دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ نوسەرو ڕۆژنامەنووس ڕزگار عومەر سەبارەت بە هەژدەهەمین ساڵیادی ١١ی سێپتێمبەر …

ئەمریکا و بەریتانیا ڕۆڵی ڕاستەوخۆیان هەبوو لە دامەزراندنی چەند دەوڵەتێك کە دەتوانیین بە ئاسانی ناوێ لێبینێن سامپڵە یەکەمەکانی دەوڵەتداری بە تامی “داعش” و “قاعیدە”!

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ نوسەرو ڕۆژنامەنووس ڕزگار عومەر سەبارەت بە هەژدەهەمین ساڵیادی ١١ی سێپتێمبەر

بۆپێشەوە: ڕووداوە تیرۆریستیەکەی ١٨ ساڵ لەمەوبەری ١١ ی سێپتێمبەر، سیستەمی سیاسی و ئەمنی و ئازادی لە جیهاندا گۆڕی. ئەم گۆڕانە تەنیا یاسا توندوتۆڵەکانی دژ بە ئازادیەکانی تاکە کەسی نەگرتەوە لە وڵاتێکی وەکو ئەمریکا، بەڵکو بوو بە فاکت و بیانووی گەورەی جیهانی بۆ بەرپاکردنی چەند جەنگێکی یەك بە دوای یەک بە نێوی شەڕی دژە تیرۆر، بە ڕەچاوکرتنی ئاکامەکانی ئەم مێژووە ١٨ ساڵیە، لە ڕوانگەی ئێوەدا تیرۆر و تیرۆریزم چ وەکو دیاردە، چ وەکو شوناسێکی سیاسی چ جێگایەکیان لە ئاستی دنیای ئەمڕۆدا هەیە؟

ڕزگار عومەر: بەر لە وەڵامدانەوەی ڕاستەوخۆی ئەم پرسیارە، ئێمە پێویستە بچینە مێژووی بەر لە ڕووداوی ١١ی سێپتێمبەری ساڵی ٢٠٠١ ، بەبێ تێگەیشتن لە زەمینە و فاکتەکانی بەر لە ساڵی ٢٠٠١ مەحاڵە وێنەکە ڕوون بێت. کە دەگەڕێینەوە بۆ ئەم مێژووە، ئامانجمان دەست نیشانکردنی کارەکتەری ئەو “سوودمەندانەیە” کە بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی ڕووداوی ١١ ی سێپتێمبەر بوون. دوور لە تیئۆری پیلانگێڕی (Conspiracy Theory) دوو هێزی سیاسی و ئایدیۆلۆژی، هەندێکیان لە ئاستی دەوڵەت، هەندێکیان لە ئاستی ڕێکخراوەی تیرۆریستی جیهانی پێویستیان بە ١١ ی سێپتێمبەر یان هەر ڕووداوێکی هاوشێوە هەبوو.

ئەو تەوژمە ڕاستڕەوە نیولیبرالەی کە لە سەرەتای هەشتاکانەوە لەسەر دەسەڵات بووە یان لە نێو کایەی راستەوخۆی سیاسەت بووە یەکێکە لەو دوو هێزەی باسمان کرد، دووەم هێز بریتیە لە هێزی تیرۆریستی “قاعیدە” و هاوشێوەکانی. ئەم دووبەرەیە؛ بە ڕێکەوت چاوەڕوانی ڕووداوێکی وانەبوون، بەڵکو خوازیاری هەر ڕووداوێکی هاوشێوە بوون کە بتوانن، بوونی خۆیان و پلاتفۆڕم و جیهانبینیان ببەنە ئاستێکیتر.

بەر لە ڕووداوی ١١ی سپتامبەر لە ساڵی ٢٠٠١ ” تیرۆریزم” هەبوو، بە دەیان لێکدانەوەی موعتەبەری ئەکادیمی ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی جیهانی لەبن دەستن هی ئەو سەردەمە، کە سەرجەمیان لە هێڵی قەلەقی لە تەشەنەی تیرۆریزم هاوبەشن و بەشی زۆریان تەئکید دەکەنەوە لەوەی کە ئاراستەی ڕەهەندی سەرەکی تیرۆریزم ڕووی لەوەیە کە ” چالاکی” وا بکات کە بتوانێ نەك دەست بوەشێنێ لە ئامانجی سەربازی، مەدەنی، ئابووری بەڵکو بە شوێن تایپێك لە چالاکییە کە بە چاوپۆشین لە ژمارەی قوربانیان (کە لە ڕوانگەی تیرۆریستانەوە چەند زۆرتر بێ باشترە) بە چاوپۆشین لە زیانە ئابوریەکانی ئەو چالاکیە، زۆر پێویستیان بە چالاکیەك یان چەندین چالاکی هەبوو کە بتوانن دەسکەوتێکی مەعنەوی ” ڕەمزی” تۆمار بکەن!

تا بتوانن بەم دەسکەوتە ڕەمزیە مەکینەی ئیعلامی و موگناتیسی جیهانبینی ئاینی خۆیان پێ بەهێزتر بکەن. پێویستیان بەو ڕووداوە ڕەمزیە هەبوو تابتوانن لە هەر وڵاتێکی دونیا و ئیسلامی هەر تووڕەبوونێکی پەنگ خواردوو هەیە بەرامبەر ستەم و دەسەڵاتەکان لە ژێر ئەم دەست وەشاندنە ڕەمزیە گەورەدا ڕێڕەوی پێ بدەن و بیکەنە سەرمایەی سیاسی و ئایدیۆلۆژی خۆیان، بێ هۆ نەبوو لە ڕۆژی دووەمی دوای ١١ی سێپتێمبەر لە بەشێك لە ناوچەکانی فەلەستین و هەندێك لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی ئاسیایی لەبەرامبەر تەلەفزیۆنەکاندا شیرینی دابەش دەکرا.

لە بەرامبەر ئەودا، لایەنی دووەم نیولیبراڵەکانی ڕۆژئاوا کە بناغەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕێگان و تاتشەر، تا دەگاتە جۆرج بۆشی باوك و کوڕو تا دەگاتە ترامپ، بەوە جیا دەکرێنەوە، کە هەمیشە بەشوێن توندکردنەوەی کەلەبچەکانی ئازادین، بە شوێن پەلوپۆ کردنی “دیموکراسین” بە مانا فراوانەکەی یاسا و دەستوورو مافەکانی مرۆڤ.

ئەم ڕەهەندە لە ڕۆژئاوا بەوە جیادەکرێتەوە کە بەدەر لە پلاتفۆرمە توندڕەوە ئابوریەکەی “جێگیرکردنی بازاڕی ئازاد بە ڕەهایی وخاڵیی کردنەوەی شانی دەزگای دەوڵەت لە بەرپرسیاریەتی کۆمەڵگە و بەرنامەکانی” هەمیشە بە شوێن ئەوە بووە کە بە سەربازکردنی ژیانی کۆمەڵایەتی ناوخۆ و سیاسەتی دەرەوەی وڵات ببێتە تاقە چوارچێوەی سیستەمی بەڕیوەبردنی جیهان.

ئەم رەهەندە خۆی بەر لە ساڵی ٢٠٠١ چەندین ڕووداوی ڕاستەوخۆی دروستکردووە چەشنی: جەنگەکان، کۆدێتا سەربازیەکان، داگیرکردنی وڵاتەکان (بە تایبەتی لە ئەمریکای لاتین) لە بەشی زۆری ئەم ڕووداوانە هێڵی زاڵ تەنیا بەرژوەندی ستراتیژی سەربازی و ئابوری نەبووە، بەڵکو “ڕەمزیەتی” ئەو ڕووداونە بووە بەوەی چ دەرگایەکیتر لەبەردەم ئەو ڕەهەندە دەکاتەوە و سوودە ئایدیۆلۆژیەکانی چییە! هەموو ئەو جەنگانەی کە کاڵای ئایدیۆلۆژی “بە دیموکراسی” کردنی تیا دەفرۆشرێ، یان ئەو شەڕانەی بە ناوی “دژی تیرۆریزم” دەکرێ و کراوە یەك پاشخانی ئابوری چڕی چەك فرۆشتن و بزنسەکانی ئاوەدانکردنەوە و دەستتێوەردانی مرۆیی (تدخل انساني)- (Humanitarian Intervention) ، ساغکردنەوەی قۆناغ بە قۆناغی پێویستیەکانی ئەم سیستەمە سیاسی-ئابوریە بووە.

پاش ئەو دیدە؛ دێمەوە سەر وەڵامەکە، دەڵێم ڕووداوی تیرۆریستی ١١ی سێپتێمبەر لە دوای جەنگی کوێت، دووەم ڕووداوی گەورەی ئەو قۆناغە بوو کە پڕۆسەی گۆڕینی جیهانی بەرەو خراپتر خێراتر کرد. ١١ ی سێپتێمبەر کۆنسێپتی “جەنگی دژە تیرۆری” گەشاندەوە بە مانا ساختە و ڕووکەشەکەی، یاسا و مافە دەستووری و ڕاگەیاندنی باری نائاسایی ئەمنی وسەربازی کردە عادەت و ڕۆتینی دەوڵەتداری. ئەلگۆی “جەنگی دژە تیرۆر” ی لەئاستی دەوڵەتی زلهێزو دەوڵەتە ئاساییەکان کردە ئاسانترین بیانووی بەرتەسكکردنەوەی چەندین مافی بنەڕەتی.

چالاکیە تیرۆریستیەکان زیاتر بوونە، هەندێ وڵاتی ڕۆژئاوایی کە “تەساموح – لێبوردەیی” و پێکەوە ژیان و فرە نەتەوەیی و فرە ئایینی و کلتوریی بەهای سەرەکی کۆمەڵگەکانیان بوو نەیان توانی بەو بەهایە گرنگانە بەربەست لە دەست وەشاندنی تیرۆریزم دروست بکەن و ڕێگەی پێ بگرن، چونکە میکانیزمی جەنگی دژە تیرۆر بارگاوی کراوە بەدەیان تەماح و ئەجێندای ئابوری و مۆتیڤی ڕاسیستی و کۆنتڕۆلکردنی زیاتری کۆمەڵگە و تەریكکردنی ئازادییە شەخسیەکان بە ڕادەیەك کە تایبەتمەندی هەر هاوڵاتیەك((Privacy وەکو مافی گەشتکردنی هەر هاوڵاتیەك لە فڕۆکەخانە، لە تەلەفۆن کردن و ئیمێڵەکانی خۆی لەو وێبسایتانەی سەیری دەکا بە کلیك و هەڵوێستی پۆلیسێك هەمووی هەڵدەوەشێتەوە و دەرگای واڵا دەبێت و شتێك نامێنێ بە ناوی خسوسیەت و ماف.

بۆپێشەوە: لە ئەمڕۆ و لە ١٨ ساڵی ڕابردوو لە ئاستی کێبڕكێ جیهانیەکان و ئیقلیمیەکان کەم نین ئەو دەوڵەتانەی کە یەکتر تاوانبار دەکەن بە پاڵپشتیکردنی تیرۆر، بەرەی قەتەر و ئێران و تورکیا بەرەی سعودیە و ئیمارات و ئێران لە لایەک؛ یەکتر بە پاڵپشتیکردنی تیرۆر تاوانبار دەکەن. حزبە ڕاستڕەوەکان و ڕاسیستەکانی ئەوروپا پەناهەندە تاوانبار دەکەن بە پاڵپشتی تیرۆر! هەر دەوڵەتە و تەنانەت هەندێ لە دەسەڵاتە خۆجێیەکانیش لیستی تایبەت بە خۆیان هەیە بۆ تیرۆر. لەم گێژاوەدا؛ ئەم تاوانبار کردنانە و ئاکامەکانی ئەمنیەتی هاوڵاتی لە ئاستێکی جیهانی بەرە و کوێ بردووە؟

ڕزگار عومەر: تاوانبارکردن بە پشتگیریکردنی تیرۆر گەورەترین دوو ڕوویی و دەبڵ ستانداردی جیهانی لە پشتیەوە بەڕێوەدەچێت. نزیکەی سەدەیەك بەر لە… ڕووداوی ١١ی سێپتێمبەر ڕۆژئاوا بە تایبەتی ئەمریکا و بەریتانیا ڕۆڵی ڕاستەوخۆیان هەبوو لە دامەزراندنی چەند دەوڵەتێك کە دەتوانیین بە ئاسانی ناوێ لێبینێن سامپڵە یەکەمەکانی دەوڵەتداری بە تامی “داعش” و “قاعیدە”!

کێ ڕۆڵی هەبوو لە دروستکردنی سعودیە؟ کێ بەزۆر و بە پیلانگێڕی پاکستانی لەو هیندستانە گەورە جیاکردەوە کە لەسەردەمی گاندی بڕیاربوو لە پڕۆسەی سەربەخۆیی لە کۆلۆنیالیزمی بەریتانیا دروست بێت؟ کێ خومەینی لە ئەوروپا داڵدەدا و وەکو پیاوە پیرۆزەکان بە فڕۆکە هێنایانەوە بۆ ئێران؟ کێ چاوپۆشی لەپارەی فرۆشتنی گازی سروشتی قەتەر دەکا کە زۆر بەئاسانی بڕوا بۆ گروپە هاوشیوەکانی قاعیدە لە سوریاو لیبیا؟ کێ گروپە تیرۆریستەکانی لیبیای لە شوێنی موعەمەر قەزافی دانا؟ کێ چاوپۆشی لە تورکیا کرد کە تیرۆریستانی هەموو دونیا بیکەن بە پردی سیاحەتی جەنگ و وێرانکاری لە سوریا؟

هەموو ئەو دەبڵ ستانداردی و دووڕوییە بەشێکە لە پێکهاتەی ئۆرگانێکی سیاسەت و سیاسەت داڕێژەرو سەرکردە و سەرۆکەکانی ئەمڕۆی دونیا. کاتێك بەرژوەندیان لەگەڵ یەکتر ناکۆك دەبێت دێن لاپەڕەی یەکتر هەڵدەدەنەوە، هەموو ئەو لاپەڕانەی لەسەر یەکتر دەیجوڵێنن پیت بەپیتی ڕاستە! چونکە هاوبەشی هەمان بزنس بوونە، بڕۆ سەیری شەڕی ئیعلامی تورکیا- سعودیە بکە، بڕۆ سەیری هەمان شەڕی قەتەر- سعودیە بکە، بڕۆ سەیری شەڕی ئێران- ولاتانی کەنداو بکە، مەلەفی تاوانکاری گەورە گەورە دەبینی کە لەسەر یەکتری کەشف دەکەن.

ژیان بە ڕێکردن لە دۆخیکی وادا، نەك تەنیا بۆ هاولاتیانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو دانیشتوانی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەوروپاش هەمان ئەمنیەتی جارانیان نەماوە. وەزارەتە بەرگریەکان لە ئاستی ئیقلیمی و جیهانی، دەزگا ئەمنی و موخابەرەتیەکان زوو زوو کۆنفرانسی ناوخۆیی وجیهانی دەبەستن و بودجەی باش لە پارەی هاوڵاتیان سەرف دەکرێ بۆ ئەم کۆنگرانە و ئەنجامەکەی چییە؟ بەلای کەمی ئەو ئەنجامانەی کە بە ئاشکرا هەستی پێدەکرێت چییە؟ بە شێوەیەکی گشتی ئەنجامەکانی بریتیە لە:

توندکردنەوەی سنوورەکان، شەڕی دژە پەناهەندەیی، پێنەدانی مافی پەناهەندەیی و بەهێزکردنەوەی یاسا و پراکتیسی ڕاسیزمی دەزگای دەوڵەت دژ بە پەناهەندە و دژ بەو هاوڵاتیانەی کە ڕەگەزێکی ڕۆژهەڵاتی یان شوناسێکی ئاینی دیاریکراویان هەیە، بەکورتی تێکەڵکردنی سەر بەرەوخواری دووپرس “پەناهەندەیی” و “تیرۆریزم” و مشەخۆری یاسایی و ئایدیۆلۆژی لەسەر ئەم تێکەڵ کردنە ناڕەوایە.

تیرۆر یەك پاشخان و ڕەگی ئیسنیکی یان ئاینی نییە، هەموو پاشخان و ڕەگەکان و ئیسنیکەکان و شوناسە ئاینیەکان و نائینیەکان، ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاواییەکان پشکی خۆیان هەیە لە دروستکردنی ئەو شێرپەنجەیە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کە ناوی “تیرۆریزمە”. دەوڵەتە ئاینی و نائاینیەکان بە تایبەتی لە ئەوروپا لە قۆناغێك لە قۆناغەکان سەپۆرتی فەرمی ڕێکخراوە تیرۆریستیەکانیان کردووە بۆ ئامانجێکی ئابوری یان سیاسی، شەڕی دەرکردنی سۆڤیەت لە ئەفغانستان یەك دەوڵەتی ئەوروپی نییە دەستێوەردانی نەکردبێ لە شێوەی سەپۆرتی مادی و لۆجیستی و میدیایی! یەك دەوڵەتی ڕۆژائاوایی نییە لە توانای دابێت پێچەوانەی ئەم ڕاستیە بسەلمێنێ.

دەوڵەتە ڕۆژئاواییەکان لە پرسی تیرۆردا باوەڕیان بە بەخێوکردنی بێچووە دەعبا و ئەژدیها هەیە، چەشنی ئەوەی هیلاری کیلنتۆن وتی “ئێمە داعشمان دروست کرد” بەڵام ئەم بێچووە دەعبا و ئەژدیهایانە گەورە دەبن و لەو باخچەو سنوورەی بۆیان دانراوە لادەچن!

لە سەرەتای شەستەکان بزووتنەوەی کۆمۆنیستی لە وڵاتێکی وەکو ئەندەنوسیا ئەوەندە بەهێزبوو کە ژمارەی ئەندامان و لایەنگرانی حزبی شیوعی ئەندەنوسی خۆی دەدا لە سەرووی ملیۆنەوە، بە پاڵپشتی ئەمریکا و سوپای ئەندەنوسیا ڕێکخراوەی تیرۆریستی ئاینیان دروست کرد. بە هەزارەها چەك و قەمە و خەنجەریان بەسەریان دابەشکردن، لە ماوەیەکی زۆر کەمدا نیو ملیۆن مرۆڤیان کوشت و سەربڕی بە تۆمەتی کۆمۆنیست بوون. زۆربەی سەرچاوەکانی تایبەت بە مێژووی جینۆساید ئەم ڕووداوە بە جینۆسایدی کۆمۆنیستەکان وەسف دەکەن، دە هەر ئێستا نەوەکانی ئەم ڕێکخراوە بوونتە ماتریالی داعش لە ئەندەنوسیا و نەك ئەمنیەتی هاوڵاتیان، بەڵکو ئەمنیەتی ئەو سوپا “باوکە”ی دروستی کردوون خستۆتە مەترسیەوە!

وەکو چۆن ژینگەپارێزی پرسە سەرەکیەکەی بریتیە لە “مانەوە و ژیان بۆ مرۆڤایەتی” و لەسەر ئەم پرەنسیبەش بزووتنەوەی ژینگەپارێزی قەناعەتی بە ئیجرائاتی حکومەتەکان نییە و خۆیان لە مەیداندان، هەر بەم شێوەیەش دەبێ پرسی “تیرۆر” و ئاشتی و ئەمنیەت لە دوالیزمی تێکەڵ کردنەکان، لە خشتە بردن و لە بازرگانی پێکردن فلتەر بکرێت، دەبێ ببێتە ئامرازی بەیەك گرێدانەوەی مرۆڤەکانی ئەم سەردەمە، نەك دروستکردنی دیواری جیاکاری و دیواری سەپاندنی شوناسی ساختە.

دوا وتەم لەوبوارە ئەوەیە کە بە داخەوە بەشێکی بەرچاو لە چەپ هەروەکو چۆن بڕوای بە ئیشکردن نییە لەسەر پرسی ژینگە، ئاواش ڕازیە بەو ڤێرژنە لە جەنگی دژە تیرۆریزم کە بە کۆمەڵگەی ئەمڕۆی مرۆڤایەتی دەفرۆشرێتەوە، پێویستە چەپ ڕوئیا و ئاسۆیەکی وردی هەبێت لە تێگەیشتن لە تیرۆریزم و لە جەنگی دژە تیرۆریزم، هەر مەیدانێك پێشەنگی و رابەرایەتیەکەی ئەمانەتی سیستەم بکرێت، لە جیاتی بنەبڕی بکات، یاری پێدەکات، یاری دەعبا و ئەژدیها بەخێوکردن!

 

ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٦٠ی ١٥/٩/٢٠١٩ دا بڵاوکراوەتەوە

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *