کابینەی نۆهەمی حكومەت، کابینەی شکست و فریوکاری! …

عەبدوڵا مەحمود

لەم ماوەیەدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی تێپەڕبوونی سەد ڕۆژ بەسەر کاری حکومەت و کابینەکەیدا، لە وتارێکدا، باسی سەرکەوتنی کارەکانی حکومەتەکەی کرد. پاشانیش خێڵێک لە نووسەر و کەسایەتی سیاسی مۆڵەتپێدراو و میدیای ڕتوش پیشەی دەسەڵات، بە قەدوباڵای کارەکانی حکومەتدا هەڵیاندا.

سەرکەوتنی کاری هەر حکومەت و کابینەیەکی حکومی، بەوە دەپێورێت، کە چەندە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانی باشتر بووە. چەندە خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتی و تەندروستی و پەروەردەیی و تەفیهیەکان، زامن کراون. چەندە ویست و داخوازییەکانی هاوڵاتیان وەڵامیان دراوەتەوەو فەراهەم کراون. چەندە ئازادییە سیاسییەکان و مافە فەردی و مەدەنیەکان فراوانتر کراونەتەوە. چەندە بێکاری و گرانی کەم کراوەتەوە. چەندە یاساو ریسای دروست و تەندروست لە خزمەت بە هاوڵاتیان پەسەند کراون.

لەوانەش واوەتر بۆ کوردستان و ئەم هەرێمە کە دەرگیری چەندین پرسی سیاسی، حقوقی، لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، لەگەڵ حکومەتی فیدرالی عێراقە، حكومەتی هەریم چۆن مامەڵەی کردووەو چ هەنگاوێکی ناوە. لەناو هەرێمی کوردستاندا، جغرافیا و قەڵەمرەوی سیاسی هەرێم، کراوەتە دوو بەش و دوو ئیدارەو دوو زۆن، لەژێر دەسەڵاتی دوو حزبی پشتبەستوو بەزۆری هێزو چەک و دەست بەسەراگرتنی داهات و خۆبەستنەوە بەوڵاتانی ناوچەکەوە، لەو زەمینەیەدا چ کارێک بۆ حکومەتداری کراوە، تا جێگای کاری حزبی و میلیشیایی بگرێتەوە.

بەڵێ ئەگەر بەو پێودانگە ئۆبژەکتیف و واقعیەوە، تەماشای کارەکانی حکومەت و کارنامە ١٠٠ رۆژییەکەی بکەین، ماندوبوونێکی زۆری ناوێت، تا بانگەشەی بێ بنەما، ستایشی بۆش، درۆی حکومەتداری و شکستی کابینەی حکومەتەکەی نیشان بدەین.

لەم هەرێمەدا کە سەرۆک وەزیران دڵی پێ کراوەتەوە، شانازی بە کارەکانی حکومەتەکەیەوە!! دەکات، سەرەتاییترین خواست و پێداویستی کە کارەبایە، بەپێی پێویست نییە و تەنها ١٠ بۆ ١٢ سەعاتیک کارەبا هەیە. سادەترین پێداویستی تری هاوڵاتیان ئاوی پاکی خواردنەوەیە کە هێشتا خەڵکیکی زۆر لێی بێبەشن و ناچارن خەفەریاتی بۆبگرن. لەم سەرمای زستانەدا بەجیا لە بێکارەبایی، نەوت بۆ هاوڵاتیان نییەو خەڵکیك کە لەسەر دەریای نەوتن، بێبەشن لێی تاخۆیان و ماڵەکانیان پێ گەرم بکەنەوەو ئاوی گەرمیان هەبێت. رێگا و بانەکان، ڕۆژانە گیانی خەڵکی هەڵدەلوشن و ئاماری قوربانیانی نەبوونی رێگاو بانی ستاندارد و نەبوونی یاساکانی هاتوچۆ… رۆژ بەرۆژ هەڵدەکشێت. شەقامی زۆرێک لە شارو شارۆچکەکان و دیهاتەکان،… ناشایستەو نەگونجاون و بەشێکیشان هەر قیر یان چیمەنتۆش نەکراون و لەهاویندا خۆڵن پژین و لەزستاندا قوڕ و چڵپاون.

نەک ئازادی و ئازادییە سیاسیەکان و ئازادی کاری رۆژنامەگەری و مافە فەردی ومەدەنیەکان و یاساو ریسای مۆدیرن، فراوانتر نەکراونەتەوە، بەڵکو کەم رۆژ هەیە هەواڵی دەستدریژی بۆ سەر ئازادییەکان، بۆسەر کاری رۆژنامەگەری، بۆسەر هاوڵاتیان نەبیستین. زیندانەکان سیخناغن لەو گرتوانەی بەهۆی دزی بچوکەوە زیندانی کراون، بەڵام گەندەڵکاران و دزانی ئاشکرای داهاتی کوردستان، یاسا دەستی پێیان ناگات و دەسەڵات پاریزبەندیان دەکات.

لە جێگای داداگاو لێپرسینەوەی یاسایی بۆ سەر دەستدریژی کاران، تازە بە تازە، لیژنەی فتوا لەیەکێتی زانایانی!! ئیسلامیەوە، فتوا دەردەکات و ریگە لە ژنان دەگرێت کە بەتەنها سواری تەکسی نەبن، بەمەش لەلایەکەوە سوکایەتی بەژنان و بە کۆمەڵگەو خاوەن تەکسیەکان و لەلایەکی تریشەوە بە یاساو لیپرسینەوەی یاسایی و داگاکان!! دەکەن.

هیشتا بێکاری بێداد دەکات و دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان، بێکارن و وێڵی دوای کارن، کەچی نەک کار بۆ ئەوان، بەڵکو بۆ یەکەم و دووەم و سێهەمەکانیش دەستکەوتنی سەختە.

خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی وپەروەردەیی و تەندروستی، لە ئاستی هەرە نزمی خۆیاندان و ئەوانەی کە هێشتا ماون، خەریکن هەرزان فرۆشی کەرتی تایبەتی دەکرێن.

ئەگەر ئەمانەی سەرەوە گۆشەیەک لە داخوازی و ویستی زۆر سادەی هاوڵاتیان بن، وە هەلومەرجی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان و دۆخی خزمەتگوزارییەکان و مافە فەردی مەدەنیەکان و ئازادییەکان بخاتە ڕوو. ئەوا لە زەمینەی جۆری دەسەڵاتدارێتی و سیاسی و پرسی چاکسازی و پەیوەندی هەریم و بەغدا…تاد، خراپتریشە.

بەپێچەوانەی دڵخۆشی سەرۆکی حکومەتەوە، لە پەیوەندی باش لەگەڵ حکوومه‌تی فیدراڵی لە بەغدا، پەیوەندی نیوان هەریم بەغدا، پەیوەندیەکی ناسالم و ناسەقامگیرە. دۆخی تاڕادەیەک ئارامی سیاسی هەریمی کوردستان بەرهەمی بەهیزی حکومەتی هەرێم و ریکارە دروستەکانی ئەو نییە، بەڵکو بەرهەمی لاوازی حکومەت و دەوڵەتی عێراقە. کێشەی نێوان هەریم و بەغداش هەر موچەو بوودجە، نییە. تەنانەت هەر کێشەی کەرکوک و ناوچە کیشەلەسەرەکان نەوت و پیشمەرگەش نییە، بەڵکو کیشەی سیاسی و حقوقی خەڵکی کوردستانە، تا ئەو کێشەیەش بەچارەسەری کارساز نەگات، هیچ کام لە کیشەو گرفتەکانی تری نێوان بەغداو هەولێر کۆتاییان نایەت.

دەسەڵاتی سیاسی هەریم لەپەیوەند بەبەغداوە رۆڵی ئەمین سندوقی دەگێڕیت، و چەقی ململانێی نیوان دەسەڵاتی سیاسی هەرێم لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەند و بەغدا لەسەر بودجە و بری بودجەیە. هەر کاتێک بوودجە لە بەغداوە کێشەی تێکەوت و دواکەوت و یان ناردنی ڕاگیرا، حكومەت لەهەریمی کوردستاندا دەستی دەبەستریت و هاوڵاتیان و فەرمانبەران بی موچە دەبن.

لەوانەش واوەتر… دۆخی سیاسی هەریمی کوردستان، بەهۆی نەبوونی پایەکانی راگیرکردنی حکومەتداریی و نەبوونی قەوارەیەکی دەوڵەتی و تەنانەت پەیوەندیەکی یەکلایی بوەوەی سیاسی و رۆشنی حقوقی لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی ناوچەکەوە هێندە شلۆق و لەرزۆکە، بچوکترین تەکانی سیاسی، ڕوداوی لەناکاو، دەتوانن بەسەریەکیدا بروخێنن. هێرشێکی لەناکاوی لەجۆری هێزیکی وەکو داعش بۆسەر کوردستان، هەرەشەی سوپای عیراق و وڵاتێکی ناوچەکە، هەلومەرجی سیاسی کوردستان دەکاتەوە بەسفر. بەو هۆیەشەوە دەسەڵاتی سیاسی هەرێم هیچی بەرجەستەی بۆ هاوڵاتیان زامن نەکردووە، زوربەی هەرەزۆری کۆمەڵگە ئەو دەسەڵاتە، بەدەسەڵاتێکی دز سەرکوتگەر کۆنەپەرست دەزانن و هەراسانن بەدەستیەوە، بۆیە ئیرادەی بەرگری جەماوەریش هێندە لاوازە، کە هەر ئاڵوگۆرێک هەلومەرجی سیاسی کوردستان بەسەریەکدا دادەرمێنێ.

پەیوەندی هەریم لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەش، بەهیچ پێوەرێک هاوسەنگ نییە. وڵاتانی ناوچەکە لەوانەش ئیران و تورکیا، هێندەی بەچاوی تەماح و دەستێوەردان و تەنانەت خاوەن ماڵ لەهەریم دەڕوانن، نیو ئەوەندە دەسەڵاتی هەریم بە فەرمی ناناسن و مایەی لەسەر دانانێن. دەستێوەردانی بەردوامیان، تا بوونی سوپاو بارەگاکانیان، نیشانەی سوکایەتییە بە دەسەڵاتی هەرێم و بەرەسمی نەناسینی ئیرادەی سیاسی خەڵکی کوردستانیشە.

بەکورتی حکومەت لەگەڵ بەغداو وڵاتانی ناوچەکەش، هیچ سەرکەوتن و پێشرەویەکی نەکردووە تا جێگای پیا هەڵدان و ستایش بێت.

لەسەر ئاستی بانگەشەی چاکسازی و وەستانەوە بەرووی گەندەڵیدا، بەهەمان شێوە حکومەت وەکو کابینەکانی پێشووی خۆی، نەک پێشرەوی نەکردووە، بەڵکو بۆتە تەواوکەرو درێژەپێدەری لێدانەوەی هەمان قاوانی پێشووی پڕ بەڵێن و بەکردەوەش وەستانەوە بەرووی چاکسازی واقعیدا.

چاکسازی لە واقعیەتی سیاسی و حکومداری هەرێم و شێوە دەسەڵاتدارێتی حزبی و میلیشیاییدا، لەلایەن خودی هیزە دەسەڵاتدارەکانەوە لە مەحاڵ نزیکە. یەکێک لەپایەکانی مانەوەی دەسەڵاتی حزبی و میلیشیایی، دەست بەسەراگرتنی سەرچاوەکانی داهات و سامان و پشت بەستنە بەهیزی چەکداری بان یاسایی و بان حکومیەوە. دەستبردن بۆ چاکسازی ریشەیی و لە پشیانەوە بۆ سیکتەری نەوت و سامان، هەروەها بۆ یەکخستنی هیزی چەکدار و دەزگا هەواڵگریی و ئەمنیەکان، بەمانای داروخان و رمانی دەسەڵاتیان دێت. بۆیە بەدریژایی هەشت کابینەی پێشوو، وە لەماوەی نزیک بە ٣٠ ساڵدا، دەسەڵاتی سیاسی نەیتوانیووە بەجدی دەست بۆ ئەو دوو سیکتەرە ببات. دوو هیزی پیشمەرگە، دوو ئاسایش، دوو پۆلیس، دوو زۆن، دوو ئیدارەی جیاواز، بەشی داهات و سامان بۆ دوو بەش بەپێی قەڵەمرەوی جغرافیای سیاسی، پشت بەستن بەدوو وڵاتی ناوچەیی جیاواز، باڵادەستی حزبی بەسەر دامەزراوە روکەشە حکومیەکانداهێندە واقعیەتیکی بەرجەستەو حاشاهەڵنەگرە، کە بەڵگە هینانەوەی زۆری ناوێت. کابینەی نۆهەمی حکومەتیش لەو راستایەدا شکستەکەی رۆشنە و بانگەشەی سەرۆکی حکومەت بۆ پێشرەوی لەو زەمینەیەدا، فریوکاریەکی ئاشکراییە بۆ خۆڵ کردنە چاوی جەماوەری خەڵکی کوردستانەوە.

بێگومان ئەگەر بڕیار بێت چاکسازییەک بکرێت، لەپێش هەموو شتیکەوە دەبێ لەسەرەوە دەست پێبکات، وەدەبێ لە سیکتەری نەوت و داهاتەکان، لە زەمینەی پیشمەرگەو هێزی چەکدار، وە لەئاستی باڵای حکومەت و پەرلەمانی حزبیدا دەستی بۆ ببرێت. موچەی وەزیر و گزیرەکان، ئەندام پەرلەمان و بەرێوەبەرە گشتیەکان وئیمتیازەکانیان، دەبێ کەم بکرێتەوە بۆ ئاستی موچەی کریکارێکی ماهیر، یان موچە خۆرێکی خاوەن ئەزموون، یان بکرێتە هیندە و نیوو یان دوو ئەوەندەی موچەی کارمەند و موچەخویكی ئاسایی… وەختێک دەسەڵاتی سیاسی و کابینە یەک لەدوای یەکەکان دەست بۆ ئەو موچە مۆڵە ناهاوسەنگەی وەزیرەکان و ئەندام پەرلەمانەکان لەگەڵ باقی موچەخۆران و کریی مانگانەی کریکاراندا نابەن و کەمی ناکەنەوە… باسی چاکسازی و دادی کۆمەڵایەتی، هێندە درۆیەکی ئاشکرایە… تەنها وەزیرەکان و ئەندام پەرلەمانەکان، خێڵی تەسەلیان دەتوانن شانازی بەو درۆیانەیانەوە بکەن.

 باسی زیادکردنی داهاتی ناوخۆ. لەسەر حسابی داتەکاندنی گیرفانی هاوڵاتیان، لەسەر حسابی داسەپاندنی باج لەسەر هاوڵاتیان و کارو کاسبیان، لەسەر حسابی شان خاڵیکردنەوە لە دابینکردنی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتیەکان، لەسەر  حسابی بەتایبەتی کردن… نەک جێگای شانازیی نییە، بەڵکو هێندە مایەی شەرمە، تەنها شایستەی دزانی حزبی و میلیشیایی و ئۆپۆزیسیۆنیکی بودەڵەی وەکو ئیسلامیەکان و حزبی گۆڕانە، بۆ گۆڕانکاریی!!.

باس لە برینی موچەی خانەنشیینی، وەزیر و ئەندام پەرلەمانەکانی پێشوو لە کاتێکدا دەکرێت، کە ئەو ڕیزە لە خانەنشینان، زوربەی هەرە زۆریان لە جێگایەکی تر وەزیفەیەکی تریان پێبەخشراوە، بۆ ئەوەی تا دنیا هەیە ژیانی فیرعەونی بۆ خۆیان و نەوەکانیان لەسەر حسابی ئۆردوی هەژاران و برسییەکان، دابمەزرێنن.

باسی لیپرسینەوەی یاسایی لەگەندەڵکاران دەکەن، لە کاتێکدا وا نزیک بە ٣٠ ساڵە، یەک بەرپرسی حزبی و یەک سەرمایەدار و یەک کوڕی بنەماڵە… دەستی یاسای پێیان نەگەیشتووە و ناگات و ناگات و دیسانیش ناگات.

دەبێ بپرسین، جەنابانی حکومەت و حزبی دەسەڵاتدار و بەشدار لەدەسەڵاتی حزبۆکراتی و میلیشیایی، کام بەرپرسی حکومی و حزبی، لەسەر دەستبەسەراگرتنی زەوی گشتی توشی لێپێچینەوە بووە؟ لەسەر بازرگانی لەگەڵ داعش، دادگایی کرا؟ کێ لەسەر بازرگانی نایاسایی بەدەرمان و جگەرەوە توشی لێپێچینەوە بووە؟ کێ لەسەر خراپ بەکارهینانی دەسەڵات لە گوڵ کاڵتری پێ وتراوە؟ کێ لەسەر بازرگانی چەک دەستگیر کراوە؟ کێ لەسەر دزینی نەوت و دەستبەسەراگرتنی کیڵگە نەوتییەکان بانگی دادگا کراوە؟ ریزی تانکەری نەوت هەڵگر کێ خاوەنیانە و کوا لێپرسینەوە؟ کێ لەسەر خۆدزینەوە لە باج دان سزا دراوە؟ کێ لەسەر دانانی خاڵی گومرگی و سەرانەسەندن، لە زیندانە؟  فەرموون پیمان بڵێن و بیخەنە روو یەک بەرپرسی دەسترۆشتوی حزب و بنەماڵە و لە ٣٠ ساڵی رابردوودا دادگایی کرابێت و یاسا دەستی پێی گەیشتبێت؟ فەرموون پێمان بڵێن کێ بانگ کراوە بۆ لێپرسینەوە لەو سامان و سەرەوەتەی خەیاڵیەی بەسەریەکیەوە ناوە؟

    سەرۆکی حکومەت، و خێڵی موچەخۆری دەوروبەری، نووسەرو رۆژنامەنووس و میدیای لەسەر درۆ ڕاهێنراو، هیچ کام لەو راستیە سادانەی سەرەوە نابینن و نابیستن، بۆیە باسی خزمەتی حکومەت و دەستکەوتەکانی بۆ هاوڵاتیان دەکەن. بەڵام واقعیەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و هەلومەرجی ژیانی هاوڵاتیان، بەڵگەی حاشا هەڵنەگرە، کە دەستپێکی کابینەی نۆهەمیش، دەستپێکی شکست و هەڵخەڵەتاندنی جەماوەرە… جەماوەری خەڵکی کوردستانیش بە کارنامەی رابردوو وە کارنامەی کابینەی نۆهەمیش، ئاشنایە و فریوی بانگەشە و دەسەڵاتی ئەزمونکراو ناخوات.

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …