زەروورەتی ئەمڕۆژیی لێنین! …

(له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کی پاڵتۆکی له‌ 12ی کانوونی یه‌که‌می 2001)

پرسیار: ئایا هێشتا ئەشێ پشت بە لێنین  ببەسترێت؟ ئایا هێشتا لێنینیزم مه‌وزووعییه‌تی هه‌یه‌؟

مه‌نسوور حیکمه‌ت: بڕوانن! تا ئەو جێگایەی کە لێنین  سەبارەت بە هەلومەرجی مێژوویی وڵاتێکی دیاریکراو بە مێژووی تایبەتییەوە قسە ئەکات و ئەو حوکمانەشی کە ئەی دات لە ڕووی پێویستییەوە قابیلی به‌گشتیکردن نییە. بەڵام من لێنین  وه‌کوو کەسێک کە بیرۆکه‌ی شۆڕشی کۆمۆنیستی و بیرۆکه‌ی ئیمکانییەتی قبووڵبوونی سۆسیالیزم ئەخاتە ڕوو، وه‌ مەسەلەکە بە دەستبردنی حیزبی کۆمۆنیست بۆ دەسەڵاتی سیاسی گرێ ئەداتەوە، بەم ناونیشانە وا تێئەگەم، لێنین  لە پێشەوەی حیزبی ئێمەدایە و هەمیشە مەوزووعییەتی هەیە. لێنین  کەسێکە کە مارکسیزمی لە دیدگاکانی ئۆلۆشیۆنیستی و کامڵگەرایی و ئەمەی کە جیهان چاوەڕێیە سۆسیالیزم ڕۆژێک خۆی سەوز بێت، ڕزگارکرد و بۆ کار و کردەوەی زیندووی مرۆڤ و تێکۆشانی سیاسیی زیندووی مرۆڤەکانی گۆڕی. نەخشی لێنین  ئەوە بوو، کە ئەم جێگاوڕێگایەی ناسی و دەستی بۆ دەسەڵات برد. ئەگەر ئەم هەڵوێستە لەگەڵ ئومێده‌واری و نائومێده‌واریی ژمارەیەک لەناو حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریدا لێک هەڵپێکیت، لێنینت لە مانای واقیعی خۆی داتەکاندووە. ئێمە زۆر دەمێکە ئەو مەیلەمان خستۆتە لاوە، کە سۆسیالیزم بە دوو سبەی ئەسپێرێت. ئێمە وتمان کە ئەم حیزبە هەر لەم دەورەیەدا هەوڵ ئەدات کە ئەم نەخشە بنوێنێت. ئه‌رکی کۆمۆنیزمه‌ که‌ دەسەڵات له‌ده‌ست بگرێ، تاوه‌کوو بتوانێت ئەم هەڵبژاردنە بداتە دەستی کۆمه‌ڵگا و چینی کرێکار، تا بە سۆسیالیزمەوە لەوسەری ئاڵوگۆڕە شۆڕشگێڕانەکاندا بێتە دەرەوە. بە هەر حاڵ، شێوازی لێنین زەروورەتی ئەمڕۆژیی هەیە و زەروورەتێکی زۆر زیاتریش.

پرسیار: ئایا ئێران وڵاتێکی چەند میللەتییە؟

مه‌نسوور حیکمه‌ت: وەڵامێکی کورت ئەدەمەوە: ناوبردنی وڵاتێک یاخود کۆمه‌ڵگایەک بە چەند میللەتی یەک هەڵبژاردنی سیاسییە، وه‌کوو ئەوەی کە ئەگەر بپرسن، ئایا ئێران کۆمه‌ڵگایەکی ئیسلامییە، من ئەڵێم نەخێر، کەسێکی تر ئەڵێ: بەڵێ. بە بڕوای من میللەت و میللییەت چەمکێکی سیاسییە، چەمکێکی ئایدیۆلۆژییە. بۆ نموونە، کەسێک کە یه‌کلا بووه‌ته‌وه‌ لەسەرئەوەی، مرۆڤێک لەسەر بنەمای قەومییەتی پێناسە بکات و بڵێت، من ئەم کەسە بە ئازەریی ئەزانم، ئەوەش بە هیتۆ، ئەوەشیان پشتۆیە، ئەمەشیان ئیگۆ و ئەوی تریان بە باسک ئەزانم، ئەیەوێت ڕەنگی ئایدیۆلۆژیی خۆی لەو کۆمه‌ڵگایە بدات. لەوانەیە ئێران چەند میللەتیی بێت، یا نەبێت. ئەمە پەیوەستە بەوەوە کە ئایدیۆلۆژیی فه‌رمی لەو وڵاتەدا، وە لێکدانەوەی فه‌رمی بۆ ئەو وڵاتە، کەسانێک ئەینووسن کە چەمکەکانی قەومییەت بۆیان بەرجەستەن، یان نا؟ ئەگەر من بم، ئەڵێم نەخێر تەنها ئێران، لە هیچ جێگایەکدا وڵاتانی جیهان چەند میللەتی نین. مرۆڤەکان بە زمانی جۆراوجۆر پێکەوە قسە ئەکەن، ئەمەی کە پێیان بڵێین میللەت، بەرەنجام و کارکردی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستییە لەم وڵاتانەدا. سەردەمانێک ئەم مرۆڤانە بە خۆیان نە وتووە میللەت. پاشان لەوانەیە هەر ئەم میللەتانە بۆ چەند میللەتی دیکە دابەش بن. ئەمە ڕووداوێکی سیاسی_ ئایدیۆلۆژییە و بەشێک لە زانستی ئۆبژەکتیڤ نییە. ئەگەر خه‌ڵکی ئێران بخەینە ژێر تاقیکردنەوەوە و لە DNAیان بکۆڵینەوە، هیچ شتێک سەبارەت بە لوڕبوون، یاخود گیلکبوونیان نادات بەدەستەوە. ئەمە باسێکی سیاسییە، باسێکی ئایدیۆلۆژییە. ئێوە ئەتوانن ئەوە هەڵبژێرن کە کەسێکی تر بەم جۆرە خه‌ڵک دابەش ئەکات. من ئەمەوێ بەم جۆرە دابەشیان نەکەم و ئەڵێم خه‌ڵکی ئێران ژمارەیەک مرۆڤی خاوەن مافی یەکسانن و بە زمانە جۆراوجۆرەکان قسە ئەکەن.

ئایا ستەمی میللی هەیە؟ بێگومان هەیە، لەبەر ئەوەی کە ناسیۆنالیزم هەیە و تایبەتمەندیی ناسیۆنالیزمیش ئەوەیە کە میللییەت بۆ یەک سنووری لەبڕین نەهاتوو بگۆڕێت، وە مرۆڤەکان بە شێوەیەکی وا دابەش بکات کە قەڵشت و جیایی بخوڵقێنێ، بە مەبەستی ئەوەی وه‌کوو میللەتێک زوڵم لە میللەتێکی تر بکات و بڵێت ستەمی میللی هەیە.

بەڵام ئەبێ ستەمی میللی لاببرێت، وەڵامدانەوە به‌ ستەمی میللی، وڵاتدان بەو میللەتانە نییە. هەر کەس بێت و بە ئێوە بڵێت، حەسەن بەگ خەریکن نوکتەم لەسەر دروست ئەکەن و ئێوە وڵاتێکم بدەنێ، ئێوە لێی قبووڵ ناکەن. وەڵامی ستەمی میللی، لابردنی ستەمی میللییە. هەر وەکوو چۆن وەڵامی ستەمی جنسی، لابردنی ستەمی جنسییە و وەڵامی ستەمی نەژادی، هەڵگرتنی ستەمی نەژادییە و وڵاتدان بە قوربانییەکانی نییە. ئەوەی کە میللەت بنەمای ده‌وڵه‌تە، ناسیۆنالیسته‌کان لە دوو سێ سەدەی دواییدا دایان هێناوە. بە بڕوای من، میللەت بنەمای حاکمییەت نییە، بنەمای فەلسەفیی ده‌وڵه‌ت، میللەت نییە. تەنها مرۆڤ ئەتوانێت بنەمای فەلسەفیی ده‌وڵه‌ت بێت و یەکێتیی ئارەزوومەندانەی ئەو مرۆڤانەی کە ئەیانەوێت لەوێدا بژین، هاووڵاتیبوونە. بەم پێیە، ئەگەر وادانێین کە ده‌وڵه‌تەکان بڕیار نییە میللی و ناسیۆنالیستی بن، ئەوسا دیار نییە، بۆچی دەبێت ستەمی میللی بۆ مەسەلەی پێکهاتنی وڵاتی جیاواز ببرێت.

نموونەیەکی دیکە لە پەیوەند بە مەسەلەی میللییەوە …

ئەگەر ناسیۆنالیسته‌کان خۆیان ڕاوەشێنن و باوەشێنی مەسەلە میللییەکان بکەن و کارەساتە میللییەکان بخوڵقێنن، بە شێوەیەک کە چیتر لە نێوان ئەو میللەتانەدا نەشێ بە زمانی خۆش، ئاشتی و ئاسایش فەراهەم بکرێت، بەڵێ ناچارین وه‌کوو ڕێگاچارەیه‌کی ناشیرین، باس لە جیابوونەوە بکەین و ڕێگا بۆ ڕێفراندۆمێک بکەینەوە، کە ڕێگا بۆ ئەو میللەتەی کە زوڵمی زۆری لێ کراوه‌، خۆش ئەکات و ئیتر باوەڕی سەبارەت بە پێکەوە ژیانی ئارەزوومەندانە لەدەست داوە و ئەیەوێت جیا بێتەوە. بەم شێوەیە و بەم ئیعتیبارە، من قبووڵی ئەکەم. سەبارەت بە کوردستان، سیاسەتی فه‌رمیی ئێمە ڕێگای داوە بە ڕێفراندۆمێک و خواستی یەک ڕێفراندۆم لە کوردستان کە ئایا خه‌ڵکی کوردستان ئەیه‌وێ جیا بێتەوە، وه‌ یان ئەیه‌وێ لە چوارچێوەی ئێراندا بمێنێتەوە، بە مەرجی هەلومەرجی یەکسان لەگەڵ باقیی هاووڵاتیانی ئێراندا؟ بەڵام ئەمەی کە ئێوە ئەیڵێن، دەبێ سەبارەت بە گەیلانیش دایبنێین. من بەم جۆرە بیر ناکەمەوە. هەر چەنده‌ ئه‌شێت که‌ ستەم لە خه‌ڵکی گەیلان کرابێت، مەسەلەیەکی میللی کە تیایدا خوێن ڕژابێت، ڕەشبینی و کینەی بەرپا کردبێت، پەژارە لەپشتییەوە ڕاوەستابێت، تووڕەیی کەڵەکە کردبێت. مەسەلەیەکی بەم جۆرەمان سەبارەت بەگیلک نییە. هەر کاتێک مەسەلەیەکی لەم بابەتەیان بۆ خوڵقاندین، ئەو کاتە ناچارین هەر بەم شێوەیەی پێشوو بچین بەدەمییەوە. بەڵام ئێمە ناڕۆین بەپیریی بەشبەشکردنی مرۆڤەکانەوە. پێشوازی لە جیاکردنەوەی مرۆڤەکان لە یەکتری ناکەین. ناچین بەدەمی دابەشکردنی وڵاتانەوە بۆ شەش کەڕەت چوار، کە لە هەر یەکێکیاندا قەومێک هەبێت. بە پێچەوانەوە، دەبێت سنوورەکانی جیهان لاببرێن. دەبێ مرۆڤەکان پێکەوە بژین، بە هەر زمانێک ئەیانەوێت قسە بکەن، بە هەر زمانێک پێیان خۆشە بنووسن و هەر کامێکیش لەم زمانانە کە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا بەکاریگەرتری ئەزانن، بەکاری ببەن.

من خۆم نە ناسیۆنالیستم و نە ئەشمەوێ ئیمتییاز بە هیچ ناسیۆنالیستێک بدەم.

تێبینی: له‌ لایه‌ن ئیره‌ج فه‌رزاده‌وه‌ پیاده‌ کراوه‌ و نووسراوه‌ته‌وه‌.

وه‌رگێڕانی: حەمە غەفور

سه‌رچاوه‌:

“اکتبر”ی فارسی، شمارە 7

13 ئۆکتۆبەر 2004

 

تێبینی: هه‌ڵبژارده‌یه‌ک له‌ نووسراوه‌کانی مه‌نسوور حیکمه‌ت له دوو به‌رگدا‌

به‌رگی  ٢

ئاماده‌کردن و پیاچوونه‌وه‌ی سالار ڕه‌شید

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *