هەواڵی ناڕەزایەتییە کرێکاریی و جەماوەرییەکان …

ئامادەکردنی: شوان عەزیز …

پۆلیس و سوپای فلیپین لە یەک کاتدا هیرش دەکەنە سەر ڕێکخراوە پیشەیی و سەندیکا کرێکاریەکان!

سەرچاوە:بە پێی ڕاپۆرتێک کە لە  وێبساییتی سڤێنسن ستیفتلسن دا بڵاوکراوەتەوە

هێرشی لە ناکاو و بەسەردادانی ڕێکخراوە پیشەییەکان و چالاکانی مەدەنی لەلایەن پۆلیس و سوپاوە بەردەوامی هەیە لە وڵاتی فلیپیندا.

بۆ نموونە لە شەوی پێنج شەممەی هەفتەی یەکەمی ئەم مانگەدا لە هەڵکوتانە سەرێکی پۆلیس و سوپا لە یەک کاتدا بۆ سەر ڕێکخراوە پیشەیی و سەندیکا کرێکاریەکان ٥٧ کەس دستگیران.

هێرش و پەلاماری پۆلیس کە لە ناکا وو بێ ئاگاداری پێشینە ئەنجام دەدرێت هەمیشە  بەردەوامی هەیە بۆ سەر: گرووپ و تیمەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، چالاکانی مافەکانی مڕۆڤ و چالاکانی بواری ژنان بە گشتی.

لەو بارەوە پۆلیس و سوپای فلیپین کەوتە بە ڕەخنەی توندی ناوەندە کرێکاری و گرووپەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی وە بۆ نموونە (ئای تی یو سی)  کۆنفیدراسیۆنی نێونەتەوەیی ڕێکخراوە پیشەییەکان لە نێوئەوانەدا بوو کە بە توندی ئیدانەی ئەو کارانەی پۆلیس و سوپای فلیپینی کرد.

چەندین گروپ پەلاماری لەناکاو دران و خافڵگیر کران. بۆ نموونە لە ئۆکتۆبەری ٣١-٢٠١٩ کاتێک کە لە شاری باکۆڵدی سەر بە پارێزگای نیگرۆس کرێکارانی سەربە سەندیکای پاسەکان لە کۆبوونەوەدا بوون لە ساختمانێکدا، لە لایەن پۆلیسەوە هێرشیان کرایە سەر. شایەتحاڵەکان دەڵێن پۆلیس بە جلوبەرگی مەدەنیەوە چەکی شاردۆتەوەو ئەو چەکەشی داوەتە پاڵ ئەو ٤٣ کەسە و بەو هۆیەوە سزای هەبوونی چەکی بێ مۆڵەتیان دراوەتە پاڵ. دیسان لە شوێنێکی تر ٨ کەسیان گرتووەو لە نێویاندا منداڵ هەبووە کە بە هەڕەشەی لوولەی تفەنگ گرتوویانن.

ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە هیچ شوێنێکی ئەمین نەماوە کە کە پۆلیس و سوپا بە جلی مەدەنی و بە جلی ڕەسمیەوە پەلاماریان نەدات کە بزانن لەو شوێنانەدا چالاکان و گرووپ و سەندیکا پیشەییەکان کۆبوونەوەیان تێدا دەکەن. بۆیە ئەوە وای کردووە کە ئیتر ئەو گرووپ و چالاکانە لە تەواوی بوارەکاندا بیر لە میکانیزمێکی تر بکەنەوە کە بتوانن ژیانی ئەندامەکانیان بپارێزن لە پۆلیس سوپا.

بە پێی ڕاپۆرتی کۆتایی کۆنفدراسیۆنی نێونەتەوەیی ڕێکخراوە پیشەییەکان، فلیپین بە یەکێک لەو ١٠ وڵاتە هەرە خراپانە دادەنرێت کە سەندیکای کرێکاری و ڕێکخراوی پیشەیی تێیدا وەزاق و زیقە کەوتون لە ترسی پەلاماری پۆلیس و سوپا.

ئەندامانی ئەنجومەنی شاریش دەچنە پاڵ پڕۆژەکەی حکومەت بۆ کەم کردنەوەی کرێی کار

گەورە شاری کالگەری لە پارێزگای ئەلبێرتای کەنەدا ماوەیەکە خۆپیشاندانی گەورەی کرێکاران و خەڵکی ناڕازی بەخۆوە دەبێنێ. پێشنیارێک لەلایەن پارتی یەکگرتووی پارێزگارانی ئەلبێرتاوە کرا بۆ کەم کردنەوەی بودجەی شارەوانی و کرێی کار.

یەکێتیە کرێکاری و گرووپ و چالاکانی ناوەندە کرێکاریەکان هاتنە دەنگ و دەستیان بە ڕێپێوان و خۆپیشاندان کرد، بەڵام ئەوەی کە جێگەی سەرسوڕمان بووە بۆ خەڵکی ئەوەیە کە ئەندامانی ئەنجومەنەکەش هاتوونەتە پاڵ پێشنیاری حکوومەتەکەی ئەلبێرتاوە.

پێشنیاری کەم کردنەوەی کرێی کار بە ڕێژەی ٥٪ کە لایەن یەکێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی کالگەریەوە کراوە بەهانەکەی ئەوەیە کە لە پێناوی زۆرترکرن و جێگیرکردنی کارە بۆ کرێکاران، بەڵام هەر زوو لەلایەن ڕابەرانی سەندیکا کرێکاریەکانەوە ئەو لێکدانەوەیە ڕەتکرایەوە.

هەر بۆیە فەرمانبەرانی کەرتی گشتی کالگەری ڕۆژی ٦ی نۆڤەمبەر کاتی نیوەڕۆکەی گردبوونەوەیەکیان لەبەردەم شارەوانی کالگەری ڕێکخست و ڕێپێوانێکیشیان ئەنجامدا دژ بەو پێشنیارە.

ڕابەرێکی یەکیەتی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی کەنەدا (یو سی پی) بە میدیاکانی ڕاگەیاند کە ئەو پێشنیارەی حکومەتی ئەلبێرتا کاریگەری خەراپی دەبێت لە ژیانی کرێکار و فەرمانبەرو هەروەها لەسەر جێبەجێکردنی خزمەتگوزاریەکان لە ئەلبێرتا.

بزووتنی ئەندامانی ئەنجوومەنی شار بەرەو کەمکردنەوەی نرخی کار لە کاتێکدایە کە لە تەواوی ویلایەتی ئەلبێرتادا تەواوی یەکیەتیە کرێکاری و چالاکانی کۆمەڵگە  شەقامەکانیان پڕکردووە لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان لە دژی ئەو پڕۆژەیەی حکومەتی ئەلبێرتا.

تەنانەت دژایەتی کرێکارو سەندیکاکان بۆ ئەو بڕیارەی حکومەت گەیشتە ئەوەی کە سەرۆکی یەکیەتی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی ئەلبێرتا بە ناوی گای سمیث بڵێ” حکومەتی ئەلبێرتا کار لەسەر ئەوە دەکات کە کەلێن بخاتە نێوانی کرێکارانی کەرتی تایبەت و فەرمانمبەرانی کەرتی گشتی. حکومەت دەیەوێت دوژمنێک درووست بکات لەبەرامبەرخۆیدا کە بیکاتە پاساو بۆ مانەوەی خۆی.” حکومەت وادیارە کرێکارانی بەرەی پێشەوەی کارکردن وەک دوژمنی خۆی دەیان بینێت”.

مامۆستایانی ئۆنتاریۆ لە کەنەدا بڕیاری مانگرتن دەدەن و مامۆستایانی شیکاگۆش لە ئەمەریکا سەرکەوتن بەدەست دەهێنن!

بە پێی هەواڵێک کە لە ٨ ی نۆڤەمبەردا بڵاوکرایەوە لە ڕادیۆی لەیبەرەوە ژمارەیەکی یەکجار زۆری مامۆستایانی ئۆنتاریۆ بڕیاریان دا دەست بدەنە مانگرتن و دەوامەکانیان ڕابگرن.

بە پێی هەواڵەکە ژمارەی مامۆستایانی مانگرتو وە هەموو ئەو مامۆستایانەی تریش کە لە بەشی پەروەردەو فێرکردندا لە ئۆنتاریۆ دەوام دەکەن و بڕیاری مانگرتنیان داوە دەگاتە ١٣٠ هەزارکەس  لە  مامۆستایانی سەرەتایی و ناوەندی.

ئەم مانگرتنە تەواوی خوێندنگا سەرەتایی و ناوەندیەکانی ویلایەتی ئۆنتاریۆ دەگرێتەوە.

بە پێی هەواڵەکە ئەم مانگرتنەی مامۆستایان لە کاتێکدایە کە حکومەتەکەی فۆرد بریاری کەمکردنەوەی کرێی سەعاتکاری داوە.

بە پێی هەواڵەکەی ڕادیۆ لەیبەر فۆرد بڕیاری داوە زیادکردنی کرێی سەعاتکاری مامۆستایانی سەرەتایی و ناوەندی لە ئاستی ١٪ دا ڕابگرێت و زیاتر هەڵنەکشێت.

ئەمەش لە کاتێک دایە کە یەکیەتی مامۆستایانی ئۆنتاریۆ لە گفتوگۆدایە لە گەڵ حکومەتەکەی فۆرد.

بە پێی لێدوانی هەندێک لە بەرپرس و ڕابەرانی یەکیەتی مامۆستایان بۆ میدیاکان و ڕادیۆ لەیبەر ئەم مانگرتنەی مامۆستایان لە تەواوی بەشەجیاجیاکاندا دەگرێتەوە. بۆ نموونە مامۆستایانی سەرەتایی و ناوەندی و تا دەگاتە پۆلی دوانزە. هەروەها مامۆستایانی بەسی دەروونناسی و کۆمەڵایەتی و هەتا دوایی…

لێدوانەکان ئاماژە بەوەدەدەن کە ئامانجی ئەو مانگرتنەی مامۆستایان بۆ هەموو لایەک باشە. واتە بۆ بەرەوپێشبردنی پەروەردەو فێرکرن و لەبەرژەوەندی مامۆستایان و هەروەها خوێندکارو کەسوکاری خوێندکاریشدایە.

لە هەمانکاتدا و لە کۆتایی مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا مامۆستایانی شیکاگۆ دەستیان دایە مانگرتن و بەجێهێشتنی پۆلەکانیان بۆ ماوەی ١١ ڕۆژ.  مانگرتنی مامۆستایانی شیکاگۆ  کە بە دەیان هەزاریان دەستیان دایە مانگرتن و بە دەیان هەزاریان ژووری پۆلەکانیان بەجێهێشت.

ئەم مانگرتنەی مامۆستایانی شیکاگۆش بەرەنجامەکەی بە قازانجی مامۆستایانی شیکاگۆ شکایەوەو داواکاریەکانیان جێبەجێ کران.

بە هۆی مانگرتنی تیمی فڕۆکەخانەی لوفسانسا لە ئەڵمانیا هەزاران گەشتی ئاسمانی پوچەڵ کرایەوە!

هەواڵی مانگرتنی تیمی فڕۆکەخانەی لوفسانسا لە چەندین وێبسایت و سەرچاوەی ڕەسمی و بەناوبانگی جیهانیدا بڵاوکراوەتەوە. بۆ نموونە بی بی سی و دی دەبلیو هەروەها زلۆکەڵ دی و چەندینی تر…

پێش ئەوەی تیمەکە مانگرتن دەست پێبکات دەسەڵاتدارانیان ئاگادارکردۆتەوە بەوەی کە ئەگەر کرێی کاروباری ژیانیان باشتر نەکرێت ئەوا مانگرتن دەست پێدەکەن.

دەسەڵاتداران هەوڵی زۆریاندا تا مانگرتنەکە بوەستێنن و ئەم کێشەیەش درایە دادگا.

هەردوو دادگای کاری فڕانکفۆرد و دادگای  هێسی کار بڕیاری ئەوەیاندا کە ئەو مانگرتنە درووستەو مۆڵەتیان پێدا لە ڕووی یاساییەوە. هەردوو دادگا پێیان وابوو لەبەرئەوەی تیمەکە پێشتر هێڵی ئاسمانی ئەڵمانیایان ئاگادارکردۆتەوە لە دەستپێکردنی مانگرتنەکە. بۆیە هەردوو دادگا ئەو مانگرتنەیان بەڕەوا داناوەو ڕێگریان لێنەکردووە لە ڕووی یاساییەوە.

هەربۆیەش تیمی فڕۆکەخانەی لوفسانسا نیوەشەوی پێنج شەممە کە دەکاتە ٧ی نۆڤەمبەر مانگرتنیان بە کرداری دەستپێکرد.

ئەم مانگرتنەی تیمی کابینەی فڕۆکەخانەی لوفسانسا بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ١٣٠٠ گەشتی ئاسمانی. لە هەندێک سەرچاوەش ئاماژە بە ژمارەی زیاتر دراوە. هەڵوەشاندنەوەی ئەم گەشتانە کاری کردەسەر سەفەری ١٨٠ هەزار کەس کە بلیتی سەفەری بڕیبوو.

بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو کەسانەی کە سەفەرەکانیان هەڵوەشابویەوە، هێڵی ئاسمانی ئەڵمانیا بلیتەکانی بۆ گۆڕین بە بلیتی گەشتکردن بە هێڵی شەمەندوفەر لەناو ئەڵمانیادا.

داواکاری سەرەکی  تیمی کابینەی فڕۆکەخانەکە بریتیبوو لە زیادکردنی شایستەکانیان و کرێی کارو هەروەها باشترکردنی باری ژیانیان. ئەم داواکاریانەشیان لەڕیگای سەندیکای پیشەیی تیمەکەوە بە دەسەڵاتدارانی هێڵی هەوایی ئەڵمانی و دەسەڵاتدارانی فڕۆکەخانەی لوفسانساش ڕاگەیاندبوو.

خۆپیشاندانی دانیشتوانی چەندین دێهاتی فەلەستینی لەسەر تێکچوونی ڕەوشی خوێندن!

بە پێی هەواڵێک کە لە ألحوار ألمتمدن دا بڵاوکراوەتەوە و ئەوانیش لە قەناتی ألعالمی ئێرانی وەریان گرتووە دانیشتوانی چەندین دێهاتی فەلەستینی دەستیان کردووە بە خۆپیشاندان لەبەر تێکچوونی ڕەوشی خوێندن و پەروەردەی منداڵەکانیان.

هەر بەپێی هەواڵەکە ژمارەی ئەو گوندو دێهاتانەی کە دانیشتوانەکانیان خۆپیشاندانیان ئەنجام داوە گەیشتۆتە حەوت دێهات.

جەماوەری دێهاتەکانی وەک : أم بطين، والسيد، ودريجات، وكحلة، ومولدة، ومكحول، وترابين الصانع .

جێگەی باسە کە ئەو دێهاتانە دەکەونە ئەو ناوچەیەی پێش ١٩٤٨

بە پێی هەواڵەکە نوێنەرو قسەکەرانی جەماوەری ئەو دێهاتانە لە کۆبوونەوەیەکدا کە ڕۆژی پێشتر ئەنجامیان دابوو بڕیاری ئەو خۆپیشاندانەشیانداوە.

ئەوان دەڵێن ڕەوشی خوێندن تەواو تێک چووەو گرنگی پێنادرێت لەلایەن دەسەڵاتدارانی پەروەردەو فێرکردنەوە. تەواوی ساختمان و ئاوەرۆو ئاودەستی خوێندنگاکان باش نییەو پێویستی بە نۆژەنکردنەوە هەیەو دسەڵاتدارانیش گوێی پێنادەن. پێداویستیەکانی خوێندن وەک و پێویست بۆ منداڵەکانیان لە باخچەی ساوایان و بەشەکانی تری خوێندن دابین ناکرێت و گرنگی پێنادرێت. ئەمان ئەوە بە سیاسەتی دەسەڵاتداران دەبینن لە دژی جەماوەری ئەودێهاتانە.

ئەم هەواڵە لە ڕاگەیاندنەکانی ئیسرائیلیشدا بە زمانی عیبڕی بڵاوکراوەتەوە بۆ نموونە ئیزاعەی عیبڕی.

Check Also

سەربەخۆی کوردستان لەبەردەم بازرگانی بە نەوتەوە!

عوسمانی حاجی مارف حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دەسەڵاتی فرۆشتنی هەناردەی نەوت …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *