“کۆبوونەوەکەمان لە هەلومەرجێکی سیاسیدا بەڕێوەدەبەین کە ئاڵوگۆڕی سیاسی گرنگ لە کوردستان و ناوچەکە و عێراقدا ڕوودەدەن. ئەم ئاڵۆگۆڕانە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر خەباتی خەڵك و تێکۆشانی حزب و بزووتنەوەی ئێمە دادەنێت” …

وتەی دەشتی جەمال بەرپرسی ڕێکخراوی دەرەوەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لە کۆبوونەوەی بەرفراوانی ئەندامانی حزب لە هیلسنکی.

هاوڕێیان و دۆستانی ئازیز و خۆشەویست …

بەگەرمی بەخێرهاتنتان دەکەم بۆ کۆبوونەوەی فراوانی ڕێکخراوی دەرەوەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان. سوپاسی هەستی بەرپرسانەتان دەکەم.. سوپاسی زەحمەت و ماندووبوونتان دەکەم و هاوکات سوپاسی تایبەتی ئەو هاوڕێیانە دەکەم کە لە دوورەوە هاتوون بۆئەوەی بەشداری لەم کۆبوونەوە گرنگەدا بکەن. بەگەرمی بەخێرهاتنی هاوڕێیانی ڕێکخراوی دەرەوەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق دەکەم.

هاوڕێیان، دوای ماوەیەك لە خەبات و تێکۆشانی ڕێکخراوی دەرەوەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان و کۆمەڵێك گۆڕانکاریی سیاسی کە لە کوردستان و ناوچەکەدا ڕوویانداوە کە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر بارودۆخی سیاسی کوردستان داناوە و دایدەنێن، ئەنجامدانی کۆبوونەوە و کۆنفرانسی ڕێکخستنەکانی حزب لە دەرەوەی کوردستان بووبوە پێویستییەکی چارە هەڵنەگر. بێگومان ئێمە لە ناوەندی ڕێکخراوی دەرەوەی حزب پێمان خۆش بوو کە کۆنفرانسی ئاسایی ڕێکخراوی دەرەوە بکەین، بەڵام لەڕووی عەمەلییەوە پێمان باش نەبوو ئەم کۆبوونەوەیە دواتر بخەین، بۆیە ئەوەی بۆ ئێمە گرنگ بوو لایەنی سیاسیی ئەم کۆبوونەوەیە بوو زیاتر وەك لە لایەنی ڕێکخراوەیی و حقوقییەکەی.. ئەم کۆبوونەوەیە پەیامێکی سیاسی گرنگی لەسەرشانە و بایەخەکەشی هەر لەوێدایە کە دەبێ ئەو پەیامە بەسەرەنجام بگەیەنێ.

هاوڕێیان!

کۆبوونەوەکەمان لە هەلومەرجێکی سیاسیدا بەڕێوەدەبەین کە ئاڵوگۆڕی سیاسیی گرنگ لە کوردستان و ناوچەکە و عێراقدا ڕوودەدەن. ئەم ئاڵۆگۆڕانە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر خەباتی خەڵك و تێکۆشانی حزب و بزووتنەوەی ئێمە دادەنێت. ئەرك و وەزیفەی گرنگ دەخەنە ئەستۆی حزب و بەهەمان شێوەش ئەرکی گرنگ دەخاتە سەرشانی ڕێکخستنەکانی حزب لە دەرەوەی وڵات.

لەسەرەتای ئۆکتۆبەرەوە خۆپیشاندانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ژنان و لاوان لە شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بە تەوژمێکی گەورەوە دەستی پێکردوە. لەمێژووی نوێی عێراقدا خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەمجۆرە بێوێنەیە. جەماوەری بێبەشکراو و ستەملێکراو بە هەموو قامەتی خۆیەوە هاتۆتە مەیدانەوە. خواستی ژیان و کەرامەت و ئازادی و ئارامی و کۆتایی هاتن بە دەسەڵاتی تائیفی و ئیسلامی سیاسی و میلیشیایی و کۆتاکردنی دەستی دین لە کاروباری سیاسی و حوکمڕانیدا جەوهەری ناڕەزایەتییە گشتییەکان پێكدەهێنێت. بۆ یەکەم جار لە مێژووی نوێی عێراقدا کرێکاران دێنە ناو بزووتنەوەی گشتی جەماوەرییەوە. کرێکارانی نەوت و بەندەرەکان و کارەبا و چنین و… تەوژمێکی گرنگیان بە بزووتنەوەی گشتی داوە. بۆ یەکەم جار دوای نزیکەی ١٦ ساڵ لە دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی، ڕەمزەکانی ئیسلامی سیاسی لەناو مەڵبەندی نفوزی خۆیاندا دەکەوێتە بەردەم ڕق و نەفرەتی خەڵکەوە. بەشداری زانکۆکان و خوێندنگاکان، مامۆستایان و خوێندکاران، بەشداری بەرچاوی ژنان و لاوان لە خۆپیشاندانەکان و هاوکات گیانی هاوپشتی و ئینساندۆستی و هاوکاری بێوێنە لەنێوان خۆپیشاندەران و خەڵك بەگشتی نموونەی سەرەتاکانی شۆڕشێکی جەماوەری دەخەنەپێش چاو. ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتییە لە هەناوی خۆیدا توخمەکانی شۆڕشی هەڵگرتوە.

لەئاستی ناوچەکەدا ئێوە دەبینن کە چۆن ئەمریکا و دەوڵەتانی ئیمپریالیستی و دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە پێشبڕکێیانە لەسەر زیاتر کاولکردنی ژیان و گوزەران و ئایندەی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و تەنوری ئاگرێکی نەکوژاوەیان بۆ خەڵك داخستوە. ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان کردۆتە مەیدانی ساغکردنەوەی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابووری و سەربازییەکانی خۆیان و دەستی هەرچی هێزی کۆنەپەرستی نەتەوەپەرست و ئیسلامییە گرتوویانە و بەریان داونەتە گیانی خەڵکی ناوچەکە. بارودۆخی عێراق و سوریا، بەدەستی ئەم دەوڵەت و هێزانەوە لەناو شەڕ و گێژاوێکی لەکۆتا نەهاتوودا نقوم دەکرێ. بەڵام خۆپیشاندانەکانی عێراق دەتوانێ ڕێگایەکی دیکە بخاتە بەردەم خەڵکی عێراق و ڕێگا نەدات ئەم ئایندە تاریکە بخەنە بەرپێی خەڵك!

هێرشی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر ناوچە کوردنشینەکانی سوریا هەلومەرجێکی نالەباری بۆ خەڵكی ئەو ناوچانە پێكهێناوە و هەرچی زیاتر بارودۆخی ناجێگیر و جەنگزەدەی سوریا خراپتر و ئاڵۆزتر دەکات. هەڵوێستی ئەمریکا و ڕوسیا بەرامبەر بە لەشکرکێشی تورکیا بۆسەر ئەو ناوچانە، ئەو ڕاستییەی دووبارە کردەوە کە کێشەکانی خەڵكی چەوساوەی سوریا و بەتایبەتیش پرسی خەڵکی کوردی سوریا لە چوارچێوەی سیاسەتی دەوڵەتانی ئیمپریالیستیدا نەك نایەتەدی بەڵکو کارەسات و دەربەدەری و نەهامەتی دەکاتە نسیبیان و قوربانییەکانی تائێستایان بۆ ئازادی و ڕزگاری و ژیانێکی شکۆمەند دەکاتە دوکەڵ و بەهەوایدا دەدات! خۆبەستنەوەی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی کورد لە سوریا بە سیاسەتی ئەمریکاوە سەدبارە ناوەرۆکی سیاسەتی بەرژەوەندخوازانەی ئەم بزووتنەوەیەی سەلماندەوە کە ئامادەیە لەپێناو قازانجی سیاسی خۆیدا بچێتەناو ترسناکترین سیاسەت و ئەجندای سیاسی کۆنەپەرستانەوە و سەرەنجام وەکو پیشەی هەمیشەییان بەقیمەتی هێنانی کارەسات بۆسەر خەڵکی کورد تەواوی بکەن.

هاوڕێیان!

ئەگەر سەیرێکی دنیای دەوربەری خۆمان بکەین، لەپاڵ بەرزبوونەوەی نەعرەتەی کۆنەپەرستی و نەژاد پەرستی و ڕاسیسزمی بۆرژوازیدا، دەنگی ئینساندۆستی و هاوپشتی و هاودەردی چینایەتی و وەستانەوە بەڕووی نایەکسانی و ستەمی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی سەرمایەداری و سیاسەتی دژی کرێکاری دەوڵەت و حکومەتەکانیان بەرزبۆتەوە. لەهەموو کاتێك زیاتر سەرمایەداری هێرشی بۆسەر چینی کرێکار و سەندنەوەی دوا دەسکەوتەکانی دەستپێکردووە و لە هەمووکاتێك زیاتر پێویستیی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم هێرشە و پێچەوانە کردنەوەی بە دژەهێرشی پرۆلیتاریا بۆسەر قەڵای ستەم و چەوساندنەوەی بۆرژوازی بۆ چینی کرێکار بوەتە مەسەلەی ڕۆژ!

هاوڕێیان!

ئێمە لە دەورانێکدا ئاڵای کۆمۆنیزم و یەکسانیخوازیمان بەبەرزی ڕاگرت، کە کەم کەس توانییان خۆیان ڕابگرن. ئێمە لە تاریکی هێرشی بۆرژوازی بۆسەر کۆمۆنیزمدا دەستمان لە هیوا و ئومێدەکانمان، لە کۆمۆنیزم و یەکسانیخوازی هەڵنەگرت… ئێستا هەر ئێمە نین کە دەڵێین سەرمایەداری ئەو سیستەمە نیە کە بۆ بەشەریەتی ئەم سەردەمە نەگونجاوە و دەبێ بڕوات، بەڵکو زۆر کەسی تر لەگەڵ ئێمەدا ئەم ئاوازە دەڵێنەوە. ئەمڕۆ لە ناودڵی ئەمریکاوە باسی زەرورەتی سۆشیالیزم دەکرێ، لەناو بەریتانیاوە باسی بەسەرچوونی سەرمایەداری و زەروورەتی سۆشیالیزم دەکرێ! ئەمڕۆ شەبەحەکەی مانیفێستی حزبی کۆمۆنیست جارێکی دیکە بەسەر سەری نەك ئەوروپاوە بەڵکو بەسەر سەری جیهانەوە دێت ودەچێت… چینە چەوسێنەرەکان زەندەقیان لەو شەبەحە چووە… ترەمپ و بۆریس جۆنسون خەڵکی لەم شەبەحە دەترسێنن!

هاوڕێیان کاری گەورەمان لەپێشە. ئەرکی گرنگمان لەسەرە.. ئەگەر دەمانەوێ بەهەمان ئەو نەفەسەوە کە لەدەورانی شکستی بەناو کۆمۆنیزمدا ئاڵای سوری کۆمۆنیزم و مارکسمان بەرزکردەوە، ئێستاش ئاڵاکەیان بەرزتر بکەینەوە؛ کۆمۆنیزمی ڕادیکاڵ و کرێکاری، کۆمۆنیزمێك کە شەڕی سەرمایە و سەرمایەداری دەکات. کۆمۆنیزمێك کە بۆ دامەزراندنی حکومەتی کرێکاری تێدەکۆشێت و هەوڵ دەدات بەدی بهێنێ!

ئێستا دەورانی گێڕانەوەی ئیرادەیە بۆ ئینسان. هەروەکو چۆن لینین سەد ساڵ لەمەوبەر ئەو ئەرکەی بەجێهێنا، ئێستاش هەلومەرجی دنیا داوای ئەوجۆرە لە کۆمۆنیزم دەکات. هەلومەرجی عێراق و کوردستان داوای ئەوجۆرە لە کۆمۆنیزم دەکات. کۆمۆنیزمی جەنگاوەر و ڕادیکاڵ کە هەموو تاڵەکانی بە فکر و سیاسەتی بۆژوازییەوە پچڕاندووە و سەنگەرەکانی خەباتی چینایەتی کرێکار ڕابەری دەکات و چینی کرێکار بۆ شۆڕش ساز و ئامادە دەکات و ڕێکی دەخات! ئێمە کۆمۆنیزمێکی دیکەمان نیە!

هاوڕێیان!

هیوادارم ئەم دوو ڕۆژە کە بتوانین کاتێك لەم کۆبوونەوەیە چووینە دەرەوە، بە ئومێد و ئیرادە و شەوقەوە خۆمان بۆ بەجێگەیاندنی ئەم پەیامە و ئەم ئەرکە ساز و ئامادە کردبێت. پتەو و پەیگیر و بە بڕوابەخۆبوونەوە.. بە بڕوا بە حزب و بزووتنەوەکەی خۆمانەوە…. بچینە پای بەجێ گەیاندنی ئەرکەکانمان کە ئەم کۆبوونەوەیە بەو ئاڕاستەیەدا دەیخاتە بەرنامەی کاری داهاتوومانەوە. بتوانین دەرەوەی وڵات بکەینە مەیدانێکی گرنگی نەبەردی چینایەتی دژی بۆرژوازی بەگشتی و دژی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد لە کوردستان بەشێوەیەکی تایبەتیتر وەك قوتبێکی ڕادیکاڵ و ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵات دەرکەوین و خۆمان بۆ ئەو نەبەردە ئامادە بکەین ….

هیوای سەرکەتن بۆ ئەم کۆبوونەوەیە و بەو هیوایەی بەهەموان بتوانین خۆمان بۆئەرکەکانی ئایندە ئامادە بکەین.

سەرکەوتووبن

2019/11/17-16

 

 

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *