دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ عەمار شەریف و خەندە ڕەشاد …

دۆسیەی ژمارە” خۆپیشاندانەکانی عێراق و ئایندەی سیاسی”

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ عەمار شەریف ئەندامی“ کۆمیتەی ناڕەزایەتیەکانی ئۆکتۆبەر سەبارەت بە بەخۆپیشاندانەکانی شارەکانی عێراق و ئایندەی سیاسی ئەو وڵاتە

بۆپێشەوە: چ لێکچوونێک لەنێوان خۆپیشاندانەکانی چیلی ولوبنان و ئیران، لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی عێراقدا هەیە؟

عمار شریف: خۆپیشاندانەکانی عێراق و لوبنان و ئیران خاڵی هاوبەشی خۆیان هەیە بەهۆی تەئسیراتی سیاسی وکۆمەڵایەتی وئابووری لە نیوان ئەو سێ وڵاتەدا. هەر سێ وڵاتەکە لە یەک ناوچەدان کە بەشێک لە گیروگرفتەکانی بەستراوەتەوە بەیەک. ئەوانەش وەکو ئیستقتابات ناوچەیی ونیو دەوڵەتی، بەتایبەت نێوان ئیران و عەرەبستان سعودی و تورکیا وشوێنە گەرمەکانی شەڕی وەکالەتی هێزەکانی سەربەخۆیاندا. شاید ئەم واقیعیاتانە فاکتەری ئەسڵی نارەزایەتیەکانی ئێستای خەڵک نین، بەڵام بوعدێکی تر ئەخاتە سەر کێشمەکێشی خەڵکی نارازی ودەسەڵات لەم وڵاتانەدا.

هۆیەکانی ئەسڵی بزووتنەوەی نارەزایەتی لە ئاستی ناوچەکە: بێکاری فراوان وهەژاری وگەندڵی بێ وێنەی چینی دەسەڵاتدار وبێ مافی وفەزای ئیستبداد وکۆنەپەرستی سەپێنراوە لەلایەن ئیسلامی سیاسیەوە. خەڵک هەست ئەکات کەمترین دەخالەتی هەیە کە بتوانی ئاڵوگۆرێکی بچوک بکات بەرەو باشکردنی هەڵومەرجی ژیان وگوزەرانی وبەدیهێنانی مافەکانیان.

بێجگەلە فاکتەری ئیسلامی سیاسی ئەوانی تر کە لە سەرەوە باس کران دروستن بۆ هاتنە مەیدانی خەڵکی مەحرومی چیلی بۆ دیفاع کردن لە مافی خۆیان بۆ خۆشگوزەرانی و شەریک بوون لە سەروەت وسامانی کۆمەڵگە. سیاسەتی نیو لیبرالیزم بووەتە بنەمای ئارایشکردنی سیستمی سەرمایەداری لە وڵاتانی (حاشیەیی) لە ئابووری جیهانیدا. سیاسەتێک کە زلهێزەکانی سەرمایەداری فەرزی کردوە وئەیکات لە رێگەی فشاری دەزگای دارایی نێودەوڵەتی وەکو بانکی دراوی نێو دەوڵەتی و سندوقی دراوی نێو دەوڵەتی. ئەنجامی ئەو سیاسەتە بێکاری وهەژاری ودەست هەڵگرتنی دەسەڵات لە مەسئوولیەتی خۆی بەرانبەر بە کۆمەڵگە. بۆ ئیرانیش سیاسەتی رژێم بۆ بەعەسکەریکردنی ئابووری وڵات وبەرنامەی ئۆتۆمی وخەرجکردنی ئیمکاناتی زۆر لە دەخاڵەتکردنی لە لوبنان وسوریا و عێراق ویەمەن. دواتر کەوتنی ژێر سیاسەتی نائینسانی ئابڵووقەی ئابووری لە لایەن ئەمریکا. ئەم وەزعە وای کرد کە رژێم هەموو ئەو فشارانە تەحمیل کردوە بەسەر خەڵکی ئیران کە رووبەروو بووە لەگەڵ کێشەی هەژاری ومەحرومیەتێکی بەرفراوان.

سیمای هاوبەشی خەباتی خەڵکی ئەو وڵاتانە ئەم جارە ئەوەیە کە دەسەڵات وسیستمی سیاسی حاکمی کردە ئامانجی نەفرەتی خۆی، وچارەسەری کێشەکانی هەژاری وبێکاری وبێ مافی لە رێگەی دەخالەت و بەگەرخستنی ئیرادە وهێزی نارەزایەتی خۆی. خەسڵەتی روونی چینایەتی ئەم بزووتنەوەیە خۆی نیشان داوە لە دەست پێکردنێک بەرەو چوونە پێشی رادیکالیزمی کۆمەڵگەدا.

بۆپێشەوە: دەسەڵاتی سیاسی لە عێراقدا، بە توندوتیژی وەڵام بە داخوازی خۆپیشاندەران دەداتەوە، کە تا ئیستا بە سەدان کەس کوژراون و بەهەزارانیش بریندار بوون. هۆکاری دەستبردنی دەسەڵات بۆ توندوتیژی وسەرکوت چۆن دەبینن؟

عمار شریف: خەڵکی عێراق بەدرێژایی ئەم دەیەی ئەخیر نارەزایەتی خۆی دەربڕی بە شێوازی جۆراوجۆر، بە مانگرتن و خۆپیشاندان، بە خەباتی سیاسی و فیکری، و دەیان قوربانی ژن وپیاوی داوە بە تەقەکردن وچەقۆ لێدان لە خۆپیشاندەران وتیرۆرکردن و رفاندن و بێسەروشوێنکردنی هەڵسوراوان و ژۆرنالیست لەلایەن دەسەڵات و هێزەکانی حیزبی وملیشیایی. هەموو ئەو توندوتیژییە پیشووتر بەکار هاتووە لە کاتێکدا ئاستی داخوازیەکان نەدەگەیشتە ئاستی ئەم جارە.

لەم ساڵەدا دەیان خۆپیشاندان ومانگرتن کراوە لەلایەن کرێکاران وبێکاران و کاسبکاران و دەرچووانی زانکۆ و هەڵگری بروانامەی ماستەر ودکتۆرا کە بێکارن، و خەڵکی ئاوارە و بێ خانەولانە … تاد، هەر هەموویان لەجیاتی وەڵام وەرگرتنەوە بە سەرکوت لەلایەن حکومەت جواب درایەوە. خەڵک تووشی بێ ئومیدی بە ریفۆرم بووە. بۆیە شەپۆلی بەرفراوانی نارەزایەتی ئوکتۆبەر لە بەغدا وشارەکانی جنوبدا، کە تا ئێستا بەردەوامە، دەرەجەیەکی بەرز لە سەقفی داخوازیەکانی بەخۆیەوە بینیووە. هەر لە دەست پێکردنی رایگەیاند کە هەموو سیستمی گەندەڵ بە حکومەت، وپەرلەمان، ودەزگای دادپەروەری، وکۆمسیونی هەڵبژاردن، و ئەحزابی بەشدار لە دەسەڵات لە خیلالی شانزە ساڵی رابردوو، وە ملیشیا، دەبێ بروات.

حکومەت و ئەحزاب، بەتایبەت ئەوانەی کە باڵا دەستن لە کابینەی عادل عبدالمهدی وبەسەر ئیرانن، هەستیان کرد کە ئەم حەرەکەتە ئەیەوێ سەرجەم دەسەڵاتیان بپێچێتەوە. بۆیە هەر لە یەکەم ڕۆژ دەستیان برد بۆ چەک و بێرەحەمانە خۆپیشاندەری بێ دیفاعیان خەڵتانی خوێنی کرد و سەدان کوژراو و زیاتر لە شانزە هەزار برینداری لێکەوتەوە. دەسەڵاتداران لە لایەک نەیانویست پاشەکشە بکەن لە بەرانبەر خەڵکدا، چونکە ئەزانن درەنگە، لە لایەکی تر ئەم حەرەکەتە بە راگەیاندنی شەڕ لە کوللی وجوودی خۆیان ئەبینن.

بۆپیشەوە: سەرکەوتنی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری وخۆپیشاندانەکانی عێراق لە گرەوی چیدایە؟

عمار شریف: بزوتنەوەی جەماوەری ئەم جارە داوا ئەکات سەرجەم دەزگای دەسەڵات بڕوات، بەڵام بەدیلێک کە زاڵە لە ناویدا حکومەتی ئینتقالی وهەڵبژاردنی پەرلەمانی تازەیە. پرسیار ئەوەیە کە کێ ئەمە جێبەجێ بکات؟ چاوەڕێ ئەکەن کەسی تر یان (UN) بیکات. مەگەر ئەو دەزگایە بە دەست ئەمریکا وڵاتانی ڕۆژئاواوە نییە؟ ئەوانەش پیشووتر لە ڕێ حسابی قازانجی خۆیان پەرەدان بەنفوزیان عێراقیا دابەش کرد لەبەینی خۆیان وڵاتانی ناوچەکە و دۆزەخێکیان دروست کرد لە شەڕی تایفی وقەومی وکۆمەڵگەیەکی بێ ماف. من ئەزانم تەوازنی هێز هەندی حاڵەت وا فەرز ئەکات، بەتایبەت ئەگەر جەماوەر بێ ئیرادە وخاوەنی هێزی خۆی نەبێت. بەڵام کاتێک سەدان هەزار وملیونەها خەڵک لە نەبەردێکی بێ وێنە لە مێژووی وڵاتدا و بۆ ماوەی دوو مانگ بەوپەری فیداکاری لە مەیداندا پێ داگرتوە، بۆ ئەبێت چاوەڕێ بکات.

بەرای من بۆئەوەی جەماوەری ڕاپەریو و خاوەن هێزی خۆی بێت، و بتوانێ خاوەن بەدیلی دەسەڵاتی فیعلی جەماوەر، پێویستە خەڵکی شۆرشگێری عێراق پشت ببەستێ بە ‌هێزی رێکخراوی خۆی. پێویستە هەرچی زووە خەڵک لە گەڕەک وکارگە وکۆلیج وزانکۆ ودائیرە و لەساحاتی (اعتصام) لە بەغدا و شارەکانی باشوور خۆی ڕێک بخات لە کۆمیتە وشوورای هەڵبژێردراوی خۆیان لە کۆبوونەوەی گشتی خەڵکدا. بەم شێوەیە خەڵک ئەتوانێ دەسەڵات بباتە ناوخۆی، نەک لە سەروی، ئەشتوانێ بریاردەر بێت سەبارەت بە داهاتووی وڵات. بەم شێوەیە جێبەجیکردنی مافە سەرەتاییەکان و داخوازیە هەرە دەستبەجێکان مسۆگەر ئەکرێت. جوابدانەوە بە داخوازیەکانی خەڵک وەکو فرسەتی کار یان بیمە بیکاری، مافە فەردی وشەخصیەکان، ئازادی بێ قەید وشەرتی سیاسی، یەکسانی هاوڵاتیان دوور لە دین ونەتەوە وتایفە، یەکسانی تەواوی ژن وپیاو، و دابینکردنی ئەمنیەتی خەڵک، و دادگاییکردنی بەرپرسان لە کوشتنی خۆپیشاندەران، دادگاییکردنی گەندەڵکاران، زەمانەتی سەرکەوتنی بزوتنەوەی نارەزایەتی خەڵکە. رۆیشتنی حکومەتێک وپەرلەمانێک وهاتنی یەکی تازە بێ ئەوەی پابەند بێت بەو معیارانە ناتوانین ناوی بنێن سەرکەوتن.

ئیمەش لە چوارچیوەی (لجنة احتجاجات اکتوبر) و (خەیمەی بێکاران) لە ساحەی تحریر لە بەغدا وساحەی حبوبی لە ناسریەدا، کار بۆئەوە ئەکەین بە باس وکۆبوونەوە لەگەڵ هەڵسوراوان وخۆپیشاندەران بکەین، گردبوونەوەی جەماوەری، وە تەبلیغات لە ڕێ بڵاوکراوەی (انتفاضة اکتوبر) کە بە هەزاران نوسخە دابەش ئەکرێت لە بەغدا وشارەکانی تردا.

 

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ عەمار شەریف و خەندە ڕەشاد

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ خەندە ڕەشاد چالاکوان و رۆژنامەنووس سەبارەت بە بەخۆپیشاندانەکانی شارەکانی عێراق و ئایندەی سیاسی ئەو وڵاتە

بۆپێشەوە: چ لێکچوونێک لەنێوان خۆپیشاندانەکانی چیلی ولوبنان و ئیران، لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی عێراقدا هەیە؟

خەندە ڕەشاد: لێکچوونی هەموو ئەم خۆپیشاندانەی کە ئێستا ڕوودەدەن یەک خاڵی بنەڕەتیە؛ ئەویش خەباتی چینایەتی خەڵکی خوارەوەیە دژی سستەمی سەرمایەداری و سیاسەتی برسی کردنی خەڵک لەلایەن نیولیبرالیزمەوە. هەموو ئەم خۆپیشاندان و ڕاپەرینانەی کە ئێستا ڕوودەدەن لە پشتی قەیرانە قووڵەکانی سەرمایەداریەوەیە. سەرمایەداری جیهانی هەموو کێشە و قورسایەکانی خستۆتە سەر شانی خەڵک. لەبەرئەوەی هەریەک لەم وڵاتانە هەمان سیاسەت پەیڕەو دەکرێ لە کۆکردنەوەی سامان لەدەست چینێکی کەمینە و برسیکردنی زۆرینە، بۆیە بەشێوەیەکی خۆڕسک لەهەریەک لەم وڵاتانەدا دەنگی ناڕەزایی بەرزدەبێتەوە. بێگوومان نیولیبڕالیزم کەلەسەر بنەمای هەڕاجکردنی کەرتی گشتیەوە درووستبوە لەهەر شێوێنێکی دونیا مەترسی و لێکەوتەکانی هەمان پێودانگە، بۆیە ناڕەزایتیەکانیش کەبەدوایدادێن بەهەمان شێوەدەبن.

بۆپێشەوە: دەسەڵاتی سیاسی لە عێراقدا، بە توندوتیژی وەڵام بە داخوازی خۆپیشاندەران دەداتەوە، کە تا ئیستا بە سەدان کەس کوژراون و بەهەزارانیش بریندار بوون. هۆکاری دەستبردنی دەسەڵات بۆ توندوتیژی وسەرکوت چۆن دەبینن؟

خەندە ڕەشاد:  دەسەڵاتی سیاسی کاتێک کە ڕووبەڕووی مەترسی بێتەوە، ئەوکات بە سانایی دەست بۆ سەرکووتی خەڵک دەبات. لە عێراقیشدا فۆرمی هەموو دەسەڵاتە سیاسیە بۆرژواییەکان دژ بە چینی خوارەوە مێژوویەکی خوێناوی هەیە. بڕوا ناکەم لە مێژووی سیاسی تازەی عێراقدا هیچ ئاڵوگۆڕێک بێ سەرکوت هەروا ڕووبدات. ئەم خۆپیشاندانەی عێراق خەڵک هەر بەتەنیا داوای داخوازیەکانیان ناکەن، بەڵکو داوای ڕۆیشتنی “حکومەتیش” دەکەن.هەروەها دیموکراتی لەوڵاتانی سەرمایەداریدا تا ئەوشوێنە بڕدەکا کەمەترسی نەبێ بۆمانەوەی دەسەڵاتداران لەسەر حوکم، کاتێک ئەو مەترسیە درووست بوو تاکە ڕێگە سەرکووتکردنە. ئەگەرچی لەدرووشمەکانی دەسەڵاتداراندا ئەوە بەدی دەکرێ کە ئێمە لەگەڵ داخوازی خۆپێشاندەرانین، بەڵام ئەوەتا دەیبینین ڕۆژانە دەیان خۆپێشاندەر دەکوژرێ و برینداردەکرێ، هەموو شێوازێک بەکار دەبردرێ بۆ سەرکووتکردنی.

بۆپیشەوە: سەرکەوتنی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری وخۆپیشاندانەکانی عێراق لە گرەوی چیدایە؟

خەندە ڕەشاد: باشتر بوو پرسیارەکەت بەجۆرێکی تر بکردایە کە: سەرکەوتنی ئەم بزووتنەوەیە لە گرەوی چیدایە؟ ئەوکاتە دەکرێت بە دێرێک وەلام بدرێتەوە. لە گرەوی رێکخستنی خەڵکی خوارەوە خۆی و کۆڵ نەدان.

خەندە ڕەشاد: ئەگەر خۆپێشاندەران داخوازیان ئەوە بێت کە ئەو ٣ سەرۆکایەتیە دەست لەکار بکێشیتەوە؟ ئەوا ئەکرێت بڵێی بەڵێ… بەڵام کێشەکە ٣ سەرۆکایەتی و کابینەی حکومەت و پەرلەمان نییە، دەسەڵاتی چینایەتی و کۆمەڵایەتی لە بناغەوە لەسەر شان و چەوسانەوەی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش دەسەڵاتداری دەکات. هەتا پێیان بکرێت قەیران و قورسایی ژیان دەخەنە سەر شانی خەڵکی کرێکار و دەست تەنگ. هەموو سامانی کۆمەڵگەش بۆ خۆیان. بۆیە داخوازی و کێشەکان دەبێت لەناو ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێرانەی ئەو سیستەمە کۆمەلایەتیە و هەڵتەکاندنی بناغەکەی شرۆڤە بکرێت.

بۆپێشەوە: رۆڵی چینی کرێکار و چەپ و کۆمۆنیستەکان چۆنە لە بزوتنەوەی نارەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی خەڵکی عێراقدا؟

خەندە ڕەشاد: ئەگەر قسە لەسەر ڕۆڵی حیزبە کۆمۆنیستی و چەپەکان دەکەیت، یان بەیاننامە نووسین و لە سۆشیال میدیاکانەوە خەریکی سێلفی گرتن و نیشاندانی درووشمەکانیان، و بڵاو کردنەوەی وێنەی خێمە و دانیشتنەکانیان لە گۆڕەپانی تەحریر؟ ئەوا دەکرێت بڵێین ڕۆڵیان هەبووە وەک هەموو ئەو خەڵکەی کە لەوێ کۆبوونەتەوە، بەڵام بەبڕوای من؛ هەتا ئێستا حیزبێکی کۆمۆنیستی واقیعی بوونی نییە، تا ئێمە خەریکی ئەوەبین قسە لەسەر ڕۆڵی ئەو حیزبە بکەین. سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانیش بەهۆکاری ئەوەی کە خۆڕسکن و بزووتنەوەیەکی کۆمەلایەتیە، لەو بڕوایەدام لەنێو ئەو بزووتنەوە و خۆپیشاندانانەی خەڵکدا دەکرێت بزووتنەوەیەکی ڕادیکال و سۆسیالیست سەرهەڵدات، یان وەک بزووتنەوەی خوێندکاران و خۆپیشاندانەکانی ساڵی ١٩٦٨ی پاریس لە فەرەنسا، نەوەیەک لە کۆمۆنیست و سۆسیالیستی نوێ سەرهەڵبدەن لە ناو کۆمەڵگە

بۆپێشەوە: هۆکار چییە هاوکات لەگەڵ کۆبونەوەو خۆپیشاندان لەناوەندی شارەکان، لە ناوەند کریکاریی و کارگەو گەرەکەکاندا، خۆپیشاندان و مانگرتن نییە؟

خەندە ڕەشاد: هۆکار زۆرە، لەلایەنی ئابووری چینی کرێکار و بەشی خوارەوەی کۆمەڵگە بەهۆکاری هەژاری و ژیانێکی قورس توانای خۆهۆشیارکردنەوەیان لە باری فکری و سیاسی کەمتر بۆ ڕەخساوە. دواتر لە ڕووی سیاسیەوە وەک ئەوەی پیشتر ئاماژەم پێدا، حیزبێکی پرۆلیتاریا و سۆسیالیست نییە کە بتوانێت کۆمەڵگە ببزوێنێت.

سوپاس بۆ چاو پێکەوتنەکە.

ئەم بابەتە لە بڵاوکراوەی ئۆکتۆبەری ژمارە ٦٥ی ١ی دیسەمبەری ٢٠١٩دا بڵاوکراوەتەوە

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *