تێڕوانينێكى جياواز سەبارەت بەبرێگزت …

کێشە برێگزتە یا سیستەمی کاپیتاڵیستی؟

سالار حمە سەعید

کێشەی چوونە دەرەوەی بەریتانیا لە یەکیەتی ئەوروپا کێشەیەکی نوێ نییە. هەر پاش ١٠ ساڵ لە پەیوەست بوون بە یەکیەتی ئەوروپاوە لەساڵی ١٩٨٣ دا حزبی لەیبەر یەکەمین حزب بوو لە مانیفێستی هەڵبژاردنەکانیدا داوای جیابوونەوەی ڕاگەیاند، دواتر لەناو حزبی کۆنسێرڤەتیڤ گروپێک دەرکەوتن بە ناوی ”یۆرۆ سکێپتیک” کە ڕەشبین بوون بە یەکیەتی ئەوروپا و کێشە ئابووریەکانی بەریتانیایان دەگەڕاندەوە بۆ پەیوەست بوونیان بە یەکیەتی ئەوروپاوە. تا لەژێر فشاری زۆردا ناچار دەیڤد کامرون ریفراندۆمی راگەیاند و لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٦ دا ئەنجامدرا و لایەنگرانی جیابوونەوە سەرکەوتن.

ئەوەی لێرەدا جێگەی باسە لە کێشەی برێگزتدا پرسیارێک کە خۆی قووت دەکاتەوە ئەوەیە ئایا ریشەی کێشەکان وەک دەخرێتە ڕوو لەلایەن لایەنگرانی جیابوونەوە لە یەکیەتی ئەوروپا مانەوەیە لە یەکیەتی ئەوروپادا، یاخود کێشەکە لەشوێنێکی تردایە. هەندێک دەکرێ رەخنە بگرن و بڵێن بۆچی ئێمە دەبێ پشتیوانی بکەین لە مانەوە لە چوارچێوەی یەکیەتی ئەوروپادا و برێگزت ڕەتکەینەوە، چونکە مانەوە یانی پشتیوانیکردن لە یەکیەتی ئەوروپا و سیاسەتەکانی، کە دیارە سیاسەتەکانی یەکیەتی ئەوروپا وەک سیاسەتی هەریەک لەحکومەتەکانی وڵاتە جیاجیاکانی ئەوروپا پەیڕەویکردنە لە تەقەشووفی (ئۆستێرتی) نیولیبراڵی. یاخود دەکرێ بوترێ برێگزت یانی جیابوونەوە لە یەکیەتی ئەوروپا و لە سیاسەتە ئابووریە پڕ لە جەورو ستەمەکانی نیولیبراڵیزمی یەکیەتی ئەوروپا. لەکاتێکدا ڕەخنە دەگرین لە سیستەمی سەرمایەداری و  نیولیبراڵیزمێک کە پەیڕەوی دەکرێ و لەهەمانکاتدا ڕەخنە لە برێگزت دەگرین کە چوونە دەرەوەیە لە یەکیەتی ئەوروپا وسیاسەتی دژی مرۆیی تەقەشووفی نیولیراڵی.

بۆچی ئەم دژایەتیە؟ بۆچی چوونەدەرەوەی بەریتانیامان لەئەوروپا پێ کارێکی نادروستە؟ ئەوەشمان لەبەرچاو بێت کە ئەو یەکیەتی ئەوروپایەی کە ئێمە ئارەزوو دەکەین بەریتانیا لەنێویدا بمێنێتەوە، پابەندبوون و وەفاداری خۆی بۆ تەقەشووفی نیولیبراڵیزم چەندەها ساڵە ڕاگەیاندوە و پیادەی دەکات بەسەر ئیرادەی زۆرینەی خەڵکی ئەوروپادا. ئەگەرچی ئەوە حکومەتەکانی نێو یەکیەتی ئەوروپا بوو کە بارێکی قورسی لەتاقەت بەدەری خستە سەر شانی زۆرینەی خەڵک دوابەدوای قەیرانە ئابووریە گەورەکەی ساڵی ٢٠٠٨ بۆ نەجات دان و رزگارکردنی بانکەکان و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی کۆمەڵگەی سەرمایەداری. قەیرانە گەورە جیهانیەکەی سیستەمە تێکشکاوەکەی سەرمایەداری رزگار کرد بە پێدانی کۆمەک ویارمەتی بە بانق و کۆمپانیا تێکشکاوەکان لەسەر حسابی کارو وزەو توانای کرێکاران و کەم دەرامەتەکانی کۆمەڵگە. بەوەی خزمەتگوزاریەکانیان کەمکرایە وە ، یاخود بەتەواوی بڕا وە بڕی هەقدەستەکانیان کەم کرایەوە وە یا سەعات کارەکانیان درێژکرایەوە. ئەڵبەتە ئەبێت لەبیرمان نەچێت کە ئەمە ئەو یەکیەتی ئەوروپایەیە کە ئێمە دەمانەوێ بەریتانیا تیا بمێنێتەوە وجیانەبێتەوە. کەواتە کێشەکە لەچیدایە؟ ئایا ئەم کێشانەی کە رووبەڕووی بەریتانیا دەبنەوە هۆکارەکەی برێگزتە؟

کێشەی سەرەکی برێگزت ئەوەیە کە هیچ ئاسۆیەک نییە و هیچ بەڵگەیەک نییە بۆ باشترکردنی بارو ڕەوشەکە. بەکورتی خەڵک و زۆرینەی خەڵک ناچار دەکرێ کە هەڵە وکێشە بنەماییەکانی سیستەمێک کە لە قەیراندایە بخرێتە ئەستۆی. هەروەها ئەوە ڕاستە کە یەکیەتی ئەوروپا بارو ڕەوشێکی بۆ خەڵک هێناوەتە پێشەوە کە دەستی ئەوانی تیا نییە، بەڵکو ئەوە سەرمایەداران و سیستەمی سەرمایەداریە کە ئەو قەیرانەی تووشی بوون دەیانەوێ خەڵک باجی زەرەرو زیانەکانی بدات، بەڵام لەقازانج و بەهرەو سوودەکانی هاوبەشیان ناکات. کێشەی برێگزت لەوەدایە کە هیچ هۆکارێک یا بەڵگەو دەلیلێک نییە کە باوەڕ بکەین کە چوونە دەرەوەی بەریتانیا لە یەکیەتی ئەوروپا دەبێتە مایەی گەشەی ئابووری و کێشە بنەڕەتیەکانی سیستەمی پڕ لەقەیرانی سەرمایەداری چارەسەر دەکرێ. بڕێگزت ڕەچەتەیەکی جادوویی نییە کە هەموو ئەم کێشە قووڵ و ڕیشەدارانە حەل و فەسڵ بکات و ئەم بارو ڕەوشە بەرەوباشبوون بەرێت. سەرەڕای گەشەی بەرچاوی حزبی لەیبەری کۆربن، حزبی موحافزین حزبێکە هەژموونی زیاتر و سایەی زیاتری کردوە لەبەریتانیادا. ئەم حزبە واتە کۆنسێرڤەتیڤ پابەندە بە تەقەشووفی نیولیبراڵی و پێدەچێ توانای شکاندنی ئەو قاڵبە سونەتی و کولتووریەی نەبێت بەهیچ شێوەیەک. یاخود ئەوەیە سیستەمی سەرمایەداری چاوەڕوانی فریادڕەسێکی وەک دۆناڵد ترەمپە کە رزگاری کات لەو قەیرانە قووڵەی کە تووشی بووە.  کێشەکە ئەوەیە کەچوونە دەرەوە لە یەکیەتی ئەوروپا ڕێگە چارە نییە بۆ ئەو کێشانەی بەریتانیا. کێشەی خەڵکی بەریتانیا بریتییە لە سیستەمی ئابووری کە کاپیتاڵیزمە/ سەرمایەداریە، کە لەلایەن کۆمەڵێک سەرمایەدارەوە بەڕێوەدەبرێ لەناو یەکیەتی ئەوروپا و دەرەوەی یەکیەتی ئەوروپا. ئەمە جەوهەری کێشەکەیە، کەواتە ئەوە هەڵەیە کە وابزانین کێشەکە بە جیابوونەوە چارەسەر دەکرێ لە شەو و ڕۆژێکدا نەخێر ئەوە هەڵەیە. خەڵکی بەریتانیا دەبێ خۆی رووبەڕووی کێشە ئابووریەکانی ببێتەوە لەناوخۆی بەریتانیادا. واتە کێشەکە پەیوەندی بە سیستەمی ئابووری سەرمایەداریەوەیە کە لە قەیرانێکی قووڵ دایە و دووبارە کاتی هاتووە، وەک ساڵانی ٢٠٠٨ و ساڵەکانی دواتر جارێکی تر نقوومی قەیرانێکی گەورەی تر بێتەوە.

٩ی نۆڤەمبەری ٢٠١٩

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *