ساڵی تازەی خوێندن بە پەروەردەیەکی داڕوخاوەوە دەستی پێکرد! …

عەبدوڵا مەحمود

٢١ ئەم مانگە دەرگای قوتابخانەکان کرایەوە، لەکاتێکدا ئامارە فەرمیەکان لەلایەن بەڕێوەبەرانی پەروەردەوە، هەلومەرجی ترسناکی پەروەردەو فێرکردن دەخەنە ڕوو… ٨١% قوتابخانەکان بەکەڵکی خوێندن نایەن! لە ٦٦٣٥ قوتابخانە ١٧٨ قوتابخانەیان دوو دەوامن! ١٢٤ قوتابخانەیان سێ دەوامن! ٥ قوتابخانەیان چوار دەوامن! لە ٦٦٣٥ قوتابخانە ٢٢% بینایان نییە!٦٠% قوتابخانەکان گونجاو نین! تەنها ١٨% باشن… هەروەها ١٣٩٥ قوتابخانە میوانن لە بینای تردا. ٦٠٠ لادێ بێ قوتابخانەیە! ٣٠ قوتابخانە لەگڵ دروستکراون! لە ٣٥٠ قوتابخانەدا، تەوالێت بۆ مامۆستایان نییە! ٥٠٣٥ قوتابخانە بێ توێژەری کۆمەڵایەتین! ٩١% قوتابخانەکان تاقیگەیان نییە! ساڵانە ٣٠ بۆ ٤٥ هەزار قوتابی واز لەخوێندن دەهێنن! هاوکات لە هاویناندا فێنکەرەوەی پێویست و لە زستاندا گەرمکەرەوەی پێویست بۆ زوربەی قوتابخانەکان نییە، ئەوە جیا لەوەی سیستەمی پەروەردەو فێرکردن و مەنهەجی خوێندن نا سەردەمی و دواکەوتوانەیە و کێشەی کتێب و هەڵەی چاپ… تا ئێستادا چارەسەر نەکراوە.

دۆخێکی لەو بابەتە، کە لە سیستەمی پەروەردەو فێرکردندا هەیە، جارێکی تر بکوژی هیواو ئومێدی دەیان هەزار خێزان و کۆسپێکی گەورەی بەردەوامی بەدیهێنانی خەون و خولیاکانی خوێندکارانە.

بێگومان هەموو سیستەمێکی پەروەردە، ڕەنگدانەوەی ناوەڕۆکی سیستەمی سیاسی و جۆری حکومڕانییە. دەسەڵاتی سیاسی هەرێم، کە دەسەڵاتێکی دواکەتوی حزبی و حکومرانی حزبۆکراتییە، لەگەڵ خۆیدا چۆن هەموو کایەکانی ژیانی ئابوری و سیاسی وکۆمەڵایەتی وکەلتوری بەرەو داڕمان و وێرانکردن پەلکێش کردووە، بەهەمان شێوە سیستەمی پەروەردەو فێرکردنیشی بەسەر یەکتریدا داڕوخاندووە.

دوای ٢٨ ساڵ لە دەسەڵاتدارێتی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی، ژینگەی خوێندن و پەروەردە وێرانەیە، لە کاتێکدا بۆ بەرەی دژە زانست و پەروەردەیی، هەلومەرجێکی تەسەل و ژینگەیەکی ئارام سازکراوە. ژمارەی مزگەوتەکان و بۆنە دینییەکان، تا دەگاتە ریزی مەلای مشەخۆر، لە ژمارەی قوتابخانەکان و مامۆستایان، زۆرترن… گومەزی بینای مزگەوتەکان و لەهەر شارو شارۆچکەو تەنانەت دێهاتەکاندا، کە لەقوتی خەڵکی کوردستان زۆرترین پارەیان بۆ سەرفکراوە جێگای سەرنجدانن. لەبەرامبەردا قوتابخانەکان، باخچەی ساوایان، پەیمانگاکان، لە ئاستی پێویستدا نین و کەم و کوڕییەکان کە لەزمانی بەرپرسانی پەروەردەوە شەرماوەرن. ئەمەش ناوەڕۆکی دەسەڵاتی سیاسی دەخاتە ڕوو، کەچەندە کار لەسەر نەخوێندەوارکردنی خەڵک و دواکەوتوو مانەوەی دەکەن و هەوڵ دەدەن کۆمەڵگە نەخوێندەوار و بێئیرادە بێت.

ساڵی تازەی خوێندن، لە هەلومەرجیکدا کە گرانی و بێکاری، کەم بوونەوەی خزمەتگوزارییەکان و هەرزان فرۆشکردنیان و فرۆشتنیان بە کەرتی تایبەت، پشتگوی خستنی خوێندن پەروەردەی حکومی و پەرەدان بە قوتابخانە ئەهلیەکان و تا دەگاتە کاریگەری بێ موچەیی و سیاسەتی برسیکردنی مامۆستایان” لە ژێر ناوی پاشەکەوتی موچەدا”، لە پاڵ دواکەوتوویی مەنهەجی خوێندن و کەم کورییە فراوانەکانی تر لە کەمی بینای قوتابخانەکانەوە، بۆ نەبوونی پێداویستی تری خوێندن و پەرەوەردەو چەند دەوامی و قەرەباڵغی پۆلەکان و بینای نەشیاو، دەستێوەردانی حزبی لە پرۆسەی خوێندن و پەروەردەو دامەزراندن بە تەزکەی حزبی و سەرئەنجام ساڵ بەساڵ زۆربوونی رێژەی وازهێنان لە خوێندن، هەموو ئەمانە گورزی گەورەن لە سیستەمی پەروەردەو خوێندن و سەرچاوەیەکیشە بۆ پاشەوپاش گەرانەوەی کۆمەڵگە.

سامان و داهاتی هەرێمی کوردستان، زۆر لەوە زیاترە کە بە ئاسانی دەتوانێت، بینای قوتابخانەی پێویست و مۆدیرن، پێداویستی قوتابخانەکان و خوێندکاران، ژمارەی خوازراوی مامۆستایان و کارمەندان و ژینگەی تەندروست و بەخۆڕایی کردنی خوێندن لەهەموو ئاستەکاندا، موچەی شیاو بۆ مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردە، بەزیادەوە فەراهەم بکات، بەڵام دەسەڵاتی تاڵانچی و مافیایی حزبی، لەجێگای دابینکردنیان، هەوڵی بە ئەهلی کردنی پرۆسەی خوێندن و پەروەردە دەدات و شانی خۆی لە دابینکردنی بیناو پێداویستیەکانی خوێندکاران و مامۆستایان خاڵی دەکاتەوە و باکی بە ئایندەی نەوەکانی نییە و ئەم کەرتەشی وەکو زوربەی بوارەکانی تر پشتگوێ خستووە. هەر ئەو واقعیە تاڵەشە، بۆتە هۆی ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێک بۆ چاکسازی واقعی و پەرەدان بە بوژاندنەوە و گەشەپێدانی سلکی پەروەردەو خوێندن و فێرکردن لە کوردستاندا. ئەوە بەجیا لەوەی کە تێکەڵاوکردنی دین و قەومگەرایی لە سیستەمی پەروەردەو فێرکردندا ئەو بوارەی بە ئاراستەی دەمارگیری نەتەوەیی و لیخنکردنی بە خورافاتی ئیسلامیدا پەلکیش کردوە.

هێشتا دەنگی نووساو بۆ جیاکردنەوەی کوڕان و کچان لە قوتابخانەکان، باسی قەدەغەکردنی وتنەوەی وانە بۆ مامۆستایانی پیاو لە قوتابخانەی کچاندا… دەبیسترێن. هێشتا زۆرێک لە قوتابخانەکان وەکو مزگەوت مامەڵە لەگەڵ قوتابخانەکان دەکەن و خولی نوێژکردن لە هاویناندا بۆ قوتابیان و خوێندکاران دەکەنەوە. هەموو ئەو راستییە تاڵانە، ئەو راستییە واقعیە دەخاتە ڕوو کە هەر هەوڵێکی جدی بۆ ئاڵوگۆڕی ریشەیی لە سیستەمی پەروەردەو فێرکردندا، بە بێ ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی لەدەسەڵاتی سیاسیدا، وەهمە.

بەرەی ئازادیخوازی کوردستان، مامۆستایان و کەس و کاری خوێندکارانی مۆدێرن، خەمخۆرانی بواری پەروەردەیەکی تەندروست و سەردەمی، ئەرکیانە بەوپەرێ لێبڕاویەوە بۆ کۆتاییهێنان بەو دۆخە نەخوازاوەی سیستەمی پەروەردەو خوێندن، تێبکۆشن و دەسەڵاتی سیاسی ناچار بە هەنگاو هەڵگرتنی پێویست لە بوارەدا بکەن.

ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٦١ی ١ ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ دا بڵاوبۆتەوە

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *