دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ تۆما حەمید کادیری حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی عێراق…

بۆپێشەوە: لەسەرەتای مانگی ئۆکتۆبەرەوە، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی جەماوەری بەشیکی زۆری شارەکانی عێراقی گرتۆتەوە، هۆکاری ئەم خۆپیشاندانە چییە؟ ئایا پەیوەندی بە ململانێی حزب و میلیشیا سیاسیەکانەوە هەیە، یان ڕیشەی لە گرانی و بێکاری و گەندەڵی و نەبوونی و دەستێوەردانی دەرەکی دایە؟

تۆما حەمید: سەرەڕای بانگەوازەکانی سەرەتای ناڕەزایەتییەکان، بڕوام وانییە کە کەسێک لە ئێستادا بڕاوی وابێت کە ناڕەزایەتیەکان بەشێک بێت لە کێشەی نێوان هێزە سیاسی و ملیشیاکان. ناڕەزایەتییەکان دژ هەموو هێزە بەشداربووەکانە لە دەسەڵات، بەئەوانەشەوە کە سەر بە ئێران یا سەر بە ئەمەریکان، بەگشتی دژ بە هەموو عەمەلیەی سیاسین لە عێراق. بانگەوازی یەکەمی ناڕەزایەتیەکان لەلایەن هەندێک چالاکوانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە بوو لەگەڵ عەشیرەتی عبدالوهاب الساعدی (پلەدارێکی سەربازی بوو) کە حکومەت لە کارەکەی دووریخستەوە، هەروەها هەندێک لایەنی دیکە. بەڵام هێزی سەر بە ئێران لەناو دەسەڵاتدا ترسی گەورەیان هەبوو، کە ڕەوتی سەدر-عەبادی(سەربە ئەمەریکا) لە پشتی ئەو ناڕەزایەتیانەوە بن. ترسێک هەبوو لەگەڵ ڕایەکی بەهێز کە دەیانەوێت گۆڕانکاریەکی سیاسی ڕێکخەن لە بەرژەوەندی ئەمەریکا بێت، ئەویش بەیارمەتی ئەمەریکا و سعودیە و وڵاتانی تری ناوچەکە. هەربۆیە توندوتیژی و سەرکوتێکی زۆر بێ پاساویان لەدژی خۆپیشاندەران بەکارهێنا. ئەم سەرکوتکردنە ئەو (دارحەیزەرانەیە) کە باسی دەکەم، و بووە هۆکاری پاڵپێوەنانی سەدان هەزار کەس بۆ ڕژانە سەر شەقام و دەسەڵاتی ناچارکرد بەبەکارهێنانی توندوتیژی زۆر، ئەمەش بووە هۆی سووربوونی خۆپیشاندەران و پەرەسەندنی هەلومەرجەکە تا گەیشتن بەدۆخی ئەمڕۆ، بەجۆرێک خۆپیشاندەران جگە لە لابردنی دەسەڵات ڕێگەچارەی دیکە نابینن. سەرەڕای بانگەوازەکانی سەرەتای دەستپێکردنی ناڕەزایەتی ملیۆنی، ئەم ناڕەزایەتیانە دژ بە هەژاری و بێبەشی و بێکاری گەندەڵی دزی بژێوی جەماوەر بەڕۆژی ڕووناک و لە پێناو خزمەتگوزاری ئەمان و ئازادی. ئەوەش زیاد بکەین، کە جیاوازیەکی ئاشکرا لە نێوان شارستانیەتی کۆمەڵگە، بەتایبەت نەوەی نوێ و لە نێوان دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی و شێوە ژیان و هەموو ئەو ئاکارانەی هێزەکانی ئیسلامی شیعی سەپاندوویەتی بەسەر کۆمەڵگەدا، ئەوەش بەشێکە لە بنەماکانی دەسەڵاتی ئەو حزبانە.

بۆپێشەوە: لەژێر گوشاری ڕاپەرین و خرۆشانی جەماوەری عێراقدا، عادل عەبدول مەهدی ناچاربوو دەست لەکاربکێشێتەوە، تا چەندە لاتان وایە دەست لەکارکێشانەوەی عادل عەبدول مەهدی دەتوانێت، کۆتایی بە خۆپیشاندانەکان بهێنێت؟

تۆما حەمید: پێش هەموو شتێک؛ زۆر گرنگە بڵێم وەک ئەوەی لە پرسیارەکەتان هاتووە کە سەرۆک وەزیرانی عێراق عادل عبدالمهدی لەژێر فشاری ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی عێراق دەستی لەکارکێشایەوە، نەوەک لە وەڵام بە داواکاری مەرجەعی شیعە، کە خۆی و هێزەکانی دەسەڵات و ڕاگەیاندنەکان دەڵێن.

بەڕای من ئەو دەست لەکارکێشانەوەیە ناڕەزایەتییەکان کۆتایی پێناهێنێت، نەک هەر ئەوە، بەڵکو دەبێتە هۆی بەهێزکردنی. جەماوەری ناڕازی و ڕابەر و چالاکوانانی لە عێراق ئاستێکی باڵایان هەیە لە هۆشیاری سەبارەت بە دەسەڵات و دارودەستە و گەمەکانیان. ئەوان زۆر چاک دەزانن کە بەبێ پاکردنەوەی هەموو هێزە بەشداربووەکانی دەسەڵات و ملیشیاکان بەشێوەیەکی گشتی هیچ گۆڕانکاریەک نایەتەدی. ئەم پرسە زۆر بەڕوونی لە شیعارەکانیان بەبەردەوامی دەیڵینەوە و دەردەکەوێت وەک (هەمووتان یانی هەمووتان) بەمانای ئامانج لێی گۆڕانی تەواوی دەسەڵاتە، نەک کەسانێکی دیاریکراو یان ڕوودانی چاکسازی دیاریکراو لەلایەن دەسەڵاتی ئێستاوە. لەلایەکی دیکەوە؛ دەست لەکارکێشانەوەی عادل عەبدوالمهدی بڕوابوونی جەماوەر بەخۆیان زیادی کرد، و دەرک کردنیان بە توانای گۆڕانکاریەکان زیادی کرد. ئەم دەست لەکارکێشانەوەیە بەڵگەیەکی دیارە کە دەسەڵات بەهەموو هێز و ملیشیاو مەرجەعیەتەوە لەژێر فشاردان، و دەیانەوێت هێزی جەماوەری ملیۆنی بێهێز بکەن.

بۆپێشەوە: تا ڕادەیەک وا دێتە بەرچاو کە خۆپیشاندانەکانی عێراق بەرەو خامۆش بوونەوە دەچن…. تا چەندە لاتان وایە کە خۆپیشاندانەکان لە کاتی تردا و بەهێزی زیاترەوە دێنەوە مەیدان؟

تۆما حەمید: تاوەکو ئێستا هیچ بەڵگەیەک نابیندرێت کە ئەم ناڕەزایەتیانە سنووردار ببنەوە و بپووکێنەوە، هەرچەندە ئەمەش ڕەنگە ڕووبدات، بەڵام بەپێچەوانەوە هەموو ڕووداوەکانی ئەم ڕۆژانەی دوایی، بەڵگەی بەردەوام بوونیان تێدایە بە هەمان هێز و قەبارەوە، تەنانەت لە هەڵکشاندایە. بەدڵنیاییەوە ڕۆژ هەیە کە ناڕەزایەتیەکان لە کزیدان، و بەژمارەی کەمتر لەڕۆژانی تر، ئەمەش شتێکی ئاساییە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ناڕەزایەتیەکان بەهێزەوە بەردەوامن تاوەکو ئێستا. بەدڵنیاییەوە حکومەت دەیەوێت سوود لەکات وەرگرێت و کاتەکە درێژ بکاتەوە و ماندوویان بکات، ئەمەش دەبێتە هۆی ماندووکردنی و بێ ئومێدی خۆپیشاندەران و ناردنەوەیان بۆ ماڵەوە، ئەمەش ئەگەرێکی ترە. بەڵام؛ لەلایەکی دیکەوە، توڕەیی لە دەسەڵات و لە ئیسلامی سیاسی شیعی  گەیشتۆتە (پلەی کوڵان) ئەوپەڕی. هەروەها هەستکرد بە هاتنی سەرکەوتن لای خۆپیشاندەران دروست بووە. تەنانەت جەماوەری ناڕازی هۆشیارە لەو ڕاستیەی کە دۆڕان و شکست لەو جەنگە لەگەڵ هێزەکانی دەسەڵات، چارەنووسی وێرانکەری دەبێت لەسەر ئومێد و ڕێکخستنی بزووتنەوەیەک بەو قەبارەیە لە داهاتوو. هەروەها پاشەکشە دەبێتە هۆی بەهێزتر بوونی هێزی ئیسلامی سیاسی و ملیشیاکانیان، و متمانەی زیاتر بە توانای سەرکوتکردنی ناڕەزایەتیە جەماوەرییەکان لە داهاتوودا. بەڕای من؛ ناڕەزایەتیەکان بەم شێوەیەی ئێستای ناتوانێت تا هەتایە بەردەوام بێت!. ئەو کەموکوڕیەی کە دەبێت تێپەڕێنێت، ئەوەیە کە دەبێ چینی کرێکار بەشداری بکات، چونکە ئەو چینە کاریگەری لەسەر ژیانی ئابووری و بزووتنەوەی کۆمەڵگە هەیە تاوەکو ئێستا. ناڕەزایەتیەکانی مەیدانە گشتییەکان کە حوسنی موبارەکی ڕووخاند، لەپێشدا زنجیرەیەک مانگرتن و دەستبەسەراگرتنی فراوانی کارگە و شوێنی کاری بەخۆوە بینی. تاوەکو ئێستا شتێکی بەو قەبارەیەمان لە عێراقدا نەدیوە. زوربەی بەشداربووانی خۆپیشاندانەکانی عێراق بریتین لە کرێکارانی بێکار و زەحمەتکێشان لەپاڵ خوێندکاران. بانگەوازی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق  بۆ چینی کرێکار و مانگرتن و ڕاگرتنی ژیانی ئابووری، بەتایبەت کەرتە گرنگەکان، وەک کەرتی نەوت، سەرچاوەی لەم ڕاستیە وەرگرتووە. تاوەکو ئێستا دەسەڵات دەتوانێت بەردەوام بێت و لەژێر فشاری زۆری ناڕەزایەتیەکان بێت، سەرەڕای بەردەوامبوونی بۆ پتر لە ٣ مانگ.

بۆپێشەوە: خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی جەماوەری بەبێ ڕێکخراوبوون، پەرچەمی ڕۆشنی سیاسی، بوونی حزبی چینی کرێکاران و بێبەشان، شانسی گەیشتن بە مەنزڵی کەمە، لەو بارەیەوە دەڵێن چی؟

تۆما حەمید: گرێی بنەڕەتی ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتیە ملیۆنییە، و ڕێگری سەرەکی لەپێش ڕوودانی گۆرانکاری بنەڕەتی لە کۆمەڵگە؛ نەبوونی ڕێکخستن و ونبوونی ئاسۆی سیاسی و نائامادەیی حزبێکە کە نوێنەرایەتی چینی کرێکار و کۆمەڵگە و بەرژەوەندیەکانی زوربەی خەڵکی چەوساوە بکات، و بتوانێت ڕابەرایەتی ئەم قۆناغە گرنگە مێژووییەی عێراق بکات. ئەگەری سەرکەوتنی ئەم بزووتنەوەیە لە ڕووخاندنی دەسەڵات، ئەگەرێکە، بەڵام کێشە لەو ئەڵتەرناتیڤەیە کە دەبێتە جێگرەوەی ئەم حکومەت و دەسەڵاتە؟ ئایا تاقیکردنەوەکانی میسر و تونس دووبارە دەبنەوە؟! ئایا جەماوەر هاوئاهەنگی لەگەڵ بۆژوازی دەکات بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی دەسەڵات؟ ئایا حکومەت دەڕووخێت و ئامادەکاری دەکرێت بۆ هەڵبژاردن، ڕەنگە لەژێر یاسایەکی نوێی هەڵبژاردندا، یان لەژێر سەرپەرشتی نێودەوڵەتی، واتە ناردنەوەی جەماوەر بۆ ماڵەکانیان و چاوەڕێکردنی هەڵبژاردن و بەتاڵکردنەوەی ڕاپەڕین لە هێزی شۆڕشگێڕی؟ زۆرترین ئەگەر، هەڵبژاردن لە بەرژەوەندی یەکێک لە هێزە بۆژوازیەکان دەبێت کە ڕەگی هەیە لە کۆمەڵگە و بەبێ دەستکەوتنی شتێکی بنەڕەتی لە بەرژەوەندی جەماوەر. ئەگەری بەهێز ئەوەیە کە ئەنجامەکانی ئەم جۆرە سیناریۆیە لەبەرژەوەدنی ڕەوتی قەومی (نیشتمانی) دەبێت، بەجۆرێک گۆڕینی حزبی بەعس، چونکە ئەم ناڕەزایەتیانە بە شێوەیەکی سەرەکی دژ بە ڕەوتی دینیە، هەروەها ڕەوتی قەومی-نیشتمانی لەناوەندەکانی ئەم خۆپیشاندانانە بەهێزە. تەنانەت لە بەرزترین و پاکترین شێوەکانی دیموکراسیدا، بۆژوازی بەهەزارو یەک ئامراز و ئەملاوئەولا، دەتوانێت ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لەبەرژەوەندی ئەو ڕەوتە بۆژوازیانەدا یەکلابکاتەوە کە بەرژەوەندیەکانی سەرمایەداری و کاری کەڵەکەی سەرمایە و سوود دەپارێزێت. لە وڵاتێکی وەک عێراقدا، پێشبینی ناکەین کە هەڵبژاردنەکان گۆڕانکاری شۆڕشگێڕی و جدی لە بەرژەوەندی چینی کرێکار و بێبەشانی کۆمەڵگە بەدی بهێنێت.

ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتیانە، نەک هەر ناڕێکخراوە، بەڵکو (دژە حزب) و دژە حزبەکانە بەبێ ڕەچاوکردنی مەیل و سیاسەتەکانی ئەو حزبانە. کاتێک دەڵێم ناڕێکخراوە، مەبەستم ئەوە نییە کە ناڕەزایەتیەکان ناڕێکخراون. لەڕاستیدا؛ ئەو ڕێگەیەی کە خۆپیشاندانەکانی پێ بەڕێوەدەبرێت و پشتیوانی لۆجستیکی پێ رێکدەخرێت، و بریندارەکان لەمەیدان لادەبرێن، و ڕێکخستنی هاتووچۆ و …تاد جێگەی سەرسوڕمانە! ئەوەی مەبەستمە ئەوەیە، کە ئەم بزووتنەوەیە وەک لایەنی سیاسی ناڕێکخراوە لە بوونی ئاسۆی سیاسی ڕۆشن بۆ دەسەڵاتی داهاتوو و ڕێگەی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە. هۆکاری ڕۆشن هەن بۆ ئەو پرسە، لەلایەکەوە جەماوەر هەموو شێوە حزبە سیاسیە جۆراوجۆرەکانی بەشدار بوو لە دەسەڵاتی بینی لە بەڕێوەبردنی  حکومەت بەو جۆرە لە گەندەڵی و تاوان و دواکەوتوویی …تاد. لەهەمان کاتدا، حزبێکی شۆڕشگێڕ نەیتوانی نوێنەرایەتی بەرژەوەندیەکانی چینی کرێکار و زەحمەتکێش بکات و دەرکەوێت و نموونەیەکی جیاواز لەوەی ئێستا کە دەسەڵاتیان بەدەستە نیشانی جەماوەر بدات. بۆیە حزبایەتی ڕەتدەکرێتەوە و ئەو حزبانەش کە بوونەتە نموونەی درۆ و گەندەڵی و سەرکوت و دواکەوتوویی …تاد ڕەتدەکرێنەوە. ئەم چەند دەیەیانەی دوایی دەریانخست، کە بۆرژوازی هیچ ئەڵتەرناتیڤێکی لەبەرژەوەندی کۆمەڵگە پێ نییە، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی لەژێر هەیمەنەی ئیمپریالیدان. چارەسەری پێشکەوتوخواز تەنیا لەسەر دەستی چینی کرێکار و ڕابەری حزبی شۆڕشگێری ئەودا دێتە دی. بەڕای من لە هەلومەرجی ڕاپەڕینی ئێستادا، ئەو ڕێگەچارەیەی کە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق  بانگەوازی دەکات، بۆ ڕێکخستنی جەماوەر لە شوێنی کار و ژیان و خوێندن لە ئەنجومەن و کۆمیتە شۆڕشگێڕەکان لە رێگەی هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆوە، کارسازترین ڕێگەیە، و ڕەنگە ئەنجامەکەشی لە بەرژەوەندی جەماوەردا بێت. هەروەها کارکردن لەسەر ئەم ئەڵتەرناتیڤە دەبێتە ڕێگەیەک و فرسەتێک بۆ حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق و هەموو هێزە سۆشیالیست و پێشکەوتوخوازەکان بۆ گێڕانی ڕۆڵێک لە گەڵاڵەکردنی ئەڵتەرناتیڤێک و بۆ جەماوەریشی بسەلمێنن کە ئەوان نوێنەرایەتی بەرژەوەندیەکانیان دەکەن. کاری ڕێکخستن و پێشکەشکردنی ئەڵتەرناتیڤ بۆ دەسەڵات دەبێ ئێستا دەستپێبکرێت، نابێت چاوەڕوان بین تاوەکو دەسەڵات دەڕووخێت و پاشان بیر لە ئەڵتەرناتیڤ بکەینەوە، ئەم مەیلەش زۆر بەهێزە لەناو بزووتنەوەی ناڕەزایەتیەکاندا.

بۆپێشەوە: بۆچی تائێستا خەڵکی کوردستان، بەشێوەی فراوان و جەماوەری نەهاتوونەتە مەیدان بۆ پشتیوانی لە داوا و خواستی جەماوەری خۆپیشاندانەکانی شارەکانی عێراق؟

تۆما حەمید: بەڕای من ئەگەری دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکان لە هەموو شوێنێکی جیهان و بەتایبەت لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، چونکە لە زوربەی وڵاتانی جیهان جەماوەر لە هەلومەرجێکدا دەژیت، سیاسەتی نیولیبڕالیزم حوکمی دەکات، ئەویش هەلومەرجێکە جێی تەحەمول نیە، بەڵام وەک دەڵێن (هەر دار حەیزەرانە، پشتی حوشتر دەشکێنێت). لە ئێران بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و لەشیلی بەرزبوونەوەی نرخی گواستنەوە و هاتووچۆ، و لە فەرەنسا یاسای خانەنشینی.. تاد. سەرەڕای ئەوەی بەپێی یاسا کوردستان بەشێکە لە عێراق، و سەرەڕای ئەوەی گوزەران خراپە، بەڵام نابێت لامان وابێت هەڵگیرسانی ناڕەزایەتیەکان لە عێراق مانای وایە لە کوردستانیش ناڕەزایەتی دەبێت. ئەو هۆکارەی (ئەو دارحەیزەرانەی)کە بووە هۆی هەڵگیرسانی ناڕەزایەتیەکان لەعێراق، مەرج نییە هەمان (ئەو دارحەیزەرانە) ببێتە هۆکاری ناڕەزایەتیەکان لە کوردستان. ئەو (دارحەیزەرانە)ی بووە هۆکاری ناڕەزایەتیەکانی عێراق، سەرکوتی خوێناوی توندوتیژی بێ هۆکار بوو کە حکومەت لەبەرامبەر خۆپیشاندەران بەکاری هێنا لە سەرەتای ڕۆژانی یەکەمی خۆپیشاندانەکان لە ئۆکتۆبەر. لەلایەکی دیکەوە، ئەو قەیرانە سیاسی و کێشمەکێشی نێوان لوتکەکانی دەسەڵات لە کوردستان، بەهەمان شێوە نییە بە بەراورد بە عێراق. واتە جۆرێک لە هاودەنگی لە ڕێزەکانی دەسەڵات هەیە لە بەرەوڕووبوونەوە لەبەرامبەر جەماوەردا. بەپێچەوانەی عێراق، کێشمەکێش و جیاوازیەکی زۆر لەنێوان هێزەکانی دەسەڵاتدا هەیە. تەرازووی هێزی نێوان دەسەڵات و جەماوەر لە کوردستاندا، لەبەرژەوەندی دەسەڵاتدایە، زۆرتر لە عێراق. دەبێ ئاماژە بە ڕێژەی برسیەتی و هەژاری  و بێکاری بکەم لە عێراق، کە گەیشتۆتە ئاستی خورافی، تەنانەت زۆر و بەچەندان جار لەهەلومەرجی خەڵکی کوردستان خراپترە. مەسەلەیەکی تریش لە کوردستان هەیە، ئەویش ئەوەیە کە حزبە دەسەڵاتدارەکان توانیویانە بەشێک لە کۆمەڵگە بە ڕەشوە بکڕن و بیانکەن بەلایەنگری خۆیان، ئەوەش لە ڕێگەی  دانی مووچە لە بەرامبەر وەزیفەیەکی نادیار، یان مووچەی خانەنشینی بەهۆی ئەندام بوونیان لە یەکێک لەو حزبانەی دەسەڵات یان ملیشیاکانیان. بەڵام پەیوەستبوونی جەماوەری کوردستان بە خۆپیشاندانەکان ئەگەرێکە ڕەنگە ڕووبدات.

ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٦٧ی بەرواری ١٥ جەنیوەری ٢٠٢٠ دا بڵاوبۆتەوە

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …