکوشتنی هاوڵاتیانی سڤیڵی کوردستان و سوتانی ماڵ و خەرمان و بەنسیبکردنی ئاوارەیی و دەربەدەری لێکەوتۆتەوە.

٣١ی ئاب و کارەساتە یەک لەدوا یەکەکانی ئەم دەسەڵاتەی لەکوردستاندا بە ئاگر و ئاسن وەڵام بەداخوزایەکانی خەڵکی کوردستان دەداتەوە ئەو راستیەمان پێدەڵێت کە ماهیەتی ئەحزابی ناسیونالستی کورد کە بە نۆکەرایەتی و پشتیوانی ناوچەیی و بە گەندەڵی و بە تاڵانبردنی داهاتی خەڵکی کوردستان و بە پشت بەستن بە هێزی میلیشا و سەرکوت و خەفەقان خۆی داسەپاند و جێگای ئەوپەڕی نەفرەت و ناڕەزایەتی قوڵی جەماوەری کوردستانە و تەنها و تەنها دەبێت لە ڕێگای شۆڕشی بێبەشانەوە بارگەیان بپێچرێتەوە و کۆتایی بەدەسەڵاتی نەگریسیان بهێنرێت و دەسەڵاتدارێتی جەماوەری پشت بەستوو بەئیرادەی خەڵکی کوردستان لە جێگایدا دابمەزرێت.

کارەساتی ٣١ ی ئاب، وە هەموو ئەو تاوانانەی لەسەر دەستی ئەحزابی ناسیونال بۆرژوازی کوردا لە رابردودا ئەنجامدراون  لەفکرو زهنی خەڵکی کوردستاندا بەزیندوویی دەمێنێتەوە تا ئەوکاتەی کە تاسەرانی ئەو تاوانانە لەدادگایەکی ئاشکرا و جەماوەریدا بەسزای خۆیان دەگەیەنرێن و بەهێزی جەماوری لەبن نەهاتوو کۆتایی بەدەسەڵاتی رەشیان دەهێنرێت.

ئابی ٢٠١٩

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *