گفتوگۆی بۆپێشەوە لەگەڵ ئاسۆ کەمال، نووسەر هەڵسوراوی کۆمۆنیست سەبارەت بەخۆپیشاندانەکانی شارەکانی عێراق و ئایندەی سیاسی ئەو وڵاتە …

ئاسۆ کەمال: خۆپیشاندانەکانی عێراق، بەشێک لەو تابلۆ جیهانیەیە کە وێنەکانی تری  لە لوبنان و چیلی و فەرەنسا و ئێران و سودان و شوێنەکانی تر دەبینین کە تیایدا کرێکاران و خەڵکی کەم دەرامەت دژ بە سیستەمێکی جیهانی نیولیبرالی بورژوازی ڕاوەستاون…

گفتوگۆی بۆپێشەوە لەگەڵ ئاسۆ کەمال، نووسەر هەڵسوراوی کۆمۆنیست سەبارەت بەخۆپیشاندانەکانی شارەکانی عێراق و ئایندەی سیاسی ئەو وڵاتە

بۆپێشەوە: تادێت خۆپیشاندانەکانی شارەکانی عێراق بەرینتر دەبنەوە، ئایندەی ئەم خۆپیشاندان و نارەزایەتییە جەماوەریانە، چۆن دەبینن؟

ئاسۆکمال: ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەر کاردانەوەیەکی شۆڕشگێڕانەیە بەرامبەر بە مافیاکانی نەوت و میلیشیاکانیان، کە لەم ١٦ ساڵەدا سەروەت و سامانێکی زۆریان بەناوی بەشی شیعەوە لەدەسەڵاتدا خواردوە و بەشی کرێکار و هەژاری کۆمەڵگەش بێکاری و نائەمنی و بێخانەولانەیی و بێ ئاو و کارەبایی بووە.

ئەم دۆخە بەرەنجامی نەخشەی نیولیبرالی بانکی جیهانی و کۆمپانیا نەوتیەکانی شەریکیان بووە و ئەم میلیشیا شیعانەش باشترین جێبەجێکاری ئەم پڕۆژەیە بوون لەبەرئەوەی سەرچاوەی دەسەڵات و دەوڵەمەندبونیانە. ئەمە بەشێک لەو تابلۆ جیهانیەیە کە وێنەکانی تری  لە لوبنان و چیلی و فەرەنسا و ئێران و سودان و شوێنەکانی تر دەبینین کە تیایدا کرێکاران و خەڵکی کەم دەرامەت دژ بە سیستەمێکی جیهانی نیولیبرالی بورژوازی ڕاوەستاون، کە مانەوەی لەسەر  هەژارترکردنی ٩٩٪ چینی کرێکار و هەژاری دنیایە لەپێناو خۆشگوزەرانی کەمایەتی ١٪.

لە وڵاتانی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەم ناڕەزایەتیانە لەگەڵ دەوڵەت و دەسەڵاتێکدا دەرگیرە کە نایانەوێ هیچ ریفۆرم یان چاکسازیەک لە چۆنیەتی دابینکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشدا بکەن، چونکە کەڵەکەی سەرمایە و قازانجی سەرمایە کەم دەکا. هەربۆیە ئەم حکومەتانە تابتوانن ئەم دۆخەی دەسەڵاتیان لەڕێگای سەرکوتەوە درێژەپێدەدەن.

ئەم ڕاپەڕینەی خەڵک لە عێراقدا ڕویەکی ڕادیکاڵی ئەوەیە کە خوازیاری گۆڕانکاری سیاسیە لە دەسەڵاتدا و بەتایبەت ڕوو بە حزبە ئیسلامیە شیعەکان و جمهوری ئیسلامی ئێرانە وەک هێزی باڵادەست. هەرچەند ڕۆشن نییە کە چ ئاڵوگۆڕێکی سیاسی دێتە ئاراوە، بەڵام وشیاریەکی سیاسی بەرامبەر بەم حزب و میلیشیا و مەرجەعە دینیانە خۆی هەڵگری دۆخێکی پێشکەوتوانەتر و ئازادانەترە لەچاو جەوی کۆنەپەرستانەی دینی ئێستادا.

ئێستا بەرەنگاری سەر شەقام ئەوە دەبڕێنێتەوە کە ئایا حکومەت ناچار بە پاشەکشە دەبێ یاخود نا؟ لەم بارەوە پێویست بە هەنگاوی ڕێکخراوانەتر و هاوئاهەنگترە بۆ بردنەوەی ئەم شەڕی سەرشەقامانە. ئەو هەنگاوانەی بۆ ڕاوەستانی هەموو دامودەزگاکان و بەتایبەت بەشی نەوت گرنگیەکی زۆری هەیە بۆ ناچارکردنی حکومەت بە دەست لەکارکێشانەوە و دابینکردنی خواستەکانی خەڵک. هەربۆیە هاوسەنگی هێز لەڕۆژانی داهاتودا ئەوە دەبڕێنێتەوە کە ئایندەی ئەم بزوتنەوەیە بەرەو کوێ دەچێ؟

بۆپیشەوە: بەشێکی زۆر لە خوێندکاران و پاشان یەکێتی کریکارانی عیراق، و تەنانەت بەشیک لە کرێکارانی نەوتی بەسرەش هاتوونەتە مەیدان بۆ پشتیوانی لە خۆپیشاندانی شارەکانی عێراق، ئەوەش نیشانەی بەرەوپیشەوە چوونی ئاستی خۆپیشاندانەکانە، ئەم ئاڵوگۆرە چ کاریگەرییەکی لەسەر خۆپیشاندانەکان دەبێت؟

ئاسۆکمال: بێگومان کرێکاران و فەرمانبەرانی بەشی نەوت بڕبڕەپشتی ئەم خەباتەن بەپێی جێگەی گرنگیان لە ئابوری عێراقدا. بەداخەوە هێشتا کرێکارانی ئەو دەورە ناگێڕن کە پێویستە.  توانای ڕێکخراوەیی و سیاسی ئەم بەشە لە کرێکاران هێشتا دیارنییە. یەکێتی کرێکارانی عێراق هێشتا دەوری سەرەکی لە خۆپیشاندانەکاندا نییە و هێزێک نییە کە هەموو خەڵکی خۆپیشاندەر بەدەوریدا کۆبێتەوە تا دژ بە حکومەت وەک هێزێکی سیاسی و ڕیکخراوەی جەماوەری ڕاوەستێ، بەوچەشنەی یەکێتیە کرێکاریەکانی تونس. ئەمە پیویستە جێگای گرنگی پێدانی هەڵسوراوانی کۆمۆنیست و کرێکاری بێ و بتوانن لەم دەورانە شۆڕشگێڕانەدا ئەم یەکێتی و بزوتنەوە کرێکاریە دروست بکەن تا دەوری سەرەکی بگێڕێ.

بۆپیشەوە: ململانێی نێوان حزب و لایەنە سیاسییەکانی عیراق، چ کاریگەریەکی لەسەر خۆپیشاندانەکان و ئایندەی خۆپیشاندانەکان دەبێت؟

ئاسۆ کمال: هەندێ لایەن لەسەرەتاوە وەک حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق بانگەوازی نادروستی خەڵکیان کرد کە مەچن و بەشداری ئەم خۆپیشاندانانە نەکەن. ئەمە زوو دەرکەوت کە ترسێکی نابەجێە و نیشانەی دووریە لە ئاستی ناڕەزایەتیەکانی خەڵک. بێگومان ئاستی خۆپیشاندان و وشیاری سیاسی خەڵک ڕاچڵەکینێکی گەورەبوو و لەسەر و  چاوەڕوانیەکانەوە بوو. ئەم ڕوداوە بۆ لوبنانیش وابوو. هەربۆیە دەبێ بزانین کە ڕەگی ئەم خۆپیشاندانەی ئەمجارە لە هاندانی ئەم حزب و لایەنانەی دەسەڵاتەوە نییە و بەوانیش کۆنترۆڵ ناکرێ بە ئاسانی، بەڵام لە ململانێی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بزوتنەوەی جەماوەری سەرەڕای خواستی سەربەخۆی و خۆبەخۆیی خۆی دەکەوێتە ژێرکاریگەری ئەو هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتیانەوە کە هەژمونی سیاسی و فکری و ڕێکخراوەییان هەیە. هێزی جەماوەری ناڕازی هێشتا لە حاڵەتی سەرەتای سەپاندنی دەنگی خۆیدایە، بەڵام توانای سیاسی و ڕیکخراوەیی بۆ خۆسەپاندن بەسەر دەسەڵاتدا پێویستی بە دروستبون و بەهێزکردنە.

کاری خۆڕیخستنی خۆپیشاندەران و هاوپشتی نێوان هەموو خەلکی کرێکار و فەرمانبەر و گەنجان و ژنان و بێکاران کە لەبەغداد و هەموو شاروشارۆچکەکانی تر نیشانیان داوە بەردی بناغەی دروستکردنی بزوتنەوەیەکی سیاسی و جەماوەری نوێیە. ئەم خۆڕێکخستن و خۆبەڕیوەبەریەی کە لەمەیدانەکانی خۆپیشاندانەکان نیشانیان داوە دەتوانێ ببێتە نمونەی ئیدارەی خۆجێی و جێگای ئەو ئیدارە گەندەڵەی ئێستا بگرێتەوە. ئەمە پێویستە لە ئێستادا وەک کۆمیتە شۆڕشگێڕەکانی شار دەست بەکاربن. پەیوەندیەکی توندوتۆڵ و شەبەکەیەکی شورا و ئەنجومەنە شۆڕشگێڕیەکان لەهەموو شوێنەکان و بەناوی هەموو ئەو شار و شەقامانەوە دروست بکرێ و ئەمە  وەک تاکە مەرجەعی خۆیان دامەزرێنن بەرامبەر بە حکومەت و دەوڵەتی بورژوازی عێراق.

لێرەدا خاڵێک گرنگە کە دەبێ وەک کۆمۆنیستەکان کاری لەسەر بکەین، ئەویش ئەوەیە کە ئەم بزوتنەوە سیاسیە کرێکاری و جەماوەریە پێویستی بە یەکگرتوکردنی هەر ئێستای هەموو حزب و گروپ و ڕیکخراوە کرێکاری و کۆمۆنیستیەکانە.

ئەم شۆڕش و شەڕە چینایەتیە پێویستی بە یەکگرتوبونی تەواوی چینی کرێکار و هێزە شۆڕشگێڕیەکەیەتی، تاکو بتوانێ لەم شەڕی شەقامانەدا بتوانێ بەهێزی ملێونی خۆی بەرامبەر بە هێزی چەکدار و سەرکوتگەری حکومەت بەرگری بکا و سەنگەر و مەتاریسی شەقامەکانی دامەزرێنێ.

کۆمۆنیستەکان و کرێکارانی شۆڕشگێڕ و گروپ و ڕێکخراوەکانیان دەبێ ئەو پرسیارە بکەن کە ڕۆڵی ڕابەرایەتی و شۆڕشگێڕانەی ئەوان لە کوێی ئەم شۆڕشە جەماوەریەداو وەستاوە؟

هەرئێستا چاودێرە جیهانیەکانیش ئەوە دەبینن کە ئەم شۆڕشە لە کاتێکدا کە دەیەوێت دەسەڵاتی هاری سەرمایەداری لە عێراق بڕوخێنیت، بەڵام خۆی ئاسۆیەکی ڕۆشنی نییە بۆ شێوەی دەسەڵاتی داهاتوو چۆنێتی ریکخستنی، وە هێشتا خاوەنی ستراتیجیەکی درێژ خایەن نییە بۆ بە سەرکەوتن گەیاندنی ئەم شۆڕشەی. ئا لێرەدایە کە دەوری کۆمۆنیستەکان گرنگی تایبەتی خۆی هەیە و دەبێت بپرسن کە ئایا چۆن دەتوانن ئەم هێزە ملیۆنیەی چینەکەیان یەکگرتوو و ڕێکخراوبکەن و بەرەو سەرکەوتنی بەرن؟ ئەگەر ئەم بەشە ڕوناکبیر و پێشڕەوە کۆمۆنیستییە خۆی پەرژو بڵاوبێ و هێشتا لە قاوغی سێکتاریستی و گروپی خۆیدا بێ، چۆن جەماوەری کرێکاران متمانەیان پێ دەکەن و گوێدەگرن لە دروشم و بانگەوازی کۆمۆنیستیانەی ئەم بەشە وشیار و دەستپێشکەرە؟ بۆیە دەبێت هەرئێستا کۆتایی بەم بەش و بەشی و پەرتەوازەیی و دوور لەیەک کار کردن و پێشبڕکێی ڕیكخراوەکانیان بێنن.

ئەمڕۆ لە ڕاپەڕین و خۆپیشاندانەکانی عیراقدا پێیوستە هەمومان دەست بەرین بۆ نەریتی یەکگرتوکردنی ڕیزی کۆمۆنیست و کرێکاران و خەڵکی شۆڕشگێڕ و ڕیزێکی بەرین و بەهێز لەو گروپ و حزب و ڕێکخراوانە پێک بێت کە خوازیاری گەشەپێدانی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستای خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشێ عیراقن بەرەو سەپاندنی خواستەکان و دەسەڵاتی جەماوەری ڕاپەڕیو.
شۆڕش نەک هەر کرێکاران، بەڵکو کۆمۆنیستەکانیش دەگۆڕێت. کۆمۆنیستەکان کاتێک دەتوانن چینی کرێکار و خەڵکی شۆڕشگێڕ یەکگرتوو بکەن کە خۆیان لە مەیدانی یەکگرتوبونی بزوتنەوەی سیاسی کرێکاراندا پێشڕەوی بکەن و سنورە سێکتاریستیەکانی خۆیان بگۆڕن بۆ سنوری بزوتنەوەیەکی سیاسی و چینایەتی کە زۆرینەی کرێکاران بگرێتە خۆی و ببنە هێزێکی سیاسی دژی دەسەڵاتی سەرمایەدارانی عێراق.

بۆپێشەوە: ئێوە لەگەڵ ژمارەیەک نووسەر و رۆژنامەنووس و کەسایەتی سیاسی و هەڵسوراوی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان لە رێگای راگەیاندنێکەوە، کەمپەینی پشتیوانی خەڵکی کوردستان بۆ خۆپیشاندانەکانی عێراق دەربڕی، ئامانج لەو پشتیوانی و کەمپەینە چییە؟ وەدەتوانێت چ کاریگەریەکی لەسەر ئایندەی خۆپیشاندانەکان هەبێت؟

ئاسۆکمال: ئەمە پەیامی پشتیوانی ئێمە وەک کەسانی ئەنتەرناسیونالیست و بەشێک لە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش کە هاوچارەنوسین لە عێراقدا. ئێمە خواستی باشترکردنی ژیانی کرێکاران و هەژارانی عێراق و شەڕی ئەوان دژی دەسەڵاتدارانی گەندەڵ و سەرکوتگەری عێراق بە خەباتی ئەنتەرناسیونالی هاوبەشی خۆمان دەزانین.

دەسەڵاتدارانی کوردستان لەترسی ئەوەی جارێکی تر خەڵکی کوردستان لەدژیان ڕانەپەڕێ وانیشانی دەدەن کە ئەم گۆڕانکاریانەی عێراق بە قازانجی خەڵکی کورد نابێ. بەپێچەوانەوە ئێمە پێمان وایە خەباتی خەڵکی عێراق دژی گەندەڵی و سەرکوتی میلیشیایی، دژی بەرژەوەندی هەموو ئەو هێزە بورژوازیانەیە بە کورد و عەرەب و شیعە و سونەوە، کە چەندین ساڵە سەرجەم خەڵکی عێراق دەچەوسێننەوە. هەربۆیە سەرکەوتنی خەباتی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی  عێراق پشتیوانیەک دەبێ بۆ سەرکەوتنی خەباتی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستانیش بۆ ڕزگاربوون لەم دەسەڵاتە گەندەڵ و میلیشیاییەی کوردستان کە شەریکی دەسەڵاتدارانی گەندەڵ و سەرکوتگەری عێراقە.

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *