دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ سامان کەریم، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق، سەبارەت بە هەژدەهەمین ساڵیادی ١١ سێپتەمبەر …

تیرۆر وە تیرۆریزم لە قۆناغی تێپەڕی مێژوویی ئەم سەردەمەی سەرمایەدا، نەریتێکی سیاسی چالاکی بورژوایی جیهانییە…

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ سامان کەریم، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق، سەبارەت بە هەژدەهەمین ساڵیادی ١١ سێپتەمبەر

 

بۆپێشەوە: هێرشی تیرۆریستی و خۆکوژی ١١ سێبتەمبەر… دنیای تەکانداو بواری کردەوە تا ئەمریکا ملهوری و باڵادەستی نیشانی دنیا و بەتایبەتی رەقیبە جیهانیەکانی بداتەوە، تا چەندە ئەمریکا لەو پەیامەیدا سەرکەوتوو بوو؟

سامان کەریم: ڕووداو و کردەوەی تیرۆریستی ١١ سێبتەمبەر، ڕووداوێکە تا ئێستا جێگای مشتومڕی فراوانە. لە ڕاستیدا شێواز و بە پراتیک دەرهێنانی کردەوەیەکی ئاوا زەبەلاحی تیرۆریستی لەلایەن چەند کەسێکی تیرۆریستەوە، بۆتە جێگای گومانێکی نەبڕاوە. پێم وایە ئەم مشتومڕە هێشتا درێژەی هەیە، وە دەیبێت. لە دوا لێکدانەوەدا ١١ ی سێبتەمبەر بۆ ئەمریکا، دواخستنی پرۆژەیەکی گەورە بوو، دواکەوتنی هاتنە خوارەوەی پێگەی خۆی لە ئاستی جیهانیدا. بەهۆی ئەم ڕووداوەوە ئەمریکا لغاوی بەربوو، ڕۆژئاوا بەگشتی لاپەڕەی سپی بۆ واژو کرد. ئەم ڕووداوە، بیانوی دایە دەسەڵاتدارانی ئەمریکا کە دووبارە لە ڕیگای زۆرەوە پرۆژە جیهانییەکەیان پیادە بکەن. ئەوکات واتە پیش ١١ سێبتەمبەر بە ساڵێک، سیاسەتی جیۆپۆلیتیکی ئەمریکا لە ئاستی جیهانیدا، بەجێهێشتنی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو، لە ڕێگای پڕکردنەوەی بە وڵاتانی دیکەی هاوپەیمانی بەتایبەتی بەریتانیا و ئیسڕائیل و هەروەها سەرو گوێکردنی کێشەی فەڵەستین- ئیسڕائیل بەجۆرێک کە وەک کێشەی گەورە لە ناوچەکەدا نەمێنیت. ئەوکات باس و لێکدانەوەکان و تەواوی کەمپینی هەڵبژاردنی جۆرج دەبلیو بۆش، جەختی دەکردەوە سەر ئەوەی کە ناوچەکە بەجێدەهێڵن و ئاڕاستەی سەرەکیان بەرەو باسفیکە، بۆ پێشگرتن بە تواناییەکان و گەشەی بەردەوامی وڵاتی چین کە ئەوکات هێشتا لە قوماتەکەی نەهاتبووە دەرەوە. ١١ی سێبتەمبەر ئەم ئەڵقەیەی پچڕاند و هێجگار زۆر دوای خست.

لە ڕوانگەی ئاڕاستەی سەرمایەوە لە ئاستی جیهانیدا، ئەم کردەوەیە زەرەبە بوو لە ئەمریکا، بەجیا لە لێدانە مەعنەوی و سیاسییەکەی، ئەمریکا فەشەلی گەورەی ستراتیژی کرد لە ئاستی جیهانیدا. ئەمرۆ لە بەرانبەر ئەمریکادا لایەنی کەم ڕوسیا و چین و هیند و ئەڵمان هەیە، ئەوکات هیچیان نەبوون. باسی من ئەوە نییە، ئەگەر ئەو ڕووداوە نەبوایە، ڕێچکەی ڕووداوەکان بە قازانجی ئەمریکا دەبوو، بەڵکو باسی لێکدانەوەیەکی ئۆبژەکتیڤی ئەم ڕووداوەیە. ئەگەرچی بۆماوە کورت پێگەی ئەمریکا هەستایەوە، دەتوانین ساڵی ٢٠٠٦ دەست نیشان بکەین وەک سەرەتایەک بۆ داڕمانی هێواش و لەسەرخۆی ئەمریکا، واتە ئەو ڕووداوە ٥ ساڵ ئەمریکای ڕاگرت وەک ئەوەی جێگا خواستی بوو لە ڕوانگەی جیو-ستراتیژەوە، لە هەلومەرجێکی تێپەڕ” ئینتقالی” و توندپێچی تەواو جیهانیدا. بەم مانایە ئەوەی دەیویست دەیتوانی پیادەی بکات بەگشتی لە ئاستی جیهانیدا. لەم ساڵەدا واتە ساڵی ٢٠٠٦ ڕۆشن بووەوە کە ئەمریکا ئیتر ناتوانێت ئەم گالیسکە جیهانییە بە تەنها ڕابکێشێت، ئەم لێکدانەوەیە لەلایەن بیرمەندانی ستراتیژیستی خۆیانەوە نیشان درا، کە ئەمریکا پێویستە خۆی کۆبکاتەوە، قۆناغی ١١ی سێبتەمەبەر بە کۆتایی خۆی گەیشتوە. مەبەستم ڕاپۆرتی بیکەر-هاملتونە لە ساڵی ٢٠٠٦ دا لە پەیوەند بە عێراقەوە. ئەم ڕاپۆرتە ئاماژەیەکی گەورەبوو بۆ فەشەلی ئەمریکا لە عێراقدا. لە باسێکی فراواندا پێش ٣ ساڵ لە سەر ئەم ڕاپۆرتە نوسینم ” ئەوکات باڵوێزی دیبلوماتیکی گشتی خانەنشینکراوی ئەمریکی دیفید نیومان لەسەر ئەم ڕاپورتە دەلێت: ڕاپۆڕتی بیکەر-هامیلتون وەک بەڵگەنامەی مردنی تێڕوانینی کۆنسێرڤەتیڤە تازەکان وایە لە عێراق کە بە مۆدیلێک دادەنرا بۆ بڵاوکردنەوەی دیموکراسی لە ڕۆژهەلاتی ناوەراستدا. وە بێدەنگ کردنی عەمەلی ئەو دەنگانەیە لەنێو ئیدارەی دەسەڵاتدارێتی ئەمریکادا)”. http://www.swissinfo.ch/ara) (پەتای تیرۆریزم و چۆنیەتی ڕووبەڕووبونەوەی” تەموزی ٢٠١٦/چاوی گەل).

١١ی سێبتەمبەر پەیام نەبوو، بەڵکو هێرشیکی هەمەلایەنەی سیاسی و سەربازی و ئەمنی و فکری و ڕۆشنبیری بوو، کردارێکی گەورەی جیهانی بوو، دروست بە گەورەیی گۆی زەویی و تەنانەت فەزای دەرەوەی گۆی زەوی. لە باری سیاسییەوە شکستی گەورەی خوارد و لەباری سەربازییەوە بەهەمان شێوە، ناچار بوو لە عیراق پاشەکشە بکات و لە ئەفغانستان هەر ئێسستا خەریکی دانوسان و هێنانەوەی ئەو هێزەیە” تاڵیبان” کە پێش ١٨ ساڵ لە ژێر ناوی ” جەنگی دژی تیرۆردا” ڕوخاندی و وڵاتەکەشی کاولکرد. ئەم دانوسانەی هەر ئێستای نێوان ” تاڵیبان “و ئەمریکا لە وڵاتی قەتەر، نیشانەیەکی ئاشکرای شکستی ستراتیژی و سیاسی و سەربازی ئەمریکایە، لە ئاستی ناوچەکە و بە دیاریکراوی لە ئەفغانستاندا.

قۆناغی ئەمرۆی کۆمەڵگەی بەشەری، قۆناغیکی تێپەڕ و توندپێچێکی پان وپۆڕ و بەداخەوە درێژخایەنە. لە هەلومەرجێکی وادا وەڵامی پرسیارەکەی ئیوەی خۆشەویست، بە ” بەڵێ” یان ” نەخێر” نادرێتەوە، بەڵکو چەند ئاراستە و چەند لایەنەیە، هەروەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد. دەتوانین بلێین کە ١١ی سێبتەمبەر بۆ وڵاتی چین چەخماخەی لێدانی سیاسەتی جیو-ستراتیژی بوو، بەتایبەت دوای داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە، بۆ دەسەڵاتی ناسیونالیستی چین هاتنە مەیدانی گاپێکی گەورە بوو بۆ کایەکردن و ئازاد بوون لە ئابلوقەی سیاسی و ئابوری ئەمریکا. ئابلوقەیەک کە نادیار بوو، لەئاستی میدیا، بەڵام ڕۆشن لەئاستی ئاراستەی سەرمایە لەو سەردەمەدا.

بەگشتی پێگەی ئەمرۆی ئەمریکا و دابەزینی پێگەی لە ئاستی جیهانیدا، ئەڵقەیەکە لە زنجیرە ئەڵقەکانی مەیلی دابەزینی ئەم ئیمپراتۆڕییەی سەرمایە، کە بە دڵنیایەوە ١١ی سێبتەمبەر ئەڵقەیەکی سەرەکییەتی.

بۆپێشەوە: روداوی ١١ سێبتەمبەر… لە چوارچێوەیەکی فەرمیدا بە جەنگی تیرۆریستی نێوان تیرۆریزمی دەوڵەتی و غەیرە دەوڵەتی ناسراوە، لاتان وایە هیشتا دنیا لەهەمان بازنەی جەنگی تیرۆریستی دەوڵەتی و غەیرە دەوڵەتیدایە؟

سامان کەریم: نە ئەوکات و نە ئێستا جیهان لەو چوارچێوەیەدا نەبووە. ئەوە دارشتنێکی بورژواییانەیە بۆ کۆمەڵگە و بەتایبەت بۆ پەکخستنی چینی کرێکارە لە ئاستی بیروڕاو ڕای گشتیدا. میدیا بەگشتی لەم نێوەدا ڕۆڵی کاریگەرو وێرانکەری سەرەکی هەبووە. مانای چییە ” هێشتا جیهان لەهەمان بازنەی جەنگی …” ؟ بازنەی سەرەکی هەموو دەزانن کە بازنەی کپکردن و چەپاندنی چینی کرێکارە بە شێوەیەکی ئەبەدی. ئەمە مەسەلەی سەرەکییە، ئەوکات وە ئێستا. بورژوایی لە ڕێگای بیرمەندان، ڕۆشنبیران و سیاسیەکانی و دەسەڵاتەکەیەوە هەمیشە ئەم ململانێ چینایەتییە لەسەر مێزەکەیەتی. ئەوان دەیانەوێت چوارچێوەی یاریەکە و یاری زانەکانیش دیاری بکەن بۆ کۆمەڵگەی بەشەری. لەم نێوەدا و لە ڕوانگەی بورژواییەوە، کرێکارو بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیزم، لە سوچێكی کش ماتدا وێنا دەکەن. درۆ ئەکەن بۆ ئەوەی بیری خۆیان بکەنە ڕاستی و کرێکارو خەڵک ڕازی بکەن بە لێکدانەوەی خۆیان، بە داخەوە تاڕادەیەکی زۆر کردویانە. نەک هەر ئەوەندە، بەڵکو بورژوایی قازانجی لە دیاردە و سەر‌هەڵدانی ئیسلامی سیاسی و تیرۆرەکەی کردوە. لە هەمان سەرچاوەدا، (پەتای تیرۆریزم و چۆنیەتی ڕووبەڕووبونەوەی) دا نوسیومە” ئەگەر نا هەزار داعش و ماعشی خۆیان و دەیان وڵاتی گیرۆدە بە “ئاشوبی خەلاق” کۆسپێکی گەورە نییە بۆ ئەوان و لە ژێر کۆنترۆلدایە و پیشەسازی سەربازی و بزنسی ئەمنی زیاد دەکات و شانازی دەکەن بەوەی کە ڕێژەی فرۆشتنی چەکیان ئەوەندە نسیبەت بەرزبۆتەوە”.

کۆمەڵگەی بەشەری، رای گشتی و چینی کرێکار … هەموویان لە چوارچێوەیەکی ڕەش و سپیدا داناوە، گوایا جیهانی ئێمە شەڕی نێوان تیرۆریستە سپی و ڕەشەکانە. خۆیان بە سپی دەزانن و تیرۆریزمی وەک داعش و قاعیدە بە ڕەش و قاچاغ. ئەم لێکدانەوەیە تاسەر بورژوایی و درۆزنانەیە. ڕوداوەکانی ئەمڕۆ وە تەنانەت قسە و هەڵسوکەوت و تویتەکانی ترامپ سەرۆکی ئەمریکا بە شێوەیەکی حاشاهەڵنەگر ئەوە ڕۆشن دەکاتەوە کە ململانێ و کێبەرکێ، نەک لەگەڵ قاعیدە و داعشدا، بەڵکو لە نێوان ئەمریکا و لەگەڵ چین و ڕوسیا و ئەڵمان و هند و وڵاتانی دیکەدایە. لە سەر چییە؟! لەسەر دابەشکردنەوەی جیهانی ئەمرۆیە، سەروەت و سامانی کۆمەلگەی بەشەری کە بە خوێن و ماندوبونی ملیارەها کرێکار لە ئاستی جیهانیدا فەراهەم بوە. سەرنج بدەنە ململانێی قوڵ و لەڕاستیدا توند وە ترسناکی نێوان چین و ئەمریکا لە ململانێ “بازرگانیەوە” بگرە تا دەگاتە ململانێی فراوانتری ئابوری و سنور و سەربازی و فەزایی. لەسەر مێزی هەموو ئەو وڵاتانە لە چینەوە بگرە تا دەگاتە ڕوسیاو ئەمریکاو ئەڵمان… لە دوا لێکدانەوەدا، مەسەلەی سەرەکی ئەوەیە کە چۆن چینی کرێکار بێدەنگ بکەن لە سایەی بێکاری و نەبونیدا، لەسایەی گەشەی تەکنۆلۆژی و تەکنۆلۆژی زیرەکدا؟! وە تەنانەت چۆن کرێی کرێکاران، لە پرۆسێسێکی لەسەرخۆدا یەک کاسە بکەن لە ئاستی جیهانیدا.

بە جیا لەو ڕاستییە مێژووییەی سەرەوە، ئێستا بۆ هەموو کەس ڕۆشنە، کە بەشی تیرۆریزمی غەیرە دەوڵەتی زادە و بەرهەمی تیرۆریزمی دەوڵەتی خۆیەتی. واتە لە ڕەحمدانی بورژوایی و دەسەڵاتەکەی هاتۆتە دەرەوە و ئەمرۆ ئەمریکاو فەرەنسا و تورکیا و بەریتانیا بە ئاشکرا لە سوریا ئەو تیرۆریستانە دەپارێزن. هەروەها هەموو کەس دان پیانانەکانی هیلاری کلینتۆن و خودی ترامپی بیستووە سەبارەت بە پێکهێنانی ڕێکخراو و گروپە تیرۆریستییەکان. لە قۆناغی تێپەڕی ئەم سەردەمەدا، بورژوایی جیهانی هەم مافی مرۆڤەکەی دانا، وە هەم ناوەرۆکی دیموکراتیەکەی. دەرکەوت کە دیموکراسی ئەمریکی و ڕۆژئاوا دوا هەناسە دەدەن، و پەیوەندی نییە بە ئازادی و خۆشگوزەرانی خەڵکەوە. دەرکەوت ئەو ئازادی و خۆشگوزەرانییەی کە خەلکی ڕۆژئاوا بەهرەمەندن لێی، بەری ڕەنجی بزوتنەوەی چینایەتی کرێکار و شۆرش و ڕاپەڕینەکانیەتی و سەپاوە بەسەر چینی بورژواییدا. بورژوایی جیهانی لە هەر کوێ بێت یەک بەهای هەیە ئەویش ” قازانجە”.

بۆیە ئەم سەردەمە لە غیابی بزوتنەوەی سیاسی چینی کرێکاردا، بورژوایی و دەسەڵاتەکەی بە چەپ و ڕاستەوە زۆر سادە، ئەو بەهایانەی کە گوایا بە گشتی “ڕۆژئاوایین” نەک دەستکەوتی چینی کرێکار، خۆی ژێر پێی دەخات. لەمبارەوە من لە وتاری ” داڕوخانی ڕۆژئاوا و پێگەی چینی کرێکار ” کە ساڵی ٢٠١٧ بڵاوبۆتەوە، ئەم باسەم ڕۆشنکردۆتەوە.

بۆپێشەوە: دوای روداوی تیرۆریستی ١١ سێبتەمبەر، ئەمریکا جەنگی دژە تیرۆری راگەیاند، کەچی داوی ١٨ ساڵ بەسەر ئەو روداوەدا دنیا نوقمی تیرۆریزمە، هۆکاری بەردەوامی ئەم جەنگ و تیرۆریزمە چییە؟ چۆن دەکرێت بەری پێبگیرێت؟

سامان کەریم: بەسادەیی هۆکاری ئەم ململانێ تیرۆریستەی نێوان باڵەکانی بورژوایی بە دەوڵەتی و غەیرە دەوڵەتییەوە، ئامادەنەبوونی بزوتنەوەی چینایەتی کرێکارە وەک ‌هێزیکی سیاسی. لەوانەیە وەلامێکی ئاوەها گشتی سەرنج ڕاکێش یان جێگای ڕەزامەندی زۆربە نەبێت، بەڵام ئەوە ڕاستی و ناوەڕۆکی وەڵامەکەیە. وردتر لەسە ئەم بابەتە دەچین.

١١ی سێبتەمبەر، بە هەموو پێوانەیەک ڕوداوێکی تیرۆریستی ئاسایی نەبوو. پێدەچیت تیرۆریستەکان “حۆری شاز”یان بۆ دانرابێت لە وێنایەک کە لە ئێمەیجی خۆیاندا نەخشاندویانە بۆ ئەنجامی کارێکی وا گەورە. مەبەستم ئەوەیە ئەوانیش، واتە تیرۆریستەکان بێ بەرانبەر کارێکی ئاوەها گەورە پیادە ناکەن، بەڵکو ئامانجیانە بەخشیشێکی گەورە وەرگرن. لە جیهانی سەرمایەداریدا هیچ شتێک بە خۆڕایی نییە. لەبەرانبەر باڵا دەستی و بێ وەفایی ئەمریکا لە بەرانبەر تیرۆریستە ئیسلامیەکانی ئەفغانستان و دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت… کێبەرکێیەکی جیهانی دەست پێدەکات لە نێوان ئیسلامی سیاسی بەرابەری ئەلقاعیدە و بن لادن و ئەمریکا لە لایەکی دیکەوە. کێبەرکێیەک کە پراگماتیزمی سیاسی ئەمریکا دەباتە کەشکەلانی فەلەک. ئەوکات ئەمریکا تاک جەمسەر و ڕابەری جیهانی بوو، ئامانجی ئەوە بوو کە ئەرشیفی مێژوویی خۆی بسڕێتەوە لەم هێزە بورژواییە تیرۆریستانە، بەڵام ئەم ئاڕاستە سیاسییە هەرگیز ئاڕاستەیەکی پایەدار و سەرەکی سیاسەتی ئەمریکا نەبوە. باسەکە هەر ئەوە نەبوو کە ئیسلامی سیاسی لاواز بکات و لە چوارچێوەی ئامانجی خۆیدا بیگونجێت، بەڵکو لەوە گرینگتر جێخستی ئیسلام بوو وەک ئامانج و نەریت و پراتیکی ڕۆژانە لە ئاستی فراوانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و جیهانی عەرەب و تەنانەت ئاسیای ناوەڕاست و دواتر جێخستنی لە ئاستی جیهانیدا وەک پایەیەکی فکری و نەریتێکی جیهانی لە ئاستی ڕای گشتیدا. ئەمریکا تا ڕادەیەکی زۆر لەم هەوڵەیدا سەرکەوتوو بوو. لەمبارەوە ڕێنوێنیەکانی سامۆئیل هانتینگتۆن سەبارەت بە پێکدادانی شارستانییەکان، ئاسۆی سیاسی دەسەڵاتدارانی ڕۆژئاوا و بەتایبەت ئەمریکا بوو. ئەمرۆ بیر و ئاسۆ و نەریتی ئیسلامی لە ئاستی جیهانیدا، پایەیەکە لە پایەکانی بیروڕای گشتی و نەریتێکی جیهانی فراوان.

ئەم جەنگە تیرۆریستییە بە شێوەی جیاواز و جۆراوجۆر تا ئێستا درێژەی هەیە. ئەوکات ئەلقاعیدە هەبوو، ئێستا دەیان ڕێکخراوی تیرۆریستی لەو چەشنە بوونی هەیە لە داعشەوە تا نەسرە و تا حزبى تركستانی ئایگۆری چینی کە ئێستا لە سوریا لە دەورووبەری ئەدلب چالاکن. جەنگی تیرۆریستی درێژەی هەیە، چونکە بورژوایی جیهانی بە ڕابەری ئەمریکا تیرۆریزمی غەیرە دەوڵەتی کردۆتە نەریتێکی سیاسی و سەربازی و بیری تیرۆر و خۆتەقاندنەوەی کردۆتە پراتیکی بەرچاو و بەربڵاو لە ڕێگای ئیمەجی ئیسلامی سیاسی و دواڕۆژێکی خۆش بۆ ئینسان و بەهرەمەند بوون لە فردەوس” بەهەشت”. ئەمڕۆ ئەمریکا نەک تەنها تیرۆریزمی دەوڵەتی پیادە دەکات و دەیەوێت ڕۆڵی پۆلیسی دنیا ببینێت” کە ناتوانێت” بەڵکو لەوە زیاتر کۆمەک و پشتوانی دەکات لە تیرۆریزمی ئیسلامی سیاسی وەک بکەرێکی کارا دژ بە نەیارانی ناوچەیی و جیهانی بەکاردەهێنێت. سەرنج بدەینە، سوریا، لیبیا، جەزائیر، یەمەن و ئەفغانستان، ئاسیای ناوەڕاست وچین، بەشێوەیەکی ڕۆشن ئەم ڕاستیەمان بۆ دەردەکەوێت. تیرۆر وە تیرۆریزم لە قۆناغی تێپەڕی مێژوویی ئەم سەردەمەی سەرمایەدا، نەریتێکی سیاسی چالاکی بورژوایی جیهانییە. بەو پێیەی کە بوروژای و باڵە جیاوازەکانی کاراکتەری سەرەکی ململانێن لەسەر دەسەڵاتی سیاسی و دووبارە دابەشکردنەوەی جیهان، بەهەمان ئەندازە ئەم نەریتە گەشەی کردوەوە فراوان بۆتەوە. تیرۆر وە تیرۆریزم پێدوایستییەکی ئەم قوناغی تێپەڕەی بورژوایی جیهانییە. سەرخانێکی سیاسی تەواوە بۆ بەجێگەیاندنی مۆدێلی یان شێوازی بازاڕی ئازاد لە ڕێگای ئاڕاستەی لیبرالیزمی نوێوە. واتە لیبرالیزمی نوێ پێویستی بە سەرخانی سیاسی خۆی هەیە. لە وڵاتانی جیهانی عەرەب و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەم چوارچێوەیان بۆ دارشتوە و لە ڕوانگەی منەوە بە ئەنجام گەیشتووە. لەمبارەوە سەرنج بدەنە پەرتوکی” کۆمۆنیزمی هاوچەرخ و سەردەمی ڕێنیسانس. چاپی یەکەم ٢٠١٩” .

چۆن دەکرێ بەر بە تیرۆریزم بگیرێت؟!. تەوەرەی سەرەکی هاتنە مەیدانی چینی کرێکارە وەک هێزێکی سیاسی. بێ بوونی هیزی چینایەتی کرێکار وەک هێزێکی سیاسی، هەوڵدان بۆ هاتنە مەیدانی بەرەی موتەمەدنی دونیا ئیتر خۆشباوەرییە. بەرەی موتەمەدنی دونیا کاتێک دووبارە سەربەرز دەکاتەوە کە لەپێشەوەی چینی کرێکار وەستا بێت وەک چینێک. ئەم کارە کارێکی کۆمەڵایەتی هێجگار گەورەیە، بەڵام لەباری واقعییەوە ڕێگای دیکە بوونی نییە. ڕۆشنە کە کارێکی ئاوەها پێویستی بە حزبی مارکسستی و جەسور و شۆڕشگێرە.

بوونی هێزێکی ڕێکخراوی کرێکاریی کە بەهرەمەند بێت لە پایەی کۆمەڵایەتی لەهەر ناوچە و وڵاتێکدا، کۆمەکی گەورە دەکات بەم پڕۆسە و سیاسەتە. ڕوخانی شۆڕشگێڕانەی هەر وڵاتێکی بورژوایی بە ڕابەری چینی کرێکار و حزبی مارکسستی خۆی گەورەترین کۆمەک دەکات بە کۆتایی هاتن و بەرگرتن بە جەنگی تیرۆریستی، بەتایبەت لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

هەروەها، پێویستمان بە هەڵوێستی کلاسیکیانەی کۆمۆنیزمی مارکسە سەبارەت بە جەنگی ئەمریکاو جەنگی نێوان جەمسەرە جیهانییەکان. جا با جەنگەکە دژ بە وڵاتێکی ئیسلامی بێت. هەلوێستی کۆمۆنیستی لە بەرژەوەندی چینایەتی کرێکارەوە، دژ بە سەرمایەو سەرمایەداری سەرنج دەداتە ئەم هێرش و جەنگانە، نەک لە ڕوانگەی دژی ئیسلامی سیاسییەوە. هەر یەک لەم شەرانە، بەرەیەکە لە جەنگێکی جیهانی گەورەتر.

پێویستە بۆ کرێکاران و خەڵکی ستەمدیدە و کەمدەرامەت، ڕۆشن بکرێتەوە کە هێرش و پەلاماری ئەمریکا، هەراو وهوریای جەنگی و بوونی بنکە سەربازی و کەشتییە فڕۆکە ‌هەڵگرەکانی، ڕیکلام و پڕوپاگەندەکانی لە پەیوەند بە دژی دیکتاتۆری و دژی تیرۆر و لە پێناو ” مافی مرۆڤ”…. هەموو ئەوانە مانشێتی سیاسەتی مانەوەی ئەمریکایە لە ناوچە جیاوازەکاندا و ژیان و گوزەرانی خەڵک بەرەو هەڵدێری زیاتر دەبات. پێویستە بناغەی سیاسی و ئابوری ئەم ئاراستەی ئەمریکا بەشێوەیەکی ڕۆشن بۆ خەڵک ڕۆشن بکرێتەوە.

پێویستە ناوەرۆکی ڕۆڵی وڵاتانی دیکە بەتایبەت وڵاتانی زلهێزی وەک ڕوسیا و چین کە دژ بە تیرۆر دەجەنگن رۆشن بکرێتەوە. پێویستە جەنگی هەمەلایەنەی جیهانی نێوان زلهێزەکان لە پێناو دووبارە دابەشکردنەوەی جیهاندا بۆ کۆمەڵانی خەڵک ڕۆشن بکرێتەوە.

پێویستە ڕووبەڕووی سیاسەت و ئاراستەی مالتیکاڵچەریزم- فرە کلتوری- ببینەوە. ئاڕاستەیەک کۆمەڵگای بەشەری بەسەر ئاین و نەتەوە و تائیفەی ئاینی و ڕەنگی پێستدا، دابەشکردوە بە پێی کلتوری هەر وڵات و ناوچە لە قالبی داون. ئەم کارە لە ڕۆژئاوا و ئەمریکا هێجگار فەورییە. هەروەها وەستانەوە بەرانبەر بە تائیفەی سیاسی، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتێکی وەک عیراقدا، ئەم پراتیکە هێجگار فەورییە….بەهێزکردنی سکولاریزم، بەڵام بەهێزکردنی سکولاریزم لە وڵاتانی وەک عێراقدا لە دوالێکدانەوەدا و وەک پایەکی بەهێز و جێکەوتووی کۆمەڵایەتی، گرێ دراوە بە هاتنە مەیدانی بزوتنەوەی کرێکارییەوە وەک بزوتنەوەیەکی سیاسی.

هەموو ئەو کار و پراتیکە کۆمەڵایەتیانەی کە لەسەرەوە باسکران، بێ بوونی مەناخێکی سیاسی وفکری کۆمەلایەتی بۆ کۆمۆنیزم و حزبەکەی، فەراهەم نابێت. کارێکی دەستبەجێ لەم نێوەدا، خەباتە فکری و سیاسییە دژ بە ئیسلامی سیاسی، دژ بە مەرجەع و بیرمەندانی گەورەی ئیسلامی سیاسی. ئیسلامی سیاسی بەهەموو باڵ و ڕەوت و ڕیکخراوە جیاوازەکانیەوە، وەک بزوتنەوەیەکی فراوان و گەورەی کۆمەڵایەتی، سەرخانی فکری و سیاسی لیبرالیزمی نوێیە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی عەرەب. لەم هەلومەرجە تێپەڕەدا بورژوایی جیهانی و ئیسلامی سیاسی ناتوانن بێ تیرۆر وە تیرۆریزم سیاسەتەکانیان بەرنە پێشەوە.

بەکورتی ناوەرۆکی ڕوبەڕووبونەوەکە چینایەتییە، دوو بەرەی چینایەتی تەواو جیاواز، لە جەنگێکی هەمەلایەنەدا و لەبەرەکانی شەڕی چینایەتی جیاوازادان. کرێکاران وەک چینێک، تەنها بە ڕێکخراوبوون بەدەوری ئاسۆی شۆرشی کرێکارییدا، دەتوانن ڕوبەڕووی هەموو ئاستەنگی و رێگرییەکانی بەردەم شۆڕشەکەیان ببنەوە. تیرۆر وە تیرۆریزم لە ڕوانگەی چینایەتییەوە، ڕێگریەکی گەورەی بەردەم شۆرشی کرێکارییە.

١١سێبتەمبەر

ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٦٠ی ١٥/٩/٢٠١٩ دا بڵاوکراوەتەوە

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *