بژی خرۆشانی جەماوەری زەحمەتکێشی ئێران! …

ماوەی (٣) ڕۆژە زۆربەی شارە گەورەکانی ئێران، لەناویاندا تارانی پایتەخت و هەروەها دەیان شارو شارۆچکە دژی گرانبوونی نرخی بەنزین شەقامەکانی ئەو شارانەیان کرۆدتە مەیدانی ڕوبەڕووبوونەوە دژی رژێمی ئیسلامی ئێران. ئەگەرچی هۆکاری خرۆشانەکانی ئەمجارەی خەڵکی بێبەش و هەژاری ئێران گرانبوونی نرخی بەنزینە، بەڵام لە هەناوی خۆیدا رق و توڕەیی و ناڕەزایەتی لەدەسەڵاتی زیاتر لە چوار دەیەی رژێمی دڕندەی مرۆڤکوژ و کۆنەپەرستی ئیسلامی ئێران هەڵگرتوە.

خەڵکی کرێکارو زەحمەتكێش و ئازادیخوازان و ژنان و لاوانی دڵ پڕ لە هیوای ئێران، چەندینجار و لە چەندین نەبەردی دیکەدا هێزی خۆیان بەرامبەر بەم رژێمە هارە دڕندەیەی سەرمایە هێناوەتە مەیدان و لەهەر فرسەتێك دەگەڕێن تا پشتی ئەم رژێمە لە زەوی بدەن و کۆتایی بە دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی و ویلایەتی فەقێ بهێنن، کە نەك هەر بوەتە مایەی کارەسات، هەژاری، سەرکوت و کوشتاری نەیارانی سیاسی و خەڵکی ئازایخوازو هەڵسوڕاوانی کرێکاری و ژنانی یەکسانیخوازلە ئێران، بەڵکو تارمایی کۆنەپەرستی ئیسلامی سیاسی و تیرۆری بەسەر ناوچەکەدا لە عێراقەوە تا لوبنان زاڵکردوە. هەر گورزێك لەلایەن چینی کرێکارو جەماوەری زەحمەتکێش و لاوان و ژنانی ئێرانەوە بەر پەیکەری رژێمی ئیسلامی ئێران بکەوێ، دەرگایەك بەڕووی گەشانەوە و پێشڕەویی بزوتنەوەی کرێکاری و یەکسانیخوازی و مەدەنیەت و ئازادیدا دەکاتەوە.

خرۆشانەکانی شارەکانی ئێران، لەپاڵ خرۆشانی جەماوەری کرێکارو بێکار و ژنان و لاوانی ئازادیخوازی عێراق ولوبنان، ئەڵقەیەکی لە کەشوهەوای شۆڕشگێڕانەو هیواو ئومید بە ئیرادەی خۆ و بە ئایندەیەکی باشتر بۆ سەرجەم خەڵکی ناوچەکە پێکهێناوە. خرۆشانی جەماوەری هاوکات لە سێ ووڵاتدا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە ئیسلامی سیاسی تێدا باڵادەستە، دژ بە ستەم و چەوساندنەوەی بۆرژوازی و لەپێناو ژیان و گوزەران و خزمەتگوزاری و ئازادیدا، سەنگەرێکی قایمە بۆئەوەی کە ئایندەیەکی ئینسانیتر بخرێتەبەردەم خەڵکی ناوچەکە، بەدەر لە شەڕو کارەسات و بێمافی و سەرکوتی ئازادی و بە کەم گرتنی ژنان و بێهیواکردنی لاوان و برسی کردنی کرێکاران و توێژە کەمدەرامەتەکان! کۆمۆنیزم لەم سێ ووڵاتە ئەرکی گەورەمان لەسەرشانە. دەتوانین مێژوویەکی دیکە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بنوسینەوە ئەگەر لەئاستی ئەرکەکانماندا بین.

ئێمە لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بە هەستیاریەوە دەڕوانینە بارودۆخەکەو بڕوامانوایە فرسەتێك بۆ کرێکارو کۆمۆنیزم و ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی لە ناوچەکەدا رەخساوە کە دەبێ لەدەستی نەدەین. پێویستە ئەم بزوتنەوەیەی کە بەڕێکەوتوە بەرەو کەناری سەرکەوتن بەرین. ئەم بزوتنەوەیەی بەڕێ کەوتوە هی ئێمەیە، هی کرێکارو لاوانی بێکار و بێمافکراو و ژنانی ستەمدیدەو پەراوێزخراوو هی سەرجەم خەڵکی بێبەشکراوو هەژارکراوی ئەم ووڵاتانەیە. لە تارانەوە بۆ بەیروت و بۆ بەغدا، جەماوەری خرۆشاو و ڕاپەڕیو، یەك ئامانجیان هەیە، ئەویش ژیان و گوزەران و ئازادی و ئارامیە… رزگاربوونە لە دەسەڵاتی سەرکوتگەری بۆرژوازی کە نانی سەرسفرەی خەڵکی فڕاندوەو خۆشیان لە کۆشکەکە ئاڵتونیەکانیاندا خەریکی کەیف و سەفان! ئەم جەنگەی بەرپایان کردوە بە هاوپشتی و هاوخەباتیان ئەگەری سەرکەوتنی زیاترە.

سەرکەوێ خرۆشانی جەماوەری زەحمەتکێشی ئێران!

سەرکەوێ خرۆشانی جەماوەری عێراق ولوبنان!

بژی هاوپشتی نێونەتەوەیی کرێکاران و جەماوەری بێبەشی ناوچەکە!

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

١٨ی ١١ی ٢٠١٩

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *