شۆڕشی ئۆکتۆبەرو دەوڵەتە سەرمایەدارەکان! …

نووسینی: مستەفا باهیر

دوای ئەوەی لە ٢٥ ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩١٧ بەلشەفیەکان بە ڕابەرایەتی  لینینی مەزن توانیان، حکومەتی کاتی بروخینن و لەجێگایدا حکومەتێکی شورای دروست بکەن. ئەم شۆڕشە مەزنە سەرتاپای جیهانی هەژاند، دەوڵەتە سەرمایەدارەکانی هێنایە لەرزە. بەتایبەتی دوای ئەوەی کە شۆرشی ئۆکتۆبەر بو بەخاوەنی هێزێکی کاریگەر و خاوەنی سوپای سور.

دانیشتوانی روسیا پێش شۆرشی ئۆکتۆبەر جگە لەوەی کە کۆمەڵێک کێشەی موزمینی چەندەها ساڵەی چارەسەر نەکراویان  هەبوو، بەڵام  بەدەست سێ کێشەی  سەرەکیەوە دەیان ناڵاند کە  کێشەی بنەرەتی بوون.

ئەویش کێشەی زەوی و زار بوو کە جوتیاران بەتەوایەتی بوبوون بە کۆیلەی خاوەن زەویەکان. کرێکاران رۆژانە لە ١٠ بۆ ١٤ کاتژمێر کاریان دەکرد بە کرێیەکی کەم. کێشەی جەنگ کە بەتەوایەتی ژیانی خەڵکی روسیای نا ئارام کردبوو، بەتایبەتی کرێکاران و جوتیاران. بۆیە پێویستیان بەوەستانی جەنگ هەبوو. هەربۆیە لە یەکەم رۆژی سەرکەوتنی شۆرشدا لینین لەسەر ئەم کێشانە بڕیارنامەیەکی ئامادەکردو خستیە بەردەم کۆنگرەی سۆڤیتاتی روسیا، لە رۆژی ٢٧ئۆکتۆبەردا. کۆنگرەش بەتێکرای دەنگ جگە لەیەک دەنگ نەبێت هەرسێ بریارەکەیان پەسەند کرد.

بڕیاری یەکەم: هەڵوەشانەوەی خاوەنداریەتی زەوی، ئەوانەی کە خاوەنی زەوی و زارێکی زۆرن دەستبەجێ، بەبێ هیچ قەرەبوییەک، وە دابەشکردنی بەسەر جوتیاراندا. ئەم بریارە جوتیارە هەژارەکان ناگریتەوە.

بریاری دوهەم: هەڵوەشانەوەی موڵکیەتی تایبەت و کەمکردنەوەی سەعاتکار لە رۆژێکدا بۆ ٨ سەعات، زیاد کردنی موچەی کرێکاران.

بڕیاری سێهەم: وەستانی جەنگ بۆ ماوەی سێ مانگ لەگەڵ ئەڵمانیا، پاشان لە مانگی ٣ ی سالی ١٩١٨ بە گوێرەی پەیمان نامەی (برست-لیتۆفسک) شەڕکە بە یەکجاری کۆتاییهات.

ئەم شۆڕشە مەزنە دەسکەوتەکانی تەنها بۆ خەڵکی روسیا نەبوو، بەڵکو سەرتاسەری جیهانی گرتەوە. لیرەدا بەکورتی پەنجە بۆ چەند خاڵ رادەکێشین. شۆرشی ئۆکتۆبەر بوو بەهۆی وەستانی جەنگی جیهانی یەکەم کە ئەمە بوو بە دەسکەوتێکی گرنگ بۆ هەموو بەشەریەت لەسەرتاسەری جیهاندا، چونکە جیهان بەدەست ئەو جەنگەوە دەیناڵاند. ڕۆژانە بە ١٠٠ سەدان هەزار کەس دەبوون بە قوربانی ئەوجەنگە، مافی چارەی خۆنووسین بۆ گەلان. هەر لەدوای شۆرشی ئۆکتۆبەرەوە ئەم وڵاتانە بەبێ هیچ کێشەیەک لە روسیا جیا بوونەوە. (فنلاند، ئیستۆنیا، لاتڤیا، لیتوانیا، ئۆکرانیا،روسیای سپی ..هتد ) مافی منداڵان، بەخۆراییکردنی خوێندن، یەکسانی ژن و پیاو. هەڵوەشانەوەی ملکیەتی تایەبەتی، هەموارکردنی بواری یەکسان لەکارکردن، کۆمەڵایەتی کردنەوەی کاری ناوماڵ، بەڕێوەبردنی وڵات لەلایەن شوراکانەوە، بەرەنگاربوونەوەی ڕەگەزپەرستی، قەدەغەکردنی جیاکاری رەگەزی، بڵاوکردنەوەی پەیماننامەی سایکس- بیکۆ، بۆ ئاگادارکردنەوەی تەوای جیهان لەسەر شەڕی دەوڵەتە سەرمایەدارەکان و دابەشکردنی جیهان لەبەینی خۆیاندا….هتد .

جگە لەمانە لینین هەر لەسەرەتای جەنگی جیهانی یەکەمەوە بە کرێکارنی جیهانی ڕاگەیاند کە ئەم جەنگە جەنگی ئێمە نییە، پێویستە لولەی چەکەکانتان بکەنە سەرمایەدارانی وڵاتەکانی خۆتان.

ئەم دەسکەوتانەی شۆرشی ئۆکتۆبەر، بەتەواوەتی دەوڵەتە سەرمایەدارەکانی هینایە لەرزە، چونکە لە بڵاوبوونەوەی ئەم شۆرشە دەترسان کە کرێکارانی دەوڵەتانی جیهان وەک کرێکارانی روسیا بەهاوکاری بەلشەفیەکان بتوانن لەو وڵاتانەدا شۆرش بەرپاکەن و دەوڵەتەکانیان بڕوخێنن. بۆیە لەگەڵ ئەوەی کە لەناو روسیا هەوڵێکی زۆریاندا لەگەل جەنەڕاڵەکانی سوپای روسیا، ئاغاو، دەربەگ و، سەرمایەدارەکان کە دژی ئەم شۆرشە بوەستنەوە، بۆ ئەومەبەستەش سوپایەکیان دروستکرد بە ناوی سوپای سپی. بەشێکی زۆری ئەو جەنەراڵانەی کە دەوڵەتە هاوپەیمانەکان یارمەتیان دەدان و سوپاکەیان بۆ دروستکردن هەر یەک لە، ئەلسندرا کولتشاک،جەنەرال ئەنتۆن دینیکین، جەنەرال سیمینۆف، جەنەرال. فرانغل، جەنەرال یودونیش ئەم جەنەرالە بەهێزێکی زۆرەو دووجار هێرشیان کردە سەر پایتەخت، بەڵام هەردووجارەکە توشی شکستێکی گەورە بوو لە لایەن سوپای سورەوە… دوای ئەم شکستە کۆمەڵیک جەنەرالی تر پەیوەست بوون بە سوپای سپیەوە کەهەریەک لە، جەنەرال  فلادیمێر کایبل، جەنەرال  کرسنۆف، جەنەراڵ کەسییف زۆری تر لەم جەنەرالانە.

جگە لەوەی کە کۆمەکی زۆری ئەم سوپایەیان  دەکرد. دەوڵەتەکان ناچاربوون، بۆ سەرکوتکردنی ئەم شۆرشە خۆشیان هێزی سەربازی بنێرن. من لێرەدا بەباشی دەزانم کورتە مێژوویەک لەسەر ئەو سوپایانەو ئەو دەوڵەتانەی کە هێزیان ناردوە بۆ روسیا  باس بکەم. ئەو دەوڵەتانەی کە راستەوخۆ دەوریان هەبوو سوپایان ناردوە بۆ روسیا  هەریەکە لە (یابان، بەریتانیا، فەرەنسا، کەنەدا، ئیتالیا، ئەمەریکا، ئەڵمانیا، ئوسترالیا، یۆنان، چیکۆسلۆفاکیا، ڕۆمانیا، چین)

سەرەتا لە ریگای فرۆکەوە ٦٠٠ سەربازی فەرەنسی وبەریتانی لە ناوچەی ئەرخانجیلسک دابەزین، پاشان ژمارەیەکی تری بەریتانی رۆشتن بۆ ناوچەی فلادیفۆستوک، ژمارەیەک لە سوپای رۆمانی بۆ ناوچەی بیسارابیا ڕۆشتن، زیاتر لە ٢٣ هەزار سەربازی یۆنانی چونە ناوچەی نیوە دۆرگەی قورم و ئۆدیسا. زیاتر لە ١٣ هەزار سەربازی ئەمەریکی چوونە ناوچەی ئەرخانجیلسک. بۆ کۆمەککردن بە سەربازانی سوپای  فەرەنسی و بەریتانی، سەربازنی ئیتالیا بەرەو ناوچەی سیبریا رۆشتن ئەوانیش نزیک بە ٣٠٠٠  سێ هەزار سەرباز دەبوون. سەربازانی سوپای صینی ئەوانیش نزیک بە ٣٠٠٠ هەزار دەبون چوونە ناوچەی فلادیفۆستۆک، ١٥٠ سەربازی ئوسترالی لەناوچەی سیبریا ١٥٠٠٠ پازدە هەزار سەربازی یابانی لەناوچەی رۆژهەلاتی وڵات بڵاوبوونەوە، نزیک بە ١٢٠٠٠ دوازدە هەزار سەربازی  لیتوانی چونە ناوچەی  باکوری رۆژ ئاوای روسیا، ٤١٩٢ سەربازی کەنەدی چونە ناوچەی فلادیفۆستوک،٦٠٠ سەربازیتریشیان بۆ ناوچەی  ئەرخانجیلیسک نارد.

بەم شێوەیە دەوڵەتەکان و سەربازەکانیان کە تا دوێنی شەریان بوو لەبەینی خۆیاندا، ئێستا جگە لەوەی پێکەوە هاوکاری جەنەراڵەکانی سوپای روسیا دەکەن، خۆشیان سەربازێکی زۆریان ناردوە بۆ تێکشکاندنی بەلشەفیەکان. لەلایەکی ترەوە سوپای ئەڵمانیا ئەویش لەگەل چەند جەنەراڵیکی روسی پەیوەندی هەبوو بۆ لەناوبردنی شۆرش، هەرەوەها کۆمەکی سوپای سپی کرد لە فنلاندا بۆ لەناوبردنی کۆمۆنیستەکان. سوپای سپی بە ١٠ یان هەزاری کۆمۆنیستی لە فنلاند کوشتار (قەتلو عام) کرد کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون.

بەشێک لە جەنەراڵە ڕوسەکان هێرشیان کردە سەر ناوچەی سیبریا بەکۆمەکی دەوڵەتانی هاوپەیمانی و زیاتر لە ٤٠ هەزار سەربازی چیکۆسلۆفاکی توانیان دەستبگرن بەسەر زۆربەی ناوچەی سیبریا و حکومەتی بەلشەفیەکان لەوی هەڵوەشێننەوە، ژمارەیەکی زۆریشیان لە سێدارە بدەن. دوای ئەوەی کە توانیان شاری قازان بگرن، و دەست بگرن بەسەر جبەخانەو  هەموو ئالتونی یەدەگی کاتی قەیسەر کە لەو ناوچەدا بووە. جەنەراڵ کولتشاک لەمانگی نۆڤەمبەری  ساڵی ١٩١٨ لە سیبریا دەوڵەتێکی دروستکردو ناوی نا روسیا یەکگرتوو و خۆیشی کرد بە سەرۆکی ئەو وڵاتە و توانی هەموو ئەو ناوچانە بخاتە ژێردەسەلاتی خۆی، بەشێکی زۆری جەنەراڵەکان پاڵپشتیان کرد و دوای کەوتن. لەبەهاری ساڵی ١٩١٩جەنەراڵ کۆلتشاک  هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ناوچەی ئۆراڵو توانی بەشێکی زۆری ئەو ناوچەیەش بگرێت. سوپای سور بەهاوکاری جوتیارانی ناوچەکە توانیان لە سالی ١٩٢٠  شکست بەم هێزە بێنن و ئەو جەنەراڵەش لە سێدارە بدەن لە شاری ئیرکۆتسک لە سیبریا. دوای جەنەرال کۆلتشاک، جەنەراڵ دینیکین بوو بە بەرپرسی سوپای سپی. هێزێکی ١٠٠ هەزار کەسی کۆکردەوە بەپاڵپشتی دەوڵەتانی هاوپەیمانی هێرشی کردە سەر  مۆسکۆ، بەڵام بەلشەفیەکان توانیان شکستێکی گەورەش بەسەر ئەم سوپایەدا بێنن، جەنەرال خۆی رایکرد بۆ بەریتانیا لەرێگای تورکیاوە. دوای ئەمیش جەنەراڵێکی تر بوو بە بەرپرسی سوپای سپی. شەڕو پێکدادان بەهاوکاری ئەو دەولەتانەی باسمان کرد بەردەوام بوو تا سالی ١٩٢٢ بەلشەفیەکان توانیان شکست بەهەموو ئەو هێزانە بێنن و تەواوی دەوڵەتەکان ناچار بکەن کە بکشێنەوە، جگە لە سەربازانی یابانی نەبێت تا ساڵی ١٩٢٥ مانەوە ئەوانیش لەو ساڵەدا دەرکران. دوای ئەوەی کە دەوڵەتەکان ناچارکران کە روسیا بەجێبێڵن هەریەک لە بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئەمریکا. بریاریاندا کە ئەو دەسەڵاتەی لە روسیا هەیە بە رەسمی نەناسن و گەمارۆی بخەنە سەرو هیچ ئاڵوگۆڕێک لەبەینیاندا نەبێت.

لەلایەکیترەوە جەنەرال کالدین کە خۆی خەڵکی ناوچەی قەوقاز بوو، زۆریش دژە بەلشەفیەکان بوو، بەهۆی ئەوەی کە قەوقازەکان زۆر پابەندی دینی ئیسلام بوون، بەلشەفیەکانیان بە بێدین ئەژماردەکرد، هەروەها بەشێکی زۆری ئاغاکان و دەربەگەکان لەترسی زەوی و زارو سەروەت و سامانەکانیان دژی بەلشەفیەکان بوون. بۆیە هەموویان پشتیوانی جەنەراڵ کالدینیان دەکرد. ئەمانیش بەهەمان شێوەی بەلشەفیەکان توانیان شکستیان پێبینن.

لەلایەکیترەوە دەوڵەتی پۆڵەندا هێرشی هێنا بۆ بەلشەفیەکان لەرێگای ولاتی بیلا روسیا و ئۆکرانیا کە سوپای ئەو دەوڵەتانەش هاوکاری پۆڵەندایان کرد. بەلشەفیەکان توانیان پاشکەشە بەم سوپایەش بکەن تا وەکو وارشو راویان بننێن. بەڵام لە هێرشێکی پێچەوانەدا سوپای پۆلۆنیا توانیان شکستێکی گەورە بەسەر سوپای سوردا بێنن، بۆیە هەردولا ناچار بوون کە دانوستاندن بکەن. لە مانگی مارسی سالی ١٩٢١ توانیان پەیماننامەیەکی ئاشتی لەگەڵ پۆلۆنیا مۆربکەن لە  شاری ریگای پایتەختی لاتڤیا.

لەناوخۆی وڵاتیشدا سۆسیالیستە شۆرشگیرەکان دژی بەلشەفیەکان کاریان دەکرد یەکێک لە کارەکانیان تیرۆرکردنی بەرپرسانی بەلشەفی بوو. یەکێک لەوانەی کە هەوڵیاندا تیرۆری بکەن لینین بوو. لەرۆژی ٣٠ مانگی ئابی ساڵی ١٩١٨ کاتێک لینین کۆبونەوەی بەکرێکارانی کارگەیەک دەکرد، پاش هاتنە دەرەوەی لەکارگەکە. ژنێک بەناوی  فانیا کابلان بانگی لینین دەکات بەناوی خۆیەوە واتە بەناوی ڤلادیمیر ئیلچ، پاش ئەوەی کە لینین ئاوڕ دەداتەوە بۆ لای، بەر فیشەکی دەدات و سێ گوللە بەر لینین دەکەویت. لە دوای ئەوە  لینین باری تەندروستی تا کاتی مردنی جێگیر نابێت. لەلایەکیترەوە کۆمەڵێک کێشە بۆ بەلشەفیەکان دروست دەکرێت یەکێک لەوانە شاردنەوەی دانەوێڵە وەک گەنم و جۆ لەلایەن بەشیک لە دەربەگ و، کۆلاکەکان و، بەشێک لە جوتیارانەوە. بۆیە ئەمەش دەورێکی کاریگەری زۆر خراپی دەبێت لەسەر خەڵکی کرێکارو هەژاری روسیا بەتایبەتی دانیشتوانی شارەکان. بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بەلشەفیەکان ناچار دەبن کە دەست بگرن بەسەر هەموە ئەو مەخزەنانەدا و دانەوێلەکان دابەشی بکەن بەسەر خەڵکی روسیادا.

بەکورتی ئەودەوڵەتانەی کە باسمان کردن لەسەرەوە بەتایبەتی بەریتانیا، یابان و ئەمریکاو، فەرەنسا. بەهاوکاری جەنەراڵەکانی سوپای قەیسەر، بەهاوکاری و یارمەتی دەربەگ و ئاغاو سەرمایەدارەکانەوە بۆ لەناوبردنی بەلشەفیەکان و  سۆڤێتاتی روسیا، هەوڵیکی زۆریاندا، بەڵام  سوپای سور توانی  هەموو ئەم هێرش و پەلامارانە شکست پێبێنێت و بەتەوایەتی  کۆنترۆلی هەموو ڕوسیا بکات و لەهەموو ناوچەکان سۆڤیتاتی کرێکاران و سەربازان و جوتیاران دامەزرێنیت. ئەم شەرو پەلامارانەی دەوڵەتان وای کرد لە لینین نەتوانێت بە شێوەیەکی کرداری (عملی) کۆمەکی کرێکارانی دەوڵەتانی تر بکات، بۆ بەرپاکردنی شۆرشی کرێکاریی. لەلایەکی ترەوە باری تەندروستی لینین دوای هەوڵی تیرۆرکردنی ڕۆژ بەرۆژ خراپتر دەبوو لەساڵی ١٩٢٢ بەتەواوەتی باری تەندروستی خراپ بوو، لەزمان کەوت نەی دەتوانی قسەبکات. چەندەها جار توشی سەکتەی دڵ بوو تا لە مانگی یەکی سالی ١٩٢٤ بۆ دواجار ژیانی لەدەستدا. شەری ناوخۆ و باری تەندروستی لینین ڕیگربوون بۆ ئەوەی بتوانیت بەشێوەیەکی کرداری کۆمەکی کرێکارانی وڵاتانی تر بکات.

بەرزو بەرێزبێت یادی ١٠٢ ساڵەی شۆڕشی ئۆکتۆبەری مەزن.

بژی کۆمۆنیزم، بژی لینین

ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٦٣ی ١ نۆڤەمبەری ٢٠١٩ دا بڵاوبۆتەوە

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *